شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ئافەرین پارە کە وا دایم شەرەف پەیدا ئەکا ئافەرین پارە کە وا دایم شەرەف پەیدا ئەکا ناحەز و دوژمن وەکوو خەرمانی کا بەربا ئەکا کۆمەڵی خوێش و برا، یەکسەر لە یەک تانا ئەکا وا ئەزانم دین لە یەزدانیش مەردانە سەودا ئەکا حوکم و فەرمانیش بەسەر ئەم خەڵکەدا وەک شا ئەکا هەر کەسێ پارەی ببێ ماقووڵ و خاوەن حورمەتە ناوەجاخیش بووبێ ئێستە ڕەددی ئەمری زەحمەتە ڕوو لە هەر شوێنێ بکا وێری بە چایی و شەربەتە چش لەوەی خواردەستیەتی بۆ نانێ جەرگی لەتلەتە پارە هێزێکە کە سەد گەلحۆی تەمەڵ وریا ئەکا پارە سڕپۆش و عەیبداپۆش و لێفە و کورسییە پارە حەڵقەی گەردنی لات و هەژار و برسییە باخەڵت پڕ بێ سیلاحی چابووکی و بێ ترسییە گەر بەتەنیا ڕوو لە ماڵێک کا لەجێی بیست و سییە بۆ کەوش هەڵگرتنی سەد کەس بەجارێ ڕائەکا هەر کەسێ پارەی نەبێ سەد عیلمی بێ دەرناکەوێ هەر کەسێ پارەی نەبێ کار و قسەی سەر ناکەوێ بۆ شکاتیش گەر بچێ بێ پارە جێی بەر ناکەوێ پارەداریش هەر لەناوا ئیش ئەکا دەر ناکەوێ پارە پیاوی ترسنۆکیش بێ درۆ و وریا ئەکا بۆ سوپاسی پارە سەد دەفتەر بنووسم هەر کەمە پارە ئەسبابی کەشیدە و حەجج و ئاوی زەمزەمە پارە ئەسبابی نەمانی فیتنە و بەزم و خەمە پارە بۆ دەردی دڵ و ئازاری دنیا مەرهەمە پارە قەڵغانێکە ڕێبەستی هەرا و هوریا ئەکا پارە تاریکی شەوی هەور و هەڵا ڕووناک ئەکا پارە پیاوی ترسنۆک و بێ ورە بێباک ئەکا پارە پیری کەوتە و خوێن تیانەماو چالاک ئەکا پارە پیاوی هەرزە گۆ و نالەباریش چاک ئەکا فەیلەسووفێک بێتە مەیدانی لە دەستی ڕائەکا موفتی گەر هۆشت ببێ دەرمانی دەردت پارەیە شێر بە گوێ بگرێ کەسێ بێ پارە بێ، پەتیارەیە پیاوی بێ پارە هەمیشە سەرکز و بێچارەیە هەرچی داماویی نەدیبێ غافڵی ئەم کارەیە پارە هەرچەند شا نییە زۆر کردەوەی وەک شا ئەکا ++++++++++++++++++++++