شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: غەم و دەردە بە دەورمدا هەتا حوکمی بەسەر دەڕوا غەم و دەردە بە دەورمدا هەتا حوکمی بەسەر دەڕوا ئەجەل مەهمانە غەم غەمبارە یاری بۆ سەفەر دەڕوا غوڵامی ئەو کەسەم فەرقی نەکا عیززەت لەگەڵ زیللەت تەنەزوول بۆ فەلەک ناکا بە دوونێکی کە هەر دەڕوا لەپەی جەهلا بە عیززەت چۆتە مل ئیدراکەوە زیللەت لەگەڵ ئەم تەوق و پێوەندە لە دنیا موختەسەر دەڕوا نیشانەی ئافەتە هەردەم شکۆفەی ئارەزوو پشکووت ئەمەل نەخلی هەمیشە سەوزە ئەمما بێ سەمەر دەڕوا سەدای قاڕوون و غەزنەی دێ دەڵێ غافڵ مەبن خەڵقە زەمانە خۆشە وەک ئێمە نیهایەت بێ ئەسەر دەڕوا خەلەف مەحروومە ئەربابی مەعاریف وەختی تەجریدە کەلامی کۆن و کاغەز کەی بە نرخی سیم و زەڕ دەڕوا عەبەس حاڵم بە مازی کرد ئەگەر بۆ حاڵی ئیستیقبال لە ڕێی ئەو شۆخەدا سەرفی ئەکەم باقی هەدەر دەڕوا لە بەینا پەردەیێکە مانیعی دیداری ئەو ماهە کە لاچوو پەردە جا شەوکەت لەبەر پێتا بەسەر دەڕوا مەماتی جا حەیاتە هیجرەتی ئەوسا مولاقاتە بەڵێ عوششاقی ئەو شۆخە لە حەشرا بێ خەتەر دەڕوا قبوولی کە بە سەگ حەمدی ئەگەر نابێتە عوششاقت کە پابۆسی سەگی تۆیە هەتا شەمس و قەمەر دەڕوا ++++++++++++++++++++++