شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: کچانی پێنجوێن مەغدوورن یەکسەر کچانی پێنجوێن مەغدوورن یەکسەر لە خاکی عێراق دەرکراونە دەر بێ مەکتەب ئەژین وەحشی و بێ هونەر لە هەردوو دنیا وێڵ و بێ خەبەر *** لوتفی مەعاریف بۆ دێهات و شار ئەبارێ هەر وەک بارانی بەهار کوڕ و کچ پۆل پۆل وا بوون بە گوڵزار هەر ئێمەی نەگرت داخم هەزار جار *** ئەگەر ناحییەی لیوای عێراقین بۆ لە مەکتەبا تەفریق و تاقین کوڕمان پێگەیی کچمان هەرباقین لەم خسووسەوە ساحێب مەراقین *** ئەگەرچی خۆمان خەومان شیرینە لێفەی بێهۆشی لە سەرمان چینە نازانین مەکتەب واسیتەی ژینە مەعاریف بۆچی لێمان بە قینە؟ *** مەعلوومە عالەم زۆری نووستووە هەندێکی تری ئەڵێن مردووە خەبەرێک نەبێ بەم زووبەزووە لە خەو هەڵناسین لەدەس دەرچووە *** هیوامان ئەگەر حاجی و ئەعزا بێ ئەگەر تۆزێ بێ ئەویشمان نابێ ئەو هەر پارەکەی بە دووانە زابێ ئیتر با هەژار غەرقی دەریا بێ *** لە ئیجباریا بە یادمان ئەکەن لە ئیستهلاکا بەربادمان ئەکەن تووشی هاوار و فریادمان ئەکەن بۆ لە مەکتەبا ناشادمان ئەکەن *** منیش بەتاڵ و بێ ئیش و کارم یا کەللەم ڕەقە وەیا بێ عارم هەموو کەس بێ خەم هەر من خەمبارم نە وەکیلی عام نە ئەعزای شارم *** موفتی خەیاڵت پەرتە و بێهۆشی یا خەو ئەبینی یاخود سەرخۆشی نە ساقی مەجلیس نە بادەنۆشی بۆچی بەتەنها وا دڵ بە جۆشی ++++++++++++++++++++++