شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: ئینقیلابی دەهرە نەعنا بوو بە پنگە و گوڵ گیا ئینقیلابی دەهرە نەعنا بوو بە پنگە و گوڵ گیا پۆست نشینی ئەولیایە پۆست کەند و ئەشقیا سەبحەیی سەد دانە فیشەکدانە سیواکە تفەنگ فکری دز زیکرە و تەقەی قاتیل سەدایی ئەتقیا قاتیل و ڕەهزەن بە تەعلیماتەوە شەو دێنە دەر وەک بچن بۆ جومعە حاجی و سۆفیی و شێخ جیا جیا ماڵی دنیا کاوڵ و ئاوا قیامەت بۆیە بوو خەرگەلە کەوتوونە دەعوای تێگەیینی ئەزکیا وا کرا ئیعلانی حوڕڕییەت بە ناوی شەرعەوە هەرچی نەکرابوو کرا هەرچی کە نەشیا بوو شیا موعجیزێ بوو ئاگری زەردەشت ئەگەر پەیدا نەبێ گەر بسووتێم من دەخوێنم فاتیحە بۆ ئەنبیا بۆ لە برسا مردنە حازر بوون ئەهلی شەرەف چونکە نیعمەت ئێستەکێ دەدرێ بە میقداری ڕیا وەختە ئەهلی دۆزەخ و جەننەت لە یەک جیا ببنەوە وەک زەبانی وایە هەر کەس لێرە بەم حاڵە ژیا خۆ لە دنیادا ئەوا حەمدی جەزای هەر فیتنەیە موستەحەققە دڵ لە زیندانا کە حەپسە بێ زیا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بپێچە دامەنی موتریب بڵێ من کردم ئەو نەیکا بپێچە دامەنی موتریب بڵێ من کردم ئەو نەیکا دەخیلە فرسەتە ساقی عیلاجی بوربوت و نەی کا ئەوی عەقڵی هەیە هەر دەرک و هۆشێکی لەسەردایە فیدای چاوی نیگار و بەچە و پەیمانەیی مەی کا بەشی شێخ و مەلا ناکەن بەهەشت و کافەیی دنیا لە مەیخانە جەهەننەمدا مەگەر ئەم خەڵقە ئۆخەی کا مەزاقی کوهکەن باوەڕ مەکە شیرین ببێ شیرین ئەگەر خوێنی دڵی شەیدا لە کاسەی کەللەیی کەی کا وتوویە دێم و ئەمجا دەیکەمە قوربانی یەک غەمزە خودایا سا بە خێری بێنی ئەم ڕەحمە دەبێ کەی کا لە بابی فەقرەوە بشگاتە سەر گەنجینەیی قاڕوون فەقیری ئەو فەقیرە فێر نییە وەک حاتەمی تەی کا تەماشاکردنێکی مەزجی تەبعی حەمدی کرد مەستێ نیگاهی مەست دەبێ تەئسیری ئەعماقی ڕەگ و پەی کا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ حاڵی من دیسانەوە شیوەن دەکا هەوا بۆ حاڵی من دیسانەوە شیوەن دەکا هەوا ناچێ کە ئاهی نیوەشەوی کەس ببا هەوا گەر تێ گەیشتوویی وەکوو غونچە ببەستە دەم وەک گوڵ کە خەندە مەیلتە عەقڵت بکە دەوا قاتیل بە حاڵی ئاخیرەتی تۆ ئەسەف ئەکا کوشتە کە دەست و پێ بە یەکادا ئەگەر کەوا زوڵمت کە لێ بکەن لە کنت ئیلتیفاتە گەر زاڵم ڕەزام بە خەڵقی ببینە زوڵم ڕەوا نەیژەن نەیت فڕێدە دەمێ گوێ لە من بگرە لایق بە بێ نەوایە مەقاماتی بێ نەوا هەر خاکە چاوی برسیی شێخم کە پڕ بکا ئادەم زەمینی نەبی چییە ببڕێ بەقەد کەوا بۆ سەربڕین کە دێت و دەمیشم لە دەم دەنێ نازانی عەیبە پێی بڵێ حەمدی نەوا و نەوا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ خەت و خاڵی ملی شیرین کە وەک کەو ڕێژرا بۆ خەت و خاڵی ملی شیرین کە وەک کەو ڕێژرا هەر ئەزەل خوێنی دڵی فەرهاد و خوسرەو ڕێژرا بۆ بەیەک چڵ نێرگسی سەحرایی ئولفەت قەیسی شێت بەو کلی نازە کە چاوی مەستی لەیلا ڕێژرا مەنزەرەی گوڵزارە وەک من کوڵخەنیش بێ مەسکەنی ئەو گوڵە عەکسی لە چاوی هەر کەسێکا نێژرا ئەرزی ئەقدەس گەر لە دنیادا ببێ مەیخانەیە قودسییە وەک خۆم ئەوانەی لەو مەقامە نێژرا گەر بە نیسبەت کردەوە بدرێ جەزای خوێنی ڕەقیب من دەخۆم و هەر بە خوێی چێشتی دەزانم چێژرا ئینقیرازی موددەعی ڕەندان نیشانەی هارییە تۆزی خۆڵی مردووە حەققی بەسەریا بێژرا گوڵ لە بەرگی سەوزی خویدا نازک و شیرینترە بۆیە فکری نازکی حەمدی بە کوردی بێژرا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە غەیری داغی دڵ نەقدم هەچی بوو چوو لەبەر پێتا بە غەیری داغی دڵ نەقدم هەچی بوو چوو لەبەر پێتا سەرم مابوو بە سەر گەردی ئەویش کەوتووە لەسەر ڕێتا لە ڕەسمی عاشقی زەحمەتترە مەعشووقەیی یاران کە کەس ساتێ بەسەر نابا وەکوو لەیلا لەگەڵ شێتا دەترسم ڕاحەتت لێ تێک بدەن ئەڕواحی عوششاقت کە شەو بەو شەوقەوە غافڵ لە گەردش نین بەسەر جێتا ببینێ هەر کەسێ برژانگ و ئەبرۆ و چاوی مەستی تۆ دەڵێ خوێنڕێژە ئەم مەستە بە ئیستیدلالی هەر سێتا چ مەخلووق و چ خالیق خۆشیان نایە لە بێ جێیی لە دوو دنیام دەکەی ئەی دڵ بە هاتووچوونی بێ جێتا بە مشت پێوانەیی دەریایە باسی حوسنی تەنیا مووت کە ناکەم گەر بخوێنم شاهنامە سەد کەڕەت پێتا بە سەردی مەیلیا نێزیکە حەمدی گەرمی حیددەت بێ کە لەرزێکی لە دنیادا نەدیوە هیچ کەسێ بێ تا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە مەنسوور و قەلەندەر قەت ئەبن ئەسکەندەر و دارا بە مەنسوور و قەلەندەر قەت ئەبن ئەسکەندەر و دارا بە ناحەق با بکەن خۆیان لە عالەمدا بەسەر دارا لەسەر شاخی گوڵێ ئەم مەسرەعەی تیکرار ئەخوند بولبول بە خەندەی غونچە قەت نابێ بکەم باوەڕ لەسەر پارا لە بورجێکی بوخارا جیلوەیی دا میسلی مەه شاهێ نەوەک هەر بۆ بوخارا بوو بووە ڕۆژی جیهان ئارا بەیەک لەمعە لە ئافاقی بە جارێ کردە دەر زوڵمەت لە دڵدا هەر بە ڕابوردن نەمابوو قووەتیش یارا گەدایی کوچەیی ئولفەت کە نەیبووە قیسمەتی شاهان بە ناچاری لەسەر تەختی جەدەلیانە لە ناو شارا کە باسی موویەکم پرسی دەمی لێک کردەوە شانە نەسیبی دۆستانم بێ جیهانی عەنبەری سارا ڕەقیب گەر عەقڵی ببوایە دەکەوتە شوێنی ئەو شۆخە دەگەییە ڕوتبەی ئینسانی لەگەڵ یاران لەبەر غارا بەبێ لوتفی مەزانن ڕوو لە حەمدی گەر نەکا حەقییە نەزاکەت مانیعە بۆ گوڵ کە تێکەڵ بێ لەگەڵ خارا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جانانە بە ئەبرۆ خەبەری ماهی نەویدا جانانە بە ئەبرۆ خەبەری ماهی نەویدا سوبحانە چ بەرقێ بوو بە یەک جیلوە بەویدا زلفی کە بە تەحریکی هەوا ڕوومەتی پۆشی وەمزانی فەلەک ڕەونەقی ڕۆژە بە شەویدا گەر بێتە خەوم ڕۆحم ئەدەم هەر بە وەنەوزێ سەیری چ ڕەواجێکە بە بازاڕی خەویدا ئەو چنگە کە شابازی نیگاهی لە دڵی دام کەی باز و هەڵۆت دیوە لەسەر سنگی کەویدا ئادەم کە بڕی نرخی بەهەشت بۆ چی ڕەقیبت ئەو قاپییە جەننەت بوو وەکوو کەر بە جەویدا دەورێ بوو ڕەواجی مەی و مەیخانە نەمابوو ئەو چاوە خومارانە بە مەستی بڕەویدا دڵ لایقی زنجیرە خودا چاکی دەزانێ سەندی کە لە حەمدی بەسەری زلفی ئەویدا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوێنی تاڵی یار لە زەوقا مەززەیی شیرین ئەدا جوێنی تاڵی یار لە زەوقا مەززەیی شیرین ئەدا کۆهکەن کەی ئەم قەرارە بۆ قسەی شیرین ئەدا جیلوەبازی ئەمشەوەی بۆ کوشتنی نەفسی منە خۆر ئەمەندە شوعلە بۆ گوم کردنی پەروین ئەدا من بە دنیا ناگەم و دینیش لە دەستم دەرچووە هەر بە ئومێدی ویساڵی دلبەرم تەسکین ئەدا زەمزەمەی ئەم نیوەڕۆیە سوبحی مەحشەر نیسبەتە یارە تەرتیباتی کوشتن بۆ منی مسکین ئەدا تۆ دەزانی لەم خەلادا تەقڵەدانی با چییە مل شکاوە دەم لە باسی پەرچەمی موشکین ئەدا چاوی من ئێوە بە ساغی دادەنێن کوێری زەلیل تەجرەبەی خاکی دەریکا قووەیی بینین ئەدا دوژمنی ڕێگەی محەببەت جانفیدایە میسلی دۆست کوفری زلفە موو بە موو بۆ من کە شەرحی دین ئەدا حازری نوێژی شەهیدی عەشقی تۆن فەوجی مەلەک بۆ موبارەک بادی مەنزل ڕێ بە مەئموورین ئەدا کوشتنی حەمدی بەجێیە تۆ ئەگەر عاجز نەبی بۆ شەهادەت عەرز و حاڵی بۆ جلی خوێنین ئەدا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگە بەو ڕۆژە لە دەرگاکەت بە شەق دڵ دەرکرا خۆزگە بەو ڕۆژە لە دەرگاکەت بە شەق دڵ دەرکرا فەزڵی ئەربابی حەمییەت بۆ بەسەر خەڵقا درا سەد کەڕەت گەر دەرکراوم لازمە هەر بێمەوە تا دەسووتێ هەر دەبێ پەروانە بێتە بەر چرا مەسئەلەی شامی فیراقم لێ مەپرسن تو خودا مەنجەنیقێ بوو لە دنیادا کە بۆ من داخرا حاڵی عاشق نیک و بەد تابیع بە مەیلی دلبەرە تەپڵی بەد ناوی لە عالەمدا بە ئێمە لێ درا وەک محەک سەنگی فەلاکەت تەجرەبەی عالەم دەکا کەڵکی بۆ کەس نەبووە باب و قەوم و ئەولاد و برا عەقل و جاهم دا بە شێت و حاڵەتی ئاوارەیی جائیزە شەرعەن لە وەختی جیننەتا بەیع و شیرا کوشتنی ئەهلی موحیببەت وەک جلووسی شاهییە ئەم چراخانە لە گەردوون بۆ من ئەمشەو هەڵکرا ڕەهبەری ئینسانی بەدبەخت دائیما هەر ڕەهزەنە بۆ خەبەرداری دزانە دەنگی زەنگی من زڕا هەر وەکوو ئەم شیعرە ڕەنگینە سەوادی سەفحەیە بۆ موتاڵای حەمدی یە زلفت لەسەر ڕوومەت نرا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگە دەمزانی بەسەرمانا زەمان بۆ ناز ئەکا خۆزگە دەمزانی بەسەرمانا زەمان بۆ ناز ئەکا زەربی ئادابی قەواعید بۆ بە ئەمری شاز ئەکا تێ نەگەیوە ئێمە دەیزانین موسەببیب هەر ئەوە حوشترە قەززاز مریشکە هێلکە هەر وەک قاز ئەکا شینەشاهۆیە لە ئەوجی کەهکەشانا وەک شەهێن بۆ شکاری قورسی مانگ و جورمی خۆر پەرواز ئەکا کۆترەباریکە قەلەباچکەش کە گاڵتەی پێ ئەکرد وا بە پەڕبازی خەریکە مەغلەتەی شەهباز ئەکا ساقی کوێر و کاسە کەل بادە نسیبی شێت و شەل موتریبی ناسازە تاری عەیشی مەجلیس ساز ئەکا جاهیل و کەمفام ئەگاتە مەجلیسی وەسڵی نیگار ماچی سەر کوڵمی لەتیفی هەر بەجووتە و گاز ئەکا کەر لە کوێ کەوتووە لە کوێ کوندە دڕاوە سەیری کەن ئاشەوان دانی نییە بەرداشەکەی بیراز ئەکا ئیبنی مریەم ڕادەکێشێ سفرەیی خاسی بەهەشت وەک حەوارییون یەهودی ئیددیعای ئیعجاز ئەکا ژاڵە گوڵباغی دەکا پیر سۆزە شەمعی بەزمی عەیش کوللەیە پەروانە فیسقە بولبولی ئاواز ئەکا ئەهلی هیممەت حەقیە تەعنە گەر بدا ئەمڕۆ لە ڕۆژ بۆ هەڵێ لەم عەسرەدا ئەو نوورە پای ئەنداز ئەکا تەبعی حەمدی دەستگاهێکە بە پێوانەی غەزەل بۆ بەری هەم عەسرەکانی ئەلبیسەی مومتاز ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەیاڵی عەشقی ڕووتە وا لە سەرما خەیاڵی عەشقی ڕووتە وا لە سەرما بە ڕووتی بۆیە نیمە باکی سەرما لە سکما لەرزی سەردی تۆیە گەرما بە من ناگا و نەگەیوە باسی گەرما کە لەیلا کردی مەجنوونی خەڵاتم سەراپا بەرگی ڕووتی کرد بە بەرما دڵی ئاگر بە ئاهی من دەسووتێ کەچی ناڵەم لە دڵتا بێ ئەسەر ما دەمێکە دڵ گومە نامەرد بزانن لەلای ئەو شۆخەیە یا دەربەدەر ما لە بەرماوەی کەبابی یارە ساقی دڵی برژا و مەی دانا لە بەرما بە پیری یارەوە حەمدی بە پێ چوو بەسەر ناچێ ئەگەر ئەمجا بەسەرما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڕک و دەستت گەر هەیە حازر بە دەستت گوڵ درا دڕک و دەستت گەر هەیە حازر بە دەستت گوڵ درا تۆ لە گوڵشەندا بزانە گوڵ بە غەیری چڵ درا قوم قومی خوێنی دڵ و برژانی قرچ قرچی جگەر سفرەیی عەیشێکە خاسە هەر بە ئەهلی دڵ درا سازە ناسازێ بە بەزم و نایە ناناڵێ بە دڵ ڕۆژی ڕەقسینە کە ڕەغبەت هەر بە پاو و پل درا چاوی بینا هەر سیەه بەختی بەسە بۆ ڕشتنی هەر بە چاوی کاڵی خودبینە کە تۆزێ کل درا کولفەتی ئەمڕۆی وجودی دیبێ گەر ڕۆحی بەشەر شێتە بەم تەوقە چ عەقڵێ بوو کە ئەووەل مل درا باری ڕاستی قەت لە موویێکا نەدی شانەی فەقیر هەر کەسێ دڵ چاکە دایم هەر بەشی موشکیل درا عومری وەک عەیشی بە دایم کورتە حەمدی عاشقان پێنج و دوو ڕۆژێ بە هەر دوو حیسسەیی بولبول درا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم کون کون بووە لازم دەکا بکرێ کە شەق شەق جا دڵم کون کون بووە لازم دەکا بکرێ کە شەق شەق جا فیدای موژگان و ئەبرۆتم نیگاهی چاوی ئەبڵەق جا بە یادی تورکی مەستی نازەوە، نازی ڕەقیب خۆشە کە فەڕ و دەوڵەتی باڵی هومامان بۆتە لەقلەق جا لەسەر ئیحسانی شاهان و کەماڵی تێگەیشتوانا وەرە بنواڕەرە دەستی گەدا و تەوری ئەحمەق جا قسەی مەنسوور کە دنیای گرت بە حەق کردن بە دارا بوو لەژێر دارا کە کوشتن بێ قیامەت گیرە ناحەق جا زەمانە سەفحەیی جاه و جەلال و قەدری وەرگیرا مودارا کەن بە تەحقیر و بە تەجریم و بە نەستەق جا بە مەعنا ئیعتیرازت بوو لە کەشفی عاریفان ئەی دڵ لەبەرچی بووی بە جام ئێستە بەبێ مەعنایی موتڵەق جا بە ئەحواڵی زەمان حەمدی وەها چاکە کە ڕازی بی ئەگەر ڕازی نەبی حازر ببە بۆ نیوە شەو تەق جا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەبێ ئەهلی بەسەر فەرقی گڵی بەرپێت لە کڵ چیبکا دەبێ ئەهلی بەسەر فەرقی گڵی بەرپێت لە کڵ چی بکا لە ڕووتا غەیری زەم بولبول دەبێ تەعریفی گوڵ چی بکا کە ئەو سەروە بە نووری مەی لە گوڵشەن کوڵمی داگیرسا کە گوڵ ڕەنگی لە ڕوو نەبڕێ نەسووتێ بۆی چقڵ چی بکا ئەگەر ئەو شۆخە یەکدەم دەم بە خەندە ڕوو لە گوڵشەن کا لە شەرما غونچە گەر عەودەت نەکاتە بەتنی چڵ چی بکا وەرە زاهید ببینە مەشعەلی حوسنی جەماڵی یار بە غەیری مەزهەبی ئاتەش پەرستی فەرموو دڵ چی بکا لە بازاڕی موحیببەت مشتەری لەو ماهە حەیرانن ڕەواجی حەزرەتی یووسف کە کەمتر بێ لە قول چی بکا لە بەرگی عاریە مەجنوون کە عاری بوو بە لەیلای وت دەبێ ئازادە سەروی گوڵشەنی عەشقت لە جل چی بکا هەموو عالەم کە سەرگەرمی قەدەح بازی مەین حەمدی لە هاژەی سەیلی فرمێسک و لە گریانی بە کوڵ چی بکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێبەرت ئەم عەسرە داریدا بە ڕۆحی عەرعەرا سێبەرت ئەم عەسرە داریدا بە ڕۆحی عەرعەرا سەجدەیی شوکری کە پێ برد کەوت بەسەر تەوقی سەرا خۆر لە تابی شەوقی مەهڕوخساری من کوللی شەوێ چاوی هەڵنایە لە بەرتا وا لە جێگەی سێبەرا بادەنۆشانی سەبووکەش سەهلە گەر هیممەت بکەن هەر لە دوردی جامی مەی قوڕ دەن بە چاوی کەوسەرا خاکسارێکی وەکوو من چۆن دەگاتە قاپی یێ بۆ جەلال و شەوکەتە حەلقەی لە گوێچکەی قەیسەرا شەخسی ساحێب نیعمەتە مەعرووزی فیتنەی ڕۆزگار باغەبان ناچێ بەگژ دار و درەختی بێ بەرا بێ تەئەممول زەحمەتە دۆزینەوەی ڕێگەی نەجات ناخودا ئەم مەسرەعەی نووسی لە گێژی لەنگەرا ئاگرێکی کردەوە حوسنت لە سەحرای ئولفەتا بۆ حەسوودان ڕەنگە دۆزەخ بێ لە ڕۆژی مەحشەرا حوکمی شەست تیری هەیە بۆ دڵ نیگاهی چاوی مەست تیر بە شوێن تیرا دەکا نەشتەر بە شوێنی نەشتەرا من هەزار دەفعە بڵێم زەحمەت یەکێ باوەڕ دەکا ڕۆژە وەک ئەڵماسی پڕڵانتە لە پەنجەی ئەختەرا حەمدی سەودایی چلۆنی وا لە ژێر سەردا سەرت ناوی ئەو شۆخە دەنووسێ شەو لە خشتی ژێر سەرا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەودایی سەری زلفە بە دایم لە سەرمدا سەودایی سەری زلفە بە دایم لە سەرمدا ئیمکانی نییە قەتعی خەیاڵە لە سەرمدا ئەو تیرە کە هاویتییە دڵ ڕاستە سەری کرد بنواڕە چ دەردێکی بە بەندی جگەرمدا ئەو خاڵە ڕەشە تا نەبووە تانەیی چاوم ڕووناکی نەبوو زەڕڕە لە نوقتەی بەسەرمدا سەد خۆزگە دەهاتیتە تەماشایی ڕەقیبت دوێنێ کە پەتم کرد و لەگەڵ سەگ بەشەڕمدا دیواری گوڵستان قەفەسی بولبولی زارە ئەو قاپییە جێمە چ حەپس بم چ بەرمدا وەک هاتنە دنیایی ئەگەر چوونە قیامەت ئێرەش سەقەرە بەس بە سەفەر دەردی سەرمدا ئەو چاوە ئەسڵ بینە کە فرمێسکی خوێنە دنیا گوهەرێکە لە دەریچەی نەزەرمدا واعیز کە جەوازی مەییدا باری گرانی هەڵگرت حەقە حەمدی کە کرێ باری زەڕمدا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەم و دەردە بە دەورمدا هەتا حوکمی بەسەر دەڕوا غەم و دەردە بە دەورمدا هەتا حوکمی بەسەر دەڕوا ئەجەل مەهمانە غەم غەمبارە یاری بۆ سەفەر دەڕوا غوڵامی ئەو کەسەم فەرقی نەکا عیززەت لەگەڵ زیللەت تەنەزوول بۆ فەلەک ناکا بە دوونێکی کە هەر دەڕوا لەپەی جەهلا بە عیززەت چۆتە مل ئیدراکەوە زیللەت لەگەڵ ئەم تەوق و پێوەندە لە دنیا موختەسەر دەڕوا نیشانەی ئافەتە هەردەم شکۆفەی ئارەزوو پشکووت ئەمەل نەخلی هەمیشە سەوزە ئەمما بێ سەمەر دەڕوا سەدای قاڕوون و غەزنەی دێ دەڵێ غافڵ مەبن خەڵقە زەمانە خۆشە وەک ئێمە نیهایەت بێ ئەسەر دەڕوا خەلەف مەحروومە ئەربابی مەعاریف وەختی تەجریدە کەلامی کۆن و کاغەز کەی بە نرخی سیم و زەڕ دەڕوا عەبەس حاڵم بە مازی کرد ئەگەر بۆ حاڵی ئیستیقبال لە ڕێی ئەو شۆخەدا سەرفی ئەکەم باقی هەدەر دەڕوا لە بەینا پەردەیێکە مانیعی دیداری ئەو ماهە کە لاچوو پەردە جا شەوکەت لەبەر پێتا بەسەر دەڕوا مەماتی جا حەیاتە هیجرەتی ئەوسا مولاقاتە بەڵێ عوششاقی ئەو شۆخە لە حەشرا بێ خەتەر دەڕوا قبوولی کە بە سەگ حەمدی ئەگەر نابێتە عوششاقت کە پابۆسی سەگی تۆیە هەتا شەمس و قەمەر دەڕوا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەت داغی دڵ بە زاهیدی غافڵ نەدا خودا قەت داغی دڵ بە زاهیدی غافڵ نەدا خودا چاوی دڵە بە ئەهلی دڵی بۆ خودا نەدا من سائیلانە بچمە بەر ئەو قاپیە و ئەویش هەی هەی چ خۆشە بێت و بفەرمووێ خودا بدا مەنعم مەکەن لە عەشق و وەرن پەل پەلم بکەن جا سەیری عەشقی پەل پەلی من کەن جودا جودا ڕۆحم نییە لە پاش وەفاتم هەموو سەحەر گەر بانگی بێ نیازی بە گوێی دلبەرانیدا نازم بە بەرقی غەمزە میسالی برووسکەیە ئافاقی دڵ دەکاتە چراخان بەبێ سەدا دنیا بە دەستی زۆرەوە هەر وەک عەسایەکە پاڕانەوە و خوا خوایە هەموو ئەسلەحەی گەدا وەختێ ئەکەم نوێژی سبەینێ کە ڕۆژی ڕووت هەڵبێ قەزایەکە کە ڕەواجی ئەدا ئەدا من نامەوێ ڕەقیب و ئەبووجەهلی لەعنەتی ناچێتە دڵمەوە فەلەکیش گەر بکا نیدا نیدا گەردش دەکا لە عالەمی دامەن خوێنی دڵ ڕەنگی دەڕێژی حەمدی بزانە چی ڕوو ئەدا ئەدا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەمەر ئەم جازیبەی کەی بوو نواڕی دلبەرم پێما قەمەر ئەم جازیبەی کەی بوو نواڕی دلبەرم پێما نە شەوقی دیدەنم پێما نە قووەی دەستم و پێ ما مەقامی یار کە قەسری دڵ نەبێ ئاوێنەیی چاوە مونەووەر تینەتی لەم دەهرە کەی بوو کەی بەبێ جێ ما سەفەربەر بن کە عالەم هەر کەسێ مرد گەیوەتە مەنزل لەباتی ئەو بکەن شینی ئەوانەی پاشی ئەو جێ ما وەفا و سەڵتەنەت یەک ناکەوێ بنواڕنە خورشید لە تەختی نیوەڕۆدا فەرموو سایەی بۆ سەری کێ ما چ یارایانە بنوێنن لە ڕووی جانانەدا خوبان کە خۆر هەڵهات تەماشاکە فەلەک یەک کەوکەبی لێما سیڕاتی موستەقیمی عەشقە ڕێگەی گوڵشەنی جەننەت کە بولبول ساحێب ئیدراکە موعەتتەل کەی لەسەر ڕێ ما لەبەر دەردی سەرە حەمدی بەسەر گەردی لەڕێدا کەوت لە بەدبەختی لەسەر ڕێشدا سەری بێ سەندەڵی پێما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ملیا بەختی من ڕەش بوو بەدەورەی خاڵییا ئاڵا لە ملیا بەختی من ڕەش بوو بەدەورەی خاڵییا ئاڵا لە مل دەستی کە هەڵگرت زلف بەلێوی ئاڵیا ئاڵا بە عومری خۆی هەر ئەمجارە بە مندا چاوی هەڵهێنا کە مەستانە نیگاهی کەوت بە دیدەی کاڵیا ئاڵا کە مانگ و ڕۆژ ئەگەینە شەوقی ڕوخساری بە ناچاری لە دەورەی دائیما هەر دوو بە دەورەی ساڵیا ئاڵا قەزا پەل بەستی شێری نەڕ بکا نەی پارەیێ بەسیە لە ملیا سەیری کەن دەستم لەگەڵ دەسماڵیا ئاڵا برۆ میزانی دوو چاوی کە ڕاگرت تالیعی من بوو سەری کرد وەک سەری موو چوو بە لای مسقالیا ئاڵا لە شەکراوم گەلێ پێ خۆشترە قاوەی شەکەرلی من لە دەم تا هاتە دەر شەککەر بەجوێنی تاڵیا ئاڵا تەماشای شەهسواری ئاسمانی فەخری عالەم کەن کە حەمدی ئەسپەکەی بەدرە بەدەورەی ناڵیا ئاڵا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: منی لایەق بە ڕیسوایی شوکر دیوە لە مەفتوونا منی لایەق بە ڕیسوایی شوکر دیوە لە مەفتوونا وەکوو لەیلا بە مەجنوونی کە قابیل دی لە مەجنوونا کە عەشقت کەوتە تەنویراتی دڵ عەقڵم لەسەر دەرچوو بەڵێ دووکەڵ بە هەڵگیرسانی کوورە وا لە دەرچوونا حەکیمانە وەرن بنواڕنە ئەم خەتتی ئەبرۆیە بزانم کەی بوو ئەم حەرفە لە تۆماری فلاتوونا تەماشای جیلوە کەن دەیدا بە حوسنی خوێنی شیرینی دەڵێی ڕۆحی کەلامی ئەهلی حاڵە وا لە مەزموونا لە حەسرەت ڕوومەتت ئەوجی دڵم هەر داغی پڕ شەوقە هەر ئەو داغانەیە باقڵ کە ناویشیە بە گەردوونا سیەه بەختی منە زلفی بە جارێ ڕوومەتی پۆشی کە ڕۆژم وا بە ڕەش بەڕەش گیرا قیامەت وا لەبەر بوونا لە سەد عالی تەبعدا کامیابێکم نەدیوە قەت وەکوو نەمدی کە تەنها نابەکامێکیش لەسەد دوونا لە بەزمی عالەمم چی خۆم هەمە حەمدی دڵی برژاو لەگەڵ دوو ساغیری دیدەی پڕ ئەشکی خوێنی مەیگوونا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میسلی عەبدوڵڵا عیبادەت خەڵقی بۆ یەزدان ئەکا سەبارەت: بۆ سەر کێلی عەبدوڵڵا ئەفەندی سوورە میسلی عەبدوڵڵا عیبادەت خەڵقی بۆ یەزدان ئەکا چونکە بۆ بوون و نەبوونی کوللی شت فرمان ئەکا خەڵقی باوەڕیان بە فەخری ئەنبیا بێ شک هەیە چونکە مەحبووبی خودایە و خەلعەتی قورئان ئەکا بۆ ئەوامیر بۆ نەواهی جوزء و کول قووەت هەموو جیلوەیی خوایە ئەویش لوتف و قەهر ئیحسان ئەکا قەت مەبن غافڵ لە دەرگاهی جەلالی کیبریا لوتفی زۆرە ساڵی تەئریخی وەفات «غُفران اکا» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناوم نەما لە مۆرا هەر ما لە دەم ڕەقیبا ناوم نەما لە مۆرا هەر ما لە دەم ڕەقیبا دەم سەگ نەکەوتووە کەس چبکەم لەگەڵ نەسیبا ئیعلانە ڕەنگ و بۆی یار کردوویە عاشقی زار گوڵبەن بە بێ چرۆ و گوڵ دیارە بە عەندەلیبا هەرگیز خودا نەبینم دائیم خودا ببینم ئولفەت لەگەڵ ڕەقیبا، کولفەت لەگەڵ حەبیبا من عاشقی هوما بووم وا بوومە هەمدەمی بووم زەمانە نانەجیبی دانا لە جێ نەجیبا تا تۆ دەکەی درۆیێ سەد تیری ڕاستت بۆ دێ هەر یەک بە سەد زەرەرتە سەودا لەگەڵ ئەدیبا کردوویە زوهد و تەقوا، زاهید بە نان و حەلوا ئەم دەورە ئەمڕۆ ئەخوا لەگەڵ ئەهلی سەلیبا ئەمڕۆ نیگار ئەڵێن دێ قیامەتێ هەڵدەسێ لەم کونجە تۆ بوەستی حەمدی لەگەڵ شەکیبا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناڵینە ئێسکی من حەقی ئێوە هەتا ڕزین سەبارەت: پارچەی سێیەم ناڵینە ئێسکی من حەقی ئێوە هەتا ڕزین وەک نەی خودا خودا لە حەشردا جودا جودا ئەی دڵ خەریکی زات و سیفاتی دەبێ ببی نامەرد نەکەی خرۆش و نیدا یا سەدا سەدا تۆ هەر خەریکی سەجدە بە، ئەی ڕۆحە پاکەکەم نابی بوەستی تا لەحەشرەدا نەدا نیدا عەرزی بکەن مەعاسی مەحزم من و ئەویش ئەڵتافی مەحزە دیارە چ حوکمێ بدا بدا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەقدی داغی زۆرە دڵ کەوتۆوەتە سەودایی فەنا نەقدی داغی زۆرە دڵ کەوتۆوەتە سەودایی فەنا خۆ عەشق تەنها لەبەر لالە دوکانی دانەنا دڵ لە داغت ئەی سەنەم وەک لالە بۆتە جامی خوێن خوێنی من ئەنگوشت نوما بێ چاکە یا ڕەنگی حەنا عەیشی عاشق پایەدارە هیجر و وەسڵی بۆ نییە یەک هەوایە ئەو بینایەی ڕەنگی ڕێژا بێ بەنا گوڵشەنی حوسنی بە تەحریکی ڕەقیب پۆشی کە یار کافرم بۆ چی وتم قاپی بەهەشتم لێ ژەنا پێت بڵێم قازی شەریعەت موستەحەققی داری حەد هەر ڕەقیبە گەر لە دنیادا ببێ توخمی زەنا با لە ئاگردا بسووتێن ڕوو لە دەریا قەت مەکەن هەر سەمەندەر مەردە نابا قەت بە نامەردان پەنا حەمدی مەستی چاوی مەستی یارە باسی ئەو دەکا ئیشی مەجنوونە کە چاوی مەستی لەیلا کا سەنا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەکوو ڕۆژێ لە مەغریب یەخخە دابدڕێت و سەر دەرخا وەکوو ڕۆژێ لە مەغریب یەخخە دابدڕێت و سەر دەرخا قیامەت هەڵدەسێ وەک سوبحی مەحشەر سینە گەر دەرخا نیشانی دام سەبا عیلمی پەرێشانی لەسەر پەرچەم موعەللیم چۆن کە شەرحێکی موتەووەل موختەسەر دەرخا حیسابی چوونە جەننەت زەحمەتە عالەم لە دڵ دەرکەن مەگەر ئەو شۆخە گوڵزاری جەمالی سەربەسەر دەرخا مەڵێن لالە شەهیدی عەشقە دڵ پڕداغی هیجرانە دەبا بێ نەوعی من داغی دڵ و خوێنی جگەر دەرخا هەزاران مردە زیندەی خەندەیێکی یارە با دنیا وەکوو مریەم مەسیحایێ لەیەک یاقووتی تەڕ دەرخا لە بوستانی جیهانا گەر نەخیلێ ئیددیعا جۆیە لەگەڵ باڵایی تۆ لیمۆیی شیرینی بە بەر دەرخا هەتا سوبحی قیامەت نێرگس و غونچە چرۆ ناکەن لە گوڵشەندا کە یار سوبحێ دەم و گۆشەی بەسەر دەرخا لە دەریایی وجوودا نەیدی وەک تۆ گەوهەرێ غەوواس مەگەر میسلت لە دەریایی عەددەم دەستی قەدەر دەرخا مەحاڵە موشکافی حەمدی بێتە مەوقیعی بینین مەگەر یار وەک میانی خۆی بە تەعریفی کەمەر دەرخا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چ پەروامە کە ئەو وەحشی غەزالە بێ وەفایی کا چ پەروامە کە ئەو وەحشی غەزالە بێ وەفایی کا خەیاڵی نەبووە هەر نیشە لەگەڵ کەس ئاشنایی کا بە پەڕ بازی وەکوو پەروانە بۆ سووتن نەچم چبکەم بەنووری ئابی مەی کوڵمی کە هەڵگیرسێ و چرایی کا هەتا ڕۆژی قیامەت ڕێی لە قەسری ناکەوێ قەیسەر لە کووچەی عەشقدا ڕێگەی بدەن شاهێ گەدایی کا دەبا هەر غەرقی دەریایی ئەسەف بێ کەشتیی عومرم خودا بێ گەر بە مەیلی ناخودا کا و ناخودایی کا میسالی کەوکەبی ئیقبالی من بێ شەوق ئەبن خوبان لە ئافاقی حوسندا ئەو مەهە گەر خودنومایی کا هەتا دەستی دەبێ بۆ تەفرە لێی لادەن جەنابی شێخ نوێژی سەر حەسیری بۆریا یا بۆ ڕیایی کا هەتا داوێنی ئیقبالە ڕەفیقی ئەهلی ئەم عەسرە دڵیش وا تێ دەگەم حەمدی لەوەسڵا ماڵ جیایی کا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چینی سەری زلفت بووەتە فیتنە لە چینا چینی سەری زلفت بووەتە فیتنە لە چینا غارەتگرە چاوت لە بیلادی دڵ و دینا نەبڕایەوە ئەم شینە لە سینە کە دەکا دڵ بەو جیلوەیی ڕوخسارە وەرە بیکە بە سینا مینا و حەجەرولئەسوەد و زەمزەم حەجی خەڵقە من ماچی دەم و خاڵی لەب و گەردنی مینا ئیکسیرە مەگەر خوێنی سرشکی شەوی عاشق ئەو بەردە دەکا هەر بە لەعل وا لە سەرینا ئەو ناوکی موژگانە بە کل بۆیە دەڕێژێ ساڕێژی بکا هەر کەڕەتێ چوو بە برینا مەعلوومە لەدایک کە دەبن ئەهلی موحیببەت فرمێسکی بە لێشاوە لەگەڵ ئاهی حەزینا نازم بە جەلال و حیشەمت میسلی سولەیمان وەک دێوە ڕەقیبت کە لە ژێر حوکمی نگینا جانا مەبەرە هەمدەمی ئینسانی بەد ئەندێش وەحشەت کە دەکەن ئەهلی موحیببەت بە قەرینا حەمدی بە ئەدەب یادی بکە ناوی نەبەی قەت جاسووسی ئەوە چونکە دڵت وا لە کەمینا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە داغی نا بەسەر دڵما وتی جا خوێنی قەی ناکا کە داغی نا بەسەر دڵما وتی جا خوێنی قەی ناکا دەمی مینایی مەی گیرا لە باخەڵدا بێ قەی ناکا لە ئافاقی سەخادا حاتەمی تایی ئەگەر بفڕێ بە ساڵێ مەنزیلی ساتێکی ساقی ئێمە تەی ناکا لەسەر پەنجەت عەبەس گەوهەر ئەدا مەوجی خوێنی دڵ لە دەم تا خۆی نەدا بمری لە لێوی جامی مەی ناکا بە ئاوی تیرە بارانی تەقیوە چەشمەیی چاوم ئیتر کەشتی ئەمەل حاجەت بە سەیلی لێڵی دەی ناکا لەگەڵ ئەو قامەتە شیرینە عەرعەر بۆیە کەم عومرە لەگەڵ کوللی هەوایێکا تەمایول میسلی نەی ناکا لە سەحنی مەیکەدە گەر بانگی مەستی سۆفی یێ ببیەی لە گۆشەی تەکیەدا عەقڵی ببێ قەت بانگی حەی ناکا دوعای نیوەشەو و ناڵەی سەحەرگا نەبوە تەئسیری بە ئومێدی ویساڵی تۆ ئەمانە حەمدی کەی ناکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە وەک ڕۆژ ئەو هەڵات ئەستێرە ئاسا بووم لە خۆ ئاوا کە وەک ڕۆژ ئەو هەڵات ئەستێرە ئاسا بووم لە خۆ ئاوا وتی ئەم جیلوەیە چی بوو ئەوە دەردت بخۆ ئاوا تفەنگ و تیری دڵدۆزم خرۆش و دووکەڵی ئاهە کە ئێمە کونجی وەحدەتمانە مەیدانی شەڕ و داوا بە قانوونی حەیا ئەلبەت موجازاتی قەڵەم دەدرێ زمانی بۆ بڕین چاکە ئەوی کردی کە شت داوا ڕیجالی ئێستە وەک منداڵی ساوا ڕق لە شت دەگرن دەڵێن عەسری جەدیدە ناکرێ ئێمە نەبین ساوا خوداجۆی گەر لەبی جۆ و گەردنی مینایی مەی بگرە کە پەردەی دینی شێخ زوڵمی تیایە ڕوونەکەی ئاوا کە دنیا ڕووی لە تۆ کرد شەرتە بۆ چی پشت لە من کەی بۆ بە بووکی وا جیهان گەردیدە غەڕڕا حەیفە بێ زاوا لە دڵما تاجدارە غەم دەڵێی ئەسکەندەرە حەمدی دەبێ حورمەت بگیرێ چوونکە نەیما مەلجەء و مەئوا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر نەبوومایە بە دەردی عەشقی یاری موبتەلا هەر نەبوومایە بە دەردی عەشقی یاری موبتەلا جا دەبووم قیروسیا ڕۆژێ دووچاری سەد بەڵا زاهید و من بانگی ئەمشەومان کە یەک کەوت سەیرێ بوو من فیغانی ئەلویساڵم، ئەو تەلاشی ئەسسەلا وا دەزانم هاتووە ئەو وەعدە بێت و بمکوژێ هەر وەکوو سەگ ئەم ڕەقیبە بۆیە کەوتە حەلوەلا بەس بڕێژە خوێنی ناحەق ئەی ڕەقیب لەم بەردەرە کۆیی یارە قەت بووە بکرێتە دەشتی کەربەلا ئەی ڕەقیب بۆ چاری دەردم ئیحتیاجم کەوتە تۆ ئێستە هەر گاور ئەنووسێ نوشتە بۆ شێخ و مەلا قەت لە باسی عەشقەوە حەمدی لە دڵ تەعنە مەدە ڕۆحە ئەم تەوقەی لە مل کرد ڕۆژەکەی قالوبەلا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە بینینی شرووتی عەشقی من پەروانە بوو مەحجووب بە بینینی شرووتی عەشقی من پەروانە بوو مەحجووب کە زانی ئەم حیساباتە بە سووتن ناکرێ مەحسووب کەمەندکێشی زلف خەڵوەی لە گوڵزاری جەمالایە بەڵێ جەننەت مەکانە لەم دەرە هەر کەس کە بوو مەجزووب لەگەڵ ئەم شەوکەت و شانە خودا عاشق بەشۆخی بێ خودا هەر خۆی مەگەر زانیویە چەندە دلبەرە و مەحبووب شوکر وا گەردی داوێنم دەکەومە عالەمی باڵاش دەبا پێنج و دوو ڕۆژێ سا لە دنیادا ببین مەنسووب کە یار ئاوێکی ڕەحمەت بێ دڵیشم ئاگری قودرەت دە ئەم سەودایە کەی دەکرێ کەوا بن تاڵیب و مەتڵووب وتم ڕاستە قسەی خەڵکی و قەدیمی پیسی پیس دەیبا کە لەرزی بۆ جەنابی شێخ بڕی یەک کاغەزی مەندووب هەوێنی شیری سافی شیعری حەمدی باسی شێخانە ئەترسم بیبزڕکێنن کە نابن قەت بەبێ ئاشووب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەڵوەتە مەجلیس زەمانی شەوقە سا لادە نیقاب خەڵوەتە مەجلیس زەمانی شەوقە سا لادە نیقاب حەیفە توخوا با لە ژێر هەورا نەمینێ ئافتاب دادەگیرسێ کوڵمی وەک ئاگر بە نووری ئابی مەی قوڕ بەسەر من ناعیلاجم چۆن نەسووتێم وەک کەباب مەستی نەشئەی حوسنە ترس و پرسی