شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: بەوەمزانی فەلەک ڕەوشەن زەمیران دایم ئەفرۆشی بەوەمزانی فەلەک ڕەوشەن زەمیران دایم ئەفرۆشی کەسەر دێنێتەدەر ڕۆژی بە زوڵماتی شەو ئەیپۆشی گەلێ کەس وەک فەلەک بەدمەستە چاوی خۆشی نابینێ بەجامی خۆر کە جامێکی لە خومخانەی شەوا نۆشی لە عەیب و عار و تەعنە هەرکەسێ پەروا نەکا بێ شک بە لەنجە و لاری بووکانە، جیهان هاتۆتە سەرکۆشی بە ناو بۆ ئیستیراحەت ئارەزووی دنیا ئەکەن خەڵقی کە چی خۆ نایەڵێ دنیا ڕەحەت بێ بەڵکوو تێکۆشی موقابیل یاری من یارایی وەستانی نەبوو خورشید لە داوێنی شەوی کێشا بە سەردا توحفە سەرپۆشی دڵت پڕ کە لە ئاوی زیندەگانی عەشق و دەم تەڕ کە سەقا خۆ تینووە دایم هەڵیگرت کووپەیی بۆشی وتی تۆی من منم یا تۆ کە من لێمداوە تۆی گرتووە بزانە چەندە ڕەندانەی بە شێخی وتوە سەرخۆشی لەبەر ئەو شەمعی ڕوخسارە بسووتێ بێ سەدا ئەی دڵ کە فەخری مەجلیسی ڕەندانە وەک پەروانە خامۆشی بە خامۆشی جیهانی عەشق ڕەواجی داوە بەم عەسرە بەدڵ حەمدی بناڵێنە بە دیدە زوو بدە جۆشی ++++++++++++++++++++++