شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ئەو ژینە چ ژینێکە کە مەحکوومی بەشەر بێ ئەو ژینە چ ژینێکە کە مەحکوومی بەشەر بێ ئەو نانە چ نانێکە بە تەزبیح و بە گەڕ بێ هەر کەس کە نەبێ چاولەبەری مەردوم و حوڕ بێ شیرینە ئەگەر شاڵ و فەرەنجیشی لەبەر بێ کوڕ ئەو کەسەیە تا وەکوو ئاخر نەفەسی دێ نانێک و ژیانێکی بە شان و بە هونەر بێ فەرقی ئەم و ئەو چەندەیە لای ئەهلی بە ویژدان شێخی چلەکێش و کوڕی کاسب لە سەفەر بێ کەڵکی چییە بۆ دینم و دنیام و ژیانم ڕیشێکی زل و مێزەری سەوزیشی لەسەر بێ هەر مردنە با بمکوژن و بەس لە مەراقا پڕ داخ و خەفەت ئاخری بێ سوود و سەمەر بێ مەهتووکە لەلای من ئەوی ژینی بە گەڕانە ئەولادی عەلی یا لە نەوەی زاتی عومەر بێ ئەم قەومە گەلێکی وەکوو سەر بارە لە سەرمان بنچینە ئەگەر وابوو خوا ژێر و زەبەر بێ واعیز مەکە مەنعم دڵەکەم پڕ لە جەخارە ناهەق نییە گەر قامەتەکەم چەشنی فەنەر بێ ئەم ژینە کە وا باسی ئەکەم غایە و فکرم ساخێکە وەکوو حەیتە لەدەس مەیتەری بەد بێ ئەو لاشە کە بیمار و کز و زەرد و زەعیفە دەرمانی نییە لازمە میکرۆبی بەدەر بێ موفتی دەمی خۆت بگرە قسەی وا مەکە بەسیە باوەڕ مەکە ئەو نەوعە بە شیعر و قسە تەڕ بێ ++++++++++++++++++++++