هەرگیز بۆ نییە موتمەئیننە وەک سوئالی لێ نەکەن ڕۆژی حیساب زەحمەتی داوم جەهەننەم گەردنی ئازا دەکەم تا نەبینێ ڕۆحەکەم ڕۆژی جەزا ئێشی عەزاب من بەبێ تۆ وەک شەوی هیجرانە ڕۆژی جەژنەکەم با لە باخەڵما بنیشێ شەمس و هەڵبێ ماهتاب ئاخری شامی فیراقت ئەووەلی عومری منە هەر شەوە هێشتا بەسەر چوو وا هەموو عومری شەباب تەپڵی سەر دەنگی نەماوە سینە هەر وەک دەف دڕا زلفەکانت کەوتە چنگم دەیکەمە عوود و ڕوباب قەت لە ئولفەت مەنعی حەمدی ناسیحی عاقڵ دەکا ئەم تەریقە پڕ لە مەللایە و لە سۆفی و شێخ و شاب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەحمەتت کێشاوە ناپۆشێ جەماڵی تۆ نیقاب زەحمەتت کێشاوە ناپۆشێ جەماڵی تۆ نیقاب ڕۆژ لە ڕۆژی ناکەوێ ئەرز و سەما بێتە سەحاب تا عەرەق ڕێژی خەجاڵەت گوڵ لە شەرمی تۆ نەبوو نەیدەزانی باغەوان بێ چارەیە بەحسی گوڵاب ئارەزووی تەڵتیفە جانان بۆیە تەکدیرم دەکا کێ بە تەعمیر ئیحتیاجە تا نەبێ خانە خەراب هەر دەڵێی ئەو شۆخەیە گەردنلغی کردۆتە مل ساقی زنجیری ملی مینایی بێ گەردی شەراب موجتەهید ئەو شەرحی زلفەی دی لە سەفحەی ڕوومەتا جا وتی هەر عاشقی ئەم دینەیە ئەهلی کیتاب گەر لە خۆت و عاشقانت ئارەزووتە تێ بگەی ئەی سەنەم وەک موددەعی ئەفعالی خۆت بێنە حیساب ئاگرم گرت ساقیا ئەم شەرعە هەرگیز ناکرێ من بڵێم بێنە شەراب و تۆ بڵێی بێنە کەباب تا بەری پێ چاوی سەر حەقیە ببینێ داغی دڵ تا سەراپەردەی فەلەک جەولان دەکا هەر وەک شەهاب جێم نییە بمرم تیا ڕاهیب علاجی من چییە جێگەیی شێخە ئیتر نابێ بە ماڵی کەس توراب بۆ وەسڵ دەستە و دوعا بۆم پێکەنی دلبەر وتی وەختی خۆت زایع مەکە نابێ دوعاکەت موستەجاب ئەم فیراقە دۆزەخە بۆ عاشقی دانا خودا حەمدی چونکە ناخرێتە کوورەوە دوڕڕ و خۆشاب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فلاتوون بوو وتوویە نابی قەت ئەمسالی خۆر جازیب فلاتوون بوو وتوویە نابی قەت ئەمسالی خۆر جازیب بزانە چۆنی ڕاکێشا بە ڕووی یاری کە کرد حاجیب وتم خۆزگە عەزازیلم بە چاوی خۆم دەدی جارێ لە پڕ پەیدا بوو شەیتانێ بە دیمەن هەر وەکوو نائیب تەشەببوس کا بە سەگ بۆ دەفعی گورگان حەقیە خاوەن مەڕ کە زاڵم بێ ئەمانە دەفعی شەرعەن جائیزە و واجیب دڵ و ڕۆحم لە کن یارە کە هەردوو ساحیب ئیدراکن لە خۆم خۆشم ببم غائیب لە من یارم نەبێ غائیب لە دڵڕەق هەر بە نەرمی چارە تێهەڵچوونە کەی نەشتەر بەسەر بەردی جەواهیردا وەکوو ڕشتە بووە غالیب بە نادانی مەگەر جارێ بدا یەک مشتەری تەفرە ئیتر بوڕڕا نییە تیغی قسەی سەوداگەری کازیب حەقیشت گەر لە کن خەڵقی ببێ عەفوی بکە حەمدی بە هەر نەوعێ ببێ نابێ لە فەردێ تۆ ببی تاڵیب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناوی تۆ نابەم بەدەم بمبێ لە دڵدا گەر تەڵەب ناوی تۆ نابەم بەدەم بمبێ لە دڵدا گەر تەڵەب ناسکی تۆ خوا نەخواستە نەک لە ئاهم بگری تەب ڕووی نییە ئەسڵەن لە ڕووتا چاوی هەڵبێ خۆر ئەگەر چاوی هەڵبێ گێژ ئەبێ وەک بەنگی ئاوێنەی حەلەب غەیری غوفران قەت لە دەرگاهی خواشت شت نەوێ قەت لە بازاڕی تەڵەبدا چونکە نەمدیوە ئەدەب ئیفتیخاری پێشوانە گەر لەگەڵ فەزڵا کرا وەرنە تەحقیرە کە بەدخویان بکەن باسی نەسەب ئیختیساسێکە سەری فەخرم گەیشتە ئاسمان من لە عالەم دەر دەکا دەیکا لەگەڵ عالەم تەرەب هەردوو هەمدەردین لەگەڵ گەوهەر بە یادی لێوی تۆ مەوج لە دڵمانا دەدا بەحرێکی خوێن و توشنە لەب خۆم دەزانم عاقیبەت حەمدی دەخەیتە باخەڵت چونکە ڕەنگ زەردی دەوێ مەعلوومە جۆیایی زەهەب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕێ مەدەن نامەرد کە بێتە بەزمی گوڵشەن عەندەلیب ڕێ مەدەن نامەرد کە بێتە بەزمی گوڵشەن عەندەلیب ناسکە گوڵ حەیفە بێتە هەم پیاڵەی نانەجیب سەد کەڕەت تۆبەم لە عەشقی کرد و تەفرەی دامەوە نەبووە قەت شۆخێ ئەمەندە غەمزە باز و دڵفریب چاوی دەرمانێ بە بیمارێ بدا هەر غەمزەیە ئەلبەتە دەرمانی خەستە وا دەکا مەست بێ تەبیب خۆرشی شێرانی جەنگی گۆشتی فیلی جەنگەڵە غەیری ئەربابی حەمییەت غەم بە کەس نەبووە نەسیب من بە حاتەم قەت سەخی ناڵێم کە ماڵی دا بە خەڵق گەوهەر و لەعلە کە هاتە سەر عەتا مەردی ئەدیب ماڵی دنیام هەر بە خۆڕایی بەنێ قەت نامەوێ گەر ڕجاشی لێ بکەم لێم ناگرێ پڕ پارە جێب میسلی پەیکانی قەزایە ڕاکشاوە دووکەڵی ئاسمانی سەیری کون کون کردووە ئاهی غەریب حەشری ڕەندان قەت لە گەڵ ئەهلی جیهان حەمدی ئەکەن مەسئەلەی مەی تێکەڵی خوێنی جگەر ناکا حەسیب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو سەرو قەددە سەرکەش و من خاکسار و پەست ئەو سەرو قەددە سەرکەش و من خاکسار و پەست چبکەم خودا کە دامەنی جارێ بگرمە دەست پڕ ئەشکی گریەیە قەدەحی مەی لە حەسرەتا لەو وەختەوە کە دیدەتی دیوە خومار و مەست تیروکەوانی دەستی قەزایە موژە و برۆت چاو هەڵبڕە بزانە لە دەستی کەسێ خەلەست ناسیح لە باسی عەشقەوە تەعنە لە من مەدە ئەم تەوقە ڕۆحە گرتییە مل ڕۆژەکەی ئەلەست سەربەستە بۆ ڕژانی خوێن و شکانی دڵ نەکراوە دلبەری بە ئەمەندە شکست و بەست ئەی دیدە ئینتیزاری سرشکم دە هیممەتێ ئەمڕۆ فیراقە خاڵییە سەر بۆ قوڕێکی خەست حەمدی دڵێکی چەندە خودا گرتووت هەیە بێ عار و بێ تەئەمموول و پڕ عەشق و تێنەویست ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ گەدایانیان بەجێ هێشت پادشاهان تاج و تەخت بۆ گەدایانیان بەجێ هێشت پادشاهان تاج و تەخت ئاسمان بۆ پارە وەک سەحرا دەکەن یەکبارە تەخت من لە بەختم شەکوە ناکەم ئەو لە من شەکوە نەکا ئەو دووچاری من بووە بێ چارەیە بەد بەختە بەخت بەم شەرارەی کوورەیەی من ئەلبەتە دەتوایەوە بەرد بوایە گەر دڵی ئەو شۆخە یا پۆڵایی سەخت مەمدەنە دەستی ڕەقیب و بمکوژن ئێوە و خودا لەت لەتم کەن بمخەنە بەر ئەو سەگانە نەخت نەخت سەد چرۆی کرد هەر یەکی بوو میوەیێ داری ئەمەل بۆیە بێبەر مایەوە یەک میوەیە حەققی درەخت موژدە بێ بۆی ڕۆژی خۆت حەمدی گەڕا بۆی دێتەوە دلبەرت بۆ کوشتنت تەشریفی هێناوە بە جەخت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەبێ دەستی دەبن ئەهلی موحیببەت سەیری تا سەر دەست بەبێ دەستی دەبن ئەهلی موحیببەت سەیری تا سەر دەست کە کەس نەیبردووە هێشتا لە دنیادا هەتا سەردەست تەماسی ئەهلی حس ڕەونەق فزایی ساحیبی قەدرە گوهەرزانی کە بێ قەدرە لە بەحرا هاتە دەر بەردەست هەوا ئاڵۆزە ڕۆژە خاکسارە هیممەتێ ئەی بەخت کە گەردی بەخت ئەگەر هەڵسێ دەکا داوێنی خۆر دەردەست تەماشای گەردنی جانان مەکە دیدە لە گریانا لە لەمپایێ کە داگیرسابێ نادا مەردومی تردەست غەرەز گەر کوشتنی عوششاقە جانا غەمزەیە بەسیە چ موحتاجە کە مەستانە بدا چاوت لە خەنجەر دەست چەمەن ئارا بوو گوڵ کاری هەتا تەنها بە بولبول بوو لە بازاڕا فرۆشرا گوێی کە وەک یار نایە دەست بەردەست دوڕی تاجی شەهنشاهان بە گەردێ قیمەتی ناکەن خودا لوتفی ببێ حەمدی لە داوێنت بدا گەر دەست ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا کەی ئەدەی بە خەڵقی لە عەقڵ و زەکا زەکات تا کەی ئەدەی بە خەڵقی لە عەقڵ و زەکا زەکات کوردە دەکا لە حیسسی حەیاتا حەیا حەیات ئیسڵاحی نەفسی خۆت بکە ڕازی ببە بە حەق ئیزهاری عیجزە بەسیە ڕەواجی شکا شکات تا کەی لە نەفعی خۆت و زیانی خەڵقی دەدوێی حەیفە کە ئابڕووی لە جیهانا تکا تکات گەر ساحیبی حقووقی بە سەربەست بڵێ بدە نابینی بۆچ لە مەحفەلی عاما ڕیا ڕیات تەعریفی ئەم زەمینە چ شیرینە موتلەقەن تامی دەچێ لە میسرەوە ناوی نەبا نەبات باب و برایە دوژمن ئەگەر کاسە پڕ نەبێ دوژمن دەباتە ڕیزەیی باب و برا بەرات خەڵقی سەرا دەکا کە سەروپێیەکی نییە شێتانە تۆ دەخەی کە بە تەوقی سەرا سەرات جەولانگەهی عیبادە وەتەن گەر بە غیرەتی فەرموو بکە لە ساحەیی خەڵقی ترا تەرات بەنزینی عیلم و ئاگری هیممەت ببێ ئەدا شەوقێکی بەرقیانە بە چۆن و چرا چرات حەمدی بەیانی حەق مەکە لەم عەسرەدا نەوەک بۆ کوشتنت بکێشێ بە پشتی ملا مەلات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زمانم شەق دەبا یەکدەم ئەگەر بێت و نەبا ناوت زمانم شەق دەبا یەکدەم ئەگەر بێت و نەبا ناوت بە کوێری دادەنیشم گەر لەبەر چاوم نەبێ چاوت لەبەر تەشریفی ڕێگەی تۆ نەبێ بۆچیمە نووری چاو سەرم لازم نییە لازم نەکا بینێمە پێناوت لە داوی زلفتا وەک دانەیێکی جازیبە خاڵت کە دڵ وا ڕادەکێشێ تا دەگاتە حەڵقەیی داوت وەکوو مەجمەر سەری کوڵمت بە ئاهم هەڵدەگیرسێنم بسووتێ با وەکوو عەنبەر سەراسەر پەرچەمی خاوت تەبیبی دەردی هیجرانی منیش بیمار و مەهجوورم کە هاتی دێتە دەر ڕۆحم لەباتی ئەجری هەنگاوت کە بۆ نەخچیری دڵ چاوت غەزالانە دەگێڕی تۆ لە پارێزام منیش جانا وەکوو سەییادێ بۆ ڕاوت وەکوو خەڵقی دەڵێن بێ قەولە ئەمما هەر لە ئیڵتافا لە جەورا حەمدی تەنها شاهیدە بۆ عەهدی نەشکاوت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمینت نایە کەشکۆڵ ئاسمانت گرتە سەر کۆڵت زەمینت نایە کەشکۆڵ ئاسمانت گرتە سەر کۆڵت بنازم هیممەتی مەجنوون بە خۆت و کۆڵ و کەشکۆڵت لە هەر لایێ کە چۆلی بوو بە سایەی تۆوە مەعموورە فیدات بم بۆ بە سایەکردنی مەعموورەیی چۆلت بە منداڵی بە ڕاستە و چەپەدا کردووتە مەشقی عەشق نەپرسی تا لە وەسڵا کامە ساغە و کامەیە سوڵت نموونەی کفنی خوێناوی شەهیدی عەشقە ئەی فەرهاد لە کۆسارا کە وەک لالە گوڵی عیبرەت دەکا خوڵت بەجێ ماوە لە ئەرزی ئولفەتا ئاساری ڕەنگینت کە بەردی قەیسەری شیرین دەری خست زەحمەتی قوڵت بەسەر ئەهلی دڵا تێشەی موحیببەت دابەشی کردی خەمیرەی قەلبی عوششاقە پڕیشکی خوێن و پڕ زۆڵت خەیاڵی تێشەبازی و چۆل گەردی قەت نەکەی حەمدی بە گەردی قەیس و فەرهادا کە ناگا دەست و پێی کۆڵت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری من کەن ئارەزووتانە ئەگەر سەیرانی دۆست سەیری من کەن ئارەزووتانە ئەگەر سەیرانی دۆست عاشقی ڕەوشەن زەمیرە ئاوێنەی ڕەخشانی دۆست دوژمنت نامەردە داواکاری سەرتە ئەی نەفس تا بە دەستی ئەو نەچوویی خۆت بکە قوربانی دۆست بێ هەناسەی سەردی بولبول غونچە کەی پشکووتووە وەک نەسیمی سوبحە ئاهم بۆ دەمی خەندانی دۆست من بەسەر گەردی لە مەیدانی فیراقا کەوتووم بەختی کێ بوو گەردێ هەڵسا گەیوەتە دامانی دۆست خوسرەوی ئیقلیمی حوسنە یار بە تەنسیبی ئەزەل خەتتە شەرح و خاڵە توڕڕە و ڕوومەتە فەرمانی دۆست پێکەنینم دێ بە خەڵقی بۆ لە دوژمن خەوف دەکەن گەر هەیانە باوەڕی کامیل لەسەر پەیمانی دۆست وەک شەیاتینێ کە ڕۆژ دەگرن بە چەپڵە بەر دەدەن وایە تەمسیلی لەکن من گرتن و بەردانی دۆست دۆستی ئیقبالت لە ئیدبارا بە ئەکسەر دوژمنە عیززەت و زیللەت وەکوو یەک وایە بۆ مەردانی دۆست ئەم کەلامەت وەک شامامە حەمدی نەخشاند و ئەسەف کەس نییە وەک توحفەیێ بیباتە بەر دیوانی دۆست ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەمس دەشکێ دەڵێ بکرێ قەمەر تەشبیهی ڕوخسارت شەمس دەشکێ دەڵێ بکرێ قەمەر تەشبیهی ڕوخسارت شەکر دەتوێتەوە ببیێ ئەگەر شیرینی گوفتارت سەری شێواوە سەرو و تەوقی زاڵم چۆتە مل قومری لە ڕۆژێکی کە دیویانە بە ناز و لەنجە ڕەفتارت خوماری نەشئەیی مەی هەر بە تەنها ساغیری دەشکێ خوماری ناشکێ مەستی پیاڵەی چاوی خومارت بەجارێ ئێشی نەخچیری وەها ئەبڕێتەوە غەمزە لە دەرمان و حەکیم ئازادەیە مەجمووعی بیمارت گلەی ناحەق دەکەی ئەی دڵ کە نەمپرسیوە ئەحواڵت لەبەر ئازاری خۆم نەکرا بگەم ئەمشەو بە هاوارت لەگەڵ بانگی حەقا وەک کۆتری حاقو دەناڵێنم بنازم گوڵستانی عەشق لەگەڵ مەنسووری سەردارت نیگاهت بۆ بینای عومری منی بێ چارە بۆمبایە فیدات بم ئەی تەیارەی دیدە بۆ تەئسیری کردارت لە ئەلفاز و مەعانی بۆ ملت گەردنلغی گەوهەر دەکەم فکرم نەئاڵۆزێ بە باسی زلفی تاتارت بە پەنجەی شانەیی فیرقەت خەیاڵت حەمدی داهێنە میسالی دەستەیی گێسوویی یارە بەستەی ئەشعارت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە لوتفی دەمدەمی ساقی سەخایی حاتەمم دەس کەوت لە لوتفی دەمدەمی ساقی سەخایی حاتەمم دەس کەوت فسانەی نەشئەیی سەهبا لە دەم جامی جەمم دەس کەوت بە شوێنی عالەما دەوری خەراباتی جیهانم کرد لە ناو خاکا وەکوو خەم پارە ئێسکی عالەمم دەس کەوت لە باسی خەپلەیی جۆی زاهیدم چی من کە ئینسانم قسەی ڕوخساری گەندمگون لە بەحسی ئادەمم دەس کەوت قسەی ئەفواهییە باسی دەمی ئەو شۆخە بێ ئەسڵە لە دەریایی حوسندا فەرموو کەی شوێنی دەمم دەس کەوت مەکەن یاران لەگەڵ مەستی غرووری نازیدا ئولفەت سەلامەت من لە چاوی حەزرەتی لەیلاکەمم دەس کەوت جوانی و پیری مابەینی بەقەد چاو هەڵبڕینێکە بە شادیم دیدە هەڵهێنا بە دنیا ماتەمم دەس کەوت وەکوو ئەهلی زەمان لێم بۆتە شاهێد خۆ زمانی خۆم لە دنیادا بە تەنها هەر دڵم بوو مەحرەمم دەس کەوت گەڕام بۆ ساڵی تەئریخی ویلادەتم و غەریبم دی بە هیجری حەمدی دەنکێ بوو لە ناو«باری غمم» دەس کەوت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە گوڵشەن لالەیێکی دی دڵم داغی دڵی پشکووت لە گوڵشەن لالەیێکی دی دڵم داغی دڵی پشکووت وتی ئەم لالە شیرینە بە فەرهادم ئەکا زوو جووت لەسەر هێلکەی قەمەر سیمورغی گەردوون کڕ کەوێ بەڵکە هەڵێنێ بێچووە ڕۆژێکی مونەووەرتر لە ڕۆژی ڕووت لە ئۆردووی سەلم و تووری وەک خەت و خاڵت چ پەروامە کە ئەبرۆت پشتیوانم بێ کە دەس پێچم ببێ وەک مووت کە هەر ڕەحمی بزووت بمخاتە باوەش دایەیی خاکم لەگەڵ تەختی سولەیمانی ئیتر فەرقی چییە تابووت هەتاکەی ئەم چڵ و چۆیە و گلاراوەت دەبێ ئەی دڵ خودا هەر خۆی دەزانێ چەندە بێزارم لە خۆت و خووت بە دنیاخواز ئەگەر ڕازی نەبووبی بۆ چی ڕووت دایە ئەگەر ڕازی بووبی دنیا لەگەڵ شووت بەسیە شاتو شووت بە شەڕ هاتوون لەسەر ماچی دەمی تیغت هەموو عوزووم لە قاپی حەمدی وەستاوە لەسەر ئەو وەعدەیەی فەرمووت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر ڕوو پەرچەمت کردوویەتی تەشریحی ئایینت لەسەر ڕوو پەرچەمت کردوویەتی تەشریحی ئایینت مەسیحی بێ ئەگەر ئەهلی موحیببەت دێتە سەر دینت بە یادی خاڵی تۆیە سەجدە بەر مۆرە دەبەن شیعە لە مل زوننار دەکەن چینی لە خۆشی زلفی چین چینت چ ئیمکانە قەمەر هەڵبێ موقابیل شەمسی ڕوخسارت بە پەروانە نەبێ پەروین لە شەوقی چاوی پەروینت بە جارێ تۆوی میشک و عەنبەری هەر کرد بە کۆی زوخاڵ کە بۆی هێنا سەبا ناو و نیشانەی خاڵی میشکینت لە شاخا دەنگی فەرهادم لە گوێ دێ هەر دەڵێ عاشق بە گژ کێوا بچۆ نامەرد هەتە گەر عەشقی شیرینت پڵ و پووشێکی وەک من کەوتە بەر ئەو شەمعی ڕوخسارە حەقی سووتانە نابێتە دەلیلی لوتف یا کینت ئەوی لەیلا پەرستە نەی سوارە هەر وەکوو مەجنوون کە وەستا مەرکەبت دنیا پەرست بیکە لە خۆت زینت وەکوو ئیکسیری ئەحمەر خالیسە خوێنی دڵی حەمدی ڕەوایە ئێستە بیکەیتە نیگاری دەستی ڕەنگینت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەوەک جارێ هەزار جارێ دەکەم ئەم جەژنە پیرۆزت نەوەک جارێ هەزار جارێ دەکەم ئەم جەژنە پیرۆزت ئیلاهی کوللی شامێکت ببێتە سوبحی نەورۆزت کە دێتە پێکەنین لێوی برینم بۆ دەمی تیغت لە چاوی بەد بە دوور بێ نایەڵێ موژگانی دڵدۆزت وەهامزانی کە چەشمەی ئاوی حەیوانە کە دەمتم دی لە پەردەی زوڵمەتی زلفا بە شەوقی کوڵمی ئەفرۆزت سکم سووتا بە خۆم عومری جوانیم هاتەوە خاتر کە هەڵگیرسا چراغی دڵ بە نووری عەشقی پڕ سۆزت لە نیسبەت مەوقیعایە دایما خاسییەتی ئەشیا موفەڕکە دامەنی دلبەر وەکوو بەردی شەخس تۆزت لە خەڵق و خوا نەترسای هەرچی مەیلت بوو ڕەقیب کردت بەسە شەرمت ببێ ئەمجا لە زلف و ڕیشی ڕەش بۆزت سیەه بەختن ئەوانەی ڕۆژیان کەوتۆتە دەس زاڵم هەواخواهی زلف حەمدی نەبی بۆ چی ڕەشە ڕۆژت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەکوو ڕۆستەم کە دێوی کرد بە تیغ و زۆری بازوو لەت وەکوو ڕۆستەم کە دێوی کرد بە تیغ و زۆری بازوو لەت بە شمشێری زمان دەیکەم ڕەقیبی لەعنەتی زوو لەت نەما ڕێی مونکیرانی موعجیزی شەققولقەمەر ئەلحەق کە کردی قورسی ماهی ڕوومەتی جانانە ئەبرۆ لەت تەقازای موشکافی تێز فەهمانە جەفایی چەرخ کە تیژی دەستی چەرخە تیغ ئەگەر بیکا سەری موو لەت لە زامی دڵ شەمیمی ئاوی تیرت هات کە وامزانی شکا مینایی ڕۆحی گوڵ کرا یا نافی ئاهوو لەت لە بێ تەمکینییە پێوەندی ئولفەت عاقڵی لەت کا لەگەڵ دێوانەیی ناکا کە دڵ یەک تاری گێسوو لەت دڵی گەورە و بچووکی عاشقانت بۆ چی دەشکێنی بینای ئولفەت دەڕووخێنی کە بیکەی دار و پەردوو لەت وەرن بیبەینە سەر عومرێ بە باسی زلفی ئەو شۆخە ئەگەر چی ناکرێ باسی بە عومری نووحەوە دوو لەت عەبەس حەمدی لە تەوقی زاڵمی سەروی دەناڵێنێ بە مەحزوونی کە ناکا تەوقی مل قومری بە کووکوو لەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هیچ کەسێ ناوی شکەنجەی پەرچەمی دلبەر نەبات هیچ کەسێ ناوی شکەنجەی پەرچەمی دلبەر نەبات با حەیای مەجمەر نەچێت و ئابڕووی عەنبەر نەبات خەنجەری ئەبرۆ دەبوو نەدرایەتە دەست چاوی مەست کەوتە خوێن ڕشتن خودا ڕەحمێ بکات و سەر نەبات لەم خەراباتە چ مەردێ غەیری ڕەندی بادەکەش بوو لە مەیدانا کە سڕڕی دەر ببا سەر دەر نەبات دامەنی هەڵکردووە بەو بەر دەرە ڕازی نییە ئەم ڕەقیبە زۆر نەفامە هەڵمەتی پشدەر نەبات بگرە زوو خوێنی ڕەگی سەودایی عاشق ئەی موژە با بەشێتی سڕڕی ئولفەت بەردەمی نەشتەر نەبات بەرگی تاقەی شینی سورمەی کردە بەر ڕەنگە فەلەک ڕوو بپۆشێ حورمەتی خۆیی و مەه و ئەختەر نەبات حوکمداری کیشوەری سەبرە گەدایی کۆیی یار پێی بڵێن حەسرەت بە جاهی شاهی حەفت کیشوەر نەبات عاشقی هیممەت بڵندە وەختی کوشتن ئەو کەسە دامەنی جەللادی نەگرێ و دەستی بەر خەنجەر نەبات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەموو فیتنەی زەمانە کەوتە گۆشەی چاوی فەتتانت هەموو فیتنەی زەمانە کەوتە گۆشەی چاوی فەتتانت بەڵێ ئاشفتەیە عالەم لەبەر زلفی پەرێشانت حەواڵەی هیممەتی ساقی مەکە ڕەحمت ببێ توخوا کە لێوانە لە نەشئەی ساغیری یاقووتی لێوانت شەوی بێ تۆ بە قەد ساڵێکە، ساڵێکە شەوە بێ تۆ وەکوو ڕۆژێ لە مەغریب بێتە دەر بێ ببمە قوربانت عەزاب و ڕەحمەت و دەردی سەری من ئارەزووی تۆیە لەلام وایە بە ڕەسمی دلبەری فەرزە لەسەر شانت بە عەیبی دامەنێ ناڵە و فیغانی حەمدی تێفکرە کە چەندە تیژ و خوێنڕێژە سەوادی نووکی موژگانت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میشک و عوود و عەنبەرە خاکی سیاهی کۆیی غەوس میشک و عوود و عەنبەرە خاکی سیاهی کۆیی غەوس نەخلی تووبایە بەڕاستی قامەتی دڵجۆیی غەوس خاک و بادی هیند و ئەفغان و عیراق و چین و فارس مەوج ئەدا یەکسەر لە ئەنفاسی نەفیسی بۆیی غەوس باقییە گوفتاری تا ڕۆژی قیامەت وەک حەدیس زاکیرن قەلبی موسڵمانان بە گفتوگۆیی غەوس خوا بەوی داوە گەیشتۆتە مەقاماتێ بە دڵ غائیب و حەیرانە دایم ڕوو لە شەوقی ڕوویی غەوس خاریقەی ئیعجازی پێ ناڵێن ئەوەندەی کەم نییە سوجدەگاهی ئەهلی حاڵە کەعبەیی ئەبرۆیی غەوس حۆریی و غیلمان لە جەننەت دێن لەگەڵ یەکتر بە شەڕ ئەم لەسەر پێش خزمەتی ئەویان لەسەر پەهلوویی غەوس پڕ بە پڕ چۆلی عیراق و لەب بە لەب دیجلە و فورات حەمدی بەرق و پرتەوە یەکسەر لە ڕووی و موویی غەوس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک گوڵشەنە کوڵخەن بە گوڵی ڕوویی حەوادیس وەک گوڵشەنە کوڵخەن بە گوڵی ڕوویی حەوادیس وەک کوڵخەنە گوڵشەن کە نەدا بۆیی حەوادیس شەق شەق بووە بنواڕە زمان و دڵی عالەم بدرێ کە وەکوو شانە لە گێسوویی حەوادیس حەقیە کە دەماودەم دەگەڕێ هەروەکوو تەلسز ئەم خەڵقە دەمی وشکە بەبێ جۆیی حەوادیس مەعشووقی ئەمەل میسلی هیلالێکی زەعیفە بەدرێکە کە دەرکەوت خەمی ئەبرۆیی حەوادیس تەزویر و درۆ یەک بکەوێ گەر بە قەدەر کێو قەدری چییە بۆ قووەت و بازوویی حەوادیس مارێکە دەکا دەوری جیهان هەر بە سەعاتێ دەرخا کە سەری زلفی زەمان موویی حەوادیس حەمدی بە زمان کەشفی دەکا فکری بەدئەندێش بۆ یاری ئەمەل هەر دەگەڕێ تۆوی حەوادیس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دووکەڵی ئاهم ستوونە هەڵدرایە خەیمەیی ئەوج دووکەڵی ئاهم ستوونە هەڵدرایە خەیمەیی ئەوج ماڵی دنیا تێک دەدا دەریایی فرمێسکم بە مەوج دڵ تەقەی تێ کەوت بە جارێ بوون بە نووکی نێزەوە چاوی هەڵهێنا کە تەحریکی موژەی کرد فەوج فەوج یەک بە یەک دنیا کە دنیاخوازی دەرکرد و وتم گەر تەڵاق ئەدرا بە زەوجە وا دەبوو ئەحواڵی زەوج ئافەرەم بۆ ئەو کەسەی فەرموویەتی دیققەت بکەن دوژمنی دانایە کەڵکی پێوەبێ نەک دۆستی گەوج من لە غەم بارم تەواوە حەمدی فەریادێ بکە با لە خەرمانی زەمانا بۆم نەپێون هەر بە زەوج ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من غوڵامی تۆم تەنەززول قەت دەکەم بۆ تەخت و تاج من غوڵامی تۆم تەنەززول قەت دەکەم بۆ تەخت و تاج بێ سولەیمانی دەکا هودهود بە تاجی ئیحتیاج من گەداییم سەد ئەوەندەی حاکمی پێ خۆشترە نابەمە تابووتەوە خۆ داغی گەورەی تەختی عاج ئەو مەهە خەڵقە دەزانن بۆ چی ڕۆژ دەرناکەوێ تا لەبەر خەجڵەت نەبێ ڕۆژی جیهان ئارا بە ساج قافڵەی نووری لە کۆیی یارەوە دەڕوا کە شەمس یار وەکوو مەه لێی ئەسێنێ کوللی ڕۆژێ خەرج و باج بۆ لەگەڵ ئەغیاری بەدخوو تێکەڵی وتم و وتی گوڵ لە قیمەت ناکەوێ بیکا لەگەڵ خار ئیمتیزاج ئەم دەنی تەبعانە قڕیان خستە عالەم بۆ قڕان هەر بە یەک ئانە بە ئانێ بوونە پوولی ناڕەواج دۆستی گەر دەستی دۆستی کەوتوو گرتن بێ ئەجەل ماوە حەمدی دەس بداتە دەستی دۆستی ناعیلاج ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەهلی دنیا نین ئەوی پیاون لە کن ئەهلی سەڵاح ئەهلی دنیا نین ئەوی پیاون لە کن ئەهلی سەڵاح گەر دەڵێن پیاوین لە دنیا بۆ دەکەن خۆیان نیکاح نەشئەبازانی محەببەت وەک مەلەک کۆ بوونەوە کوا لەبی مەیگون و دیدەی ساغیر و گەردن سوراح شەربەتی ڕەسمی گوشادی دەمتە خوێناوم دەسا توخودا فەرمانی قەتڵم کە بە نوتقی ئیفتیتاح فرسەتە ئەمڕۆ بە دڵ خاکی بەسەر داکەم سروشت توخمی غەم بڕوێنی بەڵکو بۆ سبەینێ وەک فەلاح بۆ لە پێستم دەردەکەی واعیز بە وەعزی هیچ و پووچ بەختی من کردی جەنابیشت بە جەردەی بێ سیلاح من لەبەر تۆ هەر وەکوو شەونم هەڵەستم دەرکەوی بۆ دەڕۆی وەک خۆر بەسەرما بێ سەلام و بێ سەباح مەسکەنی دێوانەگانی چاوی لەیلایانە بەڕ سووچی فرمێسکە لە دەریای حەسرەتا بوومە مەلاح حەمدی شەرحی حاڵی خۆی بۆ چی بە بە نەزم و نەسر دەکا عەشق ئەگەر مەیلی ببێ دەیکا بە حەرفێ ئینشراح ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێنە مەی ساقی دەخیلە مەی دەدا قووەت بە ڕووح بێنە مەی ساقی دەخیلە مەی دەدا قووەت بە ڕووح من دەکەم کەشفی دوو دنیا هەر بەیەک چاوی سەبووح شێخی من تۆبەی هەزاری وەک منی دادا بە من تۆبەیێکی کرد کە بێتە حاشیەی تۆبەی نەسووح پیر ئەگەر مەیلی ببێ موشکیل گوشایە نووری مەی مەیکە شانە گەر لە عالەمدا ببێ ساحێب فوتووح ئاگری زەردەشت بە ئاهی عاشقی دەکرێتەوە هەر لە چاوی عاشقێکیش دێتەدەر تۆفانی نووح تیری موژگانی نەڕێژێ تا بە سورمەی نازی یار دڵ عیلاجی ناکرێ بۆ ڕشتنی چاوی جورووح بەزمی مەیخانەم لە تەهلیلەی ڕیا پێ خۆشترە حەمدی گەر پەیمانەگێڕی نازەنینی بێ سەمووح ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زمانی لاڵە خامەم هەر لە باسی ئەو دەمە ئەفسەح زمانی لاڵە خامەم هەر لە باسی ئەو دەمە ئەفسەح قسەی بێ خوێم بە زیکری بستەی ئەو لێوانەیە ئەملەح وتم من نیمە ئیستیعدادی سەرداری وەکوو مەنسوور وتم حەقت دەوێ ڕیسوا بە دارا کردنی ئەسڵەح بە چاوی چڵکن و تیری قەزاوە بێ لەگەڵ فکرت ڕەقیب چۆنی دەکەی تەرتیب ئەمەندە فیتنەیە پەح پەح لە شانەم پرسی باسی توڕڕەیی میشکینی ئەگریجەت ئەمەندەی وت ئەمە توولی هەیە نامەرد وەلاتەشرەح بەهای خوێنی منی پێ نادرێ گەوهەرشوناسی دەهر کە کردوویە بە کانی لەعل و گوهەر کوچەیی مەزبەح بە خامۆشی لە کن پەروانە دەرسی حوزنی خوێند حەمدی هەتا سووتن لە مەیدانایە نابن عاریفان ئەفرەح ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من لە ئەڵتافی درۆم پێ خۆشترە جوێنی سەریح من لە ئەڵتافی درۆم پێ خۆشترە جوێنی سەریح زەهرە شەککەر خەندەیی دڵ تاڵی لێوی دەم مەلیح سوحبەتی ڕۆشن زەمیرانە بدا سەفوەت بە دڵ غەیری ئاوێنە بزانم چی دەکا تووتی فەسیح مشتەری مشتێ لە بارێ بۆ نموونە سەیر دەکا کافییە بۆ ئەهلی دنیا تاقە یەک ئیشی قەبیح پەنجەی ئەبرۆی بوو کە باسی خستە ڕوو شەققولقەمەر پێکەنینی خاسەتەن ئیعجازی نایە دەم مەسیح پەندی ناسح چارەسازی تینەتی بەدخوو نییە کەی بە کەڵکی بڵح و نامەرد هاتووە نەوعی سەلیح تێگەیشتوو بۆیە حەمدی عاشقی خوبان دەبن کاری زوشتی کەس نەدی بیکا کە ئینسانی سەبیح ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەیدیوە شەو بە عومری بووە ئافتابی سوبح نەیدیوە شەو بە عومری بووە ئافتابی سوبح یا ڕەب چ ڕوو ڕەشە ئەوی نەیدی حیسابی سوبح زاهید نوێژی سوبحی قەزا کرد کە زلفی یار لاچوو لە ڕوومەتی وتی لاچوو نیقابی سوبح گەردن کەچە موقابیلی گێسوو ملی نیگار حەیفە شەوە کە مالیکی حەڵقە و ڕقابی سوبح جەبهەی کڵاوی دلبەری گرت شوعلەیی جەبین ئیشغاڵی مەشریقی کە دەکاتن تەنابی سوبح زوهدی ڕیایی یەک شەوی زاهید بە دینی من ناگاتە خێری یەک قەدەحی پڕ شەرابی سوبح ڕۆژی خەراپ و مەستە بە جامێکی ئافتاب دەیدا بە شەو کە ساقی عالی جەنابی سوبح وەک ڕۆژە حەمدی ڕوومەتی هەرکەس سەحەرگەهان دەشوا بە دەستی شەوقی لە چەشمە و سەرابی سوبح ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردەکەوت ئەوسا بە نادر جار بە جارێ ئۆف و ئاخ دەردەکەوت ئەوسا بە نادر جار بە جارێ ئۆف و ئاخ ئێستە دەیبێم و دەبینم پڕ بە شارێ ئۆف و ئاخ واقیعەن دڵسۆزە ئۆف و ئاخی سوبحی موستمەند دڵ نەوایە شەو کە بکرێ بۆ نیگارێ ئۆف و ئاخ حیرەتم بۆ چی نەلەرزی ئەرز نەڕووخا ئاسمان تۆ بڵێی نەبیەین لە سوبحێکا لە زارێ ئۆف و ئاخ بێ ڕەواجە هەر لە بازاڕی خوداشا بۆیە وا پوولێ ناکا بیبەیە شارێ کە بارێ ئۆف و ئاخ خۆ فەقیر و دەوڵەمەند مەزڵووم و زاڵم وەک یەکن گوێ ئەگەر بگری یەکێکی تۆ هەزارێ ئۆف و ئاخ من دەڵێم تەئسیری نەبووە و نیشییە ئاهی حەزین بوویەتی گەر با دەری بێنێ دەمارێ ئۆف و ئاخ ویردی مەخسووسی هەیە پیری تەریقەت بۆ مورید زیکری شێخی ئێمەیە دەیکەین بە جارێ ئۆف و ئاخ ئۆف و ئاخ حەمدی لە دەم تۆشا خەریکە سەوز ئەبێ سێبەری خۆشە ئەگەر بکرێ بە دارێ ئۆف و ئاخ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناعیلاجە عاقیبەت سەر ڕەق دەچێتە سەنگڵاخ ناعیلاجە عاقیبەت سەر ڕەق دەچێتە سەنگڵاخ چەند بە مەعنایە وتوویانە قەدیمی شێخ و شاخ گەوهەری وەحدەت لە دەریای فیکرەتایە ئەی برا تا ببێ وادی محەببەت ڕوو نەکەیتە قەسر و کاخ مەجلیسی ڕەندان لە بەزمی خوسرەوان کەمتر نییە چەندە مەحزوونە بە قانوونی تەرەب بێ ئۆف و ئاخ یەک نەفەس خۆزگە لە حاڵی خۆی دەبوو حاڵی نەفام با وەکوو دابەستە ببوایە لە گۆشتا سیخناخ بەش کرا مەحسوولی عومرم کردەوەم بۆ مایەوە ماڵەکەم خەڵقی دەماغی پێ دەکەن مەردانە چاخ ئاسمان ئەو ڕۆژە حەمدی کردییە بەر قەوس و قەزەح دی لەبەر ئەو شۆخەدا شیرینە سوخمەی شیرداخ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وا بە گوڵ ئارایشی دا گۆشەیی دەستاری شاخ وا بە گوڵ ئارایشی دا گۆشەیی دەستاری شاخ خۆشە بۆ سەیرانی ڕۆژی حەزرەتی دڵداری شاخ دامەنی شیرینە گۆشەی گوڵگوڵی کەوتۆتە دەست یا جلی فەرهادە شینی پێ دەکا ئیزهاری شاخ کەوتە تەفریشاتی ئەرز و عەنبەر ئەفشانی نەسیم مەیکەشان دەعوەت دەکاتە دامەنی کۆساری شاخ گەوهەر و نەخلی زوموڕڕەد دەردەخا دەریای خزر یا بەهارە ئاو و ڕەنگی دا بە بەرد و داری شاخ کەی لە سەحرادا بەهاران بوویەتی ئەم جۆششە وەک جگەرگاهی گوڵستان سەبزەیە دیواری شاخ هەڵقوڵانی چەشمەکانی وەک سوراحی قومقومە یەعنی زوو هەڵسن وەرن بۆ دیدەنی جۆباری شاخ کامیابن دائیما ئەسحابی تەمکین و ویقار سەر بەسەرحەمدی ڕیازی جەننەتە ئەنزاری شاخ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ دڵم لەت لەت نەبێت و بۆ نەچێ عومرم بە باد بۆ دڵم لەت لەت نەبێت و بۆ نەچێ عومرم بە باد من پەرێشانی زلف بم شانەیی شمشاد شاد مانی تەسویری نیگاری من دەزانی کە دەکا قورسی ڕۆژی دەس کەوێ ئەمما لە زلفی شەو میداد تا لەسەر جەبهەی بمینێ پەرچەمی ڕۆژم نییە کازیبە ئەو سوبحە تەنویری نەکا قەلبی سەواد حاڵی تەجریدی مەسیحا ئێستە دەرکەوت موعجیزە نەفسی پێغەمبەر دەکا مەحجووبی خالیق بەد نەژاد ئینقلاب ئاوا دەبێ جەمشیدە ئێستە باغەبان باغەوانی نادەنێ خەڵقیش بە ئەولادی قوباد مادەیی مفتاحی دەریچەیی مەعنەویاتە برا خوا لە تۆ عاجز نەبێ عاجز لە تۆ نابن عیباد ئەهلی ئیسلام و موجاهید وا کە دەکوژن یەکتری خۆزگە دەمزانی ئەمانە کامەیان دەیکەن جیهاد زیللە شەکوە حەمدی دیارە لایقی شەئنت نییە بۆ بەسەزمانانی قەومە گەر بکەن فەریاد و داد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆتە شوهرەت بۆ عەجووزێ فەرقی فەرهادی شکاند بۆتە شوهرەت بۆ عەجووزێ فەرقی فەرهادی شکاند باسی دنیا کەن کە ئەستۆی چەندە شەهزادی شکاند خۆی دەڕازێنێتەوە وەک بووک و شووشی