شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: لە ڕووی تۆدا نەبێ شەرتە وجوودی خۆم تەلەف ناکەم لە ڕووی تۆدا نەبێ شەرتە وجوودی خۆم تەلەف ناکەم کە ڕۆحم عائیدی تۆیە فیدای تۆ بێ ئەسەف ناکەم شەرەف جا ڕووکەشی عوششاقە ڕاحەت خادیمی دەروێش کە دەروێش و کە عاشق بم ئیتر مەیلی شەرەف ناکەم نەفەس ساز و سەرم سەمتوورە ناڵەم نایە بەزمێکە لە تەپڵی سەر ئەدەم چەنگ و خەیاڵی دەنگی دەف ناکەم جنوونی حەزرەتی مەجنوونە بۆتە شوهرەتی لەیلا ئەگەر عەقڵم ببێ تەرکی مەقاماتی سەلەف ناکەم وەرە سڕڕی دەم و لێوت لە من زاهیر کە تا ماوم بە مەرگی تۆ قسەی مەرجان و مرواری و سەدەف ناکەم غەزەبناکە دڵ و لەعلی کە قەلبی خوێنی لێ بتکێ دەڵێ لاچۆ موحیببەت من لەگەڵ پارچەی خەزەف ناکەم حیکایەی سوبحی غونچەت تۆ لە بولبول بیستووە حەمدی خەتای کرد ئەو من ئەم باسە لەسەر چاوی خەلەف ناکەم ++++++++++++++++++++++