شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: لێم گەڕێن شینێکی ڕەنگین با بکەم بۆ حاڵی خۆم لێم گەڕێن شینێکی ڕەنگین با بکەم بۆ حاڵی خۆم دیدە داوێنم بە گوڵشەن کا لە خوێنی ئاڵی خۆم هەروەکوو زیبایی بەرگی خاسی بەر جانانەیە کەی لە عوششاقا بووە شەیدایێکی ئەمسالی خۆم گەر ببینی غونچە ڕەنگە هەر لە داخا شەق بەرێ نوقتەیی ئاڵی دەمی مەحبووبی دیدە کاڵی خۆم نوقڵی دا جانان بە ئاغیار و جنێوی دا بە من هەر وەکوو شاخی نەباتم دی جنێوی تاڵی خۆم ئیشتییاقی من بەجێیە عەرزی کەن وەختی ویساڵ بەم سکووتە شەرحی بۆ دەکرێ زمانی لاڵی خۆم مالیکی حوسنە بە خەتت و مۆر و توغرایی خودا ئاشنا نەبوون بە زلفی یاری شیرین خاڵی خۆم خادیمی فیکری قەناعەتکارە ئیستیغنا غەنی دائیما موحتاجە ئەلحەق ئافەرم بۆ حاڵی خۆم من لە ئەوجی ئولفەتا حەمدی ئەوەندە بەرز فڕیم تا بە نووری شەمسی ڕوومەت ئاگرمدا باڵی خۆم ++++++++++++++++++++++