هەر نەکرد حیلەبازێکە کە دەستی چەندە دامادی شکاند دڵ بە شاگردی لەبەرچی خۆش بکەم وا سەیر دەکەم دوژمنی ئیدراکە دنیا قەلبی ئوستادی شکاند من بە قەومێ تێنەگەی بێ چی بڵێم تا تێدەگەن پشتی من یا پشتی خۆیی و قەوم و ئەولادی شکاند سوفڵە بۆ دڵ خۆش دەکەن ئەم سوورە گەردوون دایەوە تا بڵندی کا بزانن فەرقی ئەحفادی شکاند ڕەببی ڕووی ڕەش بێ ئەوانەی حەمدی وا بۆ مەنفەعەت شیشەیی نامووس و جیلوەی جوملە ئەکرادی شکاند ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە زەربی تێشە بازوویی موحیببەت قەسری شیرین کرد بە زەربی تێشە بازوویی موحیببەت قەسری شیرین کرد دەڵێن خۆ کۆهکەن حەشری بە یادی لێوی شیرین کرد موحیببەت خەنجەرێکی دڵ شکافی دا لە شێرۆیە کە جەرگی خۆی و بەرگی خوسرەویشی پێوە ڕەنگین کرد بیابانی موحیببەت پڕ لە مەجنوونانی شەیدایە فەرەزنا چاوی لەیلا عەینی عەشقی قەیسی تەلقین کرد تەماشای شەق بکەن جێ ما لە عەشقی شێتی وەک مەجنوون چەها وەک گۆ سەری قوڕنا چەها شایی بەسەر شین کرد سەبوکباران لە سەحرایی عەدەمدا ڕەهڕەوانی عەشق خودا ئەم باری دنیایەی بە قیسمەت شێخی بێ دین کرد کە بەرماڵی نوێژین و لە نوێ ژینی نەکا زاهید دەبێ چبکا کە ڕووی بێ ڕوو لە دەرماڵی تورابین کرد بە سەیری گوڵ دەکەن تەقدیری سانیع حەمدی ئەهلی دڵ لە چاوتا عەکسی جانانت بە برژانگ بۆ چی پەرژین کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا دەماغم کەیلی عەتری زلفی بوو شەو بۆم ئەکرد تا دەماغم کەیلی عەتری زلفی بوو شەو بۆم ئەکرد وامدەزانی پووشی وشکە بۆی گوڵی شەوبۆم ئەکرد دۆزەخی سووتاوی هیجرانە کە دیم جەننەت بەخەو بەو گوڵانە مەشقی شەوقی ڕوویی وەک پشکۆم ئەکرد خۆ بەرابەر تاقی کەعبە من نەچووبوومە ڕکووع کەسری بوو جەبری بە قەوسی قالبی ئەبرۆم ئەکرد بێ حزووری شەمع ئەگەر پەروانە سووتا عاشقە من چراخانی شەوی هیجرم لە شەوقی خۆم ئەکرد هەر ئەزەل ڕۆژی وجوودت بەرگی عاری داڕنی وەرنە لەو ڕەنگین حەریری سوبحە تانوپۆم ئەکرد فەرزە سوارە و پیادە ئەی ڕوخ کش بکەن ئێستە لە شا ماتە بوو خۆ من بە ئۆین عەرزی چاوی تۆم ئەکرد مێزەری دانا سەر و پێی بۆ نەبوو زاهید ئەمن فەرقی فەرقی هەر بە گۆ پارەی مل و ئەستۆم ئەکرد یار لەسەر خۆ هات و لەسەرخۆ چوو کە گوڵ ئەی عەندەلیب ئاگرت بۆ گرتبوو وتم و وتی بۆسۆم ئەکرد گەر خەوی شیرین لە چاوی من دەچوو وەک کۆهکەن حەمدی بەردی ژێر سەرم نەک بێستوون ئاکۆم ئەکرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوێندی درۆ بە بەختە لە تەختە قوماری نەرد سوێندی درۆ بە بەختە لە تەختە قوماری نەرد وەرنە گوڵی دەمێ بوو لە جێی خۆی دەبوو بە بەرد خۆ گەر درۆ شەئامەتی ببوایە هەر قەدیم هەر داوەشا بوو ئەم هەموو خەڵقە دەبوونە گەرد یاخود دووڕوویی زەڕڕە ئەگەر خەڵقی سووک دەکرد گەردێ بوایە گەردی کەسێکی نەدیبوو فەرد بۆ کوێ بچم خودا قوڕی کوێ کەم بەسەر سەرا ژن پیاوەتی دەکا بە ئەسەف بۆیە مرد مەرد نەخشاوە زەرد و سوورە لە زاهیر مەفکرە تۆ وەک زەردەواڵە پرسکی زەهرێکە سوور و زەرد چارەم نەما دیسانەوە تەرکی وەتەن دەکەم پێم چاترە لە مەعموورەیی ئەم نەوعە چۆل و هەرد دڵ گەرمە حەمدی فێنکی پێ لازمە بڵێ هەر ئاهی سەردە زوو کە دەرینێ دەماری دەرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ئاب و ڕەنگی ڕووت بولبول کە قەترەی بۆ گوڵاوی برد لە ئاب و ڕەنگی ڕووت بولبول کە قەترەی بۆ گوڵاوی برد حەیای ئەو دوودمانە گەورەیەی غونچە و گوڵاوی برد لە بەزمی خەڵوەتا ئەمشەو چ بەرق جیلوەیێکی دا خودا حیفزی بکا ئەو شەوچراغە ئاوی چاوی برد بە جارێ بوونە سەگ ئەم بەعزە خەڵقە من سەرم سوڕ ما مەگەر ئەو ئاهویی وەحشی نیگاهە ناوی ڕاوی برد وتم یاران منیش ئەلحەمدولیللا گەیمە ڕوتبەی خۆم کە دەستی بۆ دوو زلفی وەک تەنافی هەڵخراوی برد لە مەسلەخ هەر پڵوپووشێ کە بوو وەک شاخی مەرجانە لە خوێنی ئەهلی دڵ ئەشیا هەموو فەیزی تەواوی برد هەموو ئەندامی گوڵ گوێیە لە ڕۆژێکی کە ئەو شۆخە لە گوڵشەن هەر وەکوو غونچە دەمی پشکووت و ناوی برد درنگەی لێوە دێ حەمدی ڕەگی دڵ وەک تەلی تەنبوور بە قانوونی تەرەب کێ ناوی عوودی زلفی خاوی برد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە سەر ڕوخساری داگیرساوی نا ئەگریجەیی وەک عوود کە سەر ڕوخساری داگیرساوی نا ئەگریجەیی وەک عوود لەسەر مەجمەر خەیاڵی میشکی چینی کردە دەر وەک دوود چ پەروامە کە مەحروومم لە چاو داغێکی دڵ بەسمە کەواکیب با لە گەردوونا نەمینێ خۆر کە بوو مەوجوود ڕووا وەک موو لە چاومدا ئومێدی دیدەنی ئیحسان وەکوو خەڵق ئاسمانیش ئێستە نەیماوە سەری موو جوود لە دنیا ئەی نەفس ئاخرتە لادە وادەیی عەشقە فیراقی وەسڵە گریەی خەندەیە یەکسەر زیانی سوود لە سایەی یارەوە چەند خۆشە بەزمی عالەمی ئێستا لە تەپڵی سەر دەدەن بەعزێ دەدەن قیسمێ لە سنگی ڕوود بە خوێنی جەرگی خۆم من توشنەم و جانان بە خوێنی من بە قەولی واعیز ئەم دوانە لە عسیان وەک یەکن مەعدوود حیسابی حوسنی ئەخلاقی ئەیازم بۆ مەکەن یاران کە موشتاقن بە خوێنی جەرگی یاران دائیما مەحموود چراغی مەجلیسی ڕەندانە حەمدی وا دەزانم یار کە بۆ خەڵقە شوعاعی سێبەری بۆ خۆیەتی مەمدوود ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر ببێ ڕەببی سلێمانی بمینێ قەومی کورد هەر ببێ ڕەببی سلێمانی بمینێ قەومی کورد وەرگەڕان بادانەوە ئیشی ئەوانە دەست و برد قەت نەترس و هیچ نەپرس و موستەقیم و موتتەفیق زیرەک و چالاک و لێدەر عادەتا ئەمسالی گورد هەر بە لام باشە موحەققەق بوو کە باش و بێ غەشن گەورەکانی با ببێتە خاتری ئەسنافی ورد قەومی تر گەر ئیعتیرازی گەورەکانی کرد بڵێن گوڵ دەبێ خاری ببێ مەی بوویەتی ئەخلات و دورد نوتفەیی ئاسوورە ئەم قەومە لە خەڵقی کابولن شیرەخۆری شێر خۆرێکە سەخی ئەماز و گورد گەر وەکوو ئەهلی وڵاتان ساحیبی سەروەت ئەبوون گۆی هونەریان هەر بە شەق بێ شک لە مەیدانا دەبرد حەمدی لەککەی شانی ئەم قەومە لە دنیادا چییە دوو سەگی پیسی ڕەزیلە کاشکێ هەر دوو دەمرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەیاڵم کرد لە سۆزی فیرقەتت شەرحێ لەسەر کاغەز خەیاڵم کرد لە سۆزی فیرقەتت شەرحێ لەسەر کاغەز بنووسم ئاگری تێچوو قەڵەم گرتیشیە بەر کاغەز مەحاڵە ئیستیعابی وەسفی ڕۆژی ڕوومەتی تۆ کا بە جارێ یەک تەبەق بشبێ فەلەک ئاسا ئەگەر کاغەز لە دڵیا ئەم هەموو ئاهی حەزینەم بێ سەمەر مابێ قسەی مووی ڕیش و قەسسابە بنێرم موختەسەر کاغەز قسەی عاشق ئەگەر گوارەی جەواهیر بێ لە گوێی ناکا بنووسە ئەی موحەرریر بۆی بە ئادابی دیگەر کاغەز حیکایەی یەک شەوی فیرقەت دەنووسم عومری نووحم بێ ئەگەر بەحری سیا بێتە مرەکەب سەتحی بەڕ کاغەز بە مەحزی تەجرەبە حەمدی قسەی ئیرانیانەم کرد لەگەڵ باسی درۆ ئاخۆ بزانم دێ بەشەڕ کاغەز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یەک قەترە ئاوی تیرە لە بەحری کەوان لەزیز یەک قەترە ئاوی تیرە لە بەحری کەوان لەزیز یەک ساعەتی ویساڵە لە توولی زەمان لە زیز ئەو لێوە سوورە شۆری دەکا عەیشی من کەچی بۆ مەززە بستەیە بە دەمی مەیکەشان لەزیز گەر بێ شەرابی مەرگە بەدەم مەردی تێگەییو لەم عەسرەدا میسالی مەیی ئەرغەوان لەزیز جانانە حەز لە خوێنی منی بێ نەوا دەکا حەقیە خورش نییە وەکوو ڕۆحی ڕەوان لەزیز عاشق بە ئاوی زیندەگییە خزر و من دەڵێم بەحری عەدەم بەیادی دەمی دوڕەفشان لەزیز ئەو لەعلە مردووە نە گڕی شوعلەیی تێدا دڵ بۆ مەقەڕڕی جیلوەیی عەشقی بتان لەزیز برژاوە دڵ بە ئاگری یەک ساعەتی فیراق چی لێ بکەم کەبابە بە دەمی دلبەران لەزیز هەر میحنەتی فیراقە لەزیزی کە کرد ویساڵ حەمدی بە ئەهلی دۆزەخە باغی جینان لەزیز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە لەیلا بۆ دەڵێن مەجنوون کە مرد دێوانەیێ کەمتر بە لەیلا بۆ دەڵێن مەجنوون کە مرد دێوانەیێ کەمتر لە دارولعیشقی دنیادا بڵێن فەرزانەیێ کەمتر کە شێرانە بە شەمعی ڕوومەتی دڵ خۆی بسووتێنێ لە بەزمی عالەما حەیفە بڵێن پەروانەیێ کەمتر کە چاوی مەستی هەڵهێنا ئیتر مەیخانە هەر داخەن کە عالەم مەست بکا بارێ ببێ مەیخانەیێ کەمتر لە بێداد و جەفای ئەو شۆخە عالەم پڕ لە غەوغایە بە بێدەنگ بمکوژن بەڵکو ببێ ئەفسانەیێ کەمتر لە ڕێی حەق بێژیا نەمکەن بە دارا بێ شکە نابێ لە گوێی ئەهلی خەراباتە قسەی ڕەندانەیێ کەمتر بە ئا یا نەء جەوابی مەسئەلەی وەسڵت بدە و بگرە لە خەزنەی پڕ جەواهێری دەمت دوڕ دانەیێ کەمتر بە بادە عەقڵی حەمدی زوو بە با دە ساقییا ئامان لە گوێی پیری موغان بێ با سەدای مەستانەیێ کەمتر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە ڕۆژ گیراوە شەو بنواڕینە ئەترافی زلفی یار بە ڕۆژ گیراوە شەو بنواڕینە ئەترافی زلفی یار چلۆنی من بنووسم جا ئیتر ئەوسافی زلفی یار بەسەر فەوارەیی ملا شەوقی وەک ئاوی زیندەگی دەڕژێ خزر با بێتە سەیری هاژە و سەر تافی زلفی یار خەیاڵم کرد پەشێوی عومرم و شەرحی سیەه بەختیم بنووسم هەروەکوو لەوحە لە سەفحەی سافی زلفی یار بە قەد ڕۆژی بڕی دیبایی شەو ڕەنگی فەلەک زانی کە بەرگی ناسکی ڕوخسارییە کێشبافی زلفی یار لە ئەنزاری عمووما هەر دەبێ عەنبەر بسووتێنم دەڵێن ئەو ڕوو ڕەشە کردوویە ئیستیخفافی زلفی یار خودا سەر پەرچەمی خا توولی عومری من ڕەزام ئەمما لە کورتیدایە توولی شەوکەتی ئەخلافی زلفی یار بە دڵ جێگەی لە ڕوخسارا نەداوە خستییە پشتگوێ بە دڵمە سەد لە جەننەت چاترە ئەعرافی زلفی یار سەمەرقەند و بوخارای دا بە خاڵی هیندویێ حافیز منیش چین و خەتام بەخشی بە میشکی نافی زلفی یار مەمالیک حەمدی قەت ناکا کیفایەی دەس بڵاوی ئەو مەگەر هەر قورسی ڕوو بگرێ بەری ئیسرافی زلفی یار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەحرە نەشئەی مەی شەپۆلێکی دەکا دڵ غەرقی نوور بەحرە نەشئەی مەی شەپۆلێکی دەکا دڵ غەرقی نوور خان و مانی عەقڵی دەسووتێنێ بە چاوی بەرقی نوور مەی ئەگەر مەی بێت و هیممەت هیممەتی پیری موغان بەحر و بەڕ یەکسانە بۆ مەیکەش کە داخا دەڵقی نوور سۆزی ئاهم ئاگرێکی کردەوە پڕ کائینات ئافەرم بۆ قودرەتی عەشقم کە کردی خەڵقی نوور ڕشتەیێکی کردە گەردن سوبحەوە شەو پڕ لە شەوق هەر وەکوو زلفی نیگارم مل ملی کرد تەوقی نوور گەر لە مەنزیل بێتەدەر ئەو شۆخە یەک شەو بێ نیقاب مانگ ئەگەر ئاوا نەبووبێ فێر ئەبێ بۆ سەوقی نوور غەیری پەروانە درۆیە کەس نەڵێ من عاشقم شەرتی سووتانە کە کردی ئیختیاری عەشقی نوور تا نەسووتاوی دەهێنی خۆر لە بازاڕی جیهان هەر سبەینێیە بە جیلوە یار کە بیدا شەوقی نوور نوور ئەگەر شەمعی شەبستانە ئەگەر خورشید و ماه پرتەوی ڕوخساری یاری حەمدی یە ما فەوقی نوور ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی هەڵناگرێ دنیا لە حوببی دلبەرێ زیاتر دڵی هەڵناگرێ دنیا لە حوببی دلبەرێ زیاتر گڕ ئەگرێ گەر فەلەک بیبێ لە میهری ئەنوەرێ زیاتر مەدە دەس چاوی مەستت خەنجەری بوڕانی وەک ئەبرۆ موژەت کاریگەرە بۆ دڵ لە نووکی خەنجەرێ زیاتر بە دوو چاو قەت دڵی نایە فەلەک سەیری جەماڵی کا بە ڕۆژا قەت بزانە هەڵدەهێنێ ئەختەرێ زیاتر لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا ئەو چاوە مەخموورە لە بەزمی عالەما گەرچی دەبێ شۆر و شەڕێ زیاتر سەرەفرازە ڕەقیب پێی نا بە سەریا قوڕ بەسەردا کەم بڵێم چی تاج بەخشی من نەبەخشێ ئەفسەرێ زیاتر چ بۆ خەلع و چ خەلعەت هەر یەکێکە گوفتەی ئەو شۆخە سەدەف بێ قەدرە گەر بگرێ لە تەنها گەوهەرێ زیاتر سەری خۆی نایەشێنێ مەردی عاقڵ فەزڵەیە بۆ سەر لە سەودایێکی عەشق و یەک کوڵاه و بوستەرێ زیاتر بە یەک جیلوە حیسابی موددەتولعومری لەگەڵ کردم وتی نەدرا بە دنیایێ لە سوبحی مەحشەرێ زیاتر ئەگەر واعیز لە ساقی سادە بادە دەفعەیێ بگرێ دەکا تەعریفی مەی باقڵ لە ئاوی کەوسەرێ زیاتر چ عالی هیممەتە وێرانەیی کردۆتە مەسکەن بۆم لە ژێر سایەی کەسانا بێ و نەبێتە قەیسەرێ زیاتر خەلیلی عەشقە حەمدی موستەعیدی سووتنە نەمروود چرا نەیویستووە ئەمما لە شوعلەی ئەختەرێ زیاتر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەکا یەغما بکا جانان لەگەڵ فەردی بەشەردا شەڕ دەکا یەغما بکا جانان لەگەڵ فەردی بەشەردا شەڕ لە دڵ شەوق و لە دەم زەوق و لە مل تەوق و لە ئەفسەر سەر بە نیوە پێکەنینێ زلفی لادا ڕوومەتی دەرخست نە تەنگی ما دڵی غونچە، نە گوڵ ڕەنگ و نە عەنبەر بەر لە ئەشکی گریە مەئیووسم زەمانی سۆزی ناڵینە کە ئاو نابێ بە ئاگر بۆ دڵی ڕەق بێ وەکوو مەڕمەر بەسەر کۆیی خەراباتا ئەگەر عەنقا بکا پەرواز ملی نەشکێ دەبێ باڵی بڕێژێ با بە شەهپەڕ پەڕ هەناسەی ئاگرینم پووشی وەک من هەر دەسووتێنێ سرشکم گەر نەکا خاکم بەسەر ئەسباب و بوستەر تەڕ ددانی ڕەونەقی داوە بە مرواری سەری کوڵمی لە یاقووتی دەسێنێ خەرج بسووتێ میسلی ئەخگەر گەر دەبێ ئەهلی موحیببەت دەربەدەر بن حەمدی تا وەختێ ڕەقیب لەم تەختە نەردەی عالەما نەیبێ لە شەشدەر دەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوقی وەسڵ و سۆزی هیجرت وەک یەکن نێزیک و دوور شەوقی وەسڵ و سۆزی هیجرت وەک یەکن نێزیک و دوور من دەسووتێنن کەوایە تۆ لە ئاگر بە، بە دوور با لە باغی عالەما نارنج و لیمۆ بێتە بەر بەر بخەن نادەن بە ڕێکی وەک من و تۆ زەرد و سوور دەرخە سینە پرتەوی با ئاگرێ بەرداتە دڵ تووری سینا با بسووتێ دەرکەوێ بەو شەرتە نوور وا لە ئەشغالی غەما ئیقلیمی دڵ حەددی چییە هەر مەگەر لەو دوورەوە سەیری بکا فیرقەی سروور گەر لە سڕڕی قەلبی ئەهلی ئەم زەمانە تێبگەم وەک مەسیحا جا دەکەومە کەشفی ئەسراری قوبوور پێ بنێ مەجلیس تەماشاکە ئەگەر ئەهلت دەوێ بەحرە دنیا گەوهەری ژێر خستووە خاشاکی ژوور ئافەرین دنیا لەگەڵ تەقدیری قیمەت کردنت وەک سمۆرە قەت لە پارە پڕ دەکەی پێستی سمۆر دەوری ئەبوابم لە سائیل هەر دەوێ بۆ نان و چێشت ئێستە فەخری پێوە دەکرێ بۆتە ئەسبابی غروور من بەرە و پیریم بەرە و پیری منە پیری شوکر حەمدی ناکا دەفعەیێکی تر بە دنیادا عبوور ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەکوەیی ئەغیاری خۆم کەم ڕەببی یا ئەغیاری یار شەکوەیی ئەغیاری خۆم کەم ڕەببی یا ئەغیاری یار چاری سەر یا دڵ بکەم چ بکەم لەگەڵ دووچاری چار جامی دڵ لەبڕێزە خوێنە بەسمە وەک مەجنوون لە چۆل نۆشی بێ لەیلا دەنۆشێ ساغیری سەر شاری شار من خوماریم ناشکێ تا ناوی چاوی مەست بەرم هەر بە باسی زلفی خاوە بوومەتە بیماری مار حەیفە کوشتەی ئەم تەلاشە تۆ دەکەی بۆ سەربڕین سەندەڵی سوورە عیلاجی دەردی سەر نەک زاری زار بۆ ڕەواجی خۆی ڕەواجی عالەم ئەشکێنێ نەفام حەق بکا تەنها دەگاتە مەرتەبەی سەرداری دار من لە سایەی کوفری زلفی تۆوەیە گەر جەننەتیم وەک گوڵی ڕوخسارتە بۆ بەستەیی زەنناری نار سڕڕی من بۆ فاش دەکەی ئەی دڵ ئەگەر عەقڵت هەیە ئیختیاری تا ببێ ناکا کە سڕ ئیزهاری هار موڵکی دڵ شیرین دەگیرێ دەستی فەرهادی عەشق ڕاحەتە میللەت بە عەقڵی گەر بکا سەر کاری کار نەغمەخوان حەمدی کە ئەسبابی تەرەب بوو ئێستەکی بەختی ئێمە حوکمی حەوت تیری دەکا شەش تاری تار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەت مەکە شەکوە لە ڕەفتاری کەچی ئەفلاکی پیر قەت مەکە شەکوە لە ڕەفتاری کەچی ئەفلاکی پیر مەنزیلی دوورە هەدەف هەر کورت دەهێنێ دیارە تیر تەنگ ڕوزی نەی برادەر تەنگ زەرفی من دەڵێم شەکوەبازی هەر دەکەی تاجیش لەسەر نێی وەک ئەمیر عەقڵی خۆت و ئەغنیایان سەیر ئەکەیت و جا دەڵێی ئاسمان کەودەن پەرستە و ئاسمان سوفلە پەزیر گەر بە ڕووی تۆدا بچەرخێ خۆ بە کەودەن دەردەچێ بۆ دەکەی شەکوە لەبەر عەقڵە کە کردووتی فەقیر قیسمەتی عاقڵ بە من بێ کافییە نانێکی جۆ چونکە پێخۆرێکە میسلی هەر نییە عەقڵی دەبیر ئەحمەقی نادان فەقیرە خۆ لەگەڵ گاگەل دەچێ ئاسمان چەرخی نەدا بیکاتە سوڵتان و وەزیر ئیتتیفاقی قەومە دەیکا ئیستیلایی ڕووی زەمین سەیری کەن نووسی لە ئەرزا ئەم قسە پووشی حەسیر مەیخەرە دەم دەم بە خەڵوەت ئەو قسە بۆ گوێت کرا با بە هاتووچۆ زمانت دووژمنە نەکرێ خەبیر موقتەزای عەقڵە کە بگری دەستی ئوفتادەی برا دوژمنیش بێ خۆ ئەویش بۆ تۆ دەبێتە دەستگیر حەز دەکەم ئەبنایی عەسرم شل کوتم کەن دائیما نانەوا زۆری نەشێلێ کەی دەبێ پوختە هەویر وەک خەیاتە پێچ نەدەی لەم دەستگاهی دەهرەدا زەحمەتە یاهوو بپۆشی بەرگی مومتازی حەریر نان و ئاوی نایە بەر سەیف و قەڵەم عەسری جەدید نانی برد نووکی قەڵەم ئاویش نرایە لێوی شیر من لەبەر پێشەنگ لەمەولا هەڵدەسم چونکە دەڵێن خەرگەلە دووکەوتنە عینوانی ئەشخاسی کەبیر ئەم کیبارانە سیغارن حەمدی ئەربابی فەزڵ لازمە پەروەردەیان کەن هەر وەکوو تیفلی بە شیر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەت چنارەی پێ مەڵێن ناوم ئەوا نا بەرد و دار سەبارەت: ١٩١٩ - دێی چنارە قەت چنارەی پێ مەڵێن ناوم ئەوا نا بەرد و دار غەیری باڵای وەک سنەوبەر فەرموو کێ بوویە چنار ناوی چاوم بوو بە جەنگەڵ هێندە چێوی پیا چووە وەک مەغارە بەردە ئەترافم سەرەوژێر و کەنار کاشکی ئەوسا ئەسیری دەستی ئینگلیسی دەبووم نەک بکەومە داوی زلف و پەرچەمی پڕ پێچی یار سوێند بە کەعبەی ئەبروان و مەسحەفی ڕوومەت دەخۆم مەستی مەی نابێتە مەستی غەمزەیی چاوی خومار بەس بە شەو وەرگێڕە ڕۆژم ئەی سەبا ڕەحمت ببێ پەرچەمی خاوی بە ئەفشانی مەنێرە سەر عوزار نەخلی باغی حوسنە باڵات سەرکەشە سەرویش نییە تازە غونچەی کردووە سێوە بزانم یا هەنار هەر بە خوێنی دیدەکانی دامەنی گوڵگوڵ دەکا مەیلی گوڵشەن بۆ دەکا حەمدی ئیتر فەسڵی بەهار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەه چ خۆشە ببیتە بەحری بەڕ وەه چ خۆشە ببیتە بەحری بەڕ بەڵکە ئێمەش بکەین دەمی لەب تەڕ کیمیاگەر بوایە کوڕڕەیی ئەرز دەستی ئێمەش دەکەوت نموونەی زەڕ سایە ناخاتە سەر سەری عاریف گەر هوما ئاسمانی بێ شەهپەڕ گەر بسووتێ دڵی بە حاڵم شەمع باڵی مێشی لێ دەبێتە بای سەڕسەڕ خێری بەشرایەوە ئیتر دنیا چی تیایە بە غەیری فیتنە و شەڕ بێڵی بڕوا میسالی گەر چاکە کە لە ژێریایە ئەسپی وەک ئەشقەڕ بوو عەلی سەرفی کرد حەیات و کە چی بۆ قیلێ کەوتووەتە عیلمی جەڕ کاری بێ کارییە کەوا حەمدی کەوتووەتە قسەی وەها بێ فەڕ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاسەی کەل و وێرانەیی دەروێش و قەلەندەر کاسەی کەل و وێرانەیی دەروێش و قەلەندەر بێ فەرقە لەگەڵ جامی جەم و تەختی سکەندەر گەر سەحنی چەمەن بێت و ئەگەر کوورەیی ئاگر دەبڕێتەوە هەردوو چ لە بولبول چ سەمەندەر بۆ داڵ و قەل و گورگ و سەگە ئێسک و پرووسکی ئەم ئەسپە غەریبانە وەکوو لاکی چەمەندەر مەحکوومی زەواڵە هەموو نوقسان و کەماڵێ لەم هات و نەهاتە مەبە مەمنوون و موکەددەر کەی ماڵی من و تۆیە ئەم ئەسبابی جیهانە میراتییە کە هەر دەگەڕێ ئەمسەر و ئەوسەر لەو ماڵە کە وەک گۆشتی سەگە ناچێ بە دەمتا حەقتە بە قەدەر ڕەنجبەرێ بیخۆ بە دەفتەر مەغرووری بە دوو پارەوە پارت لە فکر بێ ساڵێکی تریش هەر هەیە بێ خاکت بەسەر سەر تەنویری دەکەی زوڵمەتی دنیا بە ئەلەتریک تاریکی مەکە بارێ لە خۆت ڕێگەیی مەحشەر هەر وەک کە نەبووبی لە نەزەر وەختە نەمینێ وەک لاشە کە کەوتوی دەکەوی لەم بەر و لەوبەر تاعات و عیبادەت نەبوو مەقسودی ئیلاهی لەم خەڵقی من و تۆیە بە تەبلیغی پەیەمبەر لەم ڕێگەیی ڕاستانەوە وەک هاتی نەهاتی ئەی قوڕ بەسەرت وەختە ببی خوار و موحەققەر حەمدی کە سەگی دەرگەهی مەعشووقی خودا بێ باکی چییە لەو مەعرەکەیی مەحشەر و مەعبەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر بڕشتی زلفی یارە داروویی بیماری یار هەر بڕشتی زلفی یارە داروویی بیماری یار هەر بە مەی دەکرێ دیارە چارەیی زەهری خومار چاری دەردی عەشقی پێ نەکرا فلاتوون و وتی تێکەڵی خوێنە موحەققەق ڕۆحە وا چۆتە دەمار تا بەسەر ڕشتەی خەیاڵیدا نەکەم وەک سەبحە داغ وەک دوعای سۆفی مەحاڵە بێتە میزانی ژمار مردنی ژینە، ژیانی نەفعە، هیجرانی ویساڵ هەر سەری تێدا بەخت کەن خەڵقە گەر عەشقە قومار ماڵی وێرانە ئەوانەی هەر خەریکی قەیسەرین ئەو کەسانە قەیسەرن ماڵی تورابین کەن عەمار ڕەببی چەند شیرینی لێ دێ لەو دەمە گوفتاری تاڵ هەر وەکوو قەندی موکەڕڕەڕ بوو وتی لازەهرە مار بەختی کێ ئاخۆ پژابێ ئەمری دابێ بیکوژن ئەم ڕەقیبە حەمدی ئەمڕۆ هەڵقونی وەک سووسەمار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ وەکوو خۆر تا نەخەیتە سەر سەرینت سەر بە ناز تۆ وەکوو خۆر تا نەخەیتە سەر سەرینت سەر بە ناز بەدری کامیل لەم کەلە سەر نایەنێتە دەر بە ناز مەتڵەعی خۆر میسلی جەبهەت با هەڵێنی ڕۆژی ڕووت هەڵدەهێنێ میسلی چاوت ئاخۆ دوو ئەختەر بە ناز گەر سەبا بیباتە چین بۆنی سەری زلفت دەخەن ئاهویی سەحرا و عوود و میشک و عەنبەر بەر بە ناز ڕوومەتت دوو خیسلەتی تێدایە وەک گوڵ ئاتەشی چۆن بە پەروانە و بە بولبول ڕشتی باڵ و پەڕ بە ناز غەیری چاوت کێ لە ماڵی کەعبەدا بیستوویەتی مەست و هوشیاری بکێشن ڕووبەڕوو خەنجەر بە ناز ناخودا ئەو ڕۆژە حاڵی بوو کرا سەددولبەحر چاوەکەت گرتی لە دەریای حوسنتا لەنگەر بە ناز سەیری ئیعجازی زلف کەن یا ئەکا شەققولقەمەر یا ئەدا دەمدەم لە ساقی گەردنی کافر بە ناز حەمدی ئەو شۆخە سەراپا نازە وەختێ مەیلی بێ وا دەدا ڕەونەق بە تەبعی ناسکی شاعیر بە ناز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوا بەوەی داوە لە مەیدانی عەشقدا بۆتە تۆز خوا بەوەی داوە لە مەیدانی عەشقدا بۆتە تۆز گەردی هەڵساوە دەکا داوێنی خوبان بەقیە دۆز گەر لەگەڵ ئەم شەوقەدا ڕۆحم بگاتە ڕوومەتت ئاگرێ دەگرێ کە بێتە مەشعەلی پەروانە سۆز چۆتە سەر کورسی خیتابەت واعیز و شێوەی دەڵێ ئەسکەمل یاری دەکەین و هاتووە پاپازی قۆز مەشقی شاری کاکە لادێیی چ ناڕێکە و غەریب وەک پەڕی سۆنە سمێڵی بەرق ئەدا بن ڕیشی بۆز ئەو زەمانە گەرمەیی بازاڕی نەگبەتیانە قەوم حەمدی وەک کورد ڕابوەستێ فیرقە فیرقە، هۆز هۆز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری نووری بادە بۆتە مەشعەلی ڕوومەت فرووز سەیری نووری بادە بۆتە مەشعەلی ڕوومەت فرووز ئاوی ڕووتە ئاگری ڕووتی کە خستۆتە برووز گەردنی مینایی مەی دەرخەن ملی زاهید شکێ جوولە جوولی خست بە عالەم هێندە کردی ناز و نووز ماڵە پیتکێنێ عەجەب تەسویری کاری خەڵق دەکا هەر بە تاڵان کردنی ماڵانە ماڵی بۆتە چووز عەقڵی عالەم وا لە چاوا دەرنەچوو لەرزم لە سک ئارەزوومە چونکە وەک شیشە سەهۆڵی پاو و پووز کەو بە کەو دەعوەت دەکا سەییادی عاریف بیگرێ بۆیە دنیا هەر دەچێتە باخەڵی ساحێب عەجووز باوکی مرد یاخۆ ویساڵی عاشقانی بیست ڕەقیب شێت و سەرگەردان کە کەوتە نوزە نوز و قووزە قووز موو شکاف حەمدی گەدایانن ئەناسن خەڵق بە موو دەوڵەمەند مووی ڕۆشن و سافە گەدا گرژ و گرووز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەشئەی خومارە مایەیی ڕۆحی ڕەوانی ڕەز نەشئەی خومارە مایەیی ڕۆحی ڕەوانی ڕەز حوزن و مەسارە ڕەنگی بەهار و خەزانی ڕەز زانیوتە بۆ چی ئاوی حەیات و خزر گومن ناکەن موقابەلە بە مەی و باغەوانی ڕەز لەم خاکەسارییە بڵێ زاهید بەچی بوویی شایە کە عەبدی عالەمی ئاب و جیهانی ڕەز باڵی هومایە سێبەری شاخی درەختەکەی تەختی کەیە سکوونەتی بەردی مەکانی ڕەز مەعنا تەسەڕڕوفی تەبیعەت و فکرت دەکا ئەمە بەستی منە بە زاهیر و باتین بەیانی ڕەز خۆزگە قیاسی بادەفرۆشی لە زاهیدی دەکرا و دەردەکەوت هونەری خانەدانی ڕەز ئەو وەختە جبرەئیل کە دەهات و دەچوو کوفر نەبوایە ئایەتێکی ئەهێنا لە شانی ڕەز کەی ئاب و دانە قابیلی ئەم جیلوەیە بووە ڕۆحە کە خوێنی مەغزە هەموو ئیستیخوانی ڕەز قۆنیاغ و وێسکی و خەمر و عەرەق شاترۆز و جین نوتفەی حەڵاڵن لە بەنات و بەنانی ڕەز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەکوو تەیرێ کە کەوتە چنگەڵی باز وەکوو تەیرێ کە کەوتە چنگەڵی باز لە چنگی تۆ دڵم نابێ سەرەفراز وەرە وەک بولبول و گوڵ بینە هەمدەم وەکوو تاووس و تووتی و بینە هەمڕاز لە باسی سەرکەشی و گەردن کە دەدوان سەری سەروی شکاند و گەردنی قاز دەمت وەک قافیەی ئەم شیعرە تەنگە کەلامێکی نییە بۆ من بە سەد ناز دەری گەنجینەیی ڕزقە دەمی تۆ خودا بیکا دەبێ بیکەم بە دەم باز ئەگەر کوڵمت وەکوو سێو کەوتە دەستم نیهایەت بمکوژن دەیخۆم بە یەک گاز مەزەننە ناقیسە ئەم خەڵقە دینی وەرە بنوێنە ڕوخسارت بە ئیعجاز لە نەسلی کوردییە دێوانە حەمدی مەعانی و کورد دەبێتە قاعیدە و شاز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چارە دەرهێنانی ڕیشەی ڕۆحییە مەردی نەساز چارە دەرهێنانی ڕیشەی ڕۆحییە مەردی نەساز تێکدەدا قانوونی عوشرەت ئەو تەلەی دەرچێ لە ساز تەیر ئەگەر نیت کێو دەبێ داوێنی بگری و سەرکەوی گەر حەقیقەت ئارەزووتە بگرە داوێنی مەجاز بێشەیی عەشقە مەقامی شێر کۆیی دلبەران ئەم ڕەقیبە دەرکە جێگەی هەر قوڕ و ئاوە بەراز من وەکوو فیردەوسی ناکەم جەوهەری شاهم بەیان شەرحی حاڵی ئەو دەکا یەک قەترە بێ خوێنی ئەیاز تێ دەگەن پەروانە بۆ چی خۆی دەسووتێنێ بە شەمع تا نەڵێن نامەحرەمە عاشق ئەکا ئەفشایی ڕاز خۆشە شۆخی گەر بە جارێ بمکوژێ و ببڕێتەوە ڕۆژی تیرێک و بە عومری کوشتنە کوشتن بەناز شێخ و عەدل و حاکم و کەشف و حەکیم و مەرحەمەت نەبووە نابێ بوونی خەربی قاعیدە ناکا بە شاز گەر گوناهێ سۆفی دەیکا نەقڵی بۆ خەڵقی بکا بۆ ڕیایی چا نییە بیکا لە مەجمەعدا نەماز بەختیارێ پێکەنی پێم، پێکەنیم پێی و وتم هەر نەشیبە هەڵدەکا دامەن بە ڕەهڕە و بۆ فیراز حەیفە تۆ دەستی تەڵەب حەمدی بەری بۆ حاتەمیش بارەگاهی بێ نیازە مەرجەعت بەیتی نیاز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تێنەگەیوی بەم حەدە خۆشە کە شێتی خوا نەناس تێنەگەیوی بەم حەدە خۆشە کە شێتی خوا نەناس وا دەزانێ عالەمی ناسیوە بۆتە خوا شوناس موو بە موو تەعریفی حوسنی حەزرەتی لەیلا دەکا شوهرەتی مەجنوونی شێت و وێت و ڕووتی بێ کراس شاهی ساحێب حیشمەت و ئیجلال و تەخت و ئەفسەرە ئەو گەدایەی دەستی گەییە کەوڵ و کەشکۆڵ و پەڵاس عەینی فەیزە گەر دڵت لەت لەت بکا ئەهلی شەرەف سەیری شەئنی شانە کە کردی بە ئەگریجە تەماس ناکوژێ وەحشی لەگەڵ ئەو وەحشەتە هەم جنسی خۆی حەیفە ئەم ناسە دەناسن قاتیلی ئەحمەق بە ناس من بە شەوقی ڕوومەتت چاوم سپی بوو خەڵق ئەڵێن بەنگی کێشاوە ئەمەندە گێژ و وێژە و مات و کاس ئادەمی شەیتان بە گەندوم تەفرەدا حەمدی ڕەقیب ئادەمیزادێکی جانانی بە جۆیێ داوە لاس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەڕڕەیێکی شەوقی ڕووتە ئەی سەنەم یا ڕووتە شەمس زەڕڕەیێکی شەوقی ڕووتە ئەی سەنەم یا ڕووتە شەمس یا بە ڕەش گرتووتە بەندی سیلسیلەی گێسووتە شەمس ڕۆژی کێ دیوە بزانم کەوتبێتە دەس هیلال تابیعی ئەمر و ئیشارەی پەنجەیی ئەبرووتە شەمس نوشتەیە و بۆ تۆ کراوە کەیفی خۆتە تۆ ئیتر دەیکەیە گەردنتەوە یا قابیلی بازووتە شەمس هەر بە ڕوو چەرخاندنێکت ئاگرێکت پێوەنا ڕەنگی خۆ دیارە کە برژاوە کەبابی زووتە شەمس ڕووتە وەک گوڵ ئاتەشینە تەبعتە هەر ئاتەشین سابیتە بەم دوو دەلیلە جیلوەیێکی خووتە شەمس گێژەڵووکەی سوبحی ئەووەڵ هاتەوە فکرم وتم بۆیە شوێنی کەوتوویی هەر تاجی با بردووتە شەمس گەر قسەی ڕاستت دەوێ هەرحەمدی یە عەرزت بکا ئەم گڵۆڵە شانە گرتوویە لە فەزلەی مووتە شەمس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەلسەفەی لوقمان لە کن ئەم زاڵمە ناکا فلووس فەلسەفەی لوقمان لە کن ئەم زاڵمە ناکا فلووس چی لە ئەسبابی دەکا لایق بە زاوا بێ عەرووس ئاشنایە دەست بە تەپڵی سەر لە وەختی حەسرەتا قەت هونەرمەندان دەبن موحتاجی چووب و تەپڵ و کووس هەر دەڵێی بەختی منە زلفی پەشێواوی سیاه حەیفە من تەشبیهی تۆ ناکەم بە عاج و ئابەنووس هەر سەحەر هەڵسام دەنیشێ غەم بە تەوقی سەرمەوە ئەم هومایە قەت دەدا مەیدانی تەشریفی فسووس موستەحەققی سەربڕینە بانگی ناحەق دەر ئەگەر خۆ موئەززین عەیشی ڕەندان تاڵ دەکا نەک هەر خورووس سەد دوعاشی دەرجی کاغەز کرد و تەئسیری نەبوو دوو چەلیپای تا وەکوو زلفی نەکێشا نووشتەنووس هەر کە دیم خاڵی لە حەڵقەی چەنبەری زلفا وتم ئیمپیراتۆری حەبەش کەوتۆتە بەندی چاری ڕووس پێی نەکا حەمدی بە پێ ناگا نەبێتە گەردی ڕێی تازە لەو بەر دەرگەدا ڕێگەی درا بۆ خاکبووس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەس نەبووە نیشە هیچ کەسی کە بێ لەلا بە کەس کەس نەبووە نیشە هیچ کەسی کە بێ لەلا بە کەس نا کەس هەیە کە ناکەسی وەک خۆی بکا بە کەس نیمە لە کەس لە خۆم و لە نەفسم نەبێ گلە ڕیسوایییە دەخیلە مەبن تابیعی هەوەس دڵ وەحشییە چڵۆنی دەکەی ئەی سەنەم کەوی نەمدیوە قەت لە ماڵی کەسا کەو بەبێ قەفەس بێ هیممەتن ئەوانە کە بێ ماڵن و دەچن بۆ خوانی ئەغنیا کە دەریان کەن وەکوو مەگەس مەردی نییە بە مەزهەبی من ئەو کەسە بە تیغ بیئەنجنن لە خەسمی تەمەننا بکا کە بەس وەک ئینتیحارە سایەیی بێ عەقڵی گەورە چوون کەنداوە هەر لە خۆیەوە بێ شک ئەکا هەرەس پێشەنگی قافڵە کە کەر بوو، مەتاعی دیارییە بۆ جەردەیە زەڕاندی کە ناوەخت وەکوو جەرەس مەجنوون سیفەت لە مەملەکەتا حەمدی دەر بکەن ئاگردەنێ بە خانووەوە گەر