شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: وەفا پێوەندی کردووم و موحیببەت کۆت و زنجیرم وەفا پێوەندی کردووم و موحیببەت کۆت و زنجیرم وەگەرنە دەست و پێ هەر باقییە مەعلوومە تەدبیرم بە دەستی تۆ بە کوشتن چم ڕەزام ئەی نازەنین دلبەر بە تەنسیبی ڕەقیبانت نەکەی بەو شەرتە تەکدیرم لە دیوانی جەماڵا حاشیەی زلفت موتالا کەم بە ئیمانێکی کامیل گوێت ئەگرت ئەوسا لە تەقریرم خودا بمکاتە قوربانی شوعاعی ڕوومەتت ئەی مەه کە ڕۆژت دێتە سەر قاپی دەڵێ موحتاجی تەنویرم بە سەییادی لە پارێزی منا بوو تورکی تیرەنداز بە چوونم پێکەنی فەرمووی ئەجەل هێنایە بەر تیرم بە دارا کردنی مەنسوور ئەگەر حەق بوو لەسەر حەق بوو ئەگەر ناحەق بڵێم حەقمە ببوورن سا لە تەقسیرم لە سایەی عەشقەوە گەییە مەقامێ زوعفی من حەمدی لە بازاڕی دەگێڕن وەک نموونە لەوحی تەسویرم ++++++++++++++++++++++