شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: تاکەی ببم بە دیدە و دڵ ئینتیزاری ماچ تاکەی ببم بە دیدە و دڵ ئینتیزاری ماچ تاکەی نەکەم لە سەفحەی ڕوودا شکاری ماچ هەر وەک خوماری بادە کە بێ بادە ناشکێ بێ بۆسە ناشکێ لە مەزاقا خوماری ماچ دووی قافڵەی عەدەم بکەوم خۆشە پێم دەچم ڕوخسەت بدا لە وەختی ویداعا قەتاری ماچ خانەی ئەلف ئوحادە لە کن من شەوی ویساڵ من سوێند دەخۆم یەکێ بوو دەڵێ ئەو هەزار ماچ من سۆفی نیم دوعا نییە ماچم ژمارە کەم ئەی مەه فڕێ دە سەبحە چ حاجەت ژماری ماچ لێوم بە ڕۆح گەیشتووە ڕۆحم نەگاتە لێو لا نابرێ دیارە دەزانم قەراری ماچ یا ڕەب چ خۆشە حەمدی لە باغی جەماڵیا وەک گوڵ چنان کە کەوتووەتە سەر بژاری ماچ ++++++++++++++++++++++