شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: کاسەی کەل و وێرانەیی دەروێش و قەلەندەر کاسەی کەل و وێرانەیی دەروێش و قەلەندەر بێ فەرقە لەگەڵ جامی جەم و تەختی سکەندەر گەر سەحنی چەمەن بێت و ئەگەر کوورەیی ئاگر دەبڕێتەوە هەردوو چ لە بولبول چ سەمەندەر بۆ داڵ و قەل و گورگ و سەگە ئێسک و پرووسکی ئەم ئەسپە غەریبانە وەکوو لاکی چەمەندەر مەحکوومی زەواڵە هەموو نوقسان و کەماڵێ لەم هات و نەهاتە مەبە مەمنوون و موکەددەر کەی ماڵی من و تۆیە ئەم ئەسبابی جیهانە میراتییە کە هەر دەگەڕێ ئەمسەر و ئەوسەر لەو ماڵە کە وەک گۆشتی سەگە ناچێ بە دەمتا حەقتە بە قەدەر ڕەنجبەرێ بیخۆ بە دەفتەر مەغرووری بە دوو پارەوە پارت لە فکر بێ ساڵێکی تریش هەر هەیە بێ خاکت بەسەر سەر تەنویری دەکەی زوڵمەتی دنیا بە ئەلەتریک تاریکی مەکە بارێ لە خۆت ڕێگەیی مەحشەر هەر وەک کە نەبووبی لە نەزەر وەختە نەمینێ وەک لاشە کە کەوتوی دەکەوی لەم بەر و لەوبەر تاعات و عیبادەت نەبوو مەقسودی ئیلاهی لەم خەڵقی من و تۆیە بە تەبلیغی پەیەمبەر لەم ڕێگەیی ڕاستانەوە وەک هاتی نەهاتی ئەی قوڕ بەسەرت وەختە ببی خوار و موحەققەر حەمدی کە سەگی دەرگەهی مەعشووقی خودا بێ باکی چییە لەو مەعرەکەیی مەحشەر و مەعبەر ++++++++++++++++++++++