شاعیر: حەمدی کتێب: غەزەل سەرناو: شەهیدە ئەو کەسە هەڵسێ لە قەبری نوورێ وەک مەشعەل شەهیدە ئەو کەسە هەڵسێ لە قەبری نوورێ وەک مەشعەل بە خوێنی ئەو دراوە دیارە شمشێری برۆ مەسقەل هەتا عاشق نەکوژرێ جەوهەری دەرناکەوێ قاتیل دەسی سەوزە چ ڕوو سوورە بزانە تەختەیی مەغسەل هەتا کەی وێڵی وادی ئولفەتی ئەی بێ خەبەر مەجنوون ئەوە گەردی چ شەیدایێکە گەییە دامنی مەحمەل لەناو ئەهلی دڵا سۆفی دەزانن چۆنە تەشبیهی لە خەرمانی گەنمدا بێ گوڵی