بدا نەفەس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئۆخەی ئۆخەی چەندە یارم نازەنینە شۆخ و خۆش ئۆخەی ئۆخەی چەندە یارم نازەنینە شۆخ و خۆش وەک کڕیدارە بەخەندە وا بەغەمزە خۆفرۆش ئەم شەکر گوفتارە وەک تووتی منی خستە قسە نوخشە بێ ئەمجا لە غونچە موژدە بێ بولبول لە تۆش ئەو گوڵە دەموت کە بێ داوێنی ئەگرم وەک دڕک نەم دەزانی ئەو کە بێ نابێ بمینێ ئەقڵ و هۆش دڵ پر و خاڵی دەرونن عاشقانت میسلی نەی گەر ڕەقیب دەمیان لە دەم نێ جا مەگەر بێنە خەرۆش تۆ کە پڕ مەغزە برا کاسەی سەرت دەست هەڵگرە نۆبەیانە با پڕی کەن کاسە خاڵی کەللە بۆش من کە مەی خوارەم لەگەڵ شێخ وادەمان ڕۆژی حەشر نۆشی گیانی بێ بنۆشێ خوێنی جەرگی بادە نۆش ئەو دەمە دەرکەوت و رۆژئاوا دەزانی بۆ چی بوو عەیبی بوو کێشای بەسەریا شەو وەکوو سەرپۆشی پۆش حەمدییا ئەمڕۆکە عالەم گوێ قوڵاغی ناڵەتن دەس بە دەمتا بگرە تۆ دنیایە نابی قەت خەمۆش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر جەننەت بە مەیلی تاقە شێخێکی خودا کا بەش ئەگەر جەننەت بە مەیلی تاقە شێخێکی خودا کا بەش خودا شوکرە هەموو جەننەت بکا بۆ خۆی بە تەنها بەش لە بەحری مەعنیا هەروەک سەدەف دیوانی ئەهلی دڵ لەبا لەب پڕ لە لەعل و گەوهەرە و یاقووتی ئاڵ و گەش لە یەک بەد تینەت ئالوودە دەبێ داوێنی دنیایێ خەلەل ناگا بە ڕەنگی لەعل ئەگەر بخرێتە بەحری غەش بەڵایە سەیری باڵای ئەو نەخیلە سەیری پێ چاکە بەشی زیندان و زنجیرە لە عومری خۆی بووە سەر کەش حەواسی من نیساری چاو و ئەبرۆ هەر دوو زلفت بێ ئەگەر بکرێ حیسابی نیسبەتی ئەم پێنجە بۆ هەر شەش لە پشکۆی کوڵمی ئەو شۆخە دیارە ئاورنگ دەتکێ ئیترحەمدی لەگەڵ ئاوا مەڵێن یەک ناکەوێ ئاتەش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆشە سەر شانم بە باری زەحمەتی دنیا بێ ڕێش خۆشە سەر شانم بە باری زەحمەتی دنیا بێ ڕێش تا قیامەت نەک بە باری میننەتی نامەرد و خوێش دەستی حاجەت ئاشنای گیرفانی مومسیک بوو وتی وەک هێلانە زەردەواڵە لیرە لیرەی نۆشی نێش تیغی بڕڕانی زەمانە هەر زمانە موختەسەر گەر زمان بێڵی زەمانە جەرگی کێ دێنێتە ئێش کەی بە ئیستیعدادە لوقمەی چەور و شیرینی جیهان خۆ هوما ئێسکی نەمینێ هەر دەگاتە باڵی مێش ڕۆژی پێنج دەفعە موئەززین بانگ ئەکا تەرفیع ئەکەی بۆ منارەی بەرزە دنیا ڕاستیی نەگریتە پێش بۆتە دەستوورولعەمەل ئەم قافیانە بۆ جیهان ڕێش و خوێش و نێش و ئێش و مێش پێشی کێشە کێش ڕام ئەکێشن نەفس و دڵ بۆ کۆیی یار و مەیکەدە ناعیلاجی و زوعفە حەمدی کردە یەک بۆ کێشەکێش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو ڕەقیبی بوو کە عاشق خوێنی کەوتۆتە بەلاش دوو ڕەقیبی بوو کە عاشق خوێنی کەوتۆتە بەلاش ئەو سەگ و گورگە خودایا قەت نەبەن هەڵمەت بەلاش ئەی شەهیدان ئابڕووی ئەهلی محەببەت با نەچێ لەم مەسافی عەشقەدا بمرن بسووتێن بێ تەلاش وا بەسەر تەختی هەواوە وەک سولەیمان عاشقت تاجدارە هەر کەسێ سووتا وەکوو پووش و پەڵاش ئەی سەنەم ئاوێنەیی ڕوومەت نیشانی خۆر مەدە نەک بەجارێ گڕ لە گەردوون بەر بدا عەکسی جەلاش کۆنە مۆدەی بەخت و تالیع وەختی سەعی و کۆششە باوی شەبقە و لاپچینە ون بووە تەپلە و کەڵاش لاڵ و کەڕ بێ حەمدی هەر کەس نای و عوودی دەس کەوێ گەر لە دەنگی خوتبە گوێ بگری لە بانگی ئەسسەلاش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ دوژمنی گرۆهی وەفایی بە ئیختیساس تۆ دوژمنی گرۆهی وەفایی بە ئیختیساس زیاتر لەگەڵ منا بە جەفایی بە ئیختیساس پێم خۆشە بمکوژن لە بەهایی خوێنما ڕەزام توهمەت نەکەن بە شەرتێ کە ناوی بنێن قیساس وەک زەڕڕە بۆ شوعاعی جەماڵت ڕەقس ئەکەن وەک خۆر چ حاڵەتێکە فیرارت لە عام و خاس ئەو شۆخە هەوری ڕەحمەتی زەحمەت کە بێتە جۆش بنواڕە بەختی خۆت و بە دڵتا نەبێ ئیخلاس حەمدی لە بادە لادە بەڵام هەر بە یادگار یەک جورعە مەی بمێنێ کە عومرت بکا خەلاس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا ڕەب لە دەستی ئەهلی تەڵەب کەی حەیا خەلاس یا ڕەب لە دەستی ئەهلی تەڵەب کەی حەیا خەلاس ئەهلی غەنی لە حیرس و لە حاجەت گەدا خەلاس زاهید بە بەزمی بادەکەشان ئاشنا بکەن بەڵکوو ببێ فەقیرە لە زوهدی ڕیا خەلاس من نامەوێ وەفا لە ستەمگەر جەفا نەکا هەردوو ببین لە باسی جەفا و وەفا خەلاس باکم نییە لە نەفس و لە شەیتانی لەعنەتی گەر بم لە باسی کردەوەی ئەهلی عەبا خەلاس ئەی سەر وەرە لە وادی عەشقا ببە بەپێ لەم ڕێگەیە موحەققەقە نابم بە پا خەلاس لەرزی تەبیبەکەم کە لە دەردی دڵم گەیشت فەرمووی دەبی بەچیلکە دەسووتێی بە تا خەلاس تۆفان کە ئاوی دیدەیێ بوو ئەرزی کرد خراپ حەمدی بە سۆزی سینە بکە تۆ سەما خەلاس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نە عەقڵم پێ دەمینێت و نە دەممینێ زمانی عەرز نە عەقڵم پێ دەمینێت و نە دەممینێ زمانی عەرز کە دەیبینم بڵێم چی نیمە یارایی بەیانی عەرز ئەڵێن بارێ بە کاغەز شەرحی ئەحواڵت بنووسە بۆی لە سوننەت چی بکەم بۆ من بەجێ نایێ کە جارێ فەرز لە دوو خەجڵەت بزانە چەندە مەحزووزە قەناعەتکار لە نامەردان تەڵەب کردن لە مومسیک ئیرتیکابی قەرز لە تەقسیماتی ئەنوارا فەلەک مانگ و خۆری بەرکەوت خودا ڕوویی نیگاریشی عەتا فەرموو بە کوڕڕەی ئەرز خودا بۆ ڕۆحی عالەم قابیزی مەخسووسی وەک دانا ئەڵێی مەئموورە جانانە بە عەییاری بکا دڵ قەبز دەڵێ یارحەمدی دیبوو دەور و تەسلیمم ئەکرد ئەی دڵ هەتا لێوم کە دێ ڕۆح و هەتاسەر سەر کە دەفری نەبز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا لەسەر ڕوو دەرنەکەوت ئاساری شەرح و خاڵ و خەت تا لەسەر ڕوو دەرنەکەوت ئاساری شەرح و خاڵ و خەت نەمدەزانی بۆچییە تەرتیبی ئیملا و خەتت و مەت خاڵی سەر کوڵمت بەدەم بێنە هەڵی بگرم دەخیل نەک لە مەعنادا بگۆڕێ مەتنەکەی نوقتەی غەڵەت مالیکی بەڕڕەین و بەحرەینم لە سایەی ئەشکەوە وەک فورات و دیجلە لافاوی سرشکم بوونە شەت هێندە موشتاقم بە دیدارت لە عومرێکا دەمێ بێت و نەتبینم ئیتر وا تێدەگەم نەمدیوی قەت کوشتەیی غەمزەی نیگاهە حەمدی کەشفی بۆچییە جێ دەمی خەنجەر نییە زەخمی جگەرگاهی فەقەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەبیهی زلف و خاڵ و ڕوومەتە سەفحەی مجەوهەر خەت شەبیهی زلف و خاڵ و ڕوومەتە سەفحەی مجەوهەر خەت نەزیری سەروی قامەتییە بە ڕەعنایی موشەججەر خەت لە ئەووەڵ دەرسما شکلی برۆ و باڵایی یارم دی لە مەشقی عەشقییا نووسیم وەک ئەلف و بێ بە عەنبەر خەت مەحاڵە ئەو دڵەی داخل بە حەڵقەی زلفی بوو بەربێ بە سیحرێکی وەها دەیدا لە دەورەی میسلی چەنبەر خەت شەوی فیرقەت دڵم ئاگر کە دەگرێ وەک شەمەندووفەر ئەوی ئیشی بە کۆیی یارە بێ ئەو وەختە بۆ سەر خەت برۆ فەرمووی بڕۆ تۆ عاشقی خۆمی مەترسە قەت ئەگەر پەرچەم بە دەورەتدا بکێشێ میسلی ئەژدەر خەت شکی تێدا نییە زلفی کە شەرحی نووری ڕوومەت کا دەبێ شەرحی مونەووەر بێ دەبێ بشبێ مونەووەر خەت لەبەر نووسینی وەسفی حوسنی ڕوخساری نیگارم بوو کە سانیع زەحمەتی کێشا هەتا هێنایە دەفتەر خەت لەسەر لەوحەی جەمالا دەرسی عەشقە جووتە ئەبرۆتی کە خەتتاتی ئەزەل نووسی بە میشکین خامەیی سەر خەت زمانی خامە مووی لێدێ لە باسی زلفی جانانا بە دەس حەمدی نییە چ بکەم کە نانووسێ قەڵەم گەر خەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە دڵتەنگی لە خەندەی ئەو دەمە وا دیارە ناکا حەز بە دڵتەنگی لە خەندەی ئەو دەمە وا دیارە ناکا حەز لە شەککەر میسلی تووتی ئەو کەوی کۆسارە ناکا حەز میسالی دووکەڵی عەنبەر خەم و پێچی بە زلفیدا بە موو یەعنی لە ڕاستی ئەو پەری ڕەفتارە ناکا حەز ڕقی هەڵسا لە ڕەنگی زەعفەرانی و ئەشکی خوێنینم لە زەرد و سووری ئێمە ئەم ڕەقیبە هارە ناکا حەز دڵ و چاو و زمان و عەقڵەکەم لێم عاجزن ئەمڕۆ وەکوو مەخلووقی ئەم شارە، کەوا لەم شارە ناکا حەز بە زۆری عیشوە بردوویە دڵی ئەم عالەمە وەرنێ بە غەیری من لەبەر جەوری کەسێ لەم یارە ناکا حەز قسەی تاڵی لە دەم تا دێتەدەر وەک شەککەری لێدێ دڵی سائیم مەڵێن لەو بانگ و لەو ئیفتارە ناکا حەز سەری داناوە دانا حەمدی نادا گوێ بە بەزم و ڕەزم گرانە بەردی تەعنە مردووە لەو یارە ناکا حەز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە باسی کەوسەرا بۆ من ئیشارەی چاوی کرد واعیز لە باسی کەوسەرا بۆ من ئیشارەی چاوی کرد واعیز قیاسی مەی چ غەددارە بە چۆڕێ ئاوی کرد واعیز دیارە دۆزەخی هەرگیز لە باسی خولدی خۆش نایێ کە باسی جەننەتم کرد چۆن بزانە ناوی کرد واعیز وتی دەرکەن لە دڵ سەودایی پەرچەم عەرشی ڕەحمانە بەجێ بوو ئەو قسەی ئەمما خەیاڵی خاوی کرد واعیز کتێبی وەعزەکەی بوو دایدڕی لەو وەختەدا باقڵ کە بۆ کفنی گەدا باسی جەوازی جاوی کرد واعیز لەسەر چی ئاخۆ دامابێ فەقیرە بۆیە وا ئەمشەو بەیانی خێری دەفعی حاجەتی داماوی کرد واعیز وتی ئاخر زەمانە بۆیە باوە کوشتن و تاڵان بەڵێ بێ دەستەڵاتە بۆیە بەند و باوی کرد واعیز بە ڕووتی واعیزا دیارە کە دنیا هاتووچۆیێکە جیهانی حەمدی تا مەحشەر بە یەک هەنگاوی کرد واعیز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاعیر شەهە کە تاجی مورەسسەعیەتی مەتڵەع شاعیر شەهە کە تاجی مورەسسەعیەتی مەتڵەع قابیل بە خۆیە تەختی مجەوهەر وەکوو مەقتەع پەرواز ئەکا لە ئەوجی دڵا تا مەفادی شیعر کەمتر نییە لە باڵی تەیارە گەلێ مەسرەع بۆ دڵ ڕەوانە ئەو قسەیە دەردەچێ لە دڵ دەریایی دەرکە مەنسەبی کانی هونەر مەنبەع تۆوی قسەی کە چاند لە زەمینێکی کوردییا مەحوی وتی «بە باغی ئەکەم خاڵییە مەزرەع» زاهید کە دیویە قورسی گەنمگونی ڕوومەتی موحتاجە ئەو فەقیرە بە قورسێکی جەوهەری نەعنەع لەم کونجە دوو کەسین من و غەم کافییە ئیتر نەیماوە حەمدی مەیلی لەسەر وەلوەلەی مەجمەع ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەیری ئەسراری جنوون نابێ بکا عاشق سەماع غەیری ئەسراری جنوون نابێ بکا عاشق سەماع ڕووتییە گەر دەست بدا بۆ عاقڵان ئەمڕۆ مەتاع سەیری بیمارانی ئولفەت بۆیە قەت ناکا تەبیب نۆشداروو کەی دەکا ئازاری ئولفەت ئیندیفاع وەختی هیجرەت بۆ دوعاخوازیت نەکرد فەرمووی وتم گیانەڵاوە ئەو دەمەی بکرێ لەگەڵ جانا ویداع بۆ سەری لێدا تەمەع زلفت کە دەستی کردە مل خان و مانی چەندە تێکدا ماڵی وێرانم تەماع ئەلبەتە عاشق دەسووتێ بۆ نیگاری بێ جەفا کەس وەکوو پەروانە وەسڵی تێ نەکەوتووە بێ نیزاع تا ڕەقیبی بێ مرووەت حەمدی یاری دلبەرە سوودی تۆ یەکسەر زیانە قیسمەتت دەرد و سوداع ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ژێر فەقیانەیایە دەستی ئیستیغنا دڵی قانیع لە ژێر فەقیانەیایە دەستی ئیستیغنا دڵی قانیع لە نووری مەعریفەت لەبڕیزە وەک مینا دڵی قانیع لە تاجی سەڵتەنەت شەقێکی هەڵدا گەییە سەر سوڵتان کە ئادابی گەدایی دی و بەجێی هێنا دڵی قانیع لە ترسی لەن تەرانی ئەرنی ناڵێ قەت کەلیم ئاسا گومیش بێ گەر لە کێوێکی وەکوو سینا دڵی قانیع ببینێ یا نەبینێ چاوی سەر مەتڵەب نییە بۆ ئەو کە داغێ شک بەرێ وەک دیدەیی بینا دڵی قانیع وەلەززالینی مام ئیمام بە توولە مەوقیعی ترسە نەماوە ترسی هەر چەندە بە ئامینا دڵی قانیع لە تەبشیراتی ئەعتەیناکەلکەوسەر کە سەرمەستە چ کارێکی بە پەیمانە و بەچە و مینا دڵی قانیع لە بەد تەوری خوڵق حەمدی بزانە تەوری ناگۆڕێ بە هیممەت وا دەنێ داغێ بەسەر کینا دڵی قانیع ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەرفی ناساغی بەجێم لا چاکە نەک بێ جایی ساغ حەرفی ناساغی بەجێم لا چاکە نەک بێ جایی ساغ کاسەیی گڵ بێ لە مەی پڕ خاڵی نەک مینایی ساغ نەشئە بەخشایە موحیببەت زەهری گەر تێکەڵ نەبێ شەککەریش حەتتا خراپە بیکەیە سەهبایی ساغ بتکەدەی خۆتە دەروونم ئەی سەنەم مەشکێنە دڵ شەوقی خۆش نابێ کە نەیبێ لالەکەت لەمپایی ساغ عوسرەتە عوشرەت موهەییا گەر نەبێ ئەسبابی عەیش بۆ لە یەک دانە بە حەسرەت دەستی بێ ئەعزایی ساغ فکری خۆت ئامان مەنێرە بەر حەریفی بەد سروشت هەر چرووکە گەر چروک بیکاتە بەر کاڵایی ساغ مەعریفەت بۆ تێگەیینی قودرەتی جانانەیە خاس بینینی نیگارە دیدەیی بینایی ساغ لابەرە تەکلیفی دەست و پێ لەسەر خۆت ئێستەکە حەمدی دەست بۆ زاڵم و بۆ جەردە چاکە پایی ساغ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من لەسەر تۆم کردووە ئیقلیمی دڵ جانا فیراغ من لەسەر تۆم کردووە ئیقلیمی دڵ جانا فیراغ کەیفی خۆتە تۆ ئیتر دەیکەی بە کوڵخەن یا بە باغ ڕوومەتت دەرکەوت لە بەینی بەرقی هەردوو زلفتا وەک لە ناو بەحری سیادا گەوهەرێکی شەوچراغ شێری بێشەی عەشقە دڵ سەیری بە یادی خاڵی تۆ وەک پڵنگ یەکسەر وجوودی کردووە پڵپڵ بە داغ مورغی دڵ ترسا لە بازی غەمزە هەروەک هەڵفڕی بەختی ڕەش بوو کەوتە داوی زلفەوە وەک چنگی زاغ چاوەڕێم گەردێ لە کۆیی یارەوە بینێ سەبا چاوی پێ هەڵهێنم و پێشی موعەتتەر کەم دەماغ بۆ شکانی دڵ دەلیلی کافییە فرمێسکی خوێن ناڕژێ مەی گەر لە باخەڵ دانرێ مینایی ساغ شێخ لە کەچکاری نەکەوتوە ماڵی گەچکاری دەکا ڕووی دەبێ یا ڕەب بەچی هەنگامی مردندا سواغ من کە سەرمەستی نیگاهی چاوی مەستی نازی تۆم هەر خومارە و دەردی سەر بۆ من مەیە و جام و ئەیاغ وێڵ و سەرگەردانی وادی عەشقە مەجنوونانە دڵ تا نەچێتە کۆیی لەیلا ناکرێ حەمدی سۆراغ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری حەربەی عەشقی جانان کەن کە هاتۆتە مەساف سەیری حەربەی عەشقی جانان کەن کە هاتۆتە مەساف ئەبرووە مەه لەتکەرە موژگانە تیری دڵ شکاف هەر ئەوەل ڕۆژ ئەو خەمی زلفانەیم دی تێگەییم هەڵخراوە بۆ دڵی ئەهلی موحیببەت دوو تەناف هەر شەوێ دنیا کە خۆی ڕازانەوە ئەهلی دەڵێ مردووە ئەو کفنەیە کردوویەتە پەردەی زەفاف بۆ لە گوڵزاری جەماڵم دەردەکەی بێ گوڵچنین قاعیدەی جەننەت کە ڕوخسەت دانە تا حەددی کەفاف ماچی سەر کوڵمی بە دینی ئێمە حەججولئەکبەرە حەججی دووبارە بە جارێ هەر دوو لێوی کەی تەواف جیلوەبەخشی ڕەونەقی سوبحی ویساڵە شامی هیجر خۆڵەمێشە هەر بە قەلبی ئاوێنەیداوە شەفاف بێ شیعر شیرین نییە گەر قووتی ڕۆحە وەسفی یار بێ شەکر دەیخۆنەوە فەرموو بزانە شیری ساف عەشقی شیرین چاکە فەرهادی بە گژ چەرخا نەکرد ڕاهڕەو ناکا تەماشا بێستوون بێ کێوی قاف مەدحی خۆکردن بەیانی نارەسایی کردنە بۆیە نادەن قەت هونەرمەندان لە دنیادا گەزاف من سەما ناکەم بە دڵ شەخس و حەقیشیە چی بکا خۆشی لێ نایێ کە ناکەم من بەیانانی خیلاف حەمدی لەم بازاڕەدا سەودای بە دڵ کرد نەک خەیاڵ گەوهەرێکە قیمەتی یووسف نەوەک نیوەی کەڵاف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵ ئیدراک و عەقڵا فەزڵەیە تەحسیلی نەحو و سەرف لەگەڵ ئیدراک و عەقڵا فەزڵەیە تەحسیلی نەحو و سەرف کە بێ دەستی مەحاڵە مەنعی حاتەم کا لە ئەخز و سەرف سوراحی قەهقەهە ناکا قەدەح گەر زوو دڵی پڕ بێ بەڵێ بێ زەرفییە خەندە بە ئینسانێ کە نەیبێ زەرف چ بێ مەعنایە چوونە مەعرەکەی ئینسانی پڕ مەعنا کە شیعری ڕەبتی پێ ناکا لە ئەفلاتوون قبوولی حەرف لە سافی ئاسماندا مانگی من مەئموولە خۆی دەرخا زەمینی شامی هیجران ڕەش دەکا ڕەببی ببارێ بەرف بە یادی سەروی نازی قامەتی جانانەیە حەمدی لە سەفحەی عالەما وەستاوە تەنها میسلی حەرفی ئەلف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەما نەقدم لە داغی دڵ دەبێ ئەمجا بکەم مەسرەف نەما نەقدم لە داغی دڵ دەبێ ئەمجا بکەم مەسرەف کەمە داغم مەگەر حەسرەت منی دانا بەکەم مەسرەف لە یەک جوێ هەر یەکی نەزمێ دەناڵێ ئیستیخوانی من لە هیجرانا ئەگەر بکرێ وەکوو نەی پارەیی قەف قەف ئەوی بەزمی منی شێواندووە بێ دەستییە خەڵقە بە یەک دەست نادرێ چ بکەم لە تەپڵی سەرم و سنگی دەف فەڕەنگ وەزعییەتی حەربی لە موژگان و برۆت وەرگرت کە میرئاڵا دەکێشێ سەیف و عەسکەر مونتەزەم سەف سەف خودا گەر زوو نەکا ئیسلاحی سەیید سووننیی مەزڵووم وەکوو شیعە لە داخا هەڵدەکەن دامەن لە شەتم و ڕەف ئەگەر سەرفی نەزەر نەکرێ لەبەر ئەو شەهسوارەی وا لە میعراجا نەما قووەی ئەمین و پێشی کەوت ڕەف ڕەف فەلەک چەرخی بە کەیفی ئێمەدا ئەم دەفعەیە یاران کە جانان بۆتە ساقی ساغیری هێناوەتە سەر کەف سولەیمان کەی سولەیمانی وەکوو شێخ کردووە حەمدی لە جێی بەلقیسە ئامەی نەزهەت و وسووە لە جێی ئاسەف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاشکاری کرد هەموو ئەسرار و خۆی پەنهانە عەشق ئاشکاری کرد هەموو ئەسرار و خۆی پەنهانە عەشق پڕ بە کاشانەی وجوودە جانە یا جانانە عەشق جوزء و کول ئەجزایی فەردی کائیناتە کائینات هەرچی ئەفعالی تێدایە مەسدەری هەمووانە عەشق غەرقی مەوجی ئاورنگی گەوهەری عەشقە وجوود گەوهەری دەریایی لوتفی حەزرەتی یەزدانە عەشق شەمعی داگیرساوی دەستی عەشقە شەخسی تێگەییو تێ نەگەیویشی بە قەد خۆی چاکر و سوڵتانە عەشق بۆ گەڕانی بەزمی عالەم عامیلە ساقی سیفەت ماددەیێکە میسلی مەی غایەی هەموو ڕەندانە عەشق دڵ لەم ئافاقە بە ویسعەت هەر دەبێ کەمتر نەبێ بۆیە وەک بەرقێ لەوێدا ئارەزووی جەولانە عەشق بۆ شەهادەت شەمع و گوڵ ئەندامییان بۆتە زەمان ئاگری بەرداوەتە دڵ بولبول و پەروانە عەشق عەشقی چی من ئاگرێکی قودرەتم دیوە دەخیل دڵمی کردۆتە جەهەننەم نەک بە ئاتەشخانە عەشق سایقی مەجزووبە لایێ لایێ قووەی جازیبە نووری شەوقی عاشقان و ڕەنگی مەعشووقانە عەشق بارەگاهی عەشقە جێگەی سەرفرازی حەمدییا موشکیلە ئەمڕۆ سبەینێ موشکیلی ئاسانە عەشق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەخیلت بم لە شاخ و بەرد و تەق تەق دەخیلت بم لە شاخ و بەرد و تەق تەق ملم دەشکێ ئیشارەم کە بە تەق تەق بە ناحەق چوومەتە کایەی مناڵان بە لوتفی خۆی مەگەر بیکا بە حەق حەق لە بازیچەی زەمانا بوومەتە گۆ وجوودی سەیری چۆن کردم بە شەق شەق موقەسسیم وەختی شەڕ چاکم دەبینێ لە خێرا سەیر دەکا نابینی زەق زەق بەلنگ ڕووتی عەرەب ئەمدا بە شوو جا هوما نابێتە جووتی حاجی لەق لەق دەروونم هێندە کەیلە حەمدی وەختە لە داخانا بەرم وەک سفرە شەق شەق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەس لە دەریادا دەبا بۆ پووشێ ئینسانی غەریق دەس لە دەریادا دەبا بۆ پووشێ ئینسانی غەریق ناعیلاجی مەرد دەکا ئەلبەت بە نامەردێ ڕەفیق گەر ڕەفیقت دڵ بشێوێنێ بە بێ عەقڵی برا ئەو ڕەفیقە زوو موقابیل تۆ دەوەستێ وەک فەریق لێوی تۆ پەروەردەیی خوێنی دڵی ئەهلی دڵە یا دەسێنێ خەرج لە مەوجی بەحری مەرجان و عەقیق سەردە دۆزەخ بۆ ئەوانەی گەرمی عەشقی دلبەرن کەی مەجاز سۆزی دەگاتە مەرتەبەی عەشقی حەقیق ڕێ بە قەعری بەحرەبا غەوواسی عاریف بۆ گوهەر حەقیە بۆ مەزموون کە شاعیر کەوتە ئەفکاری عەمیق یەک پڕیشکی نووری عەشقت ئاگرێکی خستە دڵ کەس لە بابی عالیا نەدیوە بەو نەوعە حەریق هەر شەوێ دەیهێنمە خاتر جەلالی ڕوویی یار ئەوجی دڵ پڕیە لە ناڵەی ڕەعد و چەخماخەی بەریق بۆ جەفا بێ با لە فکری دەرنەچم کافیمە من حەمدی نابێ قەت وەکوو ئەو شۆخە غەددار و شەفیق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەت مەکەن عاشق بەسەربەستی بەیانی ئیشتیاق قەت مەکەن عاشق بەسەربەستی بەیانی ئیشتیاق پڕ بە دنیایێکە شێخ و زاڵم و ئەهلی نیفاق ئەم سبەینێیە کە کەوتە جیلوە دلبەر ڕۆژهەڵات ڕوو بە ڕووی یەک بوونەوە ڕۆژێ بوو نیعمەلئیتتیفاق سەیری ساقی گەردنی ساقی و ملی مینایی مەی بۆ سەری مەیخوارە کردوویانە ئەلبەت ئیتتیفاق دڵ بە ناری فیرقەتت برژاوە چاوم پڕ لە ئەشک جەم لە ئەسبابی تەرەبدا نەیبووە وەک من تفاق یار لە من ڕۆحی دەوێ من ماچی لێوم ویستووە من وتم پێشکەشتە فەرمووی تۆ مەکە تەکلیفی شاق وەک خەتیبی کفر و موئمین وەختی خوتبە یەک کەون من فیغانی ئەلویساڵم کرد ڕەقیبیش ئەلفیراق ڕوو بچەرخێنی لە عوششاقت دەزانی وەک چییە ئەهلی قیبلە یا بڕووخێ قیبلەیان یا بێتە تاق حەمدی بادەی تاڵە شەکراوی نیشاتی عاریفان چونکە باسی زاهیدان گۆڕیویەتی تامی مەزاق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەختی شەفەق لە غەربەوە یارم کە کەوتە بەرق وەختی شەفەق لە غەربەوە یارم کە کەوتە بەرق عالەم وتی قیامەتە خۆر غەربی کرد بە شەرق گوڵ وەعدەیی ویساڵی بە بولبول نەدا ئەویش ناکا بەهەشت لە قەعری جەهەننەم بەزەڕڕە فەرق ڕووی بەرقیدا لە دوورەوە من دیم وەکوو سەراب لەم بەحری عەشقەدا وەکوو گوهەر بووم کە غەرق بینایە کوێر و دادی فەساحەت دەدا کە لاڵ کافی نییە لە نووری موحیببەت ئەمەندە خەرق جل شین و مل کەچن ئەوی ئەهلی موحیببەتن ئەی ئافەرەم وەنەوشە کە نیتە لیباسی زەرق حەمدی لە ناری فیرقەتت عاجز نییە فەقەت دڵ مەخزەنی سەرائیری عەشقە دەچێ بە حەرق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهیدە ئەو کەسە هەڵسێ لە قەبری نوورێ وەک مەشعەل شەهیدە ئەو کەسە هەڵسێ لە قەبری نوورێ وەک مەشعەل بە خوێنی ئەو دراوە دیارە شمشێری برۆ مەسقەل هەتا عاشق نەکوژرێ جەوهەری دەرناکەوێ قاتیل دەسی سەوزە چ ڕوو سوورە بزانە تەختەیی مەغسەل هەتا کەی وێڵی وادی ئولفەتی ئەی بێ خەبەر مەجنوون ئەوە گەردی چ شەیدایێکە گەییە دامنی مەحمەل لەناو ئەهلی دڵا سۆفی دەزانن چۆنە تەشبیهی لە خەرمانی گەنمدا بێ گوڵی زیزانە و خەردەل جیهان ڕەنجی من و فەرهادی زایع کرد بە ئەفسوونی بەڵێ پێی خۆشە پیرێژن نەمانی شەهسواری کەل پەلەی پێکەوت جیهانگیری بە من باقڵ دەکا جانان پەلی سەوقی مەکانێکی دەکا دەمکا کەوا پەل پەل بە دەعوای ئەسڵ و فەسڵ ئیکمالی نوقسان عەینی نوقسانە کە داعی شوبهەیە فازیڵ نەبێ گەر نوتفەیی ئەفزەڵ فیراقت ئاگرێکی ناوەتە خەرمانی عومری من لە هەر جێ دادەنێم پێ ئاگری دەگرێ وەکوو مەشعەل بە لەیلا هەرچی مەیلی بێ بەڵێ لایوسئەلە مەجنوون دەجۆشێ خوێنی دێوانە لەسەریا هەروەکوو مەنجەڵ لە بەدتینەت ئومێدی حوسنی نییەت بۆ دەکەن خەڵقی ئەگەر ڕۆحی بەبەرداکەی بە لیمۆ قەت دەبێ حەنزەل یەکێ چاکە لەبەر چاوی یەکێ دوو بێ نەوەک دوو سەد لە ساحێب سووئیزەن ئەلبەت گەلێ ئەهوەنترە ئەحوەل بە میقداری هونەر قەدری بە کەس نەشداوە ناشیدا جیهان حەمدی دەکا ئەکسەر بە گەوهەردانەیی پشکەل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عاقڵ بە پووچی زانی کە هێنایە بەر خەیاڵ عاقڵ بە پووچی زانی کە هێنایە بەر خەیاڵ دنیا برالە یا خەوە یا سەر بەسەر خەیاڵ جانانە گەر لە ئەوجی فەلەکدا بێ مەه میسال سەهلە دەگاتە خزمەتی بێ باڵ و پەڕ خەیاڵ وەهمم وەهایە زوعفم ئەگەر هیممەتی ببێ شوێنم کەوێ نەبینێ لە جێی پێم ئەسەر خەیاڵ گوم بوو دەمی دەمێ بوو شوکر خەندەیێکی کرد لەو بەحری حوسنەدا گەوهەری خستە دەر خەیاڵ سەر ڕشتەیێکی خستە ملی نەفس و ڕستی کرد وا ئەو سەگەی لە خانەیی من بردە دەر خەیاڵ جەننەت کە هات و پادشەهی عەقڵی کردە دەر مەردانە تاجی سەڵتەنەتی کردە سەر خەیاڵ لەم دەستگاهی مەعنایەدا حەمدی یا جیناس ببڕین بە ڕەنگی ئەلبیسە بیکەینە بەر خەیاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەرش و باڵینە لە لانەی بولبولانا دڕک و داڵ فەرش و باڵینە لە لانەی بولبولانا دڕک و داڵ بێ بەڵا بێ وا دەگۆڕێ گوڵ لە ئەهلی حاڵ حاڵ وەعدی وەسڵی دا براگەل وا دڵم کەوتە فڕین گەر بڵێن باوەڕ دەکەم عاشق لە وەسڵا دێتە باڵ ئەو مەهەی ئەمشەو لە گۆشەی کولبەکەمدا دی وتی موحتەسیب ئەهلی محەللە ئاگرە بەربۆتە ماڵ عاریفان هەنگامی مردن سەیری عولوییەت دەکەن مەوقیعی سەردارە عاشق زاهدیش ئەنرێتە چاڵ وەسیەتی فەرهادە نامەرد باسی شیرینی بکەن ناوی توێشەی زاهیدم بردوو دەمم وەک زەهرە تاڵ خەڵقە ئێوە و خوا دوعا کەن نەک پەشیمان بێتەوە وەعدی دا خەنجەر بە خوێنی جەرگی مندا مشت و ماڵ کافەیی حوسنی بە تۆ بەخشیوە سانیع ئەی سەنەم هەر وەکوو مۆر و سەنەد وایە لە ڕووتا خەتت و خاڵ هەر دەڵێی ئەوقاتی حەشرە ساعەتی شامی فیراق حەمدی هێشتا ساعەتێکە مانگی گۆڕی بوو بە ساڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەت مەکەن بۆ من حیکایەی عەندەلیب و باسی گوڵ قەت مەکەن بۆ من حیکایەی عەندەلیب و باسی گوڵ پڕ لە نەشئەی حوسنی یارە تێکهەڵێ بەو باسە دڵ با لە دیدە هەڵقوڵێ فرمێسکی حەسرەت نەخلی غەم نەک لە تینوانا وشک بێ سا دڵە هەر کوڵدە کوڵ مەزرەعەی ئومێدی ئەهلی دڵ گەڵا ڕێزانییە فیرقەتیش وا ئاگرێکە بەر بووەتە چێو و چڵ لەم دەرە دەرچوونی ڕۆحم دەردەخا ئەهلی وەفا هەر دەبێ بیباتە جەننەت وەختی مردن ئاو و گڵ مونکیری ئەهلی موحیببەت کوفرە وەک زوهدی ڕیا ئەم هەموو ئوباڵە زاهید چۆنی پێگیرایە مل ئەهلی بینش ئینتزاری گەردی ڕێگەی تۆ دەکەن غەیری سۆفی کەس لە چاویدا نەماوە قەدری کل حەمدی ئەربابی وەفایە موستەحەققی کوشتنە بۆ لە یاران جێ بمێنێ دابمێنێ مونفەعیل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نابەجایی کەس نەدی حەتتا لە حەیوانی ئەسیل نابەجایی کەس نەدی حەتتا لە حەیوانی ئەسیل هەر بە نائەسڵی بزانن زاڵمی ئەحمەق دەخیل سەگ بە سائیل هەر وەڕینێکی هەیە ئەمما ڕەقیب ناوەڕێ تا نەمگرێ موعتادییە کەلبی بەخیل من لە خۆشی ئەو دەمە نەقسوددەمم وا پێگەیی قوڕ بەسەر لالە کە داغی چۆتە دڵ ئەمرێ بە سیل من بە زیکری ڕوومەتی ئەو شۆخە ڕۆژم کردەوە سۆفی ڕووی ڕەش بێ لە شەودا نەیبووە زیکری جەمیل بەو ئیشارەی ئەبرووانە وا لەتی کرد جەرگ و دڵ قەت وەهای ناکا بە دوو لەت خەنجەر و شیری مچیل هەر لەکن پیری موغانە عەرز و حاڵی مەیکەشان ئەو جەوان مەردانە دەگرن حورمەتی پیری زەلیل ئەم فیراقەم بۆ بووەتە باعیسی شادی ڕەقیب ئاگری نەمروود دەبێتە گوڵشەنی خاسی خەلیل بۆ کەناری سەومیعەم مورشید دەبا وا تێدەگا پیری عەشقم بۆ دەری بتخانە نابێتە دەلیل گیانەڵاوە بۆ ئەم گلاراوەی کە کەوتە ڕۆحەوە سا وەرە بیبە ئەمیش هەر وەک دڵت بردم بە دیل بۆ چی حەمدی وا بە سووکی سەیری ئەهلی دڵ دەکا بۆ بە گوێیا نەچوە مێشوولە کەچی کردوە بە فیل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نووسی حەرفییەن کە زلفی ماچی ڕوومەتیە حەڵاڵ نووسی حەرفییەن کە زلفی ماچی ڕوومەتیە حەڵاڵ بێ بەڵا بێ خاڵی نوقتەی کرد ئەوا بۆتە جەلال تۆ لە خەیمەی نازی لەیلادا بەمن وادەی نشین ئەم مەقاماتە کە ئەمڕۆ کردوویانە ئینحیلال مەه ئەگەر مەیلی نەزیرەی ڕوومەت و ئەبرۆت نییە ئەم کەماڵ و نەقسە بۆ چی یا بەدر بی یا هیلال من لە ڕیسوایانی عەشقم بانگی بێ پەردەم ئەدەم ئاشکرا بانگی موحەممەد خۆشە گەر بیدا بیلال بەرقی ڕوخسارت لە مەوجی بەحری نەشئەی بادەدا وەک فەوارەی ڕۆژە هەڵڕێژێ کە ئاوێکی زوڵاڵ حیکمەتە تووتی لەبەر ئاوێنە فێری نوتق دەبێ من بە سەیری ڕوومەتی تۆ گێژ دەبم بێ نوتق و لاڵ پێکەنینێکم لە لێوی تێگەیشتوویێ نەدی ڕەهبەری ئیدراک و فەهمە جیلوەیی حوزن و مەلال حەمدی تەشویشی خەیاڵی غەمزەدەی هیجران دەکەن بانگی یا شێخی مورید و جاڕی کەردانی دەڵاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژێ وەسڵێکم دەوێ هەر وەک شەوی هیجران بە توول ڕۆژێ وەسڵێکم دەوێ هەر وەک شەوی هیجران بە توول تا لە نیسبەت میحنەتمدا ئارەزووم بێتە حسوول هەروەکوو ڕۆژ و شەوم دی پێکەوە یار و ڕەقیب حیرەتم نەمکرد لە داخانا عەجائیب بۆ نزوول گەر بسووتێ حەقیە بۆ موشتاقی وەک پەروانە شەمع چونکە میعراجی موحیببەت سووتنە کردی قبوول من لە سلکی ئەهلی دڵدا بولبولم دەرکردووە سڕڕی مەعشووقی بە عیففەت نادرێتە دەس فزوول سەیلە ماڵی خۆی و عالەم کا بە سەر پێچی خراپ ڕوو لە ماڵی کەس نەکا مەخلووقی سەر پێچ و عەجوول قیر سپی بوو داغی عەشقم تا بە دنیایێ کڕی قەت وەکوو زاهید قیامەت مومکینە بیدەم بە پوول نایەڵێ حەمدی فەرەح حاڵی لە حاڵی خۆت ببی سەیری عالەم ئەو کەسە دەیکا کە دایم بێ مەلوول ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە توڕڕەی پەرچەمی شۆخێ دووچارم بە توڕڕەی پەرچەمی شۆخێ دووچارم ئەڵێی ڕووسم ئەسیری دەستی چارم مەڵێ پەروانە شەوقی عەشقی زۆرە منیش سووتاوی شەمعی کوڵمی یارم خەتای مەنسوورە ئەم ئیرسەی بەجێ هێشت لەسەر حەق وا منیش سەرداری دارم لە دووی ئاوازەیی مەجنوونی مەستە کە ڕووم کردۆتە چۆل و پشت لە شارم خەلیلوڵڵا ئەڵێن خۆی خستە ئاگر منیش کەوتوومەتە هیجری نیگارم من و نینۆک و فەرهاد و قوڵنگە ئەو و کێو و من و سەرسەختە کارم ئەمانە نامدارانن لە عەشقا بە تەنها من ئەمەندە نامدارم لە چاوی مەست و مەخموورت بترسە هەمیشە مەیکەش و دایم خومارم تەلی عوودی سەری زلفت بە قانوون منی کێشایە لای ئوستادی تارم خەتام کرد باسی زلفم کەوتە سەر دەم مەحاڵە خاتیمەی ئەوسافی یارم مەڵێ غەمبارەکەم سەرشانی ڕێشە هەتا مەیلت ببێ بۆ غەم لە بارم فیراقت ئاگری گرت تێگەیشتم گوڵی نوخشەی خەزانە بۆ بەهارم کە پرسی حاڵی چاوی حەمدی جانان بڵێن بۆ ئەو خەریکی چاوەزارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە لێوانی برین دەگرم دەمی تیغی دەوەستێنم بە لێوانی برین دەگرم دەمی تیغی دەوەستێنم بە قەد خوێنم هەتا ئاوی حەیاتی تازە دەستێنم شەوی فیرقەت بە پەیغامی نیگای ئاوی بە ئاگردا بە پشکۆی ئەشکی خوێنی گەش دڵی عالەم ئەبرژێنم لە ئاتەشبازیا ئەمشەو دڵم دەیوت بە پەروانە بە ئاهێ حەز بکەم تاجی سەری شەمعت دەسووتێنم برۆ و زلفت یەکی نەوعێ دەکەن تەڵقینی ئەم خەڵقە بە دینت ئینتخابم بۆ بکە