شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: گەر خودا بیدا بە چاکی دەوڵەتی شاهانە ژن گەر خودا بیدا بە چاکی دەوڵەتی شاهانە ژن نیعمەتێکە وەک بەهەشت و هاودەمی پیاوانە ژن بۆ دڵێکی بێ خەم و شەخسێکی بێ دەرد و ئەلەم گەوهەرێکی شەوچراغی ژوور و بەرهەیوانە ژن گەر کەموکووڕیت لە ماڵیشا هەبێ باکت نەبێ بۆ کەموکووڕی ترازووی کۆمەڵی خێزانە ژن ژن لەلای پیاوی نەزان و سەرسەری نرخی نییە بۆ ژیانی کۆمەڵی باشتر لە میر و خانە ژن بۆ سوپاسی باسی چاکی چی بەیان کەم هەر کەمە جووت و ئاش و نان و بەرگ و باخچە و بێستانە ژن باعیسی ئارامی قەلب و مەرهەمی دەرد و برین بۆ هەموو دەردێ دەوابەخشێکە وەک لوقمانە ژن دەوڵەتێکی پڕ لە شەوق و زەوقە دایم بۆ بەشەر نیعمەتێکی خۆشەویستی و بێ سەر و سامانە ژن کەی گوڵ و گوڵزاری باخاتی ئێرەم وەک ئەو ئەبێ باخی ساحێب زینەت و پڕ لوئلوئی مەرجانە ژن بۆ کەسێ نووری سولەیمانی لە قەلبا بێ یەقین پایە مەحکەم کردنی هەم دین و هەم ئیمانە ژن زۆرتری عەیشی بەهەشتی حوری العینن کچن لەززەت و خۆشی بەیاناتی لەناو قورئانە ژن بێت و گەر موڵکی کەماڵ و گەنجی حوسنی یەک کەوێ گەر دووسەد گەنجی لەسەر دانێی ئەڵێم هەرزانە ژن ++++++++++++++++++++++