شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: دڵی هەڵناگرێ دنیا لە حوببی دلبەرێ زیاتر دڵی هەڵناگرێ دنیا لە حوببی دلبەرێ زیاتر گڕ ئەگرێ گەر فەلەک بیبێ لە میهری ئەنوەرێ زیاتر مەدە دەس چاوی مەستت خەنجەری بوڕانی وەک ئەبرۆ موژەت کاریگەرە بۆ دڵ لە نووکی خەنجەرێ زیاتر بە دوو چاو قەت دڵی نایە فەلەک سەیری جەماڵی کا بە ڕۆژا قەت بزانە هەڵدەهێنێ ئەختەرێ زیاتر لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا ئەو چاوە مەخموورە لە بەزمی عالەما گەرچی دەبێ شۆر و شەڕێ زیاتر سەرەفرازە ڕەقیب پێی نا بە سەریا قوڕ بەسەردا کەم بڵێم چی تاج بەخشی من نەبەخشێ ئەفسەرێ زیاتر چ بۆ خەلع و چ خەلعەت هەر یەکێکە گوفتەی ئەو شۆخە سەدەف بێ قەدرە گەر بگرێ لە تەنها گەوهەرێ زیاتر سەری خۆی نایەشێنێ مەردی عاقڵ فەزڵەیە بۆ سەر لە سەودایێکی عەشق و یەک کوڵاه و بوستەرێ زیاتر بە یەک جیلوە حیسابی موددەتولعومری لەگەڵ کردم وتی نەدرا بە دنیایێ لە سوبحی مەحشەرێ زیاتر ئەگەر واعیز لە ساقی سادە بادە دەفعەیێ بگرێ دەکا تەعریفی مەی باقڵ لە ئاوی کەوسەرێ زیاتر چ عالی هیممەتە وێرانەیی کردۆتە مەسکەن بۆم لە ژێر سایەی کەسانا بێ و نەبێتە قەیسەرێ زیاتر خەلیلی عەشقە حەمدی موستەعیدی سووتنە نەمروود چرا نەیویستووە ئەمما لە شوعلەی ئەختەرێ زیاتر ++++++++++++++++++++++