شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: لەمەو لا شەرتە نەدوێم و نەیڵێم ڕازی پەنهانی لەمەو لا شەرتە نەدوێم و نەیڵێم ڕازی پەنهانی لە دەستی دەرنەکەم عومرم بە بێهودە بە نادانی دوعا بۆ هیچ کەسێ ناکەم نە بۆ بەرزی نە بۆ نزمی نە ڕووسیم و نە یۆنانی نە جاپانی نە ئەڵمانی کەسێکم بێ دەس و بێ سەر لە قەومێکم پەنا بە خوا نە دەرمانم لەلای تورکە نە هیوامە بە ئێرانی لەتاو دەردی گرانی نان و بەرگم چاوەڕێی مەرگم ئەڵێم یا ڕەببی کەی دەرچم نەجاتم بێ بە ئاسانی گەزێ چیتی ڕزیوی یازدە فلسی ئێستە مام حاجی بە سێسەد فلسی نادا لای نەما یەک زەڕڕە حاڵزانی زەخیرە و گەنمەکەی پێراری ئاغا و بەگ لە چاڵایە هەمووی ئەسپێ سەری تێکرد و من مردم بەبێ نانی ئەوا ئەمڕۆ شوکور ئۆخەی حکوومەت وەک شەکر بردی هەمووی دابەش ئەکا لێمان بەبێ فەرقی و بە یەکسانی ڕەشیدی قەومەکەیشم هەر دەف و کەشکۆڵ و تەزبیحە هەموو تۆپ و دەبابە و دەبدەبەی شمشێر و قەڵغانی لە برسانا ئەمردین هەروەکوو حەربی زەمانی زوو ئەگەر نەبوایە بێ شک سێبەر و ڕەحمی بەریتانی کە من بمرم لەژێر باری زەلیلی و بێکەسی ئەمڕۆ بە من چی دەبدەبەی شاهی سەلاحەددین و بابانی بەبێ غایە و ڕیا موفتی بڵێ دایم هەتا ماوی فەقیر پەروەر، هونەروەر هەر بژین خەڵکی سلێمانی ++++++++++++++++++++++