ئیمان بە کێ بێنم میسالی مەوجی دەریا دڵ لە هات و چۆیی لێوایە ئیجازەی بۆسەیێ نادا هەتا زوو ئەستۆ بشکێنم ڕەقیب ناچێتە خەو تا لەحزەیێ بەختم لە خەو هەڵسێ لە دەوری فیترەتا ماچێ لە لێوی بەڵکە بفڕێنم قەدەحبازی دەکەن غەرقی نیشاتن ڕۆح و دڵ ئەمشەو کە فەرموویە سبەینێ زوو خوێنی حەمدی دەڕژێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە کوێری چاوی دوژمن پێت بڵێم ڕوتبە و مەقاماتم بە کوێری چاوی دوژمن پێت بڵێم ڕوتبە و مەقاماتم غوڵامی پیرم و فەڕڕاشی ئەیوانی خەراباتم نەما کەشتی ئومێد و گوڵشەنی شادی بەڕەڵڵا بوو نە ئەرزم مەتڵەبە ئێستا نە موحتاجی سەماواتم بە سیرەت گەر ببێ حائیل نییە بۆ دیدەنی دلبەر لە عەینی فیرقەتا مەشغوولی ئاهەنگی مولاقاتم ڕەزیلە چونکە دنیا خەزنەداریشی ڕەزیلانە محەللی فەخرە فوقرم بۆ شەرەف بۆتە عەلاماتم بە کەیوانی دەزانی مەسلەکی دێوانە کێوانە بە ڕووتم تێدەگەی گەر تێبگەی ساحێب موهیمماتم نەما حەققی حەیاتم ئەهلی غیرەت سا ئەجەل زوو بە لەگەڵ ئەم ئەهلەدا نەکرێ قیامەت با حیساباتم سەبر سەبری نەماوە تاقەتی چوو تاقەتم حەمدی تەحەممول جا دەبێ بگرم هەتا ڕۆژی موکافاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەستەیی زنجیری زلف و داغداری خاڵتم بەستەیی زنجیری زلف و داغداری خاڵتم ئەی سەنەم شێتی زڕەی زنجیرەیی خرخاڵتم کۆهکەندێکم لە کێوی بێستوونی ئولفەتا دائیما شیرین مەزاقی پاسوخێکی تاڵتم بێتە عەنقایێ لە ئەوجی سووتنا پەروانە تۆ بۆ حزووری شەمعی مەجلیس گەر بچی شەهباڵتم بەسمە ساقی گەردنی مینا و لێوی جامی مەی من کە شێتی گەردنی بێگەرد و لێوی ئاڵتم گەردی من بۆ سورمەیی دیدەی غەزالان دەست ئەدا چونکە کوشتەی ناوکی موژگانی چاوی کاڵتم باری میننەت تا قیامەت ئەهلی دڵ هەڵناگرێ بۆ بەهەشتێ وا دەزانێ زاهیدا حەمماڵتم یار وتی بێ میسلە حوسنم سێبەری ڕوویی نیاز یەعنی ڕۆژی تۆ هەتا ئەم ڕۆژە بێ ئەمسالتم تۆم لە پارسەنگی سەبک مەغزانی عەسرا دانەنا من بە نەقدی لەفزی شیرین موشتەری مسقالتم قەت بە حاڵی دانەناوە حەمدی ژینی بێ کەماڵ ئەی کەماڵی بێ مرووەت سەیری چۆن بێ حاڵتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەماشا کەن قوڕێکی شل دەپێوم تەماشا کەن قوڕێکی شل دەپێوم بە کاسەی دیدە خوێنی دڵ دەپێوم دەڵێی شیرداخی زەرد و سوورە دلبەر زەمانێ دادەنێ لێوی لە لێوم لە دنیادا سەری موو غەم نەماوە لە دەورەم گردە بۆیە میسلی کێوم لە گوڵزاری ئەمەلدا موددەتێکە بەهێ دەگرێ درەختی بەختی سێوم جگەرگۆشەم لە من ئەمڕۆ دەترسێ لەبەر چاوی دەڵێی ئەرژەنگی دێوم لە پاش ئولفەت بەهەشتێکە جەهەننەم بەڵێ ئانێ بە بێ میحنەت پەشێوم خودا حەمدی غەمی نارد بۆ سبەینێ غەمێکی تر بخۆ بۆ وەختی شێوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەماشای بەرقی ڕوخسارت نەکەم حەقمە لەبەر چاوم تەماشای بەرقی ڕوخسارت نەکەم حەقمە لەبەر چاوم لەگەڵ فرمێسکما ڕۆحی ڕەوان ئەڕوا لەبەر چاوم وەها پڕ ئاوی کردووە دیدەکانم شەوقی ڕوخسارت کە مانگ و خۆر میسالی بەردی بن گۆمن لەبەر چاوم شوکر یار ئیزنی داوە عەکسی نووری ڕوومەتی بگری لەمەولا تا ببێتە مەتڵەعی شەمس و قەمەر چاوم لە دەریایی نەزاکەتدا نموونەی گەوهەری نازە بەری چاو ناگرێ چ بکا نەکا تەرکی نەزەر چاوم بە پێی خۆی حەج ئەوا هاتۆتە بەر پێت گەر موسوڵمانی دەچیتە کەعبە بێ شوبهە بە پێوە بێتە سەر چاوم لە دەرگاهی نیگار بادی سەبا گەردی نەهێنابێ کەوا ئەمشەو لە خۆشیانا خەریکە بێتە دەر چاوم هونەرمەندانی موفلیس چەند کەرەمکارن لەگەڵ کوێری شوکر بۆتە زیارەتگاهی موحتاجی بەسەر چاوم مووەققەت تەم دەکا چاوێ کە سەیری پرتەوی خۆر کا لە سەیری ڕووت موئەببەد حەقیەتی تەم کا ئەگەر چاوم لەبەر مەستی نیگاهت کەوت لە دیدەی حەمدی یا سەوز بوو خودا ئەم نەخلی نازە نەبڕی بەڵکوو بێتە بەر چاوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جگەر خوێنینی لێوی ئاڵ و دڵ زوخاڵی زوخاڵم جگەر خوێنینی لێوی ئاڵ و دڵ زوخاڵی زوخاڵم دەمێ پشکۆم وەکوو یاقووت و وەختێ عود و زوخاڵم وەکوو ئەکسیری ئەحمەر پێی خەناوی گەر بە سەرمانێ مسی قاڵی موحیببەتم و دەچێتە لیرە میسقالم بە کەڵکی مردنیش نایێ ئەوی بەدحاڵە حاڵداریش بە دەردی من دەچێ کافر بە جەستەم چەندە بێ حاڵم قسەی حەق قەت مەکە یەعنی قسەی ناحەق لە دنیادا لە عەینی ئیستراحەتدام لە وەختێکی کەڕ و لاڵم سەر و سامانی پەرچەم قەت بووە بدرێتە دەس شانە بە دڵ ڕێشی قەدیممدا منیش واچوو سەر و ماڵم بنازم بارشی فەیزت بمینێ هەوری غەم بۆ من بەسەر دەریایی فرمێسکا دەگێڕم ئێستە بەرماڵم عەرەق ڕێژی خەجاڵەتم و ئەشک ڕێژی پەشیمانی کە بوومە بەحری ڕەحمەت جا دەشۆم ئەوراقی ئەعمالم بە بادی سەڕسەڕی سەردی ئەوت من ناشکێم ئەمما برا پشتی شکاندووم بێکەسی بەستوویەتی باڵم لە هاوعومری مەی و گوڵدایە ڕوو سووری و فرەح یاران وەکوو نەی جا دەناڵێنم لە پەنجا تێپەڕی ساڵم شوکر لەم دەورەدا مەزڵوومە زاڵم بەسمە من حەمدی نەما مەزڵووم و نۆبەی خۆیە زوڵمی لێ بکا زاڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەڵاتم خەلعە گەر بەرگی درۆ بۆ بەر زمان نەبڕم خەڵاتم خەلعە گەر بەرگی درۆ بۆ بەر زمان نەبڕم دەڵێن دەم ڕووتە گەر کاڵا بەقەد باڵای زەمان نەبڕم لەبەر ڕوو سەیری دڵ ناکەم خەتایە وەختی عەرز و حاڵ کە تیر زایع دەبێ گەر چاو لە ئاماجی نیشان نەبڕم بەخوێنی خۆم هەتا شیرین نەکەم دڕکی گوڵستان دەم وەکوو بولبول دەبێ چاویش لە بەزمی گوڵڕوخان نەبڕم سەدەف وەک شاخی مەرجان پڕ گەوهەر بێ هەر دەم و لێوە بەهای ئەم توحفەیی دەریایی حوسنە چۆن بە جان نەبڕم لە سوبحی نەوبەهارا ڕەنگە ڕوو زەردی گوڵستان بم وەکوو عەرعەر کە نیمە تەن لە ئەسبابی خەزان نەبڕم کڕیداری مەتاعی وەسڵتن سەوداگەرانی عەشق لە بازاڕی موحیببەتدا بەهای گەر من گران نەبڕم کەمەندکێشی سەری زلفم کە من هاتوومە دنیاوە خەڵاسیم قەت نییە تا ڕشتەیی ڕۆحی ڕەوان نەبڕم بە قورسێکی گەنم ڕەنگی بدەم حەمدی جیهان چاکە وەک ئادەم پێ بە یەک گەندوم لە گوڵزاری جینان نەبڕم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ برینداری نیگاهی دیدەیی غەممازی تۆم دڵ برینداری نیگاهی دیدەیی غەممازی تۆم کوشتەیی بێ نازی جەمعی کوشتەگانی نازی تۆم من سلووکی ڕۆژ پەرستیم کرد لە خزمەت شەونما دەرکەوێ بێ ئیختیاری ڕوو بە ڕوو پەروازی تۆم بۆ بەسەر سیمورغ و عەنقادا نەزاکەت من نەکەم کۆترێکی پڕ بە چنگی دیدەیی شەهبازی تۆم بەحری ساوای دیدەکانم وشکە سا لادە نیقاب ئەی سەنەم شەققولقەمەر کە کافری ئیعجازی تۆم ساقیا ئەسبابی عەیشت بێنە نۆبەی هیممەتە موتریبا بێ پەردە نامەرد شیفتەیی ئاوازی تۆم هەی گەروو وەک نەی بناڵە لێدە سا سینە کەمان ئەی نەفەس قانوون نەشێوێ ئینتیزاری سازی تۆم هەڵبگیرسێنە بە نووری مەی بتا ئەمجا جەماڵ شەوقی سووتانم هەیە پەروانەیی مومتازی تۆم قاعیدەی عەشقت لە بەختی حەمدی یا هەڵگرتووە بێ قەواعید ئەی سەنەم مەفتوونی حوسنی شازی تۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوراحی واعیزی ڕەندانە بێ دەنگ تا ملی نەگرم سوراحی واعیزی ڕەندانە بێ دەنگ تا ملی نەگرم لە وەعزا وەک قەدەح گوێ چۆن لە دەنگی قولقولی نەگرم بەبێ ئیزنی ڕەقیب ناگا بە داوێنێ نیگارم دەست گوڵم دەست ناکەوێ تا وەک عەسا چقڵ و چڵی نەگرم بە قانوونی گوڵان یارم لەگەڵ خەسما عەمەل ناکا لە من ڕوو وەردەگێڕێ گوڵ کە قەدری بولبولی نەگرم بە نووری مەعریفەت تەسخیری تالیع وەک پەری نەگری بە زوڵماتی دوعا چی بکەم ئەگەر پەردەی دڵی نەگرم برینی کۆهکەن دەکولێتەوە گەر من قسەی شیرین بکەم تا هەروەکوو لالە کەناری گوڵگوڵی نەگرم لە بێشەی عالەما هەر ڕێوییە هەڵسێ دەڵێی شێرە لە داغی حەسرەتم چی من کە ڕەنگی پڵپڵی نەگرم بە من چی حەمدی دنیا گەر بەهاری گوڵشەنی خەڵقە لەکن من هەر خەزانە دەست بە ساقی سونبولی نەگرم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەرامافۆنەکی دەستی زەمانم نیمە تاوانم غەرامافۆنەکی دەستی زەمانم نیمە تاوانم کە تەئریخی بەشەر موحتاجە گوێ بگرێ لە قاوانم سەری موویێ لە تەسویری منا نابێ زیاد و کەم دڵە عەینی فتۆغرافە وەکوو دووربینە چاوانم لە ئیعجازی نبووەت فەرقی کرداری زەمان ناکەم چی بینم بەحری ساوابێ چی بێتە بەحری ساوانم ئەلەرزم من لە هاژەی زەڵم و لۆمە و تانجەڕۆی تەعنە لە خیلقەتدا مەگەر من داری بێ بەینی دوو ئاوانم بچووک هەر کاری گەورە و گەورە هەر کاری بچووکی کرد خەریکی مەبحەسی گەورە و بچووکی وەخت و ئاوانم جیهان بێ باک و ئەربابی جیهان بێ هۆش و بێ پەروا مەگەر مامە خەمەم حەمدی کەوا غەمخۆری نادانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێم گەڕێن شینێکی ڕەنگین با بکەم بۆ حاڵی خۆم لێم گەڕێن شینێکی ڕەنگین با بکەم بۆ حاڵی خۆم دیدە داوێنم بە گوڵشەن کا لە خوێنی ئاڵی خۆم هەروەکوو زیبایی بەرگی خاسی بەر جانانەیە کەی لە عوششاقا بووە شەیدایێکی ئەمسالی خۆم گەر ببینی غونچە ڕەنگە هەر لە داخا شەق بەرێ نوقتەیی ئاڵی دەمی مەحبووبی دیدە کاڵی خۆم نوقڵی دا جانان بە ئاغیار و جنێوی دا بە من هەر وەکوو شاخی نەباتم دی جنێوی تاڵی خۆم ئیشتییاقی من بەجێیە عەرزی کەن وەختی ویساڵ بەم سکووتە شەرحی بۆ دەکرێ زمانی لاڵی خۆم مالیکی حوسنە بە خەتت و مۆر و توغرایی خودا ئاشنا نەبوون بە زلفی یاری شیرین خاڵی خۆم خادیمی فیکری قەناعەتکارە ئیستیغنا غەنی دائیما موحتاجە ئەلحەق ئافەرم بۆ حاڵی خۆم من لە ئەوجی ئولفەتا حەمدی ئەوەندە بەرز فڕیم تا بە نووری شەمسی ڕوومەت ئاگرمدا باڵی خۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە داوی میحنەت و دەردی زەمانە ئێستە ئازادم لە داوی میحنەت و دەردی زەمانە ئێستە ئازادم کە پابەندی سەری زلفی پەریڕوویانی بەغدادم بە بادی داوە لەیلا زلفی خاوی میشکبار ئەلبەت منیش مەجنوون سیفەت بۆیە لە وادی دیجلە بەربادم بە شۆری بولبولانەی من وەکوو گوڵ پێکەنی دلبەر وتی یاڕەب چ سڕڕێکە بە عاجزبوونی تۆ شادم لە کێوی بێستوونی عەشقییا ڕەنگێکی شیرینم کە ڕێژا جا وتم خەڵقینە بمناسن کە فەرهادم بە شاگردی نەگرتم دەستگاهی چەرخی دوون پەروەر لە بابی عالیی عەشقا شوکر ئێستاکە ئوستادم لە جەورت خۆت دەزانی شەکوە ناکەم ئەی ستەمگەر شۆخ نەوەک تەئسیری بێ جارێ لە دەرگاهی خودا دادم لە لێشاوی سرشکم دیجلە پردی تاقەتی پچڕا بناغەی جسرەکەی مۆدیشی کردە عەینی بونیادم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە عەشق و غەم کرا ڕۆژی ئەزەل تەرکیبی مەعجوونم لە عەشق و غەم کرا ڕۆژی ئەزەل تەرکیبی مەعجوونم کەمیشە بەم حەدە ئەمڕۆ کە مەحزوون و کە مەفتوونم لە باغی عالەما دێوانەیە ئەشیایی بێ حاسیل میسالی بیدی مەجنوون سەرفگەندە و خوار و مەجنوونم خیلافی ئارەزووی گەردوون و دەهری دوونە ئەخلاقم لە ڕێی هیممەت بڵیندیدا شوکر پاماڵی دوو دوونم بەسەر ناچێ ئەوی سەرگەردی دنیایی موحیببەت بێ کە ڕێگەی پێ نەبێ حەقمە بەسەر هاتن بە سەر چوونم لە حەسرەت چاوی لەیلا ڕوو لە سەحرایە وەکوو مەجنوون بە دوو مەسڕەع بە مەجبووری دەکەم زنجیری مەزموونم بە یادی باسی گوڵڕوویان لەسەر جۆباری فرمێسکم دەڵێی سەروە کە وەستاوە بە شۆخی تەبعی مەوزوونم بە خوێنی من خەیاڵی وایە ڕووسووری بکا قاتیل ئەگەر بێ خوێنی ڕوو زەردەم نەکا ئازا بێ مەمنوونم لە یارانی زەمانا شادمانیم هەر مەی و شەمعە کە هەمڕازن بە دڵ گەرمی شەوێکی وا کە مەحزوونم خیلافی عادەتی دنیا بە مەرگم شادمانن خزم کە حەمدی ناوی هەر کەس ویستی بەم ئەحواڵەوە بوونم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ڕووی تۆدا نەبێ شەرتە وجوودی خۆم تەلەف ناکەم لە ڕووی تۆدا نەبێ شەرتە وجوودی خۆم تەلەف ناکەم کە ڕۆحم عائیدی تۆیە فیدای تۆ بێ ئەسەف ناکەم شەرەف جا ڕووکەشی عوششاقە ڕاحەت خادیمی دەروێش کە دەروێش و کە عاشق بم ئیتر مەیلی شەرەف ناکەم نەفەس ساز و سەرم سەمتوورە ناڵەم نایە بەزمێکە لە تەپڵی سەر ئەدەم چەنگ و خەیاڵی دەنگی دەف ناکەم جنوونی حەزرەتی مەجنوونە بۆتە شوهرەتی لەیلا ئەگەر عەقڵم ببێ تەرکی مەقاماتی سەلەف ناکەم وەرە سڕڕی دەم و لێوت لە من زاهیر کە تا ماوم بە مەرگی تۆ قسەی مەرجان و مرواری و سەدەف ناکەم غەزەبناکە دڵ و لەعلی کە قەلبی خوێنی لێ بتکێ دەڵێ لاچۆ موحیببەت من لەگەڵ پارچەی خەزەف ناکەم حیکایەی سوبحی غونچەت تۆ لە بولبول بیستووە حەمدی خەتای کرد ئەو من ئەم باسە لەسەر چاوی خەلەف ناکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبەر ئەبرۆت شکاتی چاوی مەستت قەت بەدەم نابەم لەبەر ئەبرۆت شکاتی چاوی مەستت قەت بەدەم نابەم لە ماڵی کەعبەدا سوجدە دیارە بۆ سەنەم نابەم لەناو بەحری وجوودا گەوهەری دەمتم نەدی تا بۆت بە کەشتی تا نەکەم شوێنێ بە دەریایی عەدەم نابەم بە من بێ غەیری چاوم پێ بەسەر سەرما نەنێ حەتتا درۆیە چۆن بەخیلی من بە ئەرزی جێ قەدەم نابەم دەخیل سڕڕی دەمی ئەو شۆخە یاران مەیخەنە دەمدەم کە خەڵقی دوو زمانن من قسەی وا سەر قەڵەم نابەم لە نیسبەت گەرمی ئولفەتدایە سەردی میحنەتی هیجران غەمم لێهاتووە بمرم لەگەڵ خۆمدا کە غەم نابەم حیسابی ڕۆژی مەحشەر گەر لەسەر داغ و ئەسەف بکرێ ڕەقیب دەمرێ لە داخانا دەزانێ من کە کەم نابەم کە پێم قابیل ببینن حەمدی سەرگەردی لە کۆیی یار حەسەد بەو ئەفسەر و جاهەی کەی و جەمشیدی جەم نابەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵ ئەو شۆخەدا غوربەت ببێ یادی وەتەن ناکەم لەگەڵ ئەو شۆخەدا غوربەت ببێ یادی وەتەن ناکەم کە بۆسەی ڕوو بەسەر بێ قەت تەنەززول بۆ دەهەن ناکەم بە سەد میحنەت هەتا خوێنی شەهادەت کەوتە داوێنم وەسییەت بێ حەرامە ئارەزووی غوسل و کفن ناکەم ئەگەر دوردی پیاڵەی حەزرەتی پیرم بە قسمەت بێ سلووکی غەوسی سانی ڕابیتەی وەیسی قەرەن ناکەم لە کۆیی دلبەرا غەڵتانی خوێنم کەن بە سەد خەنجەر ئەوێم پێ خۆشترە بمرم بە دڵ مەیلی چەمەن ناکەم کە مەجنوون و کە مەفتوونی سولالەی زلف و چاوی تۆم ئەگەر عەقڵم ببێ فەرقی سەگ و ئاهووی خوتەن ناکەم بە نیوە پێکەنینێکت دڵم وەک غونچە شەققی برد لە دار و بەرد ئیتر فەرقی دوڕ و لەعلی یەمەن ناکەم سرشکم ڕەنگی بەحری ئەحمەری ڕێژاوە مەعلوومە بە تەنها بێ ئەمە تێکەڵ بە عوممان و عەدەن ناکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من بە مەجنوون دامەنێ مەحزەن کەلامی تەفرەقەم من بە مەجنوون دامەنێ مەحزەن کەلامی تەفرەقەم وامەزانە هەر مناڵانە خەریکی شەق شەقەم چونکە گاهێ هەروەکوو دێوانە کێوانە جێگام وەک چەقەڵ گاهێ لە چەمدا هەمدەمی بۆق و ڕەقەم گەه دەگێڕم ئاشی میحنەت هەر بە لافاوی خەیاڵ نەی گروو بەردە دڵ و بەستەجگەر دەم چەق چەقەم نەفسی کافر مانیعی مەجرایی ئاوی جۆگەیە بۆ بناوانە خەریکی بەستنی ئەو ئەحمەقەم گەه زەوی قووتم ئەدات و گەه فەلەک جەزبم ئەکا ئەم بە تێهەڵدانی شەق ئەویان بە هێزی پێلەقەم سا خودا جا وەختی ڕەحمە بمخەرە سەر ڕێی نەجات چونکە بەرد و خاکی ڕێگەی ئەو شەفیعی موتڵەقەم هەر وەکوو کوێری سەراسیما کە ڕێگا گوم بکا وێڵ و سەرگەردانە حەمدی گوێ قوڵاغی یەک تەقەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەنۆشێ ئاوی گوڵ بولبول منیش نەینێمە سەر دەم دەم نەنۆشێ ئاوی گوڵ بولبول منیش نەینێمە سەر دەم دەم دەبێ ئەو شیوەنی گوڵ، گوڵ بکا من گریەیی دەم دەم کە جامی مەی کوڵی گریەی سوراحی دی دڵی پڕ بوو بە چاوی پڕ لە ئەشکی خوێنەوە فەریادی کرد جەم جەم وەهامزانی جەنابی غەم لە دڵدا جێی نییە هەم هات گەلێ ماڵی دڵ ئاوا بێ کە دای جێگە و بەشی هەم هەم فەرەح گەر هاتە کن من ناعیلاجم ئەیدەمە بەر شەق لە یاری نامووافیق خوا نەخواستە نەک بخوا غەم غەم ئومێدی کردەوەی شیرین لە ناشرین دەبێ نەکرێ ئەوی جۆیایی لەعلە قەت شکی ناچێتە سەر تەم تەم دەبێ تەشبیهی ڕوخساری بە قورسی خۆر بکەم نەک مەه لەگەڵ ئاوی حەیاتا مەی قیاس ئەکرێ نەوەک زەم زەم لە قورسی ڕوومەت و غونچەی دەمی حەمدی سوئالێکە لەسەر زۆر زۆرە ئیحسانی جوانمەردان لەسەر کەم کەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وا عەجەب ماوم کە ماوم بۆ بەبێ تۆ نامرم وا عەجەب ماوم کە ماوم بۆ بەبێ تۆ نامرم وامدەزانی کەڵکی ئانی هیجری دلبەر ناگرم شێخ و دەروێش و مرید و جاهید و پیر و جەوان گەر بەبێ عەشقت موسڵمانن ئەوا من کافرم ئەم سەری ڕووتە لەبەر بێ قودرەتی عاشق نییە تاجی خورشیدم لەسەردایە کە شێتی قادرم وەک مەجووسی عالەمێ سوجدە دەباتە عاشقت چونکە سووتاوی فیراقی تۆم و پشکۆی ئاگرم چونکە مونکیر زۆرە قوربان وەرە تۆ بنوێنە ڕوو یا قەمەر وەک سینە شەق کەم قورسی ڕۆژیش داگرم مەسکەنم مەیخانەیە مەستی شەرابی ئولفەتم حەزرەتی ساقی دەزانێ سڕڕی قەلبی زاکیرم تو خودا ڕەحمت ببێ ڕووی دڵ لە حەمدی کە دەمێ با ببێتە مەزهەری نووری خودایی زاهیرم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەفا پێوەندی کردووم و موحیببەت کۆت و زنجیرم وەفا پێوەندی کردووم و موحیببەت کۆت و زنجیرم وەگەرنە دەست و پێ هەر باقییە مەعلوومە تەدبیرم بە دەستی تۆ بە کوشتن چم ڕەزام ئەی نازەنین دلبەر بە تەنسیبی ڕەقیبانت نەکەی بەو شەرتە تەکدیرم لە دیوانی جەماڵا حاشیەی زلفت موتالا کەم بە ئیمانێکی کامیل گوێت ئەگرت ئەوسا لە تەقریرم خودا بمکاتە قوربانی شوعاعی ڕوومەتت ئەی مەه کە ڕۆژت دێتە سەر قاپی دەڵێ موحتاجی تەنویرم بە سەییادی لە پارێزی منا بوو تورکی تیرەنداز بە چوونم پێکەنی فەرمووی ئەجەل هێنایە بەر تیرم بە دارا کردنی مەنسوور ئەگەر حەق بوو لەسەر حەق بوو ئەگەر ناحەق بڵێم حەقمە ببوورن سا لە تەقسیرم لە سایەی عەشقەوە گەییە مەقامێ زوعفی من حەمدی لە بازاڕی دەگێڕن وەک نموونە لەوحی تەسویرم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە وەک شەونم لە داوێنی گوڵا دوڕڕی خۆشابێکم کە وەک شەونم لە داوێنی گوڵا دوڕڕی خۆشابێکم لە میعراجی موحیببەتدا نیساری ئافتابێکم سەراپەردەم لە کووچەی مەوجی دەریایی وجوودایە بەسەر گەردابەوە تاجی موزەییەن وەک حوبابێکم غوباری خاکی شەیدایانە ئەم خاکە لە کۆیی یار سەبا وەختی تەیەمموم چاوەڕێی تۆزە توڕابێکم بە مەستی خوێنخواری من لە حەشرا دیدە هەڵدێنێ کە مەستی دیدەیی مەخموورتم جامی شەرابێکم لە ساقی گەردنا دڵ حەپسی زنجیری سەری زلفە بە ڕەغمی ئەم حەسوودانە ئەڵێی مالیک ڕیقابێکم فەلەک گەر پاک تینەت بێ نە ئاڵۆزێ هەوا ئەی مەه ڕەقیب شەیتانە بۆ ڕەجمی دەبینی چۆن شەهابێکم لە ڕووی پشکۆ چییە ئەسبابی سووتانت وتم ئەی خاڵ لە بەزمی مەعنیی حوسنا وتی من میشکی نابێکم لە ماڵ ئاوایی دنیا گەر غەنی ئاسوودە بێ کفرە لە کولفەت من کە موستەغنیم شوکر خانە خەرابێکم چرۆی کرد عیززەتی نەفسم فەقیری نۆبەرەی هێنا کە موستەغنی لە هەر مەتڵەب لە ناخۆشی جەوابێکم لە وەششمسا نییە ئەم ڕووپەڕە وەرگێڕە باسی زلف لە وەللەیلا خەریکی شەرحی تەفسیری نیقابێکم بە سفرەی بادەنۆشان لازیمە ئەشعاری شۆرەنگێز چ خۆشە پارچەکەم جانا عەجەب لوقمە کەبابێکم لە حەمدی لادە زاهید ناکەوێتە داوی تەزویرت کە تۆ مەجبووری شەخسێکی منیش مەفتوونی شابێکم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیلاهی ئەم گرووهی کوردی بێچارە چ مەزڵوومن ئیلاهی ئەم گرووهی کوردی بێچارە چ مەزڵوومن بە شەوقێ دەبنە پەروانە، بە کبریتێ ئەڵێی مۆمن کەسێ پرسی لە حاڵی نیک و بەدیان هاتیفێ فەرمووی هوما تینەت، مەلەک سیرەت، بەشەر سووڕەت، بەخت شوومن کە باسی ئاینی پرسین، وتی مەعشووقە ئەیزانێ بە زاهیر نە موسڵمان و نە گەبر و ئەرمەن و ڕۆمن لە مەعنادا کە تێفکری موقەییەد نین بە سەد زنجیر لە مادیدا بە موویێکی موحیببەت حەپس و مەحکوومن لە مەیدانی عەدەمدان و کە چی مەوجوود و سەربەستن لە بازاڕی وجوودان و کە چی دەنواڕی مەعدوومن لە زوڵماتی جەهلدا نین، کە چی مەجهوولن و غایب لە عینوانی عیلمدا نین، کە چی مەعرووف و مەعلوومن لە هیجرا وەک پڵنگ ئامادە بۆ تەسخیری دڵداران لە خۆشی خۆشیی وەسڵا هەموو حەیران و مەحروومن لەبەر هیممەت بڵندی ئیرتیکابی سوفڵەیی ناکەن بەڵێ جورمە ئەمە ئەمڕۆ ئەگەرچی پاک و مەعسوومن وتم قوربان بزانە لەو گرووهەی دادەنێنحەمدی وتی فاریغ بە نابینی ئەوانیش میسلی تۆ شوومن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو کەسانە دائیما مەنزووری دوو دیدەی سەمان ئەو کەسانە دائیما مەنزووری دوو دیدەی سەمان وا بەکەیف و ئارەزووی دەوران لەسەر ڕەقس و سەمان پاک تینەت گەر لە بەحرا بێ بە قیمەت هەر دەگا قەترەیێ ئاوە کە دەیکاتە جەواهێری زەمان من لە توندی ڕاست مەشرەب زەڕڕەیێ باکم نییە بۆ لە دڵ تیر دانە پێچی کەچ تەبیعەت وەک کەمان حیرەتم ئەبنایی ئەم عەسرە بکەم تەشبیهی چی شێری غەڕڕانیش کە نابێ وەک ئەمان بێ بێ ئەمان مردنی ئەم ڕۆژە ئیسپاتی حەمییەت کردنە عارە بۆ شێران لە بەزمی ڕێوییانا لەحزەمان باسی خوبان کە لەباتی حۆرییان واعیز کە حوور تۆ بە شاهێد بە لە جەننەت کەس نییە غەیری ئەمان جەلبی غەیری پێ دەکا ڕەغبەت بە سۆفیدا کە شێخ حەمدی بۆ تەفرەی فەرەح بیدە لە دڵ جێگەی غەمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: با لە ناوا خەڵقە ناوی سووئیزەن هەر هەڵگرین با لە ناوا خەڵقە ناوی سووئیزەن هەر هەڵگرین یەک بە یەک بینین و عیبرەت با لەدووی ئەحوەل گرین گەر بەری لیمۆ بدا شیرینە ئەمڕۆ ڕەنگی زەرد بۆ خەلەف حەیفە بەری تاڵی وەکوو حەنزەل گرین داری ئومێدی بەنی ئادەم گوڵی گەندوم دەکا داوەشینە ئادەمی بین و کە چی خەردەل گرین قافڵەی زەحمەت بیابانی موحیببەت تەی ئەکا بەم هەوایە وەک تەیارە باڵی هەروەک مەل گرین لەم بیابانە وەکوو مەجنوون بە یادی چاوی لەیل بەسیە سەر گەردی کە گەردین دامەنی مەحمەل گرین پڵپڵی عوششاقە پێوەندی موحیببەت تێک ئەدا حەڵقە حەڵقە یەک بە یەک وەک سیلسیلە پڵپڵ گرین سەر دەرێنن وا زەمانە بازی شاهی بەر ئەدا بۆ سییەه بەختی هەتا کەی دەس بە قاچی قەل گرین وەسڵی شیرین بۆتە عادەت تێشە بازی پێ ئەوێ مەشقی فەرهادە بە تێشەی ئاهەوە سەرکەل گرین هەر لەبەر بەرزبوونەوەی ئەم کوردە ژێر پێ کەوتووە دامەنی مەندووبی سامی پەنجەیی مس بێڵ گرین وا لە زوڵماتا برا گەل ئاوی جاویدانی حەق بۆ کەشف دەستی منەووەر هەروەکوو مەشعەل گرین باعیسی فەخرە ئەمیر ئیبنی ئەمیرە بۆ حقووق دامەنی زیللی جیهانگیری مەلیک فەیسەل گرین لوتفی شاهانە و سەخایی حاتەمانەی ئەو هەیە کاری زەحمەت با بە دەستی جوودی ئەو ئەسهەل گرین جەوهەری ئاوێنەیی دڵ ژەنگی زوڵمی گرتووە با بە تۆزی عەدلی ئەو شەوقی وەکوو مەسقەل گرین تا کەی ئەم کوێر و شەلە ئیشغالی فیکری ئێمە کەن دەستی کوێر بردن یەکی بەردێ لە قاچی شەل گرین گەر بە گوێی حەمدی دەکەن فرسەت لە دەس با دەرنەچێ با بەجارێ زوو بچین و سەر مەکینەی تەل گرین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ بە نینۆکی ئەسەف ئەمجا نەکەومە سەنگ جنین بۆ بە نینۆکی ئەسەف ئەمجا نەکەومە سەنگ جنین کەوتە دەم عالەم کە ناوم هەروەکوو نەقشی نگین گەل گەلی ئاهووی خەتا هاتوونە تەبریکاتی زلف بوو بە ساحێب خەتت و توڕڕە هەر وەکوو خاقانی چین با ملم وەک قومری ئاساری بمینێ تا حەشر ئەی تەبیب دەرمان مەنێرە سەر برینێ سەر بڕین کوشتنم بەم دار و بەردە ڕەمزی تێدایە ڕەقیب فەیز بەخشایە کە دار و بەردی شەخسی عارفین ڕوخسەتی وەسڵی کە دایە دەس ڕەقیب جانان وتی جائیزە ئیستا سلووکی ئەجنەبی بۆ ئەهلی دین ئەو بتە ئەسپی کە جەولاندا لە سەحرای ئولفەتا سوجدەگاهێ بوو وەکوو بتخانە بوو بێ ماڵی زین لەم تەلاشە مەقسەدی سامان و دەوڵەت کەی بووە هەر بەسەر عالەم دەگێڕێ جوستوجۆی مردنییە ژین دەستی قاتیل سەوز و خوێنم سوور و ڕەنگ زەردم کە من ئەم هەموو ڕەنگە ئەڕێژم حەیفە شادیم کەن بە شین حەمدی نێزیکی نیگاری قەت لەلا مەتڵەب نییە چونکە داغێکی بە دڵیا ناوە بۆتە دوور بین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەبێ جیلوەی گوڵی ڕوخساری شێوە یاسەمەن مەحزوون بەبێ جیلوەی گوڵی ڕوخساری شێوە یاسەمەن مەحزوون دڵی نەسرین پەشێواوە و لیباسی نەسترەن مەحزوون خودا نەبڕێ لە سندووقچەی هەوادا بۆنی ئەو زلفە میسک ڕووڕەش نەبێ بەڵکو نەبێ ئاهووی خوتەن مەحزوون بە یادی ئاوی پەیکانی دووبارەی دەستی ڕەنگینت شەهید و لێوی زەخم و مەغسەل و ڕەنگی کفن مەحزوون بەبێ سەروی خەرامانی قەدت غەمبارە لێوی جۆ بەبێ سەوزەی بە ڕوودەوری دەمت سەحنی چەمەن مەحزوون بە کەم مەڕوانەرە فرمێسکی مەحزوونانی هیجرانت فورات و دیجلەیە چاوم ئەکەن بەحری عەدەن مەحزوون لە لانەی خۆی بڕا دڵ بولبولانە کەوتە دوت ئەی گوڵ وەتەن مەحزوونە بۆ ئەو، ئەو دەناڵێ بۆ وەتەن مەحزوون لە خاکی بێستووندا لالە وەختێ سەر کە دەردێنێ کفن خوێنین و دڵ داغە میسالی کوهکەن مەحزوون بەبێ خورشیدی ڕوخسارت لیباسی تەعزییەی پۆشی سەراپەردەی فەلەک وەک گونبەدی بەیتولحەزەن مەحزوون بەدوی ئەو شۆخەدا لەو ئانەوە ڕۆحم چووە حەمدی بە جێی خۆیی گەیشت ئەمما من و عوزوی بەدەن مەحزوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاجداری گوڵشەنی حوزنە گوڵی خەندانی من تاجداری گوڵشەنی حوزنە گوڵی خەندانی من شۆری بولبول کەی دەگاتە زەمزەمی گریانی من گەر لە یار جیا نەبمەوە ڕۆحم بکێشن نامرم چونکە هەر ڕۆحی ڕەوانە دلبەری جانانی من هەر وەکوو ساقی فەلەک ئەم دەور و چەرخەی بۆ منە تا لە خوێنی دڵ پڕی کا دیدەیی فنجانی من داخلی فەهرەستی تۆماری فەلاتوونی نەبوو هەر نەسیبی دوژمنم بێ دەردی بێ دەرمانی من گەر بە چاوی من دەبینی یەک سبەینێ ڕوویی یار جا دەزانی حیکمەتی خۆکوشتن و گریانی من جەننەت و دۆزەخ لە کولبەی عاشقاندایە وەسڵ ڕەوزەیی ڕیزوانە دۆزەخ ئاگری هیجرانی من چەندە خۆشەحەمدی جارێ بێتە ئەم وێرانەیە جا دەبێتە قەسری جەننەت کولبەیی ئەحزانی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تورفە شۆخێکی وەکوو یاری ئیتر نابێ جیهان تورفە شۆخێکی وەکوو یاری ئیتر نابێ جیهان قەترەیێکی گەوهەرە دەریایی بێ ئاوی نیسان ڕاست مەشرەب ئاوی چەشمەی کەچ تەبیعەت قەت ئەخوا هەر بە تینوویی دەمینێ تیر لەسەر بەحری کەوان تەنگ رۆزی بوو بە ناهەق هەر لە گەردوون تەعن ئەدەن مووچەیی یەک ڕۆژی خۆیە ئەو کە هەریەک تاقە نان قابیلە ئیسکی ببێتە لوقمەیی خاسی هوما عیززەتی نەفسە بڕیویە نانی ساحێب هیممەتان هەر کەسێ جیلوەی کە بەرکەوت عالەمێکی داڕزاند عەسری ئێمە کەوتە تەتبیقی قسەی مانگ و کەتان وا لە کونجی لێوی خوبانی زەماندایە عەدەم گۆشەگیری دیدەیانە فیتنەیی ئاخیر زەمان ئینتیزاری نیعمەتی مومسیک دەزانی وەک چییە بت پەرست ئومێدی غوفران کا لە گوفتاری بتان یا دڵی نەشکاوە قەت یاخۆ لەبەر بێ عەقڵییە وا لە لای زاڵم دروستە هەر بە ناحەق دڵشکان تەرکی دنیام وا لە داغی سفڵە و ئەحمەق کردووە ڕێی ئەوانی تێکەوێ شەرتە نەکەم سەیری جینان سەر تیاچوونە خوماری نەشئەیی کیبر و غروور ئەی بەهاری شێتی ماڵ کاول بوەستە بۆ خەزان هیجرەتە حەمدی عیلاجی دەردی هەمسایەی خراپ ئەمسەر و ئەوسەر خەریکی گەستنی لێوە ددان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیارە پشت لە مردن بەستنە خۆ ڕوو لە تۆ کردن دیارە پشت لە مردن بەستنە خۆ ڕوو لە تۆ کردن قیامەت هەڵبسێ خۆشە لە ئیشی ڕووبەڕوو کردن چ دینێکە ئەمە نەمبیستووە مەیخانەیی کەعبە نیگاهی مەست حەرامی کردووە سەیری برۆ کردن چ خۆش کەیفە مناڵانە خەریکی یارییە یارم سەرم بەر شەق ئەدا خۆشە دەڵێ کەللە بە گۆ کردن هەتاکەی هەر بە هەشت قاپی دەزانی ڕێی بەهەشت واعیز لەگەڵ دەرگاهی یارا کفرە بۆ چی هەشت بە نۆ کردن بە عومری خۆی قسێکی ڕاستی کرد شاهم ئەویش مەست بوو وتی وەک لازیم و مەلزوومە بۆ گەورە درۆ کردن مەسیحایی دەکا عەشقت لە ئیحیاکردنی مندا بە وشکی شاخی ئومێدم دیسان کەوتە چرۆکردن موعەللیم مەشقی جەلبی غەیر لە فکری چوو بە بارێکا ئیلاهی چەندە ئوستادە لە کاری خۆبەخۆکردن بە یەک غەمزە لە خۆی و عالەمت کرد حەمدی بێ چارە چییە چارەی دەخیلت بم بفەرموو تۆ لە تۆ کردن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زلفەکانت وا لە دەوری ئەو دەمە جەولان ئەکەن زلفەکانت وا لە دەوری ئەو دەمە جەولان ئەکەن هەر دەڵێی دوو مارە پاسی چەشمەیی حەیوان ئەکەن خاسی مەستانە کە لوتفی دڵنەوایی ئەی سەنەم دیدەکانت بۆ چی دائیم ئارەزووی عینوان ئەکەن جووتە ئەبرۆت دائیرەی کێشا بە ڕووتا وەک هیلال شەو لەبەینایە وەگەرنە شەوقی خۆر پەنهان ئەکەن من دەزانی بۆ منەتباری سەری گێسوویی تۆم موو بە موو باسی پەرێشانی شەوی هیجران ئەکەن غونچەکانی گوڵشەنت هێنایە گریە پێکەنیت لێوەکانت ئیدیعای خوێنی گوڵی خەندان ئەکەن چاوی تۆ دەرکەوت خرۆشێ کەوتە بەزمی مەیکەشان بۆ خوماری هەر یەکە فریادی دوو فنجان ئەکەن عاشقان ئەبرۆی ببینن حازرن بۆ سەربڕین حەمدی یا ئەمما ئەوانیش ئیدیعای فەرمان ئەکەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهنشا ئەو گەدایانەن لە تەختی دامەنا گەردن شەهنشا ئەو گەدایانەن لە تەختی دامەنا گەردن کە چوونە عالەمی باڵا دەکەونە عەرشی سەرگەردن هەواخواهی سەریر و تاجە هەرکەس وەک منی شەیدا