شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ئەمڕۆکە لە خۆشی وەتەنم هەروەکوو منداڵ ئەمڕۆکە لە خۆشی وەتەنم هەروەکوو منداڵ دڵ پێ ئەکەنێ ئێستە کە کەوتۆتە گوڕوگاڵ بۆ خزمەتی ئاڵایەکە سەوزە و سپییە و سوور ئەیکەم بە فیدای قەوم و کەس و ڕۆح و سەر و ماڵ ئەو دوو گوڵەگەنمەی کە حەیاتی من و تۆیە یەک سەد ئەبڕێ پشت بە خوا پاییزی ئەمساڵ نووکی قەڵەمیش نێزەیە بۆ سینەیی ناحەز پێی وەرئەگرین حەق چ بە خەروار و بە مسقاڵ سەد شوکری خوا ئێستە کە وا بۆتە گوڵستان چەند ساڵە کە ئەڕژێ وەکوو گوڵ خوێنی گەش و ئاڵ ئەو شیوەنە بۆ ئێستە بوو ئەو ڕۆژە کە ئەموت سەرناکەوێ ئەم قەومە بە تەزبێح و بە بەرماڵ نەمدی کەڕەتێ سۆفی و دێوانە بە هیممەت دەرمانی کەسێ کەن بە دوو سەد زیکر و دوو سەد حاڵ چەند ساڵە چ بۆ دین و چ دنیا چ بوو نەفعی تەعریفی زلیی حووج و کەری حەزرەتی دەججاڵ گیرۆدە بوو ئەم قەومە لەژێر باری خوڕافی گەه باسی جنۆکە و شەوە بوو گاهێ قسەی هاڵ پێویستە لەسەر شاعیری ئەم عەسرە لەمەو لا خامۆشی بکا باسی دەم و چاو و خەت و خاڵ لام وایە گەلێ عەیبە لەبۆ پیاوی بەقیمەت ناوبردنی بەرموور و مل و بازن و خڕخاڵ ئەی کوردە ئەگەر ڕوو نەکەیە مەکتەب و سنعەت ڕاتناگرێ هیچکەس چ بە فەڕڕاش و چ حەمماڵ بێ عیلم و ئەدەب تاوەکوو کەی نابینە ئینسان هەر عیلمە کە ئاسن ئەفڕێ بێ پەڕ و بێ باڵ بێ هێزی قەڵەم بێ قووەتی خوێندن و زانین هەر ژێر ئەکەوێ ئاخری گەر بێتە نەوەی زاڵ شاعیر هەیەتی ڕێگە لەمەو لاوە کە بدوێ تاکەی لە خەفەتخانە خزێ مات و کەڕ و لاڵ ++++++++++++++++++++++