شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ئەی وەتەن من تێ ئەگەم بۆ شین و زاری کارتە ئەی وەتەن من تێ ئەگەم بۆ شین و زاری کارتە بۆ نەبوونی عیلمی بەرزی گەورە و سەردارتە ئاخ و داخ و ئاهی سەردی تۆ سەبەب ئەم دوانەیە خۆپەسەندی و غایەویستی گەورەکانی شارتە تۆ ئەگەر سەبرت ببێ وا باخەکەت هاتۆتە بەر نەونەمامی ڕیزی مەکتەب پاکی خزمەتکارتە وا نەزانی هەر بەتەنها گەنجەکانت عاجزن بیریان کردۆتەوە پیریش هەموو خەمبارتە قەت نەناڵێنی بڵێی بێ پشتیوان و بێ کەسم شاخی سەخت و کێوی بەرزت شیری جەوهەردارتە داخی جەرگی عالەمی ئەمڕۆ بە شەرق و غەربەوە ڕەنگی شینی کێوەکان سەوزە و گوڵزارتە فەرقی تۆ و لوبنانە بەینی ئاسمان و ڕووی زەمین ناڕەواجیی تۆ، ئەزانم بەختی چەوت و لارتە چەشمەکانت تێ ئەگەن خۆشتر لە ئاوی کەوسەرە ئەهلی غەربی بۆیە دایم تالبی کڕیارتە ڕۆژەکەت ڕووناکە ئەمڕۆ وا هەلت کەوتۆتە دەس گەر لە دەستت بێتە دەر ئەمجارە ئاخرجارتە گەر ئەپرسی حاڵی موفتی ئاه و ناڵەی بۆ چییە؟ عاشقی دەشت و دەر و شەیدایی بەرد و دارتە ++++++++++++++++++++++