شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ڕۆڵە هەر کارێ ئەکەی هۆشت نەبێ بێ بەش ئەبی ڕۆڵە هەر کارێ ئەکەی هۆشت نەبێ بێ بەش ئەبی عیلم و عەقڵت گەر نەبێ وەک سەرسەری سەرکەش ئەبی هەم لەبەر چاوی ئەم و ئەودا بەجارێ ڕەش ئەبی هاودەمی زانا بە ئەمجا وەک سنەوبەر کەش ئەبی *** بێ مەحەک هەرکەس ئەبینی ڕازی دڵتی لا مەکە بۆ قسەی پووچ و درۆ هەرگیز لەگەڵ کەس ڕا مەکە تا نەکەی تۆ تەجرەبەی خەڵکی بە کەس بڕوا مەکە عومری شیرینت بەبێ نەفع و سەمەر بەربا مەکە *** غەیری عیلم و پارە فریای دەردی تۆ قەت ناکەوێ شێت و وەحشی دەرئەچی ئەم دوو شتە گەر ناتەوێ مەردە هەرکەس وا لە فکری هەر دوو دائیم ناخەوێ خاوەنی سەروەت لەژێر باری گرانا ناتەوێ *** قیمەت و بێ قیمەتی سنفی بەشەر هەر پارەیە شێر بە گوێ بگرێ کەسێ نەیبێ ئەڵێن بێکارەیە قارەمان و فەیلەسووفی بێ فلس ئاوارەیە هەر فەقیر و بێنەوا و دیل و کز و بێچارەیە *** پارە لێفەی عەیب و عار و ئالەتی سڕپۆشییە پارە ئەسبابی سروور و زینەت و دڵخۆشییە پارە دەرمانی نەخۆشی و عاجزی و بێهۆشییە هەرکەسێ پارەی نەبێ ئیشی نەتیجەی بۆشییە *** با بزانی کێیە ئەشراف و نەجیب و خانەدان دەوڵەمەندی پارەدار و خاوەنی لیرە و قڕان ئەمڕۆ تەکلیفی ڕەوایە لای وەزیر و میر و خان با نەزانن هیچ بڵێن و دانیشن هەر بێ زمان *** با بە کورتی پێت بڵێم قایم ئەکا ئیمان و دین هەروەکوو لوقمان ئەکا دەرمانی سەد زام و برین لائەدا جەردە و دز و وەحشی لە ڕێگەی دەسبڕین گەر حەجیشی کرد ئەبێتە معتمد للمسلمین ++++++++++++++++++++++