شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: زەمین ئارایشی خۆیدا هەوا کەوتۆتە فەڕڕاشی زەمین ئارایشی خۆیدا هەوا کەوتۆتە فەڕڕاشی بە غونچەی تازە پشکووتوو دەکا عالەم گوڵاو پاشی هجوومی کرد بە ئاڵای سەوزە نێرگس میرەڵایانە بە تابووری گوڵی کرد لالە هێرش میسلی بیگباشی لەسەردا پرچەکانی شۆڕەبی کەوتۆتە داوێنی لە تەهلیلەی بەهارا بۆتە دەروێشانی بەکتاشی هەموو دەستێ چڵی کاسەی کەلێکی پڕ لە شەونم کرد کە وەک ڕۆژ یار هەڵات بیکەن بەیەک دەفعە بە شاباشی ئەمەندە لووتی بەرزە سەروی سەرکەش هەر دەڵێی یارە بەغەیری سێبەری قابیل نییە کەس بێتە ویڵداشی بە شیرین و لەتیفی بۆتە شاخی بێستوون گۆیژە میسالی کۆهکەن شیرینی ئەرمەن بۆتە سەنگتاشی بەسواری چڵ بەتوندی گوڵ کە هات زانیم کە تێدەگلێ لە باغی عالەما جەولان دەبێ بکرێ بەهێواشی ئەگەر ئەم باغە ئەهلی باغەبانی بێ بەهەشتێکە دەبێتە دۆزەخێ وەختێ نیزامی کەوتە دەس ناشی لە لانەی بولبولانا کوندەبوو بۆ شاخی لێدەڕوێ لە پەروازی شەهێنا بێ کە داڵاش کەوتووە لاشی لە تەبعی ئەهلی دڵدایە بەهاری بێ خەزان حەمدی گوڵستانێکی ڕەنگینی لە نووکی یەک قەڵەم تاشی ++++++++++++++++++++++