وەکوو پووش و پەڵاشی ڕوویی دەریا وێڵ و سەرگەردن بە بادم دا لە ڕوو سووری بتانا خەرمەنی عومرم نەگەیمە پەڕڕەکاهی ئەو گەدایانەی کە ڕوو زەردن بە نووری مەی لە مەیخانە ڕەفیقان خۆ بسووتێنن وەکوو پەروانە شەمعی بەزمی ڕەندان بن ئەگەر مەردن کە سابیت بوو لەعل نوتفەی خوڵاسەی سەنگی خارایە چ یارایە ئیتر شەکوەی لەعلڕوویان کە دڵ بەردن چراخانی شەوی شەونم لە ڕووی گوڵدا فەرەح بەخشە بە یادی بولبول و پەروانە ئەلحەق هەردوو هەمفەردن لە دڵما عەشقی نووری ڕوومەتت وا گەرمە حەیرانم بە باسی من عەرەق ناکەن ئەوانەی خەسم و دڵ سەردن کە شایع بوو دەپرسی حاڵ و وەختی دەردەدارانت هەموو تووشی وەرەم بوون ئەو بەخیلانەی کە بێ دەردن لە تەختی نەردی دنیادا مەکە تۆ تەجرەبەی تالیع بهاون مۆرە حەمدی با ئەوانەی ساحبی نەردن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەرخۆچوونی عوششاقە ئەگەر حاڵی لەسەر خۆ بوون لەسەرخۆچوونی عوششاقە ئەگەر حاڵی لەسەر خۆ بوون لەسەرخۆبوونی مەخلووقاتە حاڵاتی لەسەر خۆ چوون بزانە ماڵ و دەرکی پێکەوە قابیل بە کەس دیوە چ بێ دەرک و کەماڵە ڕەببی چەندە ناقیسە گەردوون نەجاتم بوو لە دەس دڵ کەوتە داوی زلف و ڕووی شەمسی کە وەک زەڕڕە لە داوی شوعلەدایە نایەوێ بەربوون کە من مەستی مەی نابم ئیتر من مەستی مەی نابم شکاندی ساقییا بازاڕی مەیخانەت لەبی مەیگوون چ دەربەستم لە بەزمی خەڵوەتا یادم نەکا جانان جەلالی عەشقی مەهڕوویان بەسە بۆ عاشقی مەفتوون برا بۆ ئەم ڕەقیبانە ئەمەندە من دەبوغزێنم وەکوو ئەو شاهیدی زووری مەحاکیم بێ منیش مەزنوون بە چی تەشبیهی کەم جارێ لە باسی ئەو دەمە دەمدەم لە دەریای فکرما هەروەک گوهەر دەرناکەوێ مەزموون نەسیحەت بگرە گوێ ناسیح لە کاری عاشقان مەدوێ کە نابەستێ پەلی شێری ژیان ئەفسانە و ئەفسوون سەراپەردەی عەقڵ پێش خزمەتی وەک حوزنی پێویستە بە لەیلا گەر بگا یاخۆ نەگا مەسروورە هەر مەجنوون مەساماتم هەموو دەم بێت و مووم هەر یەک زمانێ بێ بکەم شوکری ئەوەی حەمدی کە کردوویە دڵم مەحزوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من و پیری خەرابات و دەری مەیخانە تا مردن من و پیری خەرابات و دەری مەیخانە تا مردن من و ساقی و مەی و جام و قسەی ڕەندانە تا مردن بڕۆ زاهید موبارەک هەر بە تۆ بێ مەسجید و میحراب من و ئەبرۆی بتان و گۆشەیی بتخانە تا مردن مەکۆگای دز وەکوو خەڵوەی موریدی شێخە بۆ چیمە من و بەزم و نیگاهی دلبەرم مەستانە تا مردن لە شەوقی عەشقەوە من مەشعەلی بەزمی حەریفانم وەرە پەروانە بڕوانە ئەمە سووتانە تا مردن لە ئیجلالی گوڵا شەیدایە بولبول دۆستی ئیقبالە وەک ئەهلی ئێستە ئەلبەتتە بەشی هیجرانە تا مردن بەناز نازت دەکێشن عاشقان دەشڵێن گرانجانە بە ڕۆح نازت دەکێشم من لەلام هەرزانە تا مردن لە پشکۆی غونچەیی لێوت بڵێ هەرچی کە پێت خۆشە دەبا ڕەحمەت نەبێ زەحمەت بدە و بەسمانە تا مردن مەداری ئیتتیهامم سووئی زەننی یارە بەم عەشقە بڵێن ڕەنجی عەبەس دەردێکی بێ دەرمانە تا مردن جەفای دلبەر مەڵێن ناخۆشە، خۆشە گەر قەدرزانە وەفای خۆت تۆ بکە و بنواڕە ئەو عینوانە تا مردن وتم بۆ تەجرەبەی ئەهلی موحیببەت خۆت مەڕەنجێنە بەشی ئەو تاقمە مەعلوومە، سەردانانە تا مردن لە بەینی ئەرز و ئەفلاکا ئەوی وەک زەڕڕە شەوقی بێ ئەساسی خیلقەتە حەمدی کە سەرگەردانە تا مردن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕێگەمانە بۆ عەدەم دنیا کە ئێمە ڕەهڕەوین ڕێگەمانە بۆ عەدەم دنیا کە ئێمە ڕەهڕەوین لەم کونی گەروە هەتا بێ سروە نابێ بسرەوین هەر بەشی شەوقێکە وەک شەونم کوڕی ڕۆژە زەمان شەمع و پەروانە و من و یار مەردی مەیدانی شەوین دەعوەتی سەیدی بە هەم جنسێکی خۆی سەییاد ئەکا ئیحتیاج ناکا بە دەعوەت ئێمە میسلی کەو کەوین ئەی سەنەم مەشغوولی بێدارانی ئولفەت بە دەمێ بانگی هەڵهێنانی چاوی ئێمە نەبووە کڕ خەوین من منی و تۆ تۆیی عاشق خاسی خۆمانە سەنەم جاڕی هیجرانە لە وەسڵا هەرچی مەیلت بێ ئەوین سەیرە ماندووبوون لە دنیایی موحیببەتدا نییە ڕوو بەدووی لەیلا وەکوو مەجنوون خەریکی سەر ڕەوین عاشقان کەوتوونە میعراجی موحیببەت ئەی ڕەقیب مۆڵەتێ تووبی خودا لەم پلەیە تا سەرکەوین عاشقان فەرهاد و مەجنوون دلبەران شیرین و لەیل نسبەتەن دیارە کە ئێمەش وەک ئەوانین و لەوین حەمدی گیرا کۆزەر و بەر بای هەموو خەرمانی عومر ئێمە بن بێژینگ و نەختێ دار و بەردی سەرکەوین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر تەقازای عەشقە هەڵکەندن ڕەفیقان بێستوون گەر تەقازای عەشقە هەڵکەندن ڕەفیقان بێستوون با بە تێشەی ئاهەوە هەڵچم لە چەرخی بێستوون هەر دەڵێی کاسەی سییەه بەختانی عەشقە ئاسمان بۆیە دائیم هەر ڕەشە و خاڵی سەرە و ژێرە و نگوون خۆزگە مەوجی خوێنی شەیدایانی ئولفەت یەکدەکەوت هەڵگری ئەم ئاسمانە بەڵکە هەروەک بڵقی خوون مەنعی من بۆ چی دەکەن ئەم خەڵقە نازانم کە گوڵ دەرکەوێ بولبول لە دەس خۆیایەتی شەیدانەبوون ڕەسم و ئادابی موحیببەت تێگەیین تێکی دەدا ئافەرم جیننەت لەگەڵ عەشقا کە نیتە چەند و چوون بت پەرستن خۆ ئەو لە من زیاتر لە ڕاستی ئەو بتە میم و لام و کاف و ئەلف و نوون و سین و ئەلف و نوون ئینتیزاری دڵ مەکە حەمدی لە حەڵقەی زلفی یار بەر ببێ توولی ئەمەل پێویستییە عومری فزوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەلێ ملپان و سەرزل تووشی من بوون گەلێ ملپان و سەرزل تووشی من بوون وەهام زانی کە سۆفین سەیر ئەکەم جوون مەلا ملیان کە نا کەوتنە درێژە هەتا زووکەی درەنگە چاری دەرچوون بڵێ بەو خوا پیاوانەی دەری دۆست لەوێوە عەیبە بەخوا بۆ بەهەشت چوون لە دەریای فیکری حوسنت بولبول و دڵ هەتا دەرچوو گوڵ و غونچە بەسەر چوون سەبا باقڵ لەسەر ڕوو زلفی لادا بەلێڵی دیدەکانم ڕوونی ئەو ڕوون بەچاو ڕوو نیمەوە هاتن ڕەقیبان بیحەمدیللا ڕەزا قورسانە کوێربوون بەزۆری زانی ئوستادی موحیببەت وتی تا گەییە وەللەیل خوێندی مەجنوون بە چاو و دەم قەسم حەرفێ لە قورئان لە فکرمدا ببێ یا سادە یا نوون بە جورمی مەستی کوشتن حەمدی خۆشە بە شەرتێ بیمژم لێوانی مەیگوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هێند وتم خەڵقە مەبن عەیبە ئەوەندە دوو زمان هێند وتم خەڵقە مەبن عەیبە ئەوەندە دوو زمان وا لە داخانا شەقی برد و زمانم بۆتە دووان بێ زمانی خۆشە وەک مەڕ گەر سەری نەبڕێ قەساب با زمانێکت ببێ پەیدا بکەی حەققی ژیان قوڕ مەدە ئەمڕۆ بە دەمتا قوڕ بەسەر خۆتا بدە با نەڵێن کەر بوو گرێی دەستی نەخستایە ددان پیاوەتی گەر هەر عیبارەت بێ لە مووی ڕیش و سمێڵ بەش بە کەس نادەن بزانە جوولەکە و سابرێنەکان تانجەڕۆ و سیروانە تێکەڵ یەک بوون وەک دیجلەیا ئابڕوو خوێنی دڵی کوردانە هەردووکیان تکان پارە پارە جەرگی میللەت سەرف ئەکەن کەی پارەیە پوولە پوولەی گەورەکانە بۆتە ئەسبابی قڕان ماڵی میراتی بە هەرزان حەمدی مەفرۆشە کە شێخ بۆیە بەدناوە بە هەرزانی فرۆشتووە دینمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باڵی کێشاوە بەسەر حوسنا لە دوو لاوە برۆ باڵی کێشاوە بەسەر حوسنا لە دوو لاوە برۆ وەک هوما گەییە مەقامێ پێی لەسەر چاوە برۆ ئەمری هەر قەتلە ئیشارەی دڵ بە دوولەت کردنە شیری میسرە قەت لە کالانا نەوەستاوە برۆ ڕوتبەیی باڵا بە ئینسانی بچووکی قەت مەدەن چۆن لە ڕووی ڕۆژا بزانە شیری کێشاوە برۆ پەنجەیی ئیعجازە سایەی ما لەسەر شەققولقەمەر یا لە قاپی مەستی نازا حاجیبی ناوە برۆ بۆیە ساف و تیژە وەک خەنجەر لە بەختمدا سەبا بەو هەسانی مەککەیەی زلفانەیی ساوە برۆ ڕەنگە قەت ئەهلی موحیببەت یەک کەسی لێ دەرنەچێ تیغی ڕاکێشاوە ئەمری کوشتنی داوە برۆ وەک چەمەن حەمدی بە خەتتی وردە تەعریفی بکەی چونکە ئەو ڕەیحانەیە تەعریفی هەر ماوە برۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێستوون تۆزە سەنەم نیسبەت بە ئیستیغنایی تۆ بێستوون تۆزە سەنەم نیسبەت بە ئیستیغنایی تۆ حەقیە ناگاتە خەوی شیرینی گەردی پایی تۆ من دوعاگۆی سەرکەشی تۆم نەمکوژی لەم وەختەدا ناکەوێتە سەر جەنازەم سێبەری باڵایی تۆ تۆ لە خەو هەڵسی هەڵێ خۆر بەزمی حوسنت گەرم ئەبێ ئەی سەنەم ڕۆژە مەزەننە پەنبەیی مینایی تۆ شک نییە جیسمی لەتیفم گەر وجوودێکم دەبوو بۆ چی جارێکی نەدیوم دیدەیی بینایی تۆ حوسنی تۆ ئیعلانی ئیستیقلالی کرد لەم عەسرەدا هەیئەتی خاسی وجودی دەوڵەتە ئەعزایی تۆ عەکسی ئەحواڵی جیهانە حاڵەتی دنیایی عەشق موحتەرەم نابێ هەتا عاشق نەبێ ڕیسوایی تۆ هەر لە زددی قاعیدەی عیلمە کە جەمعی زد ئەکا مەست و هوشیارە سپی و ڕەش نێرگسی شەهلایی تۆ شەرحی خزری داوە سەبزەی مەیکەدەی پیری موغان چەشمەیی ئاوی حەیاتە کوپەیی سەهبایی تۆ حەمدی کورت کورتە قسەت ئاڵۆزە فکری ئەمشەوت باسی پەرچەم کە گەلێ شێتی ئەکا سەودایی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ لە دنیا دەرچوو دنیا خۆ لە دڵ هەر دەرنەچوو دڵ لە دنیا دەرچوو دنیا خۆ لە دڵ هەر دەرنەچوو چارە دەرچوونە هەتا عیزز و شەرەف زیاتر نەچوو ئاگری گرت کولبەکەم ئەمشەو بە پرشنگی فیراق تۆ لە دڵما بووی لە ترسا ڕۆحەکەم بۆ دەرنەچوو زۆری وت واعیز بە چاوی تۆ بەچەی پەیمانەگێڕ گوێم نەدایێ قەت دڵم بۆ ساقیی و کەوسەر نەچوو هەر بەسەر تیغی برۆیا دەستی هەڵێنا کوشتمی حەقیەتی شاهید وتوویە دەستی بۆ خەنجەر نەچوو بۆ تەماشای کوشتنی شەیدابوانی شەمع و گوڵ بولبول و پەروانە چوون و دڵ لەبەر دلبەر نەچوو هەر وەکوو نەشتەر دەماری دڵمی دەرهێنا موژەت چوو بە جەرگی ئاوێنەشدا هەر وەکوو نەشتەر نەچوو دلبەرم تەعنەی لە لەیلادا وتی مەجنوونی تۆ چۆتە دەفتەر ناوی وەک حەمدی بەسەر دەفتەر نەچوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری عینوانی ئیشارەی ئەمر ئەدا مەعنا برۆ سەیری عینوانی ئیشارەی ئەمر ئەدا مەعنا برۆ یەعنی گەر نیتە برادەر مەیلی شیربازی بڕۆ نرخی خەرموهرەی نییە گەوهەر لەکن سەڕڕافی عەسر کومەڵێکم ئیستیقامەتدا بە تەنها یەک درۆ من درۆم دیوە لە باغی عالەما سەوزیش بووە سووکی و ڕیسوایییە وەختێ ئەدا غونچە و چرۆ ئاشنایی قەت لەگەڵ ئەحمەق مەکە گەر عاقڵی حەیفە بۆ تووتی لە تەیرا بێ بەکەر خۆری گرۆ یەک قسەی ڕاستیش بکە بەڵکوو درۆت بۆ سەر گرێ مەنجەڵێ ژەک قەترەیێ شیرە کە دەیکاتە فرۆ مەنزڵی دوورە درۆزن سەیری ناکەی حەمدی یا ئەم قومارە هەر کەسێ ئەیکا زوو دەبێ سووک و تڕۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عاشق و سۆفی لە خوڵقا ئەم مەلەک شەیتانە ئەو عاشق و سۆفی لە خوڵقا ئەم مەلەک شەیتانە ئەو پیری بادە و شێخی تەکیە ئەم بەشەر حەیوانە ئەو ڕازی عیشقم بردە لای زاهید وەکوو کەر گوێی لەقان حاڵی بووم خاڵی بوو ملپانە خەریکی نانە ئەو نووری مەی فەرقی لەگەڵ شوعلەی ئەلەتریکا هەیە ئەم چرای ئافاقی فیکرە و خاسی کۆڵانانە ئەو من کە دەسلەملانی شیشەم هەر بە یادی گەردنە ئەم مل ئەشکێنم کە دەرخا گەردن و گەردانە ئەو زامی ناز و زامی خەنجەر پێت بڵێم فەرقی چییە چاوەڕوانی مەلحەمە ئەم دەردی بێ دەرمانە ئەو عاشقی ئەگریجە وەک مەفتوونی کاکۆڵ قەت نییە وەسڵی ئەم پشتگوێ خراوە هەمدەمی لێوانە ئەو شاخی مەرجان قابیلە تەشبیهی لێوی تۆی بکەم ئەم بەری ماچینە داری بێ بەری بەحرانە ئەو ڕۆژ و یارم ڕوو بە ڕوو وەستان وەکوو ئاوێنە یار ڕووی نیشاندا بوو بە عەکسی ئەم کە سەرگەردانە ئەو تێگەیشتوون چاوی مەست و ئەبرۆ بۆ کەوتوونە یەک نیم نیگاهی ئەم ئیشارەی کوشتنە و فەرمانە ئەو وەسڵ و هیجرانم لەلا ئەمسالی فەقر و سەروەتە موشکلی زۆرە وەسڵ هەر چی ببێ ئاسانە ئەو عەشقی حەمدی سەوقی ساحەی فەلسەفە و ئیدراک ئەکا عەشقی لێ لادە بزانم ساحبی عیرفانە ئەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە باسی زلفتا جانا قسوورم بوو بە موو فەرموو لە باسی زلفتا جانا قسوورم بوو بە موو فەرموو ڕەزام هەڵماوەسی ئەمما نە ئاڵۆزی بەشەرتێ موو لە داغی زیوی پڕ غەش بۆتە بەردی ڕەش محەک یاڕەب بەچی بم من لە داغی کردەوەی هەمسایەیی بەدخوو قەباڵەی فەڕ و ئیقبالم بداتێ نامەوێ چونکە ژنێکی هەرزەیە دنیا کە حاشا هەر دەکا بۆ شوو هەموو کەس هەر ئەگاتە شەشدەری نەردێنی ئەم دەهرە بە دوو شەش بێ، بە دوو سێ بێ، چ ئەمڕۆ بێ، چ فەردا زوو نیقابی شەوقی یەکڕوویانی دنیایە سیەه بەختی چ باکی شەو بوو کە ڕۆژی جیهان ئارا ئەبوو دوو ڕوو لە هەمڕازی ڕەقیب ئەم شۆخە حەیرانم کە سڵ نەکا مەگەر ئیعجازی عیشقە سەگ دەکاتە نۆبەچی ئاهوو لە هاتووچۆیی دنیا حەمدی ئیستیغنا بکا حەقیە نەچوو کەس بێتەوە ئەمما ئەوانەی هاتووە هەر چوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامەوێ ڕۆژی ڕەشی عومرم هەموو با بێتە شەو نامەوێ ڕۆژی ڕەشی عومرم هەموو با بێتە شەو ئەشک ئەگەر بێڵێ بنووم و دلبەرم گەر بێتە خەو ئەو گوڵەم دی وا دەزانم هاتووە بۆم موژدەیێ عومری نەو، ئیقبالی نەو، هەم ڕۆژی نەو، هەم ماهی نەو دڵ بە شەوقی ڕوومەتی سووتاوە، پەروانە بە شەمع هەر دوو هەم سووتانە ئەمما قابیلە ئەم بێتە ئەو من لە ژێر سایەی فەلەکدا ئارەزووی ژینم نییە هەر کەوە دەیکا بە باز و بازە هەر دەیکا بە کەو کیمیایێکە عەقڵ، عاقڵ دەکا زەرد و زەعیف ئەحمەقی، ئەم ئەحمەقانەی کردووە هێندە قەڵەو ئەشقەری ئیقبالی یاری سەرکەشی من سەرکەشە بازوویێکی ڕۆستەمانەی پێدەوێت بگرێت جڵەو سکەیی ساحێبقڕان ناوی نەما ئێستا بە نەقد حەمدی داغی دڵ لە ناوا نایە کەوتۆتە بڕەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆیوانن خوا پێداو و ماوەوەن خوا پێنەداو ڕۆیوانن خوا پێداو و ماوەوەن خوا پێنەداو خۆزگە بەو سەیدانە بێ پەروا چوون و کەوتوونە داو گەر سەرم تێدا بچێ ناوی ببێ هەر خۆشە پێم خۆشە پەروانە بسووتێ ناوی تۆ هاتۆتە ناو کوللی سوبحێ زوو بە شۆری گریە خوێناوی جگەر داغی دڵ شوبهەی نییە بیناترە ئەلبەت لە چاو کاری عاقڵ نەبووە ئەمنییەت لە دڵ ڕێشی قەدیم مەستە گەر ساقی شەرابی کردە ناو شووشەی شکاو ژنیەتی دنیام بە حەققەت ئێستە بۆ ساغ بۆتەوە هەر کەسێ ئەمڕۆ کە پیاوی ژن نەبێ نابێ بە پیاو سەیدی سەحرا موستەریحن هەر دوعا بۆ شێخ دەکەن ئەمری داوە جا لەناو شارایە نۆبەی خووگەڕاو بۆ بڕینە دەستی کورت و داری بێبەر سەوز ئەبن سەرو و من پێمان حەرامە فیلحەقیقە نان و ئاو کێ لە باخەڵ عاقڵێکا شاهێدی مەقسوودی دی بەش بڕاو و دڵشکاو و نابەکامن ناتەواو عیززەت و زیللەت کە یادی دیدەیی حەمدی بکەن قاچی ئەشکێ عیززەت و زیللەت بە ئانێ دێ بە تاو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کێ هیلالی دیوە شەق بێ ماهی نەخشەب بێ بە گۆ کێ هیلالی دیوە شەق بێ ماهی نەخشەب بێ بە گۆ تیفلی چاوی یار ئەکا یاری بەسەر کوڵم و برۆ کۆیی یارم پێمەدە زاهید بە جەننەت عالەمێ بەردە بارانم دەکەن چۆنی بدەم گەندوم بە جۆ من لە ڕێی عەشقا لە پیری کەوتووم وەک داری شەخس شاخی ئومێدم خەریکە دەربکا تازە چرۆ موژدەیی پشکووتنی دەمتی بە گوڵشەندا سەبا غونچە وا تێکچوون بە قڕچوون هەر بە مشتی خۆ بەخۆ خوێنی من گەر خۆت لە پێی ئەگری زەریفە بمکوژن من بسووتێنن ئەگەر دەمکەن بە کل بۆ چاوی تۆ بۆنی ئەو زلفە بە ڕۆژی ڕووتی کرد شەوبۆ وتی من کە شەوبۆ بم ئەمیشم ناو ئەوا نا ڕۆژبۆ باسی ئەو خاڵە وەنەشەی مل شکاند بێ هۆشی کرد خۆ فەقیرە لێشی هەڵناسێ بسووتێ بێنی سۆ دەستگاهی قودرەتی تاقە عەجایب دەردەخا ئەم نیگارە هەر لە ڕشتەی بەرگی گوڵیە تانوپۆ عیززەتی نەفسی گەدایان سفرەیی سوڵتانییە دوودی ئاهە نانی گەرمی حەمدی ئەشکی ئاو و دۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە ئەوزاعی جیهانم دی قەناعەت عەینی سەروەت بوو کە ئەوزاعی جیهانم دی قەناعەت عەینی سەروەت بوو گەدایی ڕەحمەتی حەق پادشاهی حەققی زەحمەت بوو بەبێ دێوانەیی تەرکی عەلایق ناکرێ حەقیە لە تەقسیماتی ئەحواڵا دڵم ماییل بە جەننەت بوو نەتیجەی کاری دنیا زەحمەتە دووبارەیە یاران حەیاتێکی سەفیلانە و مەماتێکی بە زیللەت بوو لە سایەی نەفسەوە سیححەت لە ئەبنایی بەشەر دوورە بەڕەحمەت بێ پدەر نوتفەی دەڵێی مەعجوونی عیللەت بوو لە سەفحەی دەفتەری ئەخلاقی عالەمدا ئەگەر بووبێ وەفا نەمدیوە بیستوومە بووە ئەمما بە قیللەت بوو فەقر تۆشەی خوڵاسەی سالیکی عیرفانە تەحقیقە موسیبەت بەرگی ڕەعنایی قەدی ئەربابی هیممەت بوو لە ڕێی یەک ڕەنگیا هەر کەس وەکووحەمدی کە سابیت بوو بە تەعنەی ئەهلی بێ غیرەت نیهایەت هەر بە عیبرەت بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاکەی ببم بە دیدە و دڵ ئینتیزاری ماچ تاکەی ببم بە دیدە و دڵ ئینتیزاری ماچ تاکەی نەکەم لە سەفحەی ڕوودا شکاری ماچ هەر وەک خوماری بادە کە بێ بادە ناشکێ بێ بۆسە ناشکێ لە مەزاقا خوماری ماچ دووی قافڵەی عەدەم بکەوم خۆشە پێم دەچم ڕوخسەت بدا لە وەختی ویداعا قەتاری ماچ خانەی ئەلف ئوحادە لە کن من شەوی ویساڵ من سوێند دەخۆم یەکێ بوو دەڵێ ئەو هەزار ماچ من سۆفی نیم دوعا نییە ماچم ژمارە کەم ئەی مەه فڕێ دە سەبحە چ حاجەت ژماری ماچ لێوم بە ڕۆح گەیشتووە ڕۆحم نەگاتە لێو لا نابرێ دیارە دەزانم قەراری ماچ یا ڕەب چ خۆشە حەمدی لە باغی جەماڵیا وەک گوڵ چنان کە کەوتووەتە سەر بژاری ماچ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەتری ئەحواڵی قەبیحی پێدەکا کاکم بە نوێژ سەتری ئەحواڵی قەبیحی پێدەکا کاکم بە نوێژ دامەنی دەس ناکەوێ میسلی وەلەززالین درێژ فەرقی ناکا شەربەتی مردن لەگەڵ ئاوی حەیات چونکە بێ زەوقە فەقیرە زاهیدی سەهبا نەچێژ سەڵتەنەت هەر مەستییە ڕاستە قسەی پیری موغان سڕڕی مەستوورە سەراپەردەی خەیاڵە بەنگی گێژ ساقییە خوێن ڕێژە یاران خوێنە دەینۆشن مودام مەجلیسی ئەم عەسرە خۆشە هەر بنۆشە هەر بڕێژ کەس نەبوو ڕێگە نیشانی خزری بێ چارە بدا ئاوی دەسنوێژی حەیاتە باغەوانی تاک نێژ نووری عیرفانە نیهایەت جورعەیی شیشەی شەراب دوردەکەی چەندانی وەک من کردە نوکتەی ساف بێژ حەمدی مننەت باری جیلوەی ئافتابی بادەیە هەر کون و قوژبن لە بەیتیدایە بۆتە زەڕڕەبێژ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەومی کوردن ئەم گرۆهە ئەی ڕەفیقان یا مەلەک قەومی کوردن ئەم گرۆهە ئەی ڕەفیقان یا مەلەک ئەرزە گەییە ئاسمان یا بۆتە فەرشی ئەرز فەلەک چاوی من کەوتۆتە ڕێشکەوپێشکەی نووری جەماڵ خاکە یا ئەستێرە مانگ و خۆرە یا کوچک و کەڵەک پێکەوە ئەم شین و سوورە قاعیدەی پەرییانە یا حۆر و غیلمانن دەگێڕن شایییێکی ڕەشبەڵەک مەنتیقەی ئەم کوردە بۆتە سەحنەیی باغی ئیرەم هەر وەکوو فیرعەون کە شێخانی تێدایە هەر بەلەک ئەم هەموو شێری ژیانە هاتە دەر لەم بێشەدا کەوڵی ڕێوی بۆیە کوترا داڕنا پێستی دەڵەک بێرەدا پاپۆر ئیتر ناگا بە مەرگی تۆ برا سەوڵەکەت دەرچوو لە دەستت تازە ئەیگێڕی کەڵەک کورد کوڕی مەیدانە حەمدی تۆ تەماشاکە کوڕە قەت بزانە گوێ ئەداتە دەنگی ئۆغلان و وەلەک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دڵما ئەو بتە دڵتەنگ بوو چابوو شەعبدەی ئەفلاک لە دڵما ئەو بتە دڵتەنگ بوو چابوو شەعبدەی ئەفلاک بە شمشێری قەزا زوو کردی سنگم وەک گریبان چاک دەخیل ئەی دڵ لەبەر پەیکانی ئەو سەییادە هەڵمەفڕە خودا لوتفی ببێ بەڵکە بگەینە عالەمی فەتراک ئومێدێکم کە مابێ هەر بە هاژەی سەیلی فرمێسکە تەوافی کۆیی یارم پێ بکا بەڵکوو لەگەڵ خاشاک بەسەر ئەمڕازی عەشقا کەی دەوا تەئسیری پێ دەکرێ دەفەرموو دەفعی زەهری ماری پەرچەم کا لە دڵ تریاک بە جل پاکی دروست نابێ نوێژی زاهیدی دڵ پیس بە ئاوی مەی هەتا نەشوا دڵی وەک دامەنی ناپاک لە بەینی زلف و ڕووی ئەو شۆخەدا دڵ سائیمولعومەرە نییە ئیفتاری ڕۆژوویێ شەوی بێ موتتەسیل ئیمساک جگەرگۆشەی عەزیزی عاشقان فرمێسکی خوێنینە چ ڕوو سوورە لە عالەمدا بزانە ئاوی چاوی پاک لەسەر پێچانی دنیا سەر نەپێچی چاکە تۆحەمدی بە پێی ئەو شۆخە ناگا تا نەبێ سەر غەرقی خوێن و خاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر لەگەڵ ئەم کائیناتە هاتووە دنیا بە بووک هەر لەگەڵ ئەم کائیناتە هاتووە دنیا بە بووک مێردی هێشتا دەس نەکەوتووە چەند گەڕا گەورە و بچووک تاڵیبی دنیا نەبی تۆ ئەو بە تۆ تاڵیب دەبی موشتەری نابێ لە بازاڕا مەتاعی وا چرووک تێنەگەیون خەڵقی دنیا وا بە ڕاستە و چەپەدا گاڵتە بەم خەڵقە دەکا کردوونییە دار و هەلووک ماڵی پڕ ڕازیانە بێ بمرێ بە ژانە سک دەبێ دین هەبوو تا شێخ و واعیز بوونە تابوور و بلووک مالیکی ئیقلیمی حوسنی ئەی سەنەم دەرکە ڕەقیب هەر دەشێوێ میللەتێ گەر گوێ لە بەدگۆ کا ملووک دەستی وا هێنا بە ڕیشا مامە سۆفی قەسدییە جەننەتێ ماوە وەکوو دنیا ئەویش پڕ کا لە تووک دامەنی پیری موغان ڕەنگە کە بگرێ بەر نەدا حەمدی زاهید گەر بکا شامی خەراباتی سلووک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە خوێنی ئێمە باقڵ لێوی قەت ئالوودە ناکا مەرگ بە خوێنی ئێمە باقڵ لێوی قەت ئالوودە ناکا مەرگ دەڵێی تریاکییە مەیلی مەیی پاڵوودە ناکا مەرگ تەماشای کۆهکەن کەن مەوج ئەدا هەر خوێنی شیرینی شەهیدی تێشەیی عەشقی بتان فەرسوودە ناکا مەرگ بە نەقد و جنس و دەست و پێوە غەڕڕا بوونە بێ عەقڵی کە گەییە ئەو دەمە تەعدادی ئەو مەوجوودە ناکا مەرگ کە غەم ئاسایشی تەنها بە مەرگی ئەهلی ئولفەت بێ دیارە خۆ لەبەر غەم عاشقیش ئاسوودە ناکا مەرگ دەبوو حاتەم لەگەڵ ئەهلی بوخلدا فەرقی بکرایە تەماشای ئەو علوویی هیممەتە و ئەو جوودە ناکا مەرگ دەشێوێنێ غەمی هیجران نیزامی قافیەی حەمدی بە جۆشی گریەوە هاتۆتە سەر نووکی زمانم جەرگ غەرەز پۆشینی عەیب و عارە بەرگی عارییە مەجنوون وتی لەیلا پەرستی قەت دەپۆشم من بە لۆیی بەرگ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهنشایە شەهیدی عەشق بە سەد ڕەنگ شەهنشایە شەهیدی عەشق بە سەد ڕەنگ دەدا زینەت بە تابووتی وەک ئەو ڕەنگ بە مردن زەڕ پەرست خۆشحاڵە بڕوا بە یادی گەنجی قاروون دوو بە دووی زەنگ ڕەقیب گەر تەئنە نادا شیشەیی دڵ شکانی بۆ نییە بدرێتە بەر سەنگ شکاری شێری دڵ قابیل بە خۆتە لەتۆم دیوە فتووحاتی بەبێ جەنگ سەما هاتە سەما بۆ بەزمی عالەم چەغانەی مانگ و ڕۆژی گرتە سەر چەنگ خوماری دایە مەی چاوی خومارت خەتی سەبزت نەشەی وەرگرت لەسەر بەنگ مەڵێن ناحەقیە بولبول ئەم فیغانە بەسەد ئاهەنگ دەنۆشێ عەتری گوڵ هەنگ بزانە قاتی پیاوە حەمدی و تۆ یەکێ بۆتە هۆشەنگ و یەک بە فەرهەنگ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دیجلە لێڵ و وێڵی سرشکی ڕەوانی کێی ئەی دیجلە لێڵ و وێڵی سرشکی ڕەوانی کێی وەک تیری دڵ شکافی لە بەحری کەوانی کێی مەجنوونی زلفی خاوی چ لەیلایەکی لە چۆل بەم لێوی وشکەوە بە هەموو دەم دووانی کێی گەر ئابڕوو تکاوی فەرموو تکاوی چ ڕوویەکی ئەم بێ قەرارییە چییە ڕۆحی ڕەوانی کێی خاڵی نییە لە ناڵە دەروون و دڵت دەمێ وەک نەی نەوایی شۆرە مەقامت قەوانی کێی یا پیری یا لە قەهری زەمان پێچ و تاب ئەدەی قامەت خەمی فیراقی نیهالی جوانی کێی تورکانە توند خوویی بە نەرمی کە عاشقی ڕووت وا لە ئێمە ئاخۆ لە ئێمەی لەوانی کێی ئەم خەتتی ئیستیقامەتە وەکوو گرتووتە بیگری حەمدی دەزانی ڕەهبەری ڕۆژ و شەوانی کێی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ قەدرە کەماڵی ئەوی نەیمابێ کەماڵی بێ قەدرە کەماڵی ئەوی نەیمابێ کەماڵی بەم حاڵە مەحاڵە کە ببن حاڵی لە حاڵی زانیوتە گەر ئەم دەردە بە دڵ دەردی نەداوە عاجز مەبە ئەی غەم وەکوو کوڕ بێرەوە پاڵی تەییارە کە غەوواسی دڵی بەحری هەوا بێ بۆمبایە تەبیعی سەدەفی پڕ لە لوئالی تا نەیکەمە تانە لەسەر ئەم دیدەمە خاڵی هەر داغە لە دڵمایە مەڵێ خاڵی لەخاڵی عەشقێکی چ شیرینی هەبوو حەزرەتی فەرهاد ئاخر وەکوو من دایەوە مەجمووعی بەتاڵی بۆ گوڵشەنی شادی دەفڕێ بولبولی تەبعم مەعلووممە دنیا دەشکێنێ پەڕ و باڵی دنیا کە بە تۆ تێکەڵە من تێکەڵی نابم ئەو بێ شەرەفە قەت دەمەوێ سەروەت و ماڵی وەک ئەسپی ئەجەل سەرکەشە ئیقبال و تەجەللی وریا بە، بە قووەت بگرە دەستت بە یاڵی بەم میحنەتە وا تێمەگە برژابێ برادەر ئاڵ و گەشە خوێنی جگەرت دیارە کە کاڵی سەر لەوحی مەزارم ئەمەیە خزمە بنووسن حەمدی کە مەجالی نەبوو سووتا بە جەمالی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە خیلافی قسەکەت شوکری بکا تا نوێژی سەبارەت: وەڵامی حەمدی بۆ شوکری فەزلی بە خیلافی قسەکەت شوکری بکا تا نوێژی بەم هەموو خوێنە کە ڕشتی شتی جا دەسنوێژی دەستی هەورازی نەبوو مەسلەحەتی وا زانی کە بکا عەشقەری ئیقبالی دوو چاوی لێژی عالەمی نایە کەو و کۆتەڵەکەی گرت و کوتای هەر بە گێژ ڕازی نەبوو کردی بە واڵا بێژی داوی تەزویری کە ڕستوویە لە دەهرا باقڵ هەر زەمان بوویەتی داوی ئەمەلی هێند درێژی هەموو کای کۆنی بە با کرد و گڕی تێبەردا کە بکا دووکەڵەکەی چاوی فەلەک کل ڕێژی چاوی لێ سوور بوو لە کەف لێوی کە پڕ بوو دیجلە مەلەوان هارە لەوێدا قسەیی گەر بێژی با وجوود داغە لە دڵیایە وتوویە و ئەیڵێ خاکە ڕۆ ماوە خۆڵی بەسمە ئەوندەی گێژی باری تا ئێستە نەبردۆتە قەراغ ئاوایی ترسی لێدانی نەبووبێ کەری قەمچی چێژی چڵی داری ئەمەلی غونچەیی خۆشبۆ ناکا حەمدی دنیا ئەمەبێ وەک ئەوەبێ دەسنێژی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەوەمزانی فەلەک ڕەوشەن زەمیران دایم ئەفرۆشی بەوەمزانی فەلەک ڕەوشەن زەمیران دایم ئەفرۆشی کەسەر دێنێتەدەر ڕۆژی بە زوڵماتی شەو ئەیپۆشی گەلێ کەس وەک فەلەک بەدمەستە چاوی خۆشی نابینێ بەجامی خۆر کە جامێکی لە خومخانەی شەوا نۆشی لە عەیب و عار و تەعنە هەرکەسێ پەروا نەکا بێ شک بە لەنجە و لاری بووکانە، جیهان هاتۆتە سەرکۆشی بە ناو بۆ ئیستیراحەت ئارەزووی دنیا ئەکەن خەڵقی کە چی خۆ نایەڵێ دنیا ڕەحەت بێ بەڵکوو تێکۆشی موقابیل یاری من یارایی وەستانی نەبوو خورشید لە داوێنی شەوی کێشا بە سەردا توحفە سەرپۆشی دڵت پڕ کە لە ئاوی زیندەگانی عەشق و دەم تەڕ کە سەقا خۆ تینووە دایم هەڵیگرت کووپەیی بۆشی وتی تۆی من منم یا تۆ کە من لێمداوە تۆی گرتووە بزانە چەندە ڕەندانەی بە شێخی وتوە سەرخۆشی لەبەر ئەو شەمعی ڕوخسارە بسووتێ بێ سەدا ئەی دڵ کە فەخری مەجلیسی ڕەندانە وەک پەروانە خامۆشی بە خامۆشی جیهانی عەشق ڕەواجی داوە بەم عەسرە بەدڵ حەمدی بناڵێنە بە دیدە زوو بدە جۆشی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمین ئارایشی خۆیدا هەوا کەوتۆتە فەڕڕاشی زەمین ئارایشی خۆیدا هەوا کەوتۆتە فەڕڕاشی بە غونچەی تازە پشکووتوو دەکا عالەم گوڵاو پاشی هجوومی کرد بە ئاڵای سەوزە نێرگس میرەڵایانە بە تابووری گوڵی کرد لالە هێرش میسلی بیگباشی لەسەردا پرچەکانی شۆڕەبی کەوتۆتە داوێنی لە تەهلیلەی بەهارا بۆتە دەروێشانی بەکتاشی هەموو دەستێ چڵی کاسەی کەلێکی پڕ لە شەونم کرد کە وەک ڕۆژ یار هەڵات بیکەن بەیەک دەفعە بە شاباشی ئەمەندە لووتی بەرزە سەروی سەرکەش هەر دەڵێی یارە بەغەیری سێبەری قابیل نییە کەس بێتە ویڵداشی بە شیرین و لەتیفی بۆتە شاخی بێستوون گۆیژە میسالی کۆهکەن شیرینی ئەرمەن بۆتە سەنگتاشی بەسواری چڵ بەتوندی گوڵ کە هات زانیم کە تێدەگلێ لە باغی عالەما جەولان دەبێ بکرێ بەهێواشی ئەگەر ئەم باغە ئەهلی باغەبانی بێ بەهەشتێکە دەبێتە دۆزەخێ وەختێ نیزامی کەوتە دەس ناشی لە لانەی بولبولانا کوندەبوو بۆ شاخی لێدەڕوێ لە پەروازی شەهێنا بێ کە داڵاش کەوتووە لاشی لە تەبعی ئەهلی دڵدایە بەهاری بێ خەزان حەمدی گوڵستانێکی ڕەنگینی لە نووکی یەک قەڵەم تاشی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە خوێنی خۆم کە نووسی پیری مەی فەرمانی ئازادی لە خوێنی خۆم کە نووسی پیری مەی فەرمانی ئازادی فەرەح کەوتە دڵی دەروێش و سۆفی کەوتنە شادی موحیببەتخانەیە دنیا خەریکی عەشقە مەوجوودات چ عوششاقی، چ مەعشووقی، چ شاگردی، چ ئوستادی وەکوو شیرین خەیاڵی کوهکەندی گەر دەبوو لەیلا لەگەڵ ئەو زوعفەدا مەجنوون دەکەوتە کاری فەرهادی بە دڵ ئەهلی دڵی پەیدا دەکا دنیا هەتا ڕۆژێ بە سەگ جەرگ و دڵی دێنێتەدەر هەروایە موعتادی بە پیری تازە سەوزی چی دەبێ نەخلی ئەمەل لاچوو هەناسەی بێ نەوایانت بەسە بۆ مەحو و بەربادی فەلاکەت مورشیدی ئەهلی موحیببەت بێ ئیتر حەمدی چ موحتاجە بە تەحسیل و سلووک و پیر و ئیرشادی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵ عالەم کە دنیا دەستی تێکەڵ کرد وتی فەردی لەگەڵ عالەم کە دنیا دەستی تێکەڵ کرد وتی فەردی مەحاڵە بەم ژنە هەرجایییە تێکەڵ ببی مەردی نە پۆڵا و نە مس نرخی بڕشتی زیو و زەڕ ناکا بەڵێ مەقبوولی خاسە ڕوو سپی مەرغووبە ڕوو زەردی برا کاری جیهان نەردینە شەشدەر بگرە دوو شەشتە ئەمە شازە یەکێ بیکا بە هەپ یەک دەفعەیێ نەردی شکاندوویە ڕەقیب شیشەی شەرابی عەیشی ئەم خەڵقە بە پەنجەی ئەو نەبێ لەم ئاسمانە ناکەوێ بەردی دەوای ئازاری عوششاق و ڕەقیبان وەسڵ و هیجرانە بەڵێ نابێ لە دنیادا ببێ فەردێ بەبێ دەردی بە غەیری مەردی ساحێب سەفوەتی قەلبت نەبێ ئومێد کە لافاوم نەدی بشوا لەسەر ڕوخساری خۆی گەردی مەڵێن زۆری ئەبێتە واسیتەی کەم قیمەتی ئەشیا کە کاڵایی وەفا قاتە بە پووڵێ ناکڕن یەردی خەریکی ڕابیتەی فەرهاد و مەجنوونە شوکر عوششاق بەبێ حیکمەت نییە حەمدی کە بگرێ دامەنی