شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: ڕووم لە تۆیە پرتەوی خورشید و ماهم بۆ چییە ڕووم لە تۆیە پرتەوی خورشید و ماهم بۆ چییە خاکی بەرپێت تاجی سەرمە، تەختی شاهم بۆ چییە کیشوەری سەبرم بە مەعمووری تەسەڕڕوف کردووە ماڵ و موڵک و شەوکەت و ئیقبال و جاهم بۆ چییە هەر دەمەی نەوعێکە ڕەنگی چەرخی کەچ ڕەفتاری پیر گریەیی پڕسۆز و خەندەی قاهقاهم بۆ چییە زیکری قادر نەقشبەند لەوحەیی قەلبم دەکەم نامەوێ ئەسڵەن ئیعانەی کەس پەناهم بۆ چییە خۆشە دەروێشی نەبوونی بۆتە مایەی ڕاحەتی خەوفی ڕزقی شام و لوقمەی سوبحگاهم بۆ چییە هەر بەیەک نیمە نیگاهت تا قیامەت مەست ئەبم چاترە فیرقەت لە وەسڵی وا نیگاهم بۆ چییە بۆ عەدو بەرقی هەناسە و بەردی ناڵەم کافییە حەربگاه و ئەسلەحە و نوزم و سوپاهم بۆچییە ڕاحەتی مەملووکی دەروێشانە حەمدی لێم گەڕێ عەرز و حاڵ و ڕەهبەر و یا دادخواهم بۆچییە ++++++++++++++++++++++