شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: لەڕێی مەکتەب سەرم دانێم ڕەوایە لەڕێی مەکتەب سەرم دانێم ڕەوایە لەبۆ دەردی دڵم خاکی شیفایە ئەگەر چی چەند کەسێک لێی ناڕەزایە لەلای من کۆشکی پڕ شەوق و چرایە ئەشۆرێ چڵکی بێ ئەقڵی و جەهالەت بەشەر ناخاتە ناو دەرد و ڕەزاڵەت ئەتۆ ئەی کاکی کوردم پیاوی چابە لە مێشکی خۆت وەرە ئەم بیرە لابە هەتا مناڵەکەت گەنج و شەبابە بە تەحسیل و بە مەکتەب ئاشنا بە *** هەتاکەی چاوەکەم ناپوختە خامی وەکوو شووتی سپی بێ زەوق و تامی ئەگەر تۆ خاوەنی نوتق و کەلامی تەشەببوس بۆ ئەکەی بۆ لای محامی *** لە سایەی مەکتەب و تەحسیلی سنعەت وڵاتی ئەورووپا خۆی کرد بە جەننەت ئەژی بۆ خۆی بەبێ ئازار و میحنەت نەجاتی بوو لە دەس جەور و مەشەققەت بەشەر چی پێ ئەوێ هەمیان لە لایە چ موحتاجی نەقیزە و جووت و گایە خەوی غەفڵەت هەتاکەی چاو هەڵێنە لەژێر باری نەزانی خۆت دەرێنە لەبۆ منداڵەکانت توو بچێنە هەتاکەی تۆ کەوی و خەڵکی شەهێنە *** خەیاڵی خاوە «ڕەببی بۆم بنێری» هەتا زەرعی نەکەی ئاوی نەدێری بە برسی دائەنیشی نەک بە تێری بە نێری تۆ بژی گەر بێچووە شێری *** لە تاقەتما نەما بگرم زمانم جنێوم پێ ئەدەن خەڵکی ئەزانم هەمووی سەڵتە و عەبایە بە شانم نە ئاغام و نە بەگزادە و نە خانم *** کەسێکم عاشقی خاکی وەتەن من هەزار کەس گەر لە من بووبن بە دوژمن نییە باکم لە لێدان و لە کوشتن خەریکی خزمەتم تا وەختی مردن *** قسەی موفتی ئەگەرچی تاڵە ئەمڕۆ ئەگا وەک میوە پاییز تێئەگەی تۆ کە چۆن شیرین ئەبێ پڕ عەتر و پڕ بۆ وەکوو باخێکی پڕ نارنج و لیمۆ ++++++++++++++++++++++