هەردی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامەردییە بە مەردێ ئەڵێن خەڵقی سەرچڵی نامەردییە بە مەردێ ئەڵێن خەڵقی سەرچڵی دڕکی نەبێ بزانە دەکا ئاخۆ گوڵ گوڵی ئەم گوڵشەنی حەیاتە نە ڕەنگی دەبێ نە بۆ نەکرێ بە خوێنی ئاڵی جگەر فەرشی گوڵگوڵی گەر خۆت ئەناسی باسی ئەم و ئەو نەکەی دەخیل ناچێتە جێی پڵنگەوە گورپە بە پڵپڵی پەروانە خۆی دەخاتە گڕی ئاگر و دەڵێ بێ نووری مەعریفەت دەکرێ قەت بەدڵ دڵی بەد بەختییە ڕەقیبی کە کردۆتە یاری یار دیوتە بزانە زوڵمەت و شوعلە بەتێکەڵی پرسیم لە مادەری زەمانە کە تۆ تەجرەبەت هەیە چ خۆشە پێی وتم نەفەسی زیندەگی کەڵی مەفهوومی شیعرەکانی نەبی حەمدی حەقیەتی بێ گوڵ دەکا لە سەحنی چەمەن فیسقە بولبولی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرنە سەیری ئەو بتە غەممازە کەوتە دلبەری وەرنە سەیری ئەو بتە غەممازە کەوتە دلبەری عالەمی عەشق و موحیببەت بوون لە ڕۆح و دڵ بەری بۆ شکارە باڵی ئەبرۆی دابەیەکدا چاوی باز دڵ کەوا کەوتە تەپ و کۆ هەر وەکوو کەبیکی دەری بشفڕن ناگەن بە گەردی دامەنی ئەو حوسنەدا میسلی خۆر حوور و میسالی ماهتابان بێ پەری خۆر لە خەتتی ئیستیوا وەستا قیامی کرد کە یار نەک لە ئەرزیدا بنیشێ گەرد لە نەقشی سێبەری تا ویساڵ هەر قاعیدەی سووتانە ناری هیجری یار ئاگری زەردەشتییە عەشقە حەکیمی ئازەری خاری گوڵ بۆ بولبولی بێ چارە هەر وەک نێزەیە وەک دەکا برژانگ لە جەرگی عاشقاندا نەشتەری سەیلی تالیع ئاشی دەوڵەت فیلحەقیقە خول دەدا عاقیبەت وەک دانە دەیکا هەر بە گەرد کەوتە بەری خۆت لە خۆ لادەر بە کوللی لابدەی چاکە ڕەقیب مار کە لاڕێکا نەکوژرێ نانەوێ بۆ کەس سەری فەتوەیی وەسڵی نەداوە موفتی ئایینی عەشق مەرگی هیجران چاترە حەمدی لە ژینی کافری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە ئەی دڵ لە قوڕ نیشە لە هیجرانا کە قوڕ پێوی وەرە ئەی دڵ لە قوڕ نیشە لە هیجرانا کە قوڕ پێوی بڕێژە ئەی جگەر خوێنت کە موحتاجی دەم و لێوی سولەیمان حەشمەتە مووریچەیی ڕاهی عەشق ئەی دڵ وەرە ئەم مەعرەکەی نەفسە نگینت گەر هەیە و دێوی لە مەیدانی موحیببەتدا سەری خۆت کز کە وەک سەحرا کە فەرهادی عەشق دەرکەوت نەوەک فەرقت بکا کێوی مەتاعی شیعری من بەر ناکرێ لەم عەهدەدا ئەلبەت کە ببڕن قیمەتی ئەشیا بە ڕیشی دەوڵەتی خێوی ئەگەر پشت ڕێشی باری میننەتی غەم بێ فەرەح حەقیە چ وەختێ ناوی بوو تا غەم نەهاتە ناوەوە نێوی بەشی ئەهلی موحیببەت گەر نەماوە غەم وەرە قاسیم دەروونی من ئەوا کەیلە ئەگەر کەییال و غەم پێوی جگەر بریان و دڵ برژاوی ناری فیرقەتە حەمدی تەلاشی چی دەکەی زاڵم وەرە بیخۆ کە بێ شێوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەکوو بیستت لە قەیسەر قەسر و کیسرا بۆ لە کەی خاڵی وەکوو بیستت لە قەیسەر قەسر و کیسرا بۆ لە کەی خاڵی لە دیوانی شەهنشاهان جیهانت دیوە کەی خاڵی لە مەرگی مومسیکانا فیلحەقیقە خەزنە بەخشە دەهر لەسەر سفرەی جیهان نابێ کە دەستی جوودی تەی خاڵی کە دڵ پڕ موددەعی دایم بترسێ چاکە نەک بڕژێ کە ناگیرێ دەمی مینا زەمانێ بوو لە مەی خاڵی وەرە ئەی دڵ لە ئەشغالاتی لایەعنی فەراغەت کە کە تەئسیری نییە ناڵە نەبێ دڵ میسلی نەی خاڵی خەراباتی موغان بێ ناڵەیی مەستانە وێرانە خەرابە خانەقایێ لە دەنگی زیکری حەی خاڵی ملی مینایی ئەهلی موحیببەت مەگرە هەر وەک گەرد ڕەقیب نەک وەک سەبو سڕڕی دەروونی بێ بەقەی خاڵی میسالی وەعدی وەسڵە حیددەتی جانانەکەت حەمدی بەهاری نابێ دنیا بۆ لە دەنگی ڕەعدی دەی خاڵی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەقیب بۆ بەزمی خەڵوەتمان کە هاتی ڕەقیب بۆ بەزمی خەڵوەتمان کە هاتی وەکوو دوومەڵ لە جێی ناسک دەراتی لە شەوقی ڕوومەتی ئاوا بوو ڕووزەرد قەمەر ئەی شەمس ئیتر تۆ بۆ هەڵاتی سەبات کێوی لە بن هێناوە سەیلیش بە دەریایێکی کردووە بێ سەباتی خزر بیدە بە عالەم شەربەتی مەرگ دەکا ئەمڕۆ بەهای ئاوی حەیاتی دەمت پڕ باسی نار و ماری وەیلە بچۆ واعیز کە تۆ هێندە بەزاتی دەمێکە ئینتیزاری تەوق و پێوەند دەکا دێوانەکەت بکرێ خەڵاتی کە وەک موو بێ سیرات گوڵزاری حوسنی دەلیلە جەننەت و زلفە سیراتی بە ڕەنگ و بۆ حەقیقەت دار گوڵێکی بە شەککەر خەندە وەک شاخی نەباتی بەراتە یا شەوی قەدرە کە جانان بە حەمدی ماچیدا مووچە و بەراتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە دنیا بێ بەقا بێ من لە ئومێدی ژیانم چی کە دنیا بێ بەقا بێ من لە ئومێدی ژیانم چی وجوودێکی نەبێ ڕۆحم لە جیلد و ئیستیخوانم چی بە بەرگی مەعسیەت ڕازایەوە نەفسم دەڵێی بووکە ئەجەل نەقڵم دەکا تازە لە هێنانی ژنانم چی نەفەس تەعدادی ساعەی عومر ئەکا مەعلوومە مەحدوودە لە تەفرەی خۆم و ئەولادی فەقیر و ناتەوانم چی نەمان و مانی عالەم تابیعی وەختی موعەییەن بێ بە من چی مردنی دوژمن، لە مانی دۆستانم چی فەلەک گەر بێتە سەرپۆشی نەواقیس زاهیرە هێشتا کە فاریغ بم لە بێ عەقڵی لە پۆشانی عەیانم چی لە سەحنی کوڵخەنا عەیشم کە دائیم خاکساری بێ لە باسی چەهچەهەی بولبول لە بەزمی گوڵستانم چی وەفاتی کرد وەفا بۆیە حەیا تەرکی حەیاتی کرد بەچی دڵ خۆش بکەم فەرموو لە مەفتوونی زەمانم چی دەوامی نەگبەت ئیستیغنا دەبەخشێ عەینی وەک دەوڵەت چ باکم قەهری سوڵتانە لە لوتفی خوسرەوانم چی کە گوڵزاری ئەمەل وشکە نەبارێ با ئیتر باران بەهارێکم نەبێ حەمدی لە ڕووزەردی خەزانم چی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر مەقسەد مووەققەت وەسڵە یارم دلبەری ناوێ ئەگەر مەقسەد مووەققەت وەسڵە یارم دلبەری ناوێ ئەگەر شاهی بە نامی بێ سەرم قەت ئەفسەری ناوێ تەرازووی عەنبەرە زلفی جەواهێراتە دەفرۆشێ بە کێشانی برۆ دیارە کە ئەم سەر ئەو سەری ناوێ دڵ ئاوێنەی جەمالی تۆیە ژەنگی هیجرەتی هێنا بە ئاوی وەسڵ ئەگەر بیشۆی ئیتر خاکستەری ناوێ لە کۆڕی عاشقانا پەرچەمی هێنایە سەر کوڵمی وتی عوودە لەسەر پشکۆ دەسووتێ مەجمەری ناوێ وەرە بشکێنە ساقی ساغیر و هەڵبگرە شووشەی مەی کەسێ مەستی نگاهت بێ شەرابی کەوسەری ناوێ کە کەوتە جیلوە ئەو ماهە بە بەرگی تاقەوە زانیم فەلەک هەڵنایەنێ مانگ و لیباسی ئەختەری ناوێ بە نەوعێ ئابڕووی ئەرزی تکا تۆفانی لێهەڵسا لەسەر کەشتی خەجاڵەت نەوعی غیرەت لەنگەری ناوێ مەڵێ گوللەی عەدو چونکە خەتەرناکە خەتەر ناکا پەس و پێشی نییە تیری مەلامەت سەنگەری ناوێ لە ئەوجی میحنەتا تەبعم وەکوو تەییارە تەییارە شەرارەی ئاهە بەنزینی ئیتر باڵ و پەڕی ناوێ کەسێ هەڵسا بە جارێ بێ شکە هەنگامی کەوتنیە کەشیش و جاف و سەرگەڵووی دوو ڕوویی پشدەری ناوێ شەلی کەوتە گەلێ جێ ما قەلێ خێلێکی ڕووڕەش کرد شەل و قەل خادیمی ئەفکاری ئەو بن مەسدەری ناوێ قەڵەم بەم باسە حەیفە حەمدی ئالوودە دەکەی بەسیە کە میللەت موشتەقی ئەفعالی بەد بێ مەسدەری ناوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر گوڵ بێت و شێوەی ڕوومەتی جانانە بنوێنێ ئەگەر گوڵ بێت و شێوەی ڕوومەتی جانانە بنوێنێ دڕک دەگرێ گریبانی سەراسەر یەخخە ئەدڕێنێ ئەگەر مەستی نیگاهێ بێتە سەیری مەجلیسی عوشرەت سەری ساقی و ملی مینا بە بەردی تەعنە دەشکێنێ بە شەو زلفی لەسەر ڕوومەت کە لادا ڕۆژێ هەڵدێنێ بە ڕۆژ بیخاتە سەر ڕوومەت بەسەر ڕۆژایە شەو دێنێ قیساسم کەوتەسەر من قاتیلی عەشقم بە ڕیسوایی حەیاتی عالەمی تێدایە خوێنم بێت و بڕژێنێ بە مەیلی سەردەوە وەک ئاگرێ بەربوویە عومری من دەخیلت بم ئەگەر وریا نەبی عالەم دەسووتێنێ ئیلاهی شانە لەت لەت بێ سەری ئەو پەرچەمە خاوە ئەمەندەت پێچ و تاب داوە خەریکە دڵ بخنکێنێ قسەی شامی فیراقی خۆت بکە نەک باسی زلفی یار خەیاڵێکی گوڵی ئاڵۆزە حەمدی ڕشتە ئەپسێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ببڕین وەرە با لەم غەزەلە تازە کەوایێ ببڕین وەرە با لەم غەزەلە تازە کەوایێ بەو شەرتە کە بیکەیتە بەر ئەم جەژنە کەوایێ بیماری موحیببەت هەموو دەم مونتەزیری تۆن دامەن بتەکێنی کە لەگەڵ تۆزێ دەوایێ گوێ بگرە لە ناڵەم وەکوو نەی وایە موغەننی هەنگامی نەوایە ئەجەلم وەختە نەوایێ لەم زیندەگییە مردنەکەم چاترە ئەمڕۆ بێ شەوقە چراکەی ئەمەلم هەر بە هەوایێ جەرحی جگەرم خۆ نەکرا چاری بە حیکمەت بۆ چاری منی خەستەیی بێ چارە ئەوایێ ئەم بەختە کوا نووستووە هەڵسانی ئەگەر بوو مەعلوومە جەنازە وەکوو نووستوو لە خەوایێ ئەمڕۆ بە تەمای هاتنی دلبەر مەبە حەمدی بەختم ڕەشە ئەو ڕۆژە بەدایم لە شەوایێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە سەد فەرزانە دێوانەیی زنجیری گێسوویێ بە سەد فەرزانەیە دێوانەیی زنجیری گێسوویێ ئەدا ناکا لە حەڵقەی زلفییا شوکرانەیی موویێ کە نەیبێ چاو و ئەبرۆ و خاڵ و خەت و پەرچەم و زلفی بەخۆر تەشبیهی ئەو حوورە مەکەن بۆ خاتری ڕوویێ بەرەو ئەبرۆ عەجەب خاڵی دەمی کردوویە تەسویری لە حاڵی ئیعتیکافا بێ لە کەعبە بەچە هیندوویێ هەموو گوڵزاری تەبعم پشکنی بۆ شوبهی ڕوخسارت وتی سێوێکی لاسوورە منم پڕ چنگی ئەبروویێ عومر کورتن نەفامان دڵ خەیاڵی سوحبەتی زلفە لە حەڵقەی داوی سەییادا ئەکا هێلانە ئاهوویێ لە بازاڕی عەشقدا قیمەتی ئەشیا بەڕێکەوتە بە لاقە کوللەیە نابێ کە بەعزەن دەست و بازوویێ غەزەلیاتی کە تان و پۆی لە باسی زلف و پەرچەم بێ بە دڵ هەر زیندووە حەمدی بە ڕێکا گەر چی مردوویێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهای یەک کلکە توورە گەر کلی تووری بە کلتوورێ بەهای یەک کلکە توورە گەر کلی تووری بە کلتوورێ بەری بۆ ئاهوویێکی مەستی نازی دیدە مەخموورێ بە زەننار و چلیپا بۆ چی مل نادەم کە وەک زلفە لە سەبحە و تەیلەسانم چی ژنانە موو و بەرموورێ بە ئومێدی وەفا عاشق ژیا ئاخر جەفا کوشتی بە دوو دیدەی فەلەک نەیدی وەک ئەو بێ چارە مەغدوورێ لەبەر قاپی خەراباتا قەلەندەر مەشرەبێ دەیوت ئەسەف پیری موغان ئەم جێگەیەی داوە بە مەستوورێ بەسە بۆ خاریقەی بەدبەختی من دۆزینەوەی یارێ نە دین و ئایینێکی بێ، نە قانوون و نە دەستوورێ لە خیلقەتیایە ڕیحلەت وا ئەزانم پیرەزاڵی دەهر نەوەک تۆ دلبەری دینی نە میسلی پیلەتەن پوورێ لە چینی پەرچەما تۆمار و توڕڕەیی نایە سەر خاڵی وتی با ئەم حەبەشزادەش لە چینا بێتە فەغفوورێ کە ماری زلفی حەڵقەیدا لەسەر گەنجینەیی لێوی وتم بەم نەوعە با قاڕوون دەرێنێ گەنج و گەنجوورێ قسەی عوششاق و تۆ هەروەک قسەی فیرعەون و مووسایە ئەگەر بووبێ لە فیرعەونا میسالی ئێوە مەغروورێ جەفای ئەو شۆخە وەک شەوقی قەمەر حەمدی جیهانگیرە بەڵێ عەنقایە چاوت کەوت لە عالەمدا بە مەسروورێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودا دوو گوێی بە تۆ داوە و زمانێ خودا دوو گوێی بە تۆ داوە و زمانێ دوو ببیێ یەک بڵێ سریەی زمانێ دوو مەجلیس بۆ ئیدارەی یەک وجوودە چەپ و ڕاستی ئەوێ زانی دەزانێ ئەگەر نەیکەی بە ڕاستە و چەپی ئەتفال قەراری چەپ دەبێ ڕاستت نەزانێ فەسادە دڵ ڕەئیس نەبوایە دەیکرد مەجالیس لەم وجوودە خۆش گەڕانێ جیهان وا چوو وەهایە وا دەبێ بێ نە سەر بێ پێ، نە پێ بێ سەر دڕانێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوێنی چاوم وا خرۆشاوە خەریکە سەربەرێ خوێنی چاوم وا خرۆشاوە خەریکە سەربەرێ ئیحتیمالە بەم کوڵی گریانە ڕیشەی دڵ بەرێ دڵ نەبێ چیمە لە بەحری عەشقی یاری بێ وەفا هەڵدڕێ ڕەببی وەکوو ماسی بە نووکی خەنجەرێ عاشقی ئەمڕۆ لە دنیادا نەمابوو نەوعی تۆ گەر بە بێ ڕەحمی دەبوو شۆخی قەشەنگی دلبەرێ نازی ئەرزی بۆ نەکێشێ ئەوجی ئیعلایی فەلەک کەی بە سنگی خۆیەوە دیویە وەکوو تۆ ئەختەرێ بێرە خەندە غونچە قیڕووسیا وەکوو گوڵ شەق دەبا با ئەمەندە بگری بولبول تا وەکوو گیانی دەرێ خاڵییە دنیا لە مەرد و تاقەتی سەودا نەما بێتە مەیدانی موحیببەت ماوە گەر تەنها سەرێ تۆ خەرامان بێرەوە دەڕوا جەهەننەم عالەمێ سەد هەزاری هەر وەکوو حەمدی لە دەوری تۆ گەڕێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ دەزانی بۆ لە شوعلەی کوڵمی لەیلا ناگەڕێ دڵ دەزانی بۆ لە شوعلەی کوڵمی لەیلا ناگەڕێ تا نەسووتێ عەیبە پەروانە لە لەمپا ناگەڕێ زلف و ڕوومەت کفر و ئیمانە بە شەرعی عاشقان دڵ لە مزگەوت دەستی ششت و بۆ کڵێسا ناگەڕێ غولغولەی هیجرە نیشانەی زەمزەمەی ڕۆژی ویساڵ تا سەبو قولقول نەکا مەعلوومە سەهبا ناگەڕێ بێ سەرە سەرو و سنەوبەر بێ بەرە قەدری نییە بۆیە وەستاوە لە دەوری قەددی ڕەعنا ناگەڕێ پڕ لە عەشقی تۆیە خۆشی هەر لە دنیا لانەدا بەر شەقی دە هەر سەرێکە بێ دوو سەودا ناگەڕێ من زەعیفم دەردەچێ نەفسی قەوی باقڵ لە دەست تۆ پەتی کە ئەم سەگە چونکە بە هەودا ناگەڕێ چی لە کل کا گەر گڵی دەرگانەکەی تۆی دەس کەوێ بۆ جەواهیر سورمە ئەلبەت چاوی بینا ناگەڕێ چوویە گوڵشەن ئابڕووی گوڵ بۆیە یەکجاری تکا عادەتا کوێرێکە نێرگس مەست و شەهلا ناگەڕێ دەک خودا وەرگێڕە ئەم چەرخە لەبەر بێ هیممەتی قەت بە مەیلی ئەهلی هیممەت دەوری دنیا ناگەڕێ عاشقی مەهجوورە حەمدی تۆ مەپرسە حاڵی ئەو عەهدی کرد بێ یادی تۆ ئەو دەشت و سەحرا ناگەڕێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەکێشێ نەقشی شیرینت هەتا پەنجەم قەڵەم دەگرێ دەکێشێ نەقشی شیرینت هەتا پەنجەم قەڵەم دەگرێ بەبێ فیکرت نییە قەلبم هەتا گۆشەی عەدەم دەگرێ لەگەڵ یارا ڕەقیبم دی وەکوو زەحمەت لەگەڵ ڕەحمەت لە زوڵماتا ئەدا شوعلە غەزەب هەر بۆ کەرەم دەگرێ بە حیکمەت چاکە بیستوومە بسووتێ عەنبەری ئەشهەب بە بۆنی زلفەوە جانا دڵم دەردی وەرەم دەگرێ چ حاجەت بێمە سەر باسی ویساڵت چەندە موشتاقم دەمی دەشکێ قەڵەم، کاغەز ئەمەندەی کە ڕقم دەگرێ مەقامی عالیی تا بێ عوزاری تۆیە بۆ خاڵت دەڵێی فیرعەونە نەشئەی خۆی لە گوڵزاری ئیرەم دەگرێ دەکا ئیعلانی مردن موو بە موو ڕیشی سپی تازە لەبەر چاوی ئەجەل نەفسم سەگێکە ئێستە دەم دەگرێ بە ڕەنگی زەردەوە عاشق ئەگەر یاقووتی ئەسفەر بێ بە غەیری تۆ کڕیداری نەبێ قەدری بەکەم دەگرێ شەهیدی عەشقە حەمدی لازمە بیبێ عەلاماتێ لەسەر ئەم ڕووپەڕە یەک مەسرەعی کەڵکی عەلەم دەگرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەیری ئەم سیانە لە گوڵشەن مەنعی من ناکا کەسێ غەیری ئەم سیانە لە گوڵشەن مەنعی من ناکا کەسێ باغەوان یەک، بولبولان دوو، خاری دامەنگیر سێ سێ بەڵایە وا منی شێت و لەت و پەت کردووە چاوی یەک، ئەگریجە دوو، ئەبرۆیی وەک شمشێر سێ کوشتە و دڵ پڕ لە داغ و بەستەیی سێ کافرم خەتتی یەک، خاڵی سیەه دوو، گێسوویی زنجیر سێ زار و دڵخون و جگەر کون کون بویی ئەم سێ شتەم خەندە یەک، دوو لێوی دوو، موژگانی هەر وەک تیر سێ وا ئەزانم بەرکەسی ناخەن بەهەشتیش سێ گروه عەشقییا یەک، سائیلان دوو، مورشیدی ڕەنگ پیر سێ ئەم سیانە نایەڵن بمرم لە کۆیی دلبەرا تەعنە یەک، تەزویر دوو، زەردەخەنەی تەحقیر سێ مانیعم سیانە کەڕ و لاڵم ئەکەن وەختی ویساڵ شەوقی دڵ یەک، نازی یار دوو، پەنجەیی تەقدیر سێ تا ببن ئەم سیانە لوتفی قەت لەگەڵ حەمدی دەبێ کیبری ئەو یەک، زیللی من دوو، فیتنە و تەزویر سێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەمەر ڕەنگی لە ڕوو دەبڕی کە بکرێ باسی ڕوخسارێ قەمەر ڕەنگی لە ڕوو دەبڕی کە بکرێ باسی ڕوخسارێ کە نەیبێ کوڵمی هەر وەک گوڵ کڵافی میشکی تاتارێ مەلەک لەم ئاسمانانە کە مەشغوولی چراخانن لە عوششاقا بە تاریکی دەڵێن نەک مابێ بیمارێ لە شارا جێی نەما مەجنوون لەبەر ئەحواڵی بەدمەستی بە پیاڵەی دیدەیی لەیلا کە نۆشی فەرموو سەر شارێ لەبەر پێی شەوقی فەرهادا لە کاهێ کەمترە کێوێ کە بولبول نێزە نابینێ لە گوڵشەندا بەقەد خارێ سحوورم قورسی ڕۆژی ڕوومەتی بوو ئەم سبەینێیە چ خۆشە گەر بمێنم مەغریبیش بیکەم بە ئیفتارێ شوکر شاخی جنوون کەوتە چرۆکردن لە کەللەمدا ئومێدم بەردەبارانە ئەگەر زوو بۆم بدا بارێ بەبێ یار و دیاریدا دیاری داوە مەحروومم ئەوانەی بەختییان یارە یەکی کەوتۆتە دووی یارێ لەبەر کۆیی خەراباتا بەگەردی گەر حیسابم کەن وەکوو کل گەر لە چاوم کەن بە تەکیەم من نییە کارێ لە ڕووتا من کە زەنناری زلف بەستم لە تار و مار چ پەروامە خەلیلی عەشق ئەکا دۆزەخ بە گوڵزارێ خودا قودرەت بە خوێنی جەرگ و دوودی ئاه و ئەشکمدا چ موحتاجم بە گوڵزار و خیابان و بە جۆبارێ لەبەر فریادی فەرهادا دەناڵێ بێستوونی چەرخ کە چی شیرین نییە ئەی دڵ بکەین گەر ئێمە هاوارێ بە ناحەق من، بە حەق مەنسوور دەبێ بکرێ بەسەر دارا حەق و ناحەق نییە مەقسەد عەشق لازمیە سەردارێ قسەی خۆی بردە سەر ئەو شۆخە حەمدی بۆ چی بێ شەرتە کە شەرتی کردبوو نەیکا لەگەڵ کەسدا وەفا جارێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە بورجی پەرچەمی کێدایە بەرقی داوە لاجانگێ لە بورجی پەرچەمی کێدایە بەرقی داوە لاجانگێ لە سوبحی سادقیش بەڵکە سپیتر بوو کە شەو دانگێ خودا حافیزی بێت بڕوا لە چاوما عەکسی گیراوە کە ڕۆژ ئاوا ببێ بۆخۆم هەڵی دێنم وەکوو مانگێ هەزار بانگی بە ناحەقدا موئەززین باقییە هێشتا کە مەنسووریش بەسەر دارا ئەکەن بیدا بە حەق بانگێ کە چاوی هەڵبڕی مومکین نییە بەندی جگەر نەبڕێ هەزار نەشتەر لەلام وایە نەکا تەئسیری برژانگێ زەمانێکە بە ڕۆژووم بەو ئومێدەی هەر دەڵێم بیکەم لە قورسی ڕوومەت و عەننابی لێوت بەڵکە بەربانگێ هەموو ئەعزای دەمە بۆ گرتنی یاران ڕەقیب یاڕەب لە دەریای خوڵقەتا نابێتەوە بەو نەوعە قرژانگێ لە تاعوون و وەبا بێ باکە لەوساوە فەلەک حەمدی هەناسەی سەردی تۆ ئەیدا بە دووکەڵ کوللی شەو قانگێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە بەر قاپی خەراباتا کە وەک ڕەعد نەعرەدا مەستێ لە بەر قاپی خەراباتا کە وەک ڕەعد نەعرەدا مەستێ لە غەیب بەرقی ئەدا بۆ مووددەعی تیغی لەسەر دەستێ حقووقی بولبولانیش چوو لەناوانا جەنابی گوڵ کە گوێی وەک ئەو نیگارەی ناوەتە ژێر دەستی بەردەستێ لە باڵا ناگرێ جێگەی لە دامەندا ببێ گەردم کە تا باڵانشینی بێ بەڵا ناگاتە سەر پستێ چ سەربەستە ئیلاهی ئەم ستەمکارە لە قەتلی من بە مووسا باوەڕم نایە کە فیرعەون وا کەمەر بەستێ بەدەست دەرخستنی دنیای کە شێواند ڕوومەت و قامەت کە دەرخا ڕەنگە هەر ڕۆژی قیامەت بێ حەشر هەستێ وشک هەڵهاتووە لێوم وەکوو پووش و هەناسەی سەرد میسالی بەردە ئاهم ئاگرێ دێنێ وەکوو ئەستێ گەلێ حەمدی خودام کرد وەعدی وەسڵی خستە سبحەینێ گەر ئارامی ببێ ڕۆحم دڵم ئەم موددە ڕاوەستێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە من با دڵ وەکوو دنیا هەتا مەحشەر تەوەللا بێ لە من با دڵ وەکوو دنیا هەتا مەحشەر تەوەللا بێ وەکوو مەجنوون دڵ و دنیا فیدایی چاوی لەیلا بێ وەرە مەستانە بۆ گوڵشەن بە مەخمووری نیگاهێکە بە کوێری چاوی نێرگس جا لەمەولا مەست و شەهلا بێ بەیادی قامەتت دایم خەریکی ئەم خەیابانەم لە جەولاندا ئەڵێم بەڵکە یەکێ هەمڕەنگی باڵا بێ دەمی تۆ و غونچەیە ئەسبابی دڵتەنگی من و بولبول کە یاری فەیز بەخشە هەر وەکوو گوڵ ئاڵ واڵا بێ وەرە جانا بە تاریکی خەریکی خاتیمەی عەشقم بەڕووتی ڕوومەتت بنوێنە با شەمعی موتالا بێ بە سەهلی دەم لە ئەسراری دەمی نامەرد مەدە حەمدی نەپشکووتوو کە نەبووە غونچە پڕ لوئلوئی لالا بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەم مەسافی عەشقەدا عاشق دەبێ بێ سەر کەوێ لەم مەسافی عەشقەدا عاشق دەبێ بێ سەر کەوێ داری مەنسوورە بەبێ حەق کێ هەیە بێ سەر کەوێ ئارەزووی قەتلت کە کردم شیر و تیرت بۆ چییە کافییە موژگان و ئەبرۆت گۆشەیێکی دەرکەوێ دڵ کەناری گوڵگوڵی کردم بە خوێنی ئاڵ و گەش بەڵکە جارێ بێتە سەیری بەر دڵی دلبەر کەوێ ڕەببی مووی لێبێ زمانم زیکری زلفی تۆ نەکا گەر دەمم بێ باسی تۆ بێ بەردەمی ئەژدەر کەوێ بۆ بەڵا بێ ڕووبەڕووی تۆ بێ دوو چاوم حازرە ئەو خسووفەی بۆ قەمەر دێ با لە دوو ئەختەر کەوێ زلفەکانت کەوتە سەر ڕوومەت بە بۆنی خستووم دەستە دەستە عود و عەنبەر وەک سەری مەجمەر کەوێ دوودی ئاهی خەستەگان و دەردی فیرقەت یەک نەکەوت خەرمەنی عومری ڕەقیبان بەڵکە بەر ئاگر کەوێ دەردی گرتووە نەخلی عومرم بۆ ئەڵێن بەرناگرێ کێ بەری نەخلی مورادی سیححەتە بێ بەر کەوێ من نەخۆشیم گرتووە بمری بەری نادەم ئیتر دوور لە تۆ زەحمەت دەدا با لەمسەر و لەوسەر کەوێ مونکیرت زۆرە وەرە حەمدی بنێرە کوورەوە کۆمەڵێ لەعل و جەواهیر تا لە جێی ئەخگەر کەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵ ڕوومەت برۆت هاتۆتە مەیدان و جەدەل دێنێ لەگەڵ ڕوومەت برۆت هاتۆتە مەیدان و جەدەل دێنێ هیلال و خۆر لە مەغریبدا نموونەی ئەو مەسەل دێنێ بەبێ نووری جەمالت دیدە لێڵایی بەسەر دادێ بەبێ سورمەی غوباری ڕێگەکەت ئەلبەت سەبەل دێنێ سەبا ڕەحمت ببێ بەسیە پەرێشانی مەکە پەرچەم بە تەشویشی دەخیلت بم، شعووری من خەلەل دێنێ بەحەق حەقی جەنابی بولبولە نۆشینی عەتری گوڵ دراوە ئێستە بەو مێشانە وا تۆزی عەسەل دێنێ کە وەستا مۆرەیی تاڵیع لە خانەی هەشتەما زانیم تەنەزوولمە لە کورتیدا شەمس ڕوو بۆ حەمەل دێنێ دەکا سوڵحی عوموومی هەر بە یەک توڕڕە سەری زلفت بە تەحریکی موژە چاوت کەچی حەربی دووەل دێنێ بە حیکمەت ناکرێ بیماری ئولفەت حەمدی یا چارە نەسیمی کۆیی جانانە کە دەرمانی عیللەل دێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیمە یارایی نیگاهی غەین و میم و زێ و هێ نیمە یارایی نیگاهی «غەین و میم و زێ و هێ» غەمزە دڵدۆزە لەتم کە تۆ بە «شین و یێ و ڕێ» شیری ئەبرۆت یەک ئیشارەی بۆ منی شەیدا بەسە تیژە چونکە داویە کوورەی موحیببەت «ئەلف و بێ» ئابی تیغت دیارە ئاوی زیندەگانی تێکەڵە کوشتەگانت زیندوون تا ڕۆژی «حێ و شین و ڕێ» حەشرە هەستاوە لە عالەم قاپی تۆبە داخرا غولغولەی عالەم کە گەییە ئەوجی «چێ و ڕێ و خێ» چەرخی کەچ ڕەفتارە باقڵ دەورەیێکی تر ئەدا پڕ زەهر کا جامەکەم وەک «شین و ڕێ و بێ و تێ» شەربەتی مەرگی لە ئاوی زیندەگی پێ خۆشترە وەعدەیی وەسڵی نەدەیتێ «حێ و میم و دێ و یێ» حەمدی تاکەی هەر بناڵێنی لەژێر باری غەما بۆ چی نابێ ئەی سەنەم ڕەحمت بەویشا جاری بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەپشکووت ئەو دەمە وامایەوە ئەشکالی دڵ جارێ نەپشکووت ئەو دەمە وامایەوە ئەشکالی دڵ جارێ دە چیبکا غولغولەی بولبول نەگاتە سەمعی گوڵ جارێ ڕەقیب و دلبەری دنیا بەیەک سک هەر دەبێ بووبێ گوڵێکی بێ دڕک دیوتە کە بێتە دەر لە چڵ جارێ لە زلفی ئەو بتەم زەننارە بێ باکم لە نار و مار سەرو ئازادی کرد قومری کە تەوقی کردە مل جارێ بە باسی جیلوەی ئەو ڕوخسارە نابێ دڵ مونەووەر کەم کە دڵ فانۆسی یارانە نەوەک بێ موشتەعیل جارێ چ لازم مەنعی ئەو دنیا پەرستە موددەتولعومری لە ئەفعالی قەبیحی خۆی نەبووبێ مونفەعیل جارێ کە دەستی گەییە قەبزەی تیغی ئەبرۆی چاوی خومماری وتم حیفزی بکەی ڕەببی لە فیتنەی مەستی کل جارێ بەجێیە کوشتنی عاشق ڕەقیب ئەمما لە حورمەتدا وتی سەبرت ببێ جارێ ببم بەڵکو خەجڵ جارێ مەگەر گەردم خەیاڵی عالەمی دامەن بکا حەمدی لە ڕێی وەسڵا نەبوو نەشکێ بەجارێ پێ و پل جارێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پڕی نووری موحیببەت کا کەسێ ویستی دڵی نەشکێ پڕی نووری موحیببەت کا کەسێ ویستی دڵی نەشکێ بەبێ ئاگر تەیارە فەرموو بفڕێت و پەلی نەشکێ بە بەر کۆیی خەراباتا نەچن نامەرد بەبێ سوجدە بەبێ تەقڵە بەوێدا مەل دەبا بفڕێ و ملی نەشکێ لە بەزمی عالەما خەندانی وەک گوڵ گەر مولایم بێ دڕک نابێ لە دامەن هەڵچەقێ لووتی چڵی نەشکێ کە دەستی نایە مل شیشە وتم ساقی غەزەبناکە قەدەح دڵ پڕ نەبێ زەحمەت بەریدا قولقولی نەشکێ مەمەڕڕی ناسک ئەندامانە کووچەی حەزرەتی جانان ئەگەر چوو ڕووڕەشی نابێ میسالی قەل قوولی نەشکێ وەرە جانا لە ڕەغمی باغەوان ڕوویێ لە گوڵشەن کە لە مەیدانی چەمەندا حەیفە تیپی گوڵگوڵی نەشکێ ئەوانەن مەرد کە عوریانی بە بەرگی عارییە نادەن ژنە عاری کە بەر کرد تا دەقاقی سەرجلی نەشکێ دەمی خۆت بگرە بەردە دەس لە داوێنم ڕەقیب بەسیە کەساز سازندە بوو نابێ دەم و لووتی تەلی نەشکێ لە حەمدی گەر ڕەقیب خۆی لانەدا یار قەهری لێدەگرێ ئەوەندە غونچە ناپشکوێ هەتا دڵ بولبولی نەشکێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاکەم لە کەس نەدیوە برا مەرحەبا نەبێ چاکەم لە کەس نەدیوە برا مەرحەبا نەبێ چی دەردەچێ لەکیسە قسەی سادە با نەبێ بیستوومە یەک شەوە بە شەوی پێگەیشتوو تۆ یەک ساعەتەی لە یەک دەقیقە بترسە پەیا نەبێ دڵ کەوتووە بە بۆنی سەری زلفی عەنبەرت بەو بۆنە کەس نەکەوتووە بادی سەبا نەبێ وەبزانە ئێستە وەسڵتە ئەگەر عەشقە ڕەهبەرت زاهید ئەگەر موحیببەتەکەت بۆ ڕیا نەبێ ئەو سەربڕینی پەرچەمە بێ شک لەبەر ڕووە زوڵمەت قەباحەتی چییە ئاخر زیا نەبێ ڕوو ڕەش ببی ڕەقیب خودایا ببی بە بەرد ئەمما محەک نەبی بەوە قیڕووسیا نەبێ حەمدی ڕەئیسی مەجلیسی دەرد و غەمە ئەسەف جێگەی دیارە دەوڵەتی ئەو با جیا نەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا موحەممەد ڕووڕەشی دەرگانەکەی تۆم تۆبە بێ یا موحەممەد ڕووڕەشی دەرگانەکەی تۆم، تۆبە بێ هەرچی هەم بێ شک سەگی ئاسانەکەی تۆم، تۆبە بێ زەڕڕەیێ شوعلەی جەمالت کائیناتی کردە نوور هەر وەکوو زەڕڕە منیش پەروانەکەی تۆم، تۆبە بێ ئەنبیا هەر کەس بە ئوممەتیانەوە وەک من دەڵێن ئینتیزاری هیممەتی مەردانەکەی تۆم، تۆبە بێ ناسیخی جوملە کیتاب و جامعی جوملە کیتاب کافریش بم عاشقی قورئانەکەی تۆم، تۆبە بێ سەیری ئەعمالم دەکەم دایم فیغان و ناڵەمە گەر موفەڕڕەح بم لەسەر پەیمانەکەی تۆم، تۆبە بێ هەر بە ئانێ کاشفی سیڕڕی سەماوات و مەلەک من وەک ئەفلاک و مەلەک حەیرانەکەی تۆم، تۆبە بێ خاتیمەت کێشا بە فەرمانی هەموو پێغەمبەران من وەکوو مەهدی لەسەر پەیمانەکەی تۆم، تۆبە بێ جەژنی قوربانە قەسابیش حازرە خۆزگەم بە خۆم خۆم و ئەولادم هەموو قوربانەکەی تۆم، تۆبە بێ بێ کەس و حەیران و سەرگەردانە حەمدی وەک عەرەب الأمان دەستی من و دامانەکەی تۆم، تۆبە بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا ڕەسوولەڵڵا زەلیل و دڵ حەزینم ڕەحمەتێ سەبارەت: تێهەڵکێشی سوورەتی فاتیحە یا ڕەسوولەڵڵا زەلیل و دڵ حەزینم، ڕەحمەتێ موستەمەند و بێ قەرار و بێ قەرینم، ڕەحمەتێ ڕاحەتی قەلب و وجوود و عیززەتی نەفسم نەما وەختی مەرگە حافیزی ئیمان و دینم، ڕەحمەتێ دادخواهی مەحشەر و پشت و پەناهی موئمینان هەمنشینی زاتی دنیا ئافەرینم، ڕەحمەتێ با بە «بِس٘مِ اللهِ الرَّحمنِ الرَحیم» دەس پێ بکەم چونکە تینووی ڕەحمەتم دڵ ئاگرینم، ڕەحمەتێ کائینات «الحَمدُ لِلّه» پڕ لە نووری ڕوویی تۆ ئەی حەبیب و یاری «رَبِّ العالَمین»م، ڕەحمەتێ ئەی وجوودت مەنبەعی ئەڵتافی «رَحمٰنِ الرَحیم» «مَالِکِ»ی ئیعجازی شەمسی «یَومِ الدِّین»م، ڕەحمەتێ قائمی «إیَّاکَ نَعبُد» بووم بە تەبلیغاتی تۆ وا «وَ إیَّاکَ» دەڵێم بۆ «نَستَعِین»م، ڕەحمەتێ «إهدِنا» بۆ ڕێی «صِرَاطَ المُستَقِیم»م تو خودا بۆ ئیرائەی ڕێیی «صِرَاطَ الَّذیِن»م، ڕەحمەتێ من لە «ان٘عَم٘تَ عَلَیهِم٘» با نەبم بێ بەش چییە خۆ سەگی کۆیی ئەمیرول مورسەلینم، ڕەحمەتێ «غَی٘رِ» تۆ کێ من لە «مَغضُوبِ عَلَیهِم» لا ئەدا وەک «ولاالّضالِّیِن» ئامین هیچ نەبینم، ڕەحمەتێ توخودا غافل لە حەمدی قەت مەبە ڕۆژی جەزا ڕووسیاهم ئەی شفیع المذنبینم، ڕەحمەتێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاسمانی فکرە ئەرزی پاکی دیوانی قسە ئاسمانی فکرە ئەرزی پاکی دیوانی قسە عەرشی قەلبی خاس و عامە تەختی سوڵتانی قسە توحفەیی لایق بە فەخری عالەمی دیبێ خودا هەر کەلامێکی قەدیمە سەیری عینوانی قسە ڕۆژ و شەو شام و نەهاری لێ ئەکەن ئەم عالەمە ڕێزەیی نوقسانی نابێ نیعمەتی خوانی قسە پیرەزاڵی پووری زاڵێکە ئەگەر دەستی کەوێ قەبزەیی شمشێری جەوهەرداری بوڕانی قسە کۆنەباوی شیر و تیری ڕۆستەم و ئەسفەندیار ئەسلەحەی خامە و زمانە مەردی مەیدانی قسە بۆ دەمی مەستی مەیی ئیدراکە لێوی کردەوە لەفزی پڕ مەغزە کە بەستەی نەخلی بوستانی قسە شانەیی شمشادی فکری نازکی ئەربابی تەبع بۆ سەری گێسوویی موشکینی پەرێشانی قسە پڕ لە لەفزی نازکە هەروەک سەدەف بەحری فکر مەعنییە دوڕڕی یەتیمی ئاوی نیسانی قسە ئاوی حەیوانە لە شیعری ئابدارا غائیبە باقییە ناوی موئەببەد مەردی دیوانی قسە سەبحەیی سەد دانەیی ئەربابی عیرفانە غەزەل ڕشتەیی باریکی فکرە لەعل و مەرجانی قسە حەقیە بولبول گوڵ بنێ دایم بە کەللەی سەریەوە دەستی وەک حەمدی بگاتە چاکی دامانی قسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەرچی پیرە دنیا سەیر ئەکەی هێشتاکوو منداڵە ئەگەرچی پیرە دنیا سەیر ئەکەی هێشتاکوو منداڵە وەکوو میوەی شەرابردوو ڕزیوە ڕەنگی هەر کاڵە هەمیشە بیکرە دنیا چونکە مەعشوقی کەسانێکە خەیاڵی دەرکی بێ کوێرە ئومیدی نوتقی بێ لاڵە هوما ئێسکی سووا هێندە گەڕا بۆ تۆزە ئێسقانێ کەچی لاشەی قەڵە و دایم لەسەر خوانی قەل و داڵە دڵم پڕ داغە جەرگم خوێنی لێ دەتکێ وەکوو لالە کە من سووتاوی ئەو لێوەم دەبینم مەسکەنی خاڵە درێژ و کورتی عومری ئەهلی دنیا تابیعی عەیشە فیدای شامی ویسالێکە لە هەجرا عومری سەد ساڵە بە ڕەنگ و بۆ نییە ئیحسانی دنیا هەر بە ڕێکەوتە لە نەی شەککەر دەبارێ ژاڵە بەو شیرینییە تاڵە وەرە حەمدی ئەوی ماڵە لە پێش خۆتا ڕەوانەی