شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ئەی وەتەن موژدەت دەمێ ڕۆژت تلووعی کردووە ئەی وەتەن موژدەت دەمێ ڕۆژت تلووعی کردووە مامریشت دێتە گوێم دەنگی خەریکی قووقووە میللەتت پاکی خەریکی فکری باش و خوێندنە وا نەزانی هەروەکوو ساڵانی پێشوو نوستووە ئەو کەسەی تۆ دیوتە مردبوو... تەماشا ئێستەکە دێتە بەر چاوم شوکور هوشیار و باش و زیندووە دار و بەردی مەکتەبت ئەمڕۆ تەوافی پێ ئەوێ بێرە سەیری چۆن بەجارێ وەحشەتی لابردووە عیلمی عەسری تازە ڕۆحم بێ بە قوربانی شوکور گشت خەرافات و هەموو جەهلی بەجارێ کوشتووە نێر و مێ گەورە و بچوکی خاکی پاکت هاتە ڕیز عیلمی دەس کەوت و لەژێر باری نەزانی دەرچووە بۆ حوقووقی خزمەتی تۆ یەک بە یەک گەورە و بچوک وا لە خەو هەستاوە پشتێنی بەجارێ بەستووە میللەتی غەربی بە حکیمەت چوونە سەر قەسری هەوا تازە کەی ڕۆژی دەف و زەرک و خرۆشی هووهووە ڕادیۆ و تەلسز کە هاتن پیر هەموو کۆمەڵ ئەبوون یەک بە یەکتریان ئەوت بیللاهی سیحر و جادووە تا ئەوانیش تێ گەیشتن فەننی عیلم و حکیمەتە بۆیە غەربی هاتن و ئەم خاکی ئێمەی گرتووە تۆ کە وا کەوتیتە ئەم ئەحواڵە هەر شوکرانە کە خەم مەخۆ بۆ سەربەخۆیی پێ ئەگا هێشتا زووە هەر کەسێ حەوت ڕەنگە حاشا بێ لە ڕەنگ و هەیئەتی پیاوی پڕقیمەت کەسێکە یەک ڕەوشت و یەک ڕووە ڕەنگی موفتی پیرە هۆش و فکری گەنجی چۆتە سەر گەرچی واعیز پێی ئەڵێ بێ فکر و شێت و بەدخووە ++++++++++++++++++++++