شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: داخەکەم پێنجوێن کە وا ئەمڕۆ لە تۆ دوور و جیاین داخەکەم پێنجوێن کە وا ئەمڕۆ لە تۆ دوور و جیاین تۆ بەهەشت و ئێمە وەک ئادەم لەناوتا دەرکراین گەر بەجارێ قەسری لوبنان بێ بە جێمان دۆزەخە چونکە فێری ئاوی ساردی تۆ و هەوا و شاخ و چیاین باسی ڕێگەی خاکی چوارباخت هەموو میوەی جیهان گەر ببێ لامان وەکوو حەیوانی سەر پووش و گیاین هێندە لەرزیبووین لە ترسی بوومەلەرزە و زەلزەلە بێ لەرز یەکسەر گرفتاری نەخۆشی لەرزوتاین ناحەز و وەحشی ئەڵێن شوومی و بەدیی ئەم قەومەیە کەی بەقەد خەڵکی خراب و بەدڕەوشت و ڕووسیاین ئێمە نیوەی کاسبیمان سەرفی پیاوی خوا ئەکرد ئێستە بۆ بەم جۆرە گیرۆدەی دۆعای شێخ و مەلاین واعیزیش وەعزی ئەدا ئەیوت موسوڵمانین هەموو بۆیە تێکەڵ زەلزەلە و ئاشووبە و دەرد و بەڵاین شێخی ئیرشادیش ئەڵێ پێویستە تۆ بەو پرچ و دەف وا ئەزانێ نا موسوڵمان و نەویستی لای خواین تاکوو تۆ مابووی گەداکانت وەکوو شا بوون هەموو ئێستە بێ تۆ پووش برنجین و بەبێ قەدر و بەهاین ئاوی سارد و خاکی جوان و سەروەتی لێشاوی تۆ هێندە خەڵکی ئاهی بۆ کێشا لە هەر سێ بەش بڕاین چاوی بەد بوو هێزی گەردوون هێرشی هێنایتە سەر تۆی کوتوپڕ تێک شکاند و ئێمە وەک لەشکەر شکاین گەر فەلەک ڕەحمی ببێ بەم حاڵە بتهێڵێتەوە چش کە وێرانی بە بەرد و خاک و خۆڵیشت ڕەزاین جا لە بەینی واعیز و شێخا مونافاتێک هەیە ئێمە ناچارین بە هەردوو لا بڵێین قوربان وەهاین تێئەگا موفتی بە بێ تۆ قیمەت و قەدری نەما نایەوێ جارێ بمانبینێ بە هەر کەس ئاشناین ++++++++++++++++++++++