کە ئەوەی بێ جێ کە چوو وا چوو ئەوی جێی بێڵی کەی ماڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ دیدەنی جانانە عەجەب بوومە سەییارە بۆ دیدەنی جانانە عەجەب بوومە سەییارە گاهێ بە شەمەندەفەر و گاهێ بە تەییارە ساقی بە فیدات بم قەدەحێکم بدەرێ زوو هەر مەستییە بیکا غەمی ئەم فیرقەتە چارە پەیکانی موژەت هێندە برینی لە دڵم کرد هەر چەندە دەکەم نایەتە میزانی ژمارە دڵ موجریمی عەشقە بەخودا حەقیەتی دلبەر بەستوویە بە ئەگریجەوە ئەیدا لە قەنارە بۆ پەنجە دوڕ و لەعلی کە پێ لازمە جانان هەڵڕێژە دەسا دیدە سرشکت بە عەییارە بازاڕی مەیی و مەیکەدە بۆ چی دەشکێنی بەم مەستییە، بەم نەشئەیە، بەم چاوە خومارە باکی نییە حەمدی لە دەمی خەنجەر و شمشێر ئەبرۆتە کە دەبڕی جگەری هەر بە ئیشارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە پووڵی نایەوێ ئەم شۆخە هەرچی نەوعی کاڵایە بە پووڵی نایەوێ ئەم شۆخە هەرچی نەوعی کاڵایە بەبێ کاڵا تەماشاکە وەکوو گوڵ ئاڵ و واڵایە نیگاری پەرچەم و نەقشی برۆی وەک خەتتی ڕەیحانی دەڵێی هاتۆتە تەدریسی موحیببەت شەرحی مەللایە گوڵە مەستانە کەچ کە دەرکەوێ با حاشیەی زلفت دەسووتێ چونکە شەمعی ڕوومەتت وەختی موتاڵایە بە ئەجزایی چەمەن تەشکیلی ئەندامت دەکا بولبول خەرامان سەرو و گوڵ خەندان و نێرگس مەست و شەهلایە کە تۆ مەیلت بە هیجرانە لە وەسڵم چی منیش وەک شێخ لەبەر بێ چارەیی کارم دەڵێم ڕاجیع بە مەولایە فیراقت ئاگرێکی خستە سینە هەروەکوو دۆزەخ لە واوەیلایی دڵ کەوتوومە شک باقڵ لە وەیلایە لەبەر هیممەت بڵندی خۆ نەگەییە دامەنی دەستم بە میزانی تەبیعەت هەڵچووە کەی کورتە باڵایە وەرە ناسیح تەماشاکە کە حەمدی شێتی شۆخێکە لە دەفتەرخانەیی ئیجلالی حوسنا ڕوتبەی ئەعلایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەکفری پەرچەمت کوێری دەبینم نووری پڕ چاوە بەکفری پەرچەمت کوێری دەبینم نووری پڕ چاوە بەنووری ڕوومەتت چاوی مونەووەر کوێر و داماوە بەساڵ و سین نییە کاری جیهان شەوقێکە تێ فکرە گەماڵی کۆنە وەک تووتک بە شەوقە عاشقی ڕاوە وتوویە من شرینقەی ئاوی حەیوان بوو نەجاتی دام بەڵێ ئەم سنعەتە عیللەت پەڕێنە بۆیە وا باوە مەتینە وەک کڵێسا هەر کەسێ مایل بە ئیبلیسە خودا خواهیش تەماشاکە ئەڵێی مزگەوتی ڕووخاوە دەخیلە داخڵی تەئریخی کەن ئەم وەزعە بۆ عیبرەت ئەوی بێ ناوە ناودارە، ئەوی ناودارە بێ ناوە تەجەلی هەر دەکا شەمسی دیانەت موتمەئیننم من نیهایەت ئەم شەوی دەیجوورە وەخت و ساعەتی ماوە لەگەڵ غیرەت دیانەت لازم و مەلزوومە مەعلوومە دەماری ئەم موسڵمانانە حەمدی قەت مەڵێ خاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ بە چاوی سورمەدار و زلفی موشکین نافەوە تۆ بە چاوی سورمەدار و زلفی موشکین نافەوە ئاسکەکەی دەوری خەتا بووی کەوتییە ئەترافەوە بەم شەوی هیجرانە فەرموو با چراخانێ بکەین من بە شوعلەی ئاهی گەرم و تۆ بە مینای سافەوە تۆ کە تاقە غونچەکەی گوڵزاری حوسنی ڕۆحەکەم چیت بەسەر ئەسبابی تاقە و ئەتڵەس و کیشبافەوە کفرە بۆ چی گەر بپرسی حاڵی خەستەی عەشقی خۆت با بڵێن کردوویە جارێ ڕوو بەلای ئینسافەوە سالیکی ڕێگەی موحیببەت سەر لە جێی پێ دادەنێ چی بەسەر چۆلی عیراق و یا بە کێوی قافەوە تا قیامەت با بەرن باری گلەی ئێمە سەلەف ئاگرێکی وەک عەشقیان نایە دڵ ئەخلافەوە تێ گەیشت حەمدی کە بەندەی شێتییە دنیا و دین ڕوو ئیتر ناکاتە زاهید چی بەسەر ئەشرافەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەهی دەستە سەخی ئەخز و عەتا هەروەک قەمەر بەشیە تەهی دەستە سەخی ئەخز و عەتا هەروەک قەمەر بەشیە خەسارە ڕەنجی مومسیک نانە سک وەک ڕەنجبەر بەشیە لە بەزمی عالەما ساقی کە چەرخی سوفلە پەروەر بێ لەباتی مەی ئیتر ئەهلی هونەر خوێنی جگەر بەشیە لەبەر سۆزی فیراقت شەو بە دڵ نابێ بکەم یادت بە جێیوادا شەوی وا هەر کەسێ بڕوا شەرەر بەشیە بە یەک جلیوە بە پێ چوونی کە دیم سووتاندمی فەرمووی سەفەر بۆ کۆیی من هەرکەس بەسەر نەیکا سەقەر بەشیە بە لێوی وشکەوە گریانی عوششاقی کە بیست فەرمووی بڵێ تینووی بیابانی موحیببەت چاوی تەڕ بەشیە وتم عەکسی سەراپاتی نەگرت ئاوێنەیی چاوم وتی عەکسی بتان مەردوم هەتا قوببەی کەمەر بەشیە دەخیل ئەی پیری مەی نەشکا خوماری من بە ڕەتڵ و خوم وتی مەستی نیگەه دایم خومار و دەردی سەر بەشیە ئەوی دوژمنمە یاری یار و ساحێب سووئی زەننم بێ مەلەک بێ هەر وەکوو جانی هەموو لەحزە خەتەر بەشیە لە خوێنی بێ نەوایان پڕ بووە کاسەی کەلی دنیا بەشی هەر دۆ ڕژانە پیرەژن یەئس و کەدەر بەشیە ئەوی بەدخوو بە خۆیکا تا قیامەت دوژمنی نایکا کە سەیل خۆراکی چڵکاوە هەمیشە دەربەدەر بەشیە درەختی سەرکەش و بێ بەر لە باغی عالەما حەمدی وەکوو عەرعەر سەروبەر هەر بڕینی موختەسەر بەشیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جانا وەرە دەمێکە دوو چاوم لە ڕێوەیە جانا وەرە دەمێکە دوو چاوم لە ڕێوەیە حەشرە مەزەننە بۆیە دوو عالەم بەپێوەیە من عاشقی جەمالی کەسێکم کە کافریش ئەو حوسنە بابڵێ دەبزانم بە کێوەیە شێواوە سەر لە عالەم و حەیرانە عەقڵی کول وەستاوە سالیک و هەموو عالەم لە جێوەیە نامەی عەمەل موشابیهی ڕەنگی سیاهمە ڕۆحم فیدات زەلیلم و چاوم لە ئێوەیە ڕۆژێکی کەس نەپرس و زەمانێکە پڕ لە ترس بێ ترس و پرس بفەرموو شەفیعت لەمێوەیە حەمدی چییە گوناهی دەبێ قابیلی چی بێ لوتفێکی تۆ عیلاجی هەموو دەردی پێوەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەلالی سەرکەشانی باغی عالەم جوملە بەربادە جەلالی سەرکەشانی باغی عالەم جوملە بەربادە مەڵێن سەروی سەهی قامەت لە تەرفی گوڵشەن ئازادە میسالی غونچە و گوڵ پاک تینەت شاهیدم زۆرە ئەوی ئەمڕۆکە دڵتەنگە سبەینێ خوڕڕەم و شادە بە تێشەی تەعنە عاشق بەرببێتە بێستوونی چەرخ مەڵێن شیرین نییە نامەرد تەقازای عەشقی فەرهادە لە بەحری نەگبەتیشدا هەر بە قەدرە وەک گوهەر عاریف بە نادان نابڕێ بەحری جەلالێکی خودا دادە لە باسی پەرچەما هەر وەک زمانی شانەیە خامەم لە وەسفی قامەتا تەبعم میسالی قەددی شمشادە بە مەرگی زاڵمی مومسیک ڕەوایە شین و واوەیلا لەگەڵ باری گرانا ڕەهڕەوی بێ توێشە و زادە ڕژایە دڵ لە شەوقی ڕوومەتت نوورێ کە چاوم بووی بە ڕۆژە کاری عالەم ماڵی وێران ماڵی ئابادە مەڵێ مەنسووبی کوردی و سالمم حەمدی لە بێ فەزڵی کە ئەجدادی فەزیلەتمەند گەلێ مەحجووبی ئەولادە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوێنی دڵی فەرزانە بە دێوانە حەڵاڵە خوێنی دڵی فەرزانە بە دێوانە حەڵاڵە بۆ کافری موتڵەق مەی و مەیخانە حەڵاڵە مەی ڕاستە حەرامە کە دەڵێن ئەما بە تەنها ئەسبابی موهەییا کە بۆ ڕەندانە حەڵاڵە نامەردییە هەرچی بە شەریعەت کە حەرامە ئەو کردەوەیەی لایقی مەردانە حەڵاڵە باسی مەکە تەشویشی عەقیدە کە دەکا زلف دڵ چاکە ئەوە هەر بەدەمی شانە حەڵاڵە خۆکوشتن و سووتانە تەقازایی موحیببەت هەرچی کە بکەن بولبول و پەروانە حەڵاڵە مەی دوژمنی ئیمانە دەفەرموون کە مەلاکان بیخۆم کە من ئەم دوژمنی ئیمانە حەڵاڵە واعیز لە نەزەر مەنعم دەکا مەقسەدی غەیرە وەک خۆر نەزەری ڕوومەتی جانانە حەڵاڵە دڵ دیدە پەرستە لەبەر و پشتی برۆیە ئەم کەعبەیە بۆ سالیکی بتخانە حەڵاڵە جائیز نییە حەمدی بکوژی جوولەکە بێ ناو بەو دینە بڵێ گەرچی موسڵمانە حەڵاڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەوم دیوە موعەبیر دڵ حەزینە خەوم دیوە موعەبیر دڵ حەزینە نیشانەی شادییە عیززەت قڕینە لەگەڵ یارم موقیمی گوڵشەنێ بووین وتی باغی جینان و حۆری عینە وتم غونچەی نەپشکووتووی دەدامێ وتی دەم تەنگە ڕەوزەی عارفینە وتم دوو ماری نایە گەردنی من وتی زلفی سیاهی عەنبەرینە وتم سێوێکی خونساری لە دەم نام وتی کوڵمی زەریف و نازەنینە وتم دوو نەجمی هەڵهێنا لە قەوسا وتی چاوی خوماری نێرگسینە وتم ڕۆژی لە شەودا شوعلەوەر بوو وتی پەرچەم لەسەر تەختی جەبینە وتم جامێ شەرابی دایە دەستم وتی شەهدی ویساڵی ئەنگەبینە ئەگەر خەو مردنە بەم نەوعە خۆشە جەهەننەم دارە فەرش و بەرد سەرینە ئیتر ناچێتە خەو مەعلوومە چاوم لەبەر بێ تالیعی حەمدی ئەمینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوڕی ئەشکم لە عەکسی خوێنی جەرگم عەینی یاقووتە دوڕی ئەشکم لە عەکسی خوێنی جەرگم عەینی یاقووتە وەرە ئەم خەزنەیە لێوانی یاقووت و دوڕی ڕووتە کە لاچوو پەرچەمت ئەمشەو وتم ڕۆژە کە نەمزانی شەمس تەنویری وا ناکا ئەمە هەر جیلوەیی ڕووتە من و دڵ قیبلەمان هەردوو موقابیل کرد موتابیق تۆ لەگەڵ میحرابی کەعبە تاقی ئەبرۆت کەچ نییە جووتە لە بێداد و ستەمدا بۆ منی بێچارە سەربەستی سەوادت بۆتەوە جانا ئەمە هەر کردەوەی زووتە منی ئافەت زەدە قەدرم چییە بنواڕە شێری نەڕ لە بێشەی زامداری تیری غەمزەی چاوی ئاهووتە لەبی زەخمم لەبەر شەوقی تەڵەب دووبارە شەققی برد دەڵێی مەیلی دووبارە زەربی تیغی دەست و بازووتە تەپووکۆی سەیدی بێچارە لە خۆشی وەسڵی سەییادە کەچی مردم نەهاتی بێ بەڵا بی هەر ئەمە خووتە شکافی سینەکەم پەیوەستی هەر ناکا دەوا قوربان ئەگەر ڕەحمت هەیە موحتاجی هەودایێکی گێسووتە شوعاعی ڕوومەتت موشکیل بوو حەللی کردەوە حەمدی بە دەر وەک نوقتەیی پەرگاری حەپسی دائیرەی مووتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیدە بۆ مەغشووشە لێڵایی بەسەردا هاتەوە دیدە بۆ مەغشووشە لێڵایی بەسەردا هاتەوە هیجرەتە تەشریفی دووبارە لە دەردا هاتەوە مەجلیسی ئولفەت کە گەرمی مەستی نەشئەی بادە بوو هەر وەکوو ماتەم لە غەم پەردەی بەسەردا هاتەوە دەس لەگەردنکردنی زلفت چ شیرینە خودا سا لەتیکەی جەرگی شانە بەو کەمەردا هاتەوە تۆ کە هەڵهاتی خۆر ئاوا بوو لە عەکسی ڕوومەتت شوعلە ئەفشانی بە ڕوخساری قەمەردا هاتەوە توخودا فەرموو بە پێوە بێرە بانی دیدەکەم با تکەی کەم بێ گڵی زۆرە بەسەردا هاتەوە چاوی تۆ خۆش بێ نەماوە تازە ئومێدی ژیان لەت لەتی دڵمە لەگەڵ خوێنی جگەردا هاتەوە ئینتیزاری قافڵەی غەم بووم لە ڕێوە بێتەوە حەمدی وا هیجری موئەببەد خۆ لەبەردا هاتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەزانم قاتڵم کێیە چ حەققێکم بەسەر تۆوە دەزانم قاتڵم کێیە چ حەققێکم بەسەر تۆوە ئەوە خوێنی دڵە دەتکێ بە برژانگ و بە ئەبرۆوە بە بۆنی خست دڵم زلفی کە با هێنایە سەر کوڵمی بە جارێ کۆمەڵێ عەنبەر وەکوو بخرێتە پشکۆوە لە شەرمی خاڵی ژێر پەرچەم وەنەوشە گەردنی کەچ کرد وەکوو موجریم خزایە سێبەری بن باڵی شەوبۆوە بە دەورەی مەمکەوە حەڵقەی سەری زلفی تەماشا کەن دەڵێی گۆچانی عوودی خستە زیوی سافی وەک گۆوە بە جورمی عەشق ئەگەر حاکم سەرم ببڕێ منەتبارم وەگەر نە توو خودا فەرموو گوناهم کوا بە ئەستۆوە دڕک غونچەی لە دەستایە لە ڕۆژێکی لە چڵ دەرچوو بەڵێ گوڵڕوو بەدایم وا بەدەس ئینسانی بەدگۆوە لە ئاوی زیندەگی سەهبا و قورسی ڕووی بەچە چبکا دڵی سۆفی کە دایم وا بەلای دوو خەپلەیی جۆوە لەکن ئەربابی دڵ وەختی شەهادەت ئەووەڵی عومرە کە مرد حەمدی بکەن شادی بەناوی شین و ڕۆڕۆوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەک فیدات بم شاهبازی خێڵی خوبانم وەرە دەک فیدات بم شاهبازی خێڵی خوبانم وەرە توخودا ڕەحمت ببێ کەبکی خەرامانم وەرە پەرچەمت لادە لەسەر ڕوومەت بە مەحزی ئیمتیحان دەفعی زوڵمەت با ببێ ئەی ماهی تابانم وەرە من لە دوور هاتوومە دیدەن بۆ چی بێ مەیلی دەکەی کافریش بم خۆشە لای خوا چونکە میوانم وەرە ڕوومەتی سافت لە پەڕڕەی گوڵ گەلێ نازکترە قەد سنەوبەر، دیدە نێرگس، زلف ڕەیحانم وەرە با وەکوو من عالەمێ شەیدایی حوسنی تۆ ببێ دلبەری مومتاز و شاهی دیدەمەستانم وەرە من لە تەعنەی دۆست و دوژمن زەڕڕەیێ باکم نییە بمکوژە ئەمما بە شەرتێ نووری ئیمانم وەرە غەیری وەسڵی تۆ لە لای حەمدی نەماوە ئارەزوو تاکوو ماوم لەحزەیێ ئاسایشی جانم وەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساڵی جارێ هەر دەبێ ئەم شارە بێتە مەزبەلە سەبارەت: لافاوی سلێمانی ساڵی جارێ هەر دەبێ ئەم شارە بێتە مەزبەلە یا بە بۆمبا یا بە ئاگر یا بە بارانی پەڵە ئاگرت تێ بەربێ گەردوون وا ئەبێ دەور و خولت نایەڵی قەت مەزرەعەی ئومێدی کورد بێ دوو پەلە بۆ مەزەڕڕەت هەر تەنەززولتان کە فەرموو بۆ زەمین عادەتت وایە کە کوردستان بکەیتە مەرحەلە بۆ چی بوویتە مەسخەری ئەرز و سەما ئەی مەملەکەت بۆ چی بوویتە مەعرەزی ئافات و فیتنە و وەلوەلە خەڵقی وەک تینووی بەراون بۆ نمی باران کەچی بەو نمە بارانە ئێمەت خستە ئەم مەرگە مەلە یا بە حاڵی ئێمە گریا گوێژە فرمێسکی بەخوڕ هات و لێشاوی سلێمانی کە خستە زەلزەلە هاژەیی لافاو و گرمەی هەور و چەخماخەی هەوا لەرزی هێنایە مەلەک ئینسانی خستە هەلهەلە سەددە هەڵدەستێ لەبەر لافاوی کوردستان کە بێ دیجلە لێڵ و وێڵ ئەکا شەیتان ئەخاتە پێمەلە موقتەزایی خاکە هەر شەیئی کە تێدا هەڵکەوێ هێندە بەرز و دیارییە وەک دارەکانی سەرکەلە کوندەبووی نەگبەت وەهای زانی کە ئەیوانی جەمە ئەم کەلاوانەی کە دی گڤ بوو بوو ئەتوت هۆکەڵە پاشی لافاو هەر بەیەک مەوداوە فیرقەی عەنکەبووت بۆ سەرا پەردە لە شاران کەوتبوونە کەل کەڵە ئەم برینانە زەمانە هەر دەبێ ساڕێژی کا حەمدی ئەمما بۆ ئەمەش پێویستە سەعی و حەوسەلە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێواوە پەرێشانە دڵم حەقیە کە تەنگە شێواوە، پەرێشانە دڵم حەقیە کە تەنگە مەحروومە لە دیداری کەسێ شۆخ و قەشەنگە خاریج لە خەیاڵی بەشەرە باسی زەریفی نەرم و سپی و ناسک و مەهپەیکەر و شەنگە عاشق کوژ و بێ ڕەحم و بە ئاشووب و بە قینە بێ واسیتە پەیوەستە لەگەڵ ئێمە بە جەنگە گەه ساحیر و گەه زاهید و هوشیارە گەهێ مەست حاشا نە یەهوودە نە مسوڵمانە فەرەنگە ئەم باری منە بیخەنە سەر شانی فەلەک جا ئەو وەختە دەزانی کە دڵم بۆ چی کەشەنگە شەیدایە وەکوو من لە فیراقی وەتەن و یار گەر فیل و ئەگەر دێو و ئەگەر شێر و نەهەنگە تەئسیری نەبوو دادی من و شەکوەیی یارم ئەم لەعلی بەدەخشانە دەڵێی پارەیی سەنگە لەو ساوە کە بوومە هەدەفی دیدەیی مەستت وەک تەرکەشە جلدم بنی موو نووکی خەدەنگە ئەم ئەشکە بە سووری کە نیگاری ڕوخی زەردە حەمدی ئەسەری هیجرەتی دڵدارە بە ڕەنگە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێم گەڕێ واعیز ئیتر سووڕەت پەرستی کارمە لێم گەڕێ واعیز ئیتر سووڕەت پەرستی کارمە ئەم جەلالە سەیری عەکسی دڵفریبی یارمە خوێنی جەرگم گەر لەدەست و پێ گری هەروەک خەنە جا دەڵێم خۆزگەم بە خۆم خوێنم لەسەر خونکارمە زەڕڕەبینم بۆچییە گەر زەڕڕە نووری بێ بەسەر جیلوە بەخشی دیدە عەکسی شەوقی مەهڕوخسارمە چەرخە توخوا با بزانم چۆنە ڕەسمی بت پەرست ڕووبەڕووی سووڕەت لە خاکە کەوتنم ڕەفتارمە شێوەکەی بێ دەنگ ئەدا ئەم عەکسە تەسکینی بە دڵ بێ بەشە دەمدەم بە دەم حەقمە کە هەر هاوارمە لەب بەخەندە سوڕەتی جانانە حەمدی سەیر ئەکا بۆ نیساری بۆیە شیرین وەک شەکەر گوفتارمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ئەحواڵی زەمانە گفتوگۆ ناکەم خەرافاتە لە ئەحواڵی زەمانە گفتوگۆ ناکەم خەرافاتە هەموو عالەم کە سەرمەستی مەیە و دنیا خەراباتە ڕەئیسی بەزمی عوشرەت سۆفییێکی وشکی بەدخوڵقە ئەنیسی مەجلیسی خەڵوەت ئەگەر لۆتی نەبێ لاتە خەمیرەی تۆ بلوورە چونکە مەنعی ماوەڕا ناکا لەژێر پێتا ببێ لەعلێ ئەڵێی ئەنگوشتەری پاتە بە نیسبەت شەوقەوە لازم دەکا بۆ سەیری جانانە لە عەینی دیدە نابێ وەک بەسەر هەرچی مەساماتە خەیاڵی وەسڵ ئەکەم هەجری موئەببەد دێتە بەر چاوم نەتیجەی وەسڵ گەر ڕاستت ئەوێ مەرگی موفاجاتە لە حاڵی من خەبەر نادا بەتۆ عەرزە وەکوو ڕەهبەر نوشتەیی حەک دەبێ باقڵ ئەویش فەرقی تەماشاتە بە گوێی هەمڕازی تۆ دا ئاشنا نابێ فیغانی من لە برسی قەت ئەپرسێ ئەو کەسەی تێری تەعاماتە ئەجەل فرسەت بدا بەم یەئسە حەمدی عەینی ئومێدە کە زەحمەت ڕەحمەتی هێناوە هیجرەت بۆ مولاقاتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دنیادا ئەوی باقی بمینێ نیک و بەد نامە لە دنیادا ئەوی باقی بمینێ نیک و بەد نامە حەسەد ئەلبەت بەبێ ناوان دەبا هەر کەس کە بەدنامە تەماشای عاقیبەت کە بۆ بەد و نیکی عەمەل زاهید شەوی بەزمم نەتیجەی سوبحە ڕۆژی ڕۆژووت شامە کە نازانی ئیمامەت ئەی ئیمامی سەومیعە فەرموو سلووکی قامەتی مینا کە سوجدەی بۆ لەبی جامە مەقامی خۆ نەناسینە تەماشای جێی پودەر کردن بەقەد سەرمایە گەر سەودا نەکا تاجر بەد ئەنجامە گلە نابێ بکەی شێخم کە ڕووم کردۆتە پیری مەی کە نووری مەی خسووسی بۆ نییە وەک خۆر لەسەر عامە لە فکری ئینتیقاما نابی نەبووە ئەو کەسی مەردە لەگەڵ قودرەت ئەگەر بووی وادیارە بڵح و کەم فامە بە مار نەدراوە پێ هیشتا کە دەهری کردە زەهری مار خودا نەیکا کەبیدا جا ئیتر عالەم زەهر کامە زەمانم من بە ئەحواڵی عەدەم زانیبوو تا ئیستا وجوودە گەر ئەمە تۆبە خودایا ئەی عەدەم کامە تەوەححوش قەت مەکەن ئەهلی موحیببەت قاتیلە سەییاد ئەگەر سیمورغی بەڕ بێ کوشتەیە یا وەک کەوی ڕامە ئەلفبا خوێنی بوو مەجنوون لە مەکتەبخانەیی عەشقا بە ڕەسمی سوختەیی ئولفەت کەبابی پوختە هەر خامە لە باڵا و زلفی یارا لا ئیلاهم خوێندەوە حەمدی بەناوی خوا خودا بۆ سەیری کردوە ئەم ئەلف لامە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە زوڵماتی شەوا جانانە شەمعێکی شەبستانە لە زوڵماتی شەوا جانانە شەمعێکی شەبستانە شەرابی کەیفی عوششاق و نیشاتی بەزمی مەستانە گەهێ وەک بت زیارەتگاهی ڕەندانی خەراباتە گەهێ ڕەندانە سەر حەڵقەی عموومی بت پەرستانە لە سەحنی گوڵشەنا خۆشخوانە گاهێ هەر وەکوو بولبول بە ڕەنگ و بۆ گوڵ ئاسا گوڵ نمایندەی گوڵستانە گەهێ بۆ دلبەری ئەسبابی کوردانەی لەبەردایە گەهێ بۆ ساحیری هەروەک پەری مەستووری فستانە لەگەڵ دڵ حەمدی بۆ سەیر و تەماشا گەر تەماح ناکەی بەسە ئەم حۆرییە وەک جەننەت و بۆستانە بەستانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە عەکسی دەستی ڕەنگینت دڵی پەیمانە ڕەنگینە لە عەکسی دەستی ڕەنگینت دڵی پەیمانە ڕەنگینە لە خۆشی لێوی شیرینت مەی و مەیخانە ڕەنگینە کە ئەسراری دەمت بادی سەبای بۆ غونچەیێ هێنا فەرەح کەوتە دڵی ئێستا گوڵە و خەندانە ڕەنگینە مەگەر خەندە جودایی خستە بەینی لێوی شیرینت کە پشکووت غونچە هەر عەینی وەک ئەو لێوانە ڕەنگینە لە باسی گەردن و گێسوویی لەیلاکەی دەکا عاقڵ نەزانی چەندە زنجیری ملی دێوانە ڕەنگینە کە باسی دەست و پەنجەی پڕ نیگاری تۆ دەکەم جانا میداد و خامە و سەفحە هەموو ئەفسانە ڕەنگینە غەریبت کردە کەعبەی ئەهلی دڵ تەنها بە یەک جیلوە میسالی حۆریی جەننەت بت و بتخانە ڕەنگینە بە شوعلەی شەمعی کوڵمت بۆ نەسووتێ دڵ کە بیبینێ وەکوو توتی لە شوهرەتدا پەڕی پەروانە ڕەنگینە وەرە ساقی بە یادی دلبەرە بێ شەرتەکەی حەمدی بدە جامێ دەخیلت بم قسەی مەستانە ڕەنگینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە پارسەنگی گەدایانی عەشقدا شا نییە سووکە لە پارسەنگی گەدایانی عەشقدا شا نییە سووکە من و ڕووی یار، ئەو و پارەی دڵی مسکینی مەفلووکە دڵم بۆ وەک نگین شەق شەق نەبێ تەختی سولەیمانی لەدەس بەخت نەسردا بێ بڵێن تابیع بە کەرکووکە بە چاوی مەستی جانان نێرگسی شەهلا دەشوبهێنن کە بادام و نوقڵ کەی قابیلی تەتبیقی خڕنووکە کە سەیری تەوری دنیاخوازەکانم کرد وتم یاڕەب کە زاوا بن ئەمانە وای بە حاڵی بووک و بەربووکە بە گوێی من گەر بکا سۆفی دەخاتە پشتی گوێی ڕیشی کە ئێرە جەننەتە جێی کاکۆل و ڕوخساری بێ تووکە زڕەی زنجیر و ناڵەی پڕ لە تەئسیری لە دڵ هەڵسا چییە سووچی لە زیندانا دیسان مەحبووس و مەترووکە وتوویە حەمدی کوشتەی غەمزەمە بۆ گەردن ئازایی لە مردنیا دەچم ئامان ئەجەل هەرچی دەکەی زووکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر ڕوخساری گوڵ شاخی سەمەن ئاسایە ئەو زلفە لەسەر ڕوخساری گوڵ شاخی سەمەن ئاسایە ئەو زلفە بەسەر پشکۆوە هەروەک عەنبەری سارایە ئەو زلفە لەسەر قەت دەردەچێ شەوقی جنوون گەر زەڕڕە عەقڵم بێ دەزانم سیلسیلەی مەجنوونەکەی لەیلایە ئەو زلفە بە جیلوە لەمعە لەمعە پرتەو ئەڕژێنێ لە گەردندا دەڵێی سەبحەی شەوە ڕۆژی جیهان ئارایە ئەو زلفە بە پەنجەی شانە ئەفشانی دەکا بۆ مردنی عاشق لیباسی تەعزییەی زیبەندی باڵایە ئەو زلفە سەبا هیممەت بفەرموو باوەشێنی پەڕڕەیی گوڵ کە بە ڕەیحانە کە دەستە بەستەیی مەولایە ئەو زلفە گەهێ سەرمەستی نەشئەی ساغیری یاقووتی لێوانە گەهێ زنجیرەیی ساقی ملی مینایە ئەو زلفە گەهێ مەسنەدنشینی ڕوومەتە هەمڕازی دوو نێرگس لەبەر چاوی بەدە گەه حایلی سیمایە ئەو زلفە کەلامی تەفرەقە و فکری پەرێشانی هەیە حەمدی لە مەعنادا دەڵێی ئەشعاری بێ هەمتایە ئەو زلفە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من لە عالەم چوومە دەرچیمە بەسەر ئینسانەوە من لە عالەم چوومە دەرچیمە بەسەر ئینسانەوە ئێستە ئینسانم کە چوومە مەسلەکی حەیوانەوە شێت و شەیدایی نیگاهی چاوی مەستی دلبەرم پێکەنینم دێ بە کوشتن چیم بەسەر گریانەوە کوڵمی هەڵگیرسا وەکوو ئاگر بە نووری ئابی مەی دڵ وەکوو پەروانە چۆتە مەجلیسی سووتانەوە کەس نەبوو داوێنی ساقی بابدا ڕەحمی ببێ خوێنی من بۆ چی دەکاتە کاسەیی خوبانەوە تاجداری خوسرەوانم چونکە خاکی کۆیی تۆم خاکی کۆی تۆ گەوهەری تاجە بەسەر سوڵتانەوە ئارەزووی وەسڵم لە هیجرانا ئەگەر حاسڵ دەبوو جا دەبوو بمرم بە داخی یەک نەفس هیجرانەوە حاشیەی پەرچەم عەیانی کردووە سڕڕی جەمال هەر وەکوو تەفسیری بەیزاوی بەسەر قورئانەوە خوێنی من کەوتۆتە سەر لێوت حەقە بیخۆمەوە بیدە وەک ساقی کە ئەیدا مەی بەدەم مەستانەوە من فیراری دەوڵەتم ئەمما ئەسیری زلفی یار شاد و مەحزوونم کە مەشهوورم بە دوو عینوانەوە دەرنەکەوتی بۆیە بەم جەژنە بە ڕۆژوو مامەوە جەژنی من جەژنانەیی تۆ بێ بە ماڵ و جانەوە تو خودا ڕەحمت ببێ بەسیە ئیتر بنوێنە ڕوو ئینتیزاری مانگە حەمدی چونکە بەم سەربانەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موژدە بێ یاران ئەڵێن تەشریفی جانان دێتەوە موژدە بێ یاران ئەڵێن تەشریفی جانان دێتەوە وەک هیلالە قامەتم تا بەدری تابان دێتەوە ڕۆژ کە گیرا شەمشەمەکوێرە عەجەب کەوتە سەما سا دەبا کوێر بێ بینینی ڕۆژی ڕەخشان دێتەوە موددەتێکە موڵکی دڵ وێرانە شاگەردانییە ساحیبی سواری هەوایە وەک سولەیمان دێتەوە وەک شەوی لێکردووە زوڵمەت دڵی ئیسلامەکان ڕۆژە جا ئەلحەمدولیللا نووری ئیمان دێتەوە بولبولی شەیدا لە ئەترافی چەمەن بۆ ناڵەتە گوڵ بە خەندانی وەکوو سەروی خەرامان دێتەوە بۆ حەیاتی تازە بیداتە شەهیدانی وەفا هەر وەکوو دەریایی عوممان ئابی حەیوان دێتەوە مەسکەنی کێوانە حەمدی هەمدەمی دێوانەگان تا بەخێرێت ئەو ڕەئیسەی خێڵی ڕەندان دێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەکە مەنعم لە بتخانە کە نەتدیوە سەنەم کامە مەکە مەنعم لە بتخانە کە نەتدیوە سەنەم کامە لە جەننەت کەی ئەگەی واعیز کە نەبینی ئیرەم کامە بە تەشریفی ئەگەر ئەو شۆخە مەیخانە موزەییەن کا بە زاهید بۆ ئەڵێن نامەحرەمە ڕێگەی حەرەم کامە بە دڵ سافی نییە شێخم وەرە بڕوانە پەڕڕەی دڵ دەزانی جا نیگاری لەوح و ئەسراری قەڵەم کامە وەکوو من میحنەتی هیجران ببینێ گەر شەوێ زاهید قیامەت جا دەبینێ تێ دەگا گۆشەی عەدەم کامە لە بەزمی وەسڵی جانانا ئەگەر هەمدەم دەمێ بووبێ دەزانی دوردی مەخمووری شەراب و جامی جەم کامە لە یومنی بادە تەنیا من نەمایەندەی خەراباتم بەڵێ پیری موغان ئەلبەت ئەزانێ موحتەرەم کامە ئەگەر مەستی نیگاهی تۆ نەبێ مەجنوونە سا حەمدی بیابانی لەبەر چی گرتە بەر جاه و حەشەم کامە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نازی گەردوون بۆ دەکێشم ئەو بە ڕۆژی ڕووتەوە نازی گەردوون بۆ دەکێشم ئەو بە ڕۆژی ڕووتەوە من بە ماهی نەخشەبێکی شوعلەدەر وەک ڕووتەوە بەر دەخا ئاهووی خوتەن بۆ نافەیێکی میشک بۆ عەنبەری سارا فرۆشم من لە سایەی مووتەوە تاقی ئەبرۆتم مورادە ڕوو لە قیبلەم بۆ نوێژ ئەهلی قوبلە چی بەسەر میحرابی تاق و جووتەوە تا قیامەت من منەتباری غەمی هیجرانی تۆم ئەو دەخۆم و عامییانە نیم بەتەنگی قووتەوە بۆ گەدایی کۆیی جانان سەڵتەنەت هەر مردنە گەر خودا ڕەحمی لە دڵ نێ بێ لەتەک تابووتەوە عەشقی شیرینت ببێ عاشق لەگەڵ ئەم زوعفەدا کۆهکەندێکی چ حەققت تۆ بەسەر بازووتەوە دلبەرت ڕۆیی ڕەقیبی کەوتە دوو خاکت بەسەر حەمدی بنواڕە سەگێکە وا بەدووی ئاهووتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەتەن عەزیزە دەخیلە مەڵێن گڵی خاکە وەتەن عەزیزە دەخیلە مەڵێن گڵی خاکە گڵی کلێکە سورمەیی عیوونی ئیدراکە مەڵێن تەحجیری کردووە لە ئاو و گڵ بەردی بڵێن کە جەرگی شەهیدانی کوردی بێ باکە خەڵقی حەقە بە دیجلە بڵێن ئاوە لێڵ و وێڵ چەشمەی ڕەوانی ئێمە ڕەوان قیبلەیی پاکە شاخی درێژی سەددی سکەندەر نیشان ئەدا گردی ستوونی بەرزی سەراپەردەی ئەفلاکە گەر گوڵشەنی نەپشکوێت و نەڕازێنەوە چەمەن حەقیانە کورد دەمێکە پەشێواو و غەمناکە حەمدی دەناسی تورک و عەجەم دیارە ئەجنەبیش دوژمن بە خاکی کوردن ئەمانەت کە دی ڕاکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەختە ساڵێکە کە ڕۆژێکم نەدیوە هەر شەوە وەختە ساڵێکە کە ڕۆژێکم نەدیوە هەر شەوە مردنە ئەم حاڵە یا ئاخر زەمانە یا خەوە بێ وەفایی گەر نەبێ ڕاستی لە نەگبەت عاجزم ڕەببی بینێری ئەجەل قائیمەقامی ئەم ئەوە ئەم دڵە لەت بێ لە زوڵمی خەسمی کافر عاجزە دلبەری بێ شەرت دەزانێ واسیتەی عیجزم ئەوە شوعلە کەوتۆتە دەروونم حیسی ڕووناکی ئەکەم بەرقی ئاهە یا تلووعی شەمسی ساحێب پرتەوە وەسڵە یا هیجران بێ وەقفە گرۆهی عاشقان یەک بەیەک حەمدی ئەڵێن نامەرد زەمانی سەرڕەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووم لە تۆیە پرتەوی خورشید و ماهم بۆ چییە ڕووم لە تۆیە پرتەوی خورشید و ماهم بۆ چییە خاکی بەرپێت تاجی سەرمە، تەختی شاهم بۆ چییە کیشوەری سەبرم بە مەعمووری تەسەڕڕوف کردووە ماڵ و موڵک و شەوکەت و ئیقبال و جاهم بۆ چییە هەر دەمەی نەوعێکە ڕەنگی چەرخی کەچ ڕەفتاری پیر گریەیی پڕسۆز و خەندەی قاهقاهم بۆ چییە زیکری قادر نەقشبەند لەوحەیی قەلبم دەکەم نامەوێ ئەسڵەن ئیعانەی کەس پەناهم بۆ چییە خۆشە دەروێشی نەبوونی بۆتە مایەی ڕاحەتی خەوفی ڕزقی شام و لوقمەی سوبحگاهم بۆ چییە هەر بەیەک نیمە نیگاهت تا قیامەت مەست ئەبم چاترە فیرقەت لە وەسڵی وا نیگاهم بۆ چییە بۆ عەدو بەرقی هەناسە و بەردی ناڵەم کافییە حەربگاه و ئەسلەحە و نوزم و سوپاهم بۆچییە ڕاحەتی مەملووکی دەروێشانە حەمدی لێم گەڕێ عەرز و حاڵ و ڕەهبەر و یا دادخواهم بۆچییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەفیقی من بە شەو تەیرێکە دەگری دائیما تاقە ڕەفیقی من بە شەو تەیرێکە دەگری دائیما تاقە ئیتر بۆچیمە هەمدەم نامەوێ ئەم گونبەد و تاقە بە فەرمانت ئیتاعەت هەر دەکەم تاکوو نەفەس مابێ لە دڵتا هەرچی تەکلیفە بفەرموو گەر هەموو شاقە ئەگەر مەیلت بە بەرگی ئەتڵەسی ئەفلاکە پارچە کەم گوڵی ئەستێرە شیرینە نەوەک گوڵ سورمە و تاقە ئیدارەی مەشعەلی حوسن و جەماڵی تۆیە مەقسوودی خودا لەم شەوکەتی ئەفلاک و تەنزیماتی ئافاقە ئەزەل مەربووتی زلف و ڕوومەتی تۆیە دڵ و ڕۆحم ئەگەر ئیمان ئەگەر کوفرە لەسەر ئەو عەهد و میساقە بە ئیستیحقاقە ئیحسانت ئەگەر ئەهلی بەسیرەت بێ شەهنشاه و گەدا سەیری مەقامی کۆیی عوششاقە مەجازە مەرتەبەی ئەووەڵ کەسێ مەیلی حەقیقی بێ ئیتر غەدرە بە حەمدی گەر بڵێ واعیز بەد ئەخلاقە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هێند دڵم موشتاقی تاقی جووتە کەعبەی ئەبرووە هێند دڵم موشتاقی تاقی جووتە کەعبەی ئەبرووە وا لە عەینی فیتنەدا سوجدەی بە قیبلەی بردووە سەیری ئەم شەوقە بە سەیر و باسی زلفی ئەو گوڵە موو لە ناوی چاوم و نوکی زمانم دەرچووە با نەجاتی زوو ببێ عاشق لەژێر چنگی ڕەقیب ئەو مەڕە ناژی لە چنگی گورگی زاڵم بەر بووە تۆ لە شەوقی من دەسووتێی بۆ چی دەیفەرمووی وتم ئەی شەمع پەروانە لوتفەن فێری کردم ئەم خووە هێند گەڕا دنیا نیهایەت کەوتە دەستی کوفئی خۆی خوێنی خەڵک و ماڵی عالەم بوو جییازی ئەم شووە وەک لە دووی دنیا گەڕا گەر بۆ عەسای مووسا دەبوو ئێستە دەستی کەوتبوو بووبوو بە فیرعەون ئەم جووە ناوی حەمدی بۆتە پێخۆری قسە زوو بیکوژن با لە لوقمەی ئەم دەنی تەبعانە دەرچێ ئەم مووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یووسفی من سەد زولەیخا عاشق و مەفتوونییە یووسفی من سەد زولەیخا عاشق و مەفتوونییە سەد هەزاری میسلی لەیلا هەر وەکوو مەجنوونییە ڕوومەتی وەک قورسی خورشیدە لە بەرق و شوعلەدا زلفی شەو جەبهەی ئوفوق چەرخی کولە گەردوونییە بۆتە بۆتە سینە دڵ مەشغووڵی حەللی دلبەرە ڕۆحی گوڵ لەعلی بەدەخشان و قەمەر مەعجوونییە نێرگس و شەوبۆ و وەنەوشە بەرگی گوڵ سەرووی سەهی چاو و زلف و خاڵ و ڕوخسار و قەدی مەوزوونییە سفرەیی ئەربابی هونەر کەمتر لە خوانی جەم نییە دیدە جام و دڵ کەباب و مەی سرشکی خوێنییە شاهێدم زۆرە کە مەیلی ڕۆینت فەرموو وتم ڕۆحەکەم حەمدی کە دەفڕێ ئارەزووی دەرچوونییە ++++++++++++++++++++++