شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: لە عومری پازدە ساڵی تاوەکوو چل لە عومری پازدە ساڵی تاوەکوو چل نەفامی هات و دایپۆشیم بە سەد جل لە دنیا بێ خەبەر بێ هۆش و غافڵ هەتا باری مەعیشەت کەوتە سەر مل *** ئەوا ئێستا بە پیری هۆشیارم بەبێ هێزی خەریکی کەسب و کارم لەبەر منداڵی وردم بێ قەرارم ئەگەرچی جێگە تەعنەی ئەهلی شارم *** وەکوو جۆڵا بە هەر چوار پەل ئەجووڵێم لە تۆزی تووتنا غەرقم هەتا پێم سەر و جامانە چڵکن تاکوو دەرپێم کەچی واعیز بە کوردی جوێن ئەدا پێم *** بەڵی فەرمووی لە مردن تۆ نزیکی بە ڕۆژ و شەو لەبەرچی وا خەریکی لە شەش کەسبا لەگەڵ شەش کەس شەریکی چ ئەقڵێکە لەسەر کام فاک و فیکی *** مەگەر نازانی دنیا بێ بەقایە لەگەڵ گەل دلبەرێکی بێ وەفایە نەتیجەی تێکەڵی جەور و جەفایە نەوەک بۆ تۆ لەئاستی جوملە وایە *** وتم قوربان هەقیقەت قەولی تۆیە ئەوی فەرمووتە بێ کیزب و درۆیە بەڵام منداڵی تۆ تێر نان و دۆیە لە ماڵی ئێمە حەڵوا نانی جۆیە *** بەشەر موحتاجی بەرگ و چێشت و نانە نەفس حوکمی بەسەرمانا ڕەوانە چ تەگبیرێ ئەکەی فەرموو بزانە چییە دەرمانی ئەم دەردی گرانە *** خولاسە گەر قسەی ڕاستی ئەپرسی ئەوی خۆی تێرە ناپرسێ لە برسی مودەڕڕیس تا مەعاشی بۆ نەنووسی لەلای پەشمە هەموو دەرس و درووسی *** منی بێچارە بێ موڵک و پارە کوڕێک و شەش کچ و دووی تر ژمارە لەگەڵ خۆم نۆیە تەعدادی دیارە چییە تەگبیری ئەم کەوتەهەژارە *** ئەفەرمووی ڕازقە خالق تەواوە بەهانەی ڕزق و ڕۆزی دانراوە بە هیوا بی ببارێ فکری خاوە بەبێ زەحمەت بەشەر بێ نان و ئاوە *** جوابی دامەوە واعیز بە ناچار لەڕووی هەق هاتە پێش و کەوتە گفتار وتی ئەی عاجزی خەستەی بریندار زەلیلی قوڕبەسەر دڵ پڕ لە ئازار *** دڵم پڕ بوو لەتاو تۆ کەوتمە گریان لە چاوم ئاو دەبارێ عەینی باران لە حاڵت ماتم و سەرسام و حەیران ئەوا جەرگم سەراسەر بوو بە بریان *** پەشیمانم لە قەولم بێ نیهایەت بەیاناتێ کە تۆ کردت بە ئایەت هەموو وەک دووخە لای ئەهلی درایەت گەلێ مەقبوولە بۆ تەبع و حیکایەت بەسە موفتی گلە و ڕازی زەمانە دەمی خۆت بگرە چیتە لەم قسانە ++++++++++++++++++++++