شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: کوڕم گوێ بگرە گەر هوشیار و مەردی کوڕم گوێ بگرە گەر هوشیار و مەردی بزانە چی ئەڵێم تا سەر بە وردی هەتا گەنج و بەهێزی بۆ ژیانت بڕەنجێنە لەشت بۆ بەرگ و نانت بینایەک بێنە دی بۆ حاڵی پیری دروستی کە بە هوشیاری و بە ژیری نەبێ چاوت لە قەسری خان و بەگلەر کە نەخشاون بە خشت و بەردی مەڕمەڕ ئەبێ نەڕوانی بۆ پارەی ئەم و ئەو بەڵام چاوت بسووڕێ لابەرێ خەو بزانە و تێ بگە ئەم قەسر و پارە بناغەی ڕەنج و زۆر و ئیش و کارە ئەمەش فەرموودەیی زاتی خوایە مەڵێ قسەی هەروا بایی هەوایە خوا فەرمووی بەبێ ڕەنج و تەقەللا بەشەر سەر ناکەوێت ناچێتە باڵا کە وا بوو هەوڵە بۆ هەر ئیش و کارێ نەبینرا بۆ کەسێ فلسێ ببارێ بە کۆشینە هەموو نۆشین و پۆشین لە بوونا جوانە هەر دوو شادی و شین بە ڕووسووری ئەژی ئەم ڕێگە بگری حوڕ و سەربەست ئەبی هەتتاکوو ئەمری ++++++++++++++++++++++