شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: لە پارسەنگی گەدایانی عەشقدا شا نییە سووکە لە پارسەنگی گەدایانی عەشقدا شا نییە سووکە من و ڕووی یار، ئەو و پارەی دڵی مسکینی مەفلووکە دڵم بۆ وەک نگین شەق شەق نەبێ تەختی سولەیمانی لەدەس بەخت نەسردا بێ بڵێن تابیع بە کەرکووکە بە چاوی مەستی جانان نێرگسی شەهلا دەشوبهێنن کە بادام و نوقڵ کەی قابیلی تەتبیقی خڕنووکە کە سەیری تەوری دنیاخوازەکانم کرد وتم یاڕەب کە زاوا بن ئەمانە وای بە حاڵی بووک و بەربووکە بە گوێی من گەر بکا سۆفی دەخاتە پشتی گوێی ڕیشی کە ئێرە جەننەتە جێی کاکۆل و ڕوخساری بێ تووکە زڕەی زنجیر و ناڵەی پڕ لە تەئسیری لە دڵ هەڵسا چییە سووچی لە زیندانا دیسان مەحبووس و مەترووکە وتوویە حەمدی کوشتەی غەمزەمە بۆ گەردن ئازایی لە مردنیا دەچم ئامان ئەجەل هەرچی دەکەی زووکە ++++++++++++++++++++++