شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ئەوەی هەقبێژە قەولی ترش و تاڵە ئەوەی هەقبێژە قەولی ترش و تاڵە ئەمن هەرچی ئەڵێم ئەیکەن بە گاڵە خەیاڵی ژێری لێفەی شەو بەتاڵە هەتا ڕەنجێ نەدەی گەنجێ مەحاڵە *** بە ئوممێدی دوعا تۆ دامەنێشە هەناسەی ڕزق و ڕۆزی هەڵمەکێشە ئەگەر مەردی وەکوو شێرانی بێشە شکارت هەوڵە گەر بیکەی بە پێشە *** ئەگەر سەروەت بە هاوار و دوعا بێ گەدای سەر جادە هەڵدەگرێ کە شا بێ بە یەک هەفتە لە دەرد و خەم ڕەها بێ نەوەک تا ماوە هەروا بێنەوا بێ *** تەماشای دەسی حاجی کردنی تۆ گەلێ چاترە لەمانە مردنی تۆ لە گۆشتی ڕانی خۆت برژێنە بیخۆ تەمەڵ لێی دامەنیشە دەستەوئەژنۆ *** بە منداڵی لەبۆ حاجی نەباری وەکوو تۆ خاو نەبوو ئێسک و دەماری بە ڕەنجی شانی خۆی بوو کەسب و کاری بە هیوای کەس نەبوو بۆ کۆڵ و باری *** چ مانێک و ژیانێکە هەتا سەر لەبۆ دەسمایە ڕیش و پرچ و مێزەر ئەسەف بۆ تۆ ئەگەر مەردی و هونەروەر نەڕێژی چینی عارەق عەینی گەوهەر *** تەماعی دەوڵەمەند و خێر و ئیحسان خودا دایناوە بۆ ئینسانی نوقسان ئەمانە گەر نەبێ ئەمرێ لە برسان حەرامە بۆ کەسێکی ساخ و ملپان *** هەتا گەنجی بەکار و خۆخحڵ بە لەگەڵ ئەهلی وەتەن یەک ڕۆح و دڵ بە بە ئەخلاق و تەبیعەت خاک و گڵ بە بە شەوق و میهرەبانی ڕەنگی گوڵ بە *** دەروونم کەیل و پڕ دەردی زەمانە نەبوونی زاڵمێکی بێ ئەمانە سەعی کردن لە قورئانا بەیانە بە کفری تێئەگا هەر کەس نەزانە *** برا بۆ تۆمە من عاجز نەبی لێم مەڵێ خراپە هەرچی کە من ئەیڵێم بە پشکۆی جاهیلی سووتاوە ژێر پێم نەخۆشێکی پەرێشانم لەسەر جێم *** ئەتۆ موفتی ئەگەر ئاوازە خۆشی لەبۆ خۆت بگری تا ئەمری نەخۆشی بە داخی خەڵکەوە بۆچ وا بە جۆشی مەتاعی چاکە هەڵبەت ئەیفرۆشی ++++++++++++++++++++++