شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: هەرقەومە قەولی سەفەر بەریەتی هەر قەومە قەولی سەفەر بەریەتی ئەم کوردە دایم شەڕ لە سەریەتی یا بە چەپۆکی دوژمن پەشێوە بۆڵێ لە زیندان بۆڵێ لە کێوە یا هەر خۆبەخۆ ئەنیشنە یەک داری یەکێتی دەردێنن لە ڕەگ ئەم داخە ئاخۆ کەی سامانی بێ؟ ئەم دەردە ئاخۆ کەی دەرمانی بێ؟ لە کوردستانا دەمانچە و تفەنگ خۆزگە نەم ئەبیست نەم ئەدی بە ڕەنگ وەختێ کە ئەچین پاسیان بۆ ئەبڕین بۆ ئەوەی دز و جەردەی پێ بگرین کەچی هەر خۆمان ئەبین بە جەردە چەتەیی ئەکەین لەم کێو و هەردە هەزار کار ئەکەین لە دێهات و شار بە هۆی پاسەوە ون و نادیار ئەو بێچارانەی کە وا ئەکوژرێن پاسدار ئەیکوژن بەڵکوو نەناسرێن ئەگەر نا ئەوەی چەتەی ناودارە ڕاووڕووت ئەکا بۆ پووڵ و پارە خۆی هاوار ئەکا من فڵان کەسم چیت پێیە و بێنە زوو بیدە دەسم یا بڕێک حەیوان ئەداتە بەر دەم ئەیانداتەوە بە قیمەتێ کەم ئاخ ئەمدی تفەنگ کۆ ئەکرایەوە شەڕ و کوشتن و شین ببڕایەوە فەقیریش بۆ خۆی ئەحەسایەوە مناڵی سیسیش ئەگەشایەوە ++++++++++++++++++++++