شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: دڵ برینداری نیگاهی دیدەیی غەممازی تۆم دڵ برینداری نیگاهی دیدەیی غەممازی تۆم کوشتەیی بێ نازی جەمعی کوشتەگانی نازی تۆم من سلووکی ڕۆژ پەرستیم کرد لە خزمەت شەونما دەرکەوێ بێ ئیختیاری ڕوو بە ڕوو پەروازی تۆم بۆ بەسەر سیمورغ و عەنقادا نەزاکەت من نەکەم کۆترێکی پڕ بە چنگی دیدەیی شەهبازی تۆم بەحری ساوای دیدەکانم وشکە سا لادە نیقاب ئەی سەنەم شەققولقەمەر کە کافری ئیعجازی تۆم ساقیا ئەسبابی عەیشت بێنە نۆبەی هیممەتە موتریبا بێ پەردە نامەرد شیفتەیی ئاوازی تۆم هەی گەروو وەک نەی بناڵە لێدە سا سینە کەمان ئەی نەفەس قانوون نەشێوێ ئینتیزاری سازی تۆم هەڵبگیرسێنە بە نووری مەی بتا ئەمجا جەماڵ شەوقی سووتانم هەیە پەروانەیی مومتازی تۆم قاعیدەی عەشقت لە بەختی حەمدی یا هەڵگرتووە بێ قەواعید ئەی سەنەم مەفتوونی حوسنی شازی تۆم ++++++++++++++++++++++