شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: بە غەفڵەت تێپەڕی عومرم لە پەنجا بە غەفڵەت تێپەڕی عومرم لە پەنجا سپی بوو ڕیش و سەر یەکسەر لە ڕەنجا ستارەی بەختی من جێما لە بورجا ئیدارەی ماڵ و منداڵم نەگونجا *** لە وەختی گەنجی و عومری شەبابم لە حەربی «عەمر و زەید»دا بووم جەنابم بەلاش و مفتە بوو نان و کەبابم خەیاڵم وا ئەچوو هاوشانی شا بم *** کە وەختێ جووتە فەقیانەی کەتانم ئەخستە سەر مل و سەر باسک و شانم لەلای خۆم وام ئەزانی بێچوە خانم وەیا خۆ واریسی قەومی بابانم *** ئەڕۆیشتم بەسەر ئەرزا بە عینوان نەبوو شەخسێکی ساحێب ڕەحم و ویژدان نیشانم دا تەریقی ژینی ئینسان کە نانێ بێتە دەستم سەهل و ئاسان *** ئەوا ئێستا کە دانیشتووم خەفەتبار دڕا فەقیانەکەم قەومینە هاوار کوڕ و کچ کۆمەڵێ لێم بوون بە سەربار بەبێ ئیش و بەبێ سنعەت بەبێ کار *** کە خۆم بەم نەوعە وا تووشی بەڵا بووم بە داخ و دەردی دنیا موبتەلا بووم زەلیلی مەوعیزەی شێخ و مەلا بووم کە موحتاجی دەستی حاجی و قەلا بووم *** کە وا بوو بۆ هەموو ئەولادەکانم نەبەستم چاکە تا ماوم زبانم ئەکەم بەحسی زەلیلیم و ژیانم فکریان با نەچێ داد و فیغانم *** ئەوانیش با نەبن وەک من گرفتار نەکێشن ئاهی ساردی پڕ لە هاوار تەمەڵ با دانەنیشن مات و خەمبار نەبن موحتاجی دەستی یار و ئەغیار *** دڵ و گوێ شل نەکەن بۆ وەعزی بێ جێ هەتا مردن خجڵ بن با بە ڕەنجێ بەبێ ڕەنج و ئارەق نابێ بڕەنجێ لە فلسێ تا ڕیاڵێ تا بە گەنجێ *** کە من زیندووم و موحتاجم بە خۆراک لە هاوین و لە زستانا بە پۆشاک چلۆن هەر دابنیشم مەست و بێباک هەتا نەمرم لەبەرچی بچمە ژێر خاک ++++++++++++++++++++++