شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: نامەوێ ڕۆژی ڕەشی عومرم هەموو با بێتە شەو نامەوێ ڕۆژی ڕەشی عومرم هەموو با بێتە شەو ئەشک ئەگەر بێڵێ بنووم و دلبەرم گەر بێتە خەو ئەو گوڵەم دی وا دەزانم هاتووە بۆم موژدەیێ عومری نەو، ئیقبالی نەو، هەم ڕۆژی نەو، هەم ماهی نەو دڵ بە شەوقی ڕوومەتی سووتاوە، پەروانە بە شەمع هەر دوو هەم سووتانە ئەمما قابیلە ئەم بێتە ئەو من لە ژێر سایەی فەلەکدا ئارەزووی ژینم نییە هەر کەوە دەیکا بە باز و بازە هەر دەیکا بە کەو کیمیایێکە عەقڵ، عاقڵ دەکا زەرد و زەعیف ئەحمەقی، ئەم ئەحمەقانەی کردووە هێندە قەڵەو ئەشقەری ئیقبالی یاری سەرکەشی من سەرکەشە بازوویێکی ڕۆستەمانەی پێدەوێت بگرێت جڵەو سکەیی ساحێبقڕان ناوی نەما ئێستا بە نەقد حەمدی داغی دڵ لە ناوا نایە کەوتۆتە بڕەو ++++++++++++++++++++++