شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: لەسەر ڕوخساری گوڵ شاخی سەمەن ئاسایە ئەو زلفە لەسەر ڕوخساری گوڵ شاخی سەمەن ئاسایە ئەو زلفە بەسەر پشکۆوە هەروەک عەنبەری سارایە ئەو زلفە لەسەر قەت دەردەچێ شەوقی جنوون گەر زەڕڕە عەقڵم بێ دەزانم سیلسیلەی مەجنوونەکەی لەیلایە ئەو زلفە بە جیلوە لەمعە لەمعە پرتەو ئەڕژێنێ لە گەردندا دەڵێی سەبحەی شەوە ڕۆژی جیهان ئارایە ئەو زلفە بە پەنجەی شانە ئەفشانی دەکا بۆ مردنی عاشق لیباسی تەعزییەی زیبەندی باڵایە ئەو زلفە سەبا هیممەت بفەرموو باوەشێنی پەڕڕەیی گوڵ کە بە ڕەیحانە کە دەستە بەستەیی مەولایە ئەو زلفە گەهێ سەرمەستی نەشئەی ساغیری یاقووتی لێوانە گەهێ زنجیرەیی ساقی ملی مینایە ئەو زلفە گەهێ مەسنەدنشینی ڕوومەتە هەمڕازی دوو نێرگس لەبەر چاوی بەدە گەه حایلی سیمایە ئەو زلفە کەلامی تەفرەقە و فکری پەرێشانی هەیە حەمدی لە مەعنادا دەڵێی ئەشعاری بێ هەمتایە ئەو زلفە ++++++++++++++++++++++