شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: بەحرە نەشئەی مەی شەپۆلێکی دەکا دڵ غەرقی نوور بەحرە نەشئەی مەی شەپۆلێکی دەکا دڵ غەرقی نوور خان و مانی عەقڵی دەسووتێنێ بە چاوی بەرقی نوور مەی ئەگەر مەی بێت و هیممەت هیممەتی پیری موغان بەحر و بەڕ یەکسانە بۆ مەیکەش کە داخا دەڵقی نوور سۆزی ئاهم ئاگرێکی کردەوە پڕ کائینات ئافەرم بۆ قودرەتی عەشقم کە کردی خەڵقی نوور ڕشتەیێکی کردە گەردن سوبحەوە شەو پڕ لە شەوق هەر وەکوو زلفی نیگارم مل ملی کرد تەوقی نوور گەر لە مەنزیل بێتەدەر ئەو شۆخە یەک شەو بێ نیقاب مانگ ئەگەر ئاوا نەبووبێ فێر ئەبێ بۆ سەوقی نوور غەیری پەروانە درۆیە کەس نەڵێ من عاشقم شەرتی سووتانە کە کردی ئیختیاری عەشقی نوور تا نەسووتاوی دەهێنی خۆر لە بازاڕی جیهان هەر سبەینێیە بە جیلوە یار کە بیدا شەوقی نوور نوور ئەگەر شەمعی شەبستانە ئەگەر خورشید و ماه پرتەوی ڕوخساری یاری حەمدی یە ما فەوقی نوور ++++++++++++++++++++++