شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: لەمەو لا خانەقا ناچم بە مەولا تۆبە ئەشکێنم لەمەو لا خانەقا ناچم بە مەولا تۆبە ئەشکێنم هەقی ئەم کوردە بێچارە لە چاودابەستی ئەستێنم کەوای پەستی و نەزانینم دڕی و یەکدەفعە دامماڵی بە لافاوی خەیاڵاتم نەمامی عیلم ئەڕوێنم لە پیری کۆن و پاشکەوتووی وەکوو خۆم لازمە لا دەم کوڕانی پێگەیشتووی مەکتەبم ئەمجارە ئەدوێنم هەموو فێڵ و قوماربازیت ئەبێ یەکسەر بەیانی کەم ئەگەر سەد دەفعە ماچی کەی قوڕی ژێر کەوش و داوێنم ئەگەر تۆ ئەهلی دینی خوێنی عالەم بۆ ئەکەی نۆشت وەرە سەیری دڵی من کە کە چەندە پاک و خاوێنم لەسەر ئەم پارچە شیعرانە ئەگەر گیراوی مەحبەس بم دەمێکە حازری دار و شەلاخ و ئەزیەت و جوێنم وەکوو ماسی بە سەربەستی غەواسی گێژی بن ئاوم لە بنکی بەحری فیکرا گەوهەری عەنتیکە دەردێنم بە دەستێ چەپڵە لێدەم داخەکەم دەنگ و تەقەی نایە گەلێ کەس وا ئەزانن خەو ئەبینم یان ئەڕاوێنم فلیمی سینەما چەرخە ئەگۆڕێ ڕۆژێ سێسەد جار دە چی بکەم کەس بە گوێم ناکا کە ئاغا نیم و مسکێنم ++++++++++++++++++++++