شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: عاشق و سۆفی لە خوڵقا ئەم مەلەک شەیتانە ئەو عاشق و سۆفی لە خوڵقا ئەم مەلەک شەیتانە ئەو پیری بادە و شێخی تەکیە ئەم بەشەر حەیوانە ئەو ڕازی عیشقم بردە لای زاهید وەکوو کەر گوێی لەقان حاڵی بووم خاڵی بوو ملپانە خەریکی نانە ئەو نووری مەی فەرقی لەگەڵ شوعلەی ئەلەتریکا هەیە ئەم چرای ئافاقی فیکرە و خاسی کۆڵانانە ئەو من کە دەسلەملانی شیشەم هەر بە یادی گەردنە ئەم مل ئەشکێنم کە دەرخا گەردن و گەردانە ئەو زامی ناز و زامی خەنجەر پێت بڵێم فەرقی چییە چاوەڕوانی مەلحەمە ئەم دەردی بێ دەرمانە ئەو عاشقی ئەگریجە وەک مەفتوونی کاکۆڵ قەت نییە وەسڵی ئەم پشتگوێ خراوە هەمدەمی لێوانە ئەو شاخی مەرجان قابیلە تەشبیهی لێوی تۆی بکەم ئەم بەری ماچینە داری بێ بەری بەحرانە ئەو ڕۆژ و یارم ڕوو بە ڕوو وەستان وەکوو ئاوێنە یار ڕووی نیشاندا بوو بە عەکسی ئەم کە سەرگەردانە ئەو تێگەیشتوون چاوی مەست و ئەبرۆ بۆ کەوتوونە یەک نیم نیگاهی ئەم ئیشارەی کوشتنە و فەرمانە ئەو وەسڵ و هیجرانم لەلا ئەمسالی فەقر و سەروەتە موشکلی زۆرە وەسڵ هەر چی ببێ ئاسانە ئەو عەشقی حەمدی سەوقی ساحەی فەلسەفە و ئیدراک ئەکا عەشقی لێ لادە بزانم ساحبی عیرفانە ئەو ++++++++++++++++++++++