شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: قەمەر ڕەنگی لە ڕوو دەبڕی کە بکرێ باسی ڕوخسارێ قەمەر ڕەنگی لە ڕوو دەبڕی کە بکرێ باسی ڕوخسارێ کە نەیبێ کوڵمی هەر وەک گوڵ کڵافی میشکی تاتارێ مەلەک لەم ئاسمانانە کە مەشغوولی چراخانن لە عوششاقا بە تاریکی دەڵێن نەک مابێ بیمارێ لە شارا جێی نەما مەجنوون لەبەر ئەحواڵی بەدمەستی بە پیاڵەی دیدەیی لەیلا کە نۆشی فەرموو سەر شارێ لەبەر پێی شەوقی فەرهادا لە کاهێ کەمترە کێوێ کە بولبول نێزە نابینێ لە گوڵشەندا بەقەد خارێ سحوورم قورسی ڕۆژی ڕوومەتی بوو ئەم سبەینێیە چ خۆشە گەر بمێنم مەغریبیش بیکەم بە ئیفتارێ شوکر شاخی جنوون کەوتە چرۆکردن لە کەللەمدا ئومێدم بەردەبارانە ئەگەر زوو بۆم بدا بارێ بەبێ یار و دیاریدا دیاری داوە مەحروومم ئەوانەی بەختییان یارە یەکی کەوتۆتە دووی یارێ لەبەر کۆیی خەراباتا بەگەردی گەر حیسابم کەن وەکوو کل گەر لە چاوم کەن بە تەکیەم من نییە کارێ لە ڕووتا من کە زەنناری زلف بەستم لە تار و مار چ پەروامە خەلیلی عەشق ئەکا دۆزەخ بە گوڵزارێ خودا قودرەت بە خوێنی جەرگ و دوودی ئاه و ئەشکمدا چ موحتاجم بە گوڵزار و خیابان و بە جۆبارێ لەبەر فریادی فەرهادا دەناڵێ بێستوونی چەرخ کە چی شیرین نییە ئەی دڵ بکەین گەر ئێمە هاوارێ بە ناحەق من، بە حەق مەنسوور دەبێ بکرێ بەسەر دارا حەق و ناحەق نییە مەقسەد عەشق لازمیە سەردارێ قسەی خۆی بردە سەر ئەو شۆخە حەمدی بۆ چی بێ شەرتە کە شەرتی کردبوو نەیکا لەگەڵ کەسدا وەفا جارێ ++++++++++++++++++++++