شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: لام وایە ژینی عالەم بە هەوڵ و ئیش و کارە لام وایە ژینی عالەم بە هەوڵ و ئیش و کارە تەمەڵ خەیاڵە ناژی تا ماوە پەست و خوارە بڕوانە کاری چەرچڵ، ڕوزفەلت و هەم --- عەزم و سوباتی هەرسێ وەک ڕۆژە شوعلەدارە واعیز کە وەعزی فەرموو بێ سوودە هەوڵ و کۆشین عیلمی نەبوو بە ئایەت بێچارەییی هەژارە فەرموویە زاتی یەزدان بۆ نان و ژینی ئینسان بێ ڕەنج و بێ تەقەللا بەشەر زەلیل و زارە قەسەم بە زاتی باری بۆ دەوڵەمەند نەباری ئێستە کە لاتی جاران یەکی بە سەد هەزارە زۆر کەس لە پێشی حەربا چاوی لە دەستی من بوو ئەمڕۆ کەچی دلێر و خاوەن دەست و تەلارە یەزدانی من لەگەڵ ئەو یەک بوو بە تاق و تەنیا بۆچی بە چنگە بۆ من بۆ ئەو بە کۆڵ و بارە زۆر کەس بەشەر ئەبینم سۆفی و پەپوولە ڕەنگە بە ڕەنگ مەڕی هەژارە بە هەڵمەت گورگی هارە چنگاڵی چنگی تیژی خستۆتە جەرگی مەردم کێشی ئەکا بەجارێ ئەیکاتە موڵک و پارە بیزانە گەر نەزانی بێ شک ئەساسی ڕەنجە هەرکەس کە ناوی بەرزی لە عالەما دیارە بۆچی یەکێ لە قەسرا شۆخی ئەکا بە دنیا یەکێ کەسیف و کەوتووی کووچە و کەناری شارە ئومێدە چەرخی گەردوون سووڕێ بدا بەچاکی ڕێکی بخا لەگەڵمان هەرکەس کە چەوت و لارە ئەم ئاخ و داخ و دەردە لافاوی دێ بەسەردا ئاواتی دڵ بەدی دێ نزیکە ئەم بەهارە موفتی کە شیعرەکانی وا گەرم و ئاگرینە دڵی بەجۆشە دایم دەروونی پڕ جە خارە ++++++++++++++++++++++