شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: دەردەکەوت ئەوسا بە نادر جار بە جارێ ئۆف و ئاخ دەردەکەوت ئەوسا بە نادر جار بە جارێ ئۆف و ئاخ ئێستە دەیبێم و دەبینم پڕ بە شارێ ئۆف و ئاخ واقیعەن دڵسۆزە ئۆف و ئاخی سوبحی موستمەند دڵ نەوایە شەو کە بکرێ بۆ نیگارێ ئۆف و ئاخ حیرەتم بۆ چی نەلەرزی ئەرز نەڕووخا ئاسمان تۆ بڵێی نەبیەین لە سوبحێکا لە زارێ ئۆف و ئاخ بێ ڕەواجە هەر لە بازاڕی خوداشا بۆیە وا پوولێ ناکا بیبەیە شارێ کە بارێ ئۆف و ئاخ خۆ فەقیر و دەوڵەمەند مەزڵووم و زاڵم وەک یەکن گوێ ئەگەر بگری یەکێکی تۆ هەزارێ ئۆف و ئاخ من دەڵێم تەئسیری نەبووە و نیشییە ئاهی حەزین بوویەتی گەر با دەری بێنێ دەمارێ ئۆف و ئاخ ویردی مەخسووسی هەیە پیری تەریقەت بۆ مورید زیکری شێخی ئێمەیە دەیکەین بە جارێ ئۆف و ئاخ ئۆف و ئاخ حەمدی لە دەم تۆشا خەریکە سەوز ئەبێ سێبەری خۆشە ئەگەر بکرێ بە دارێ ئۆف و ئاخ ++++++++++++++++++++++