شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ڕۆڵە من مردم لەژێر باری گرانی زوڵمەوە ڕۆڵە من مردم لەژێر باری گرانی زوڵمەوە ئێستە موشتاقی تەنافێکم کە بێتە ملمەوە ئاگری قەهر و زەلالەت چۆتە جەرگ و دڵمەوە بێ کفن داخڵ بە خاکم کەن بە خۆم و جلمەوە *** پێت بڵێم ئەم دەردە چی بوو ئێستە سوار شانم بووە تۆ کە گەنجی لابە ئەم فیکر و خەیاڵات و خووە دوور ئەوەستام من لە مەکتەب تازە وەختم دەرچووە سێبەری مەکتەب نەبێ غەربی بە چی سەرکەوتووە *** من لە ترسی کاربەدەستی چەوت ئەلەرزم بێ درۆ هیچ خەتاباریش نەبم ئاخر بەقەت یەک دەنکەجۆ نەجمەکەیشی دەرکەوێ ئینجا ئەکەومە ڕۆڵەڕۆ جەهل و بێ عیلمی وەهای هێنا بەسەر ئەژدادی تۆ *** جا کە وا بوو دەردی تۆ دەرمانی مابێ مەکتەبە بۆ ژیانت سنعەتی شیرین و چاکت مەتڵەبە خوێندنی عیلم و فنوونت شەرتی دین و مەزهەبە هەروەکوو وەحشی لە کێو و دەشت و سەحرادا مەبە *** ڕۆڵە من ئەمرم لە دەستت دەرئەچم تۆ بی و خوا جەهلە بۆ عالەم هەموو دەرد و بەڵایەک خەڵق ئەکا ئەم قسانەی پێت ئەڵێم بیرت نەچێ بۆ مابەقا عیلمە سەد زنجیر و پێوەندیش لە پێدا لائەبا *** تۆ ئەگەر دنیات نەوێ هەڵچی لە تەکیە و خانەقا زەحمەت و تەحسیلی ناوێ پرچ و پەلکەی بێ بەها ڕیش بە مانگێ دێتە دەست و سەهلە تەزبیح و عەبا قەت نەناڵێنی لەژێر باری گرانی بێوەفا *** نان و بەرگی نێری و ژینی شەریف گەر ناتەوێ چش لە منداڵیش لە سەرما یا لە برسانا خەوێ نانی دەروێشی هەتا ماوی پەکت بۆی ناکەوێ حیز و سالم ڕۆح لەبەر هەرگیز لەبەرتا ناڕەوێ *** یا هەتا ماوی لەژێر دار و شەقی بێگانە بی یا وەکوو ئەو میللەتەی ئەترافی شاری بانە بی یا لە هەق لادە بەشت پرچ و دەق و دێوانە بی بۆچی تووشی زەحمەت و ڕەفتاری ڕێی مەردانە بی ++++++++++++++++++++++