شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: داخەکەم کەوتوومە ڕۆژێ هەوڵی بەرگ و نانمە داخەکەم کەوتوومە ڕۆژێ هەوڵی بەرگ و نانمە گۆشت و خۆرشت و کەبابی مەڕ دڵی بریانمە عوود و تار و بەربوت و ئاوازەیی ڕۆژ و شەوم ناڵەناڵی سینەم و سۆزی کزەی گریانمە گونیە کۆنم بۆتە فاسۆن و زەڕاتم بوو بە قووت وەختی شین و زاری و هاوار و قوڕپێوانمە کورکەکورکی بێچوەکانم دێنە دەورم تاق و جووت دەی وەرن سەیری بکەن ئەم دەردی بێ دەرمانمە ماڵ و منداڵیش بە هەر چۆنێ بێ هەرسوکنا ئەبن ڕووڕەشی و هاواری مەحجووبی گەلێ میوانمە ئاگرێ بەربۆتە عالەم وا لە سووتانا هەمووی پاکی زوڵمی زاڵمێکی قەومی وەک ئەڵمانمە بۆ دیفاعی ڕیش و پرچ و مێزەر و فەقیانەکەم تۆپ و تەییارە و دەبابەی عەرسەیی مەیدانمە بۆ عیلاجی دەردی قورس و بۆ نەمانی دوژمنم دەفزەنی و ماگرتن و مەششاک و توربەی شانمە موفتی تا ماوی بڵێ بۆ قەومەکەم یا خاکەکەم قوڕ بە هەردوو دەس لە تەوقی سەر هەتا دامانمە بۆ دەوای دەردم بەریتانی نەبێ چارەم نییە ئاخری وا تێ ئەگەم هەر ئەو لەجێی لوقمانمە حەربی پێشووشم لە فکرە زوو بە فریامان گەیشت ئێستەکەیش هەروا ئەزانم هێز و پشتیوانمە ++++++++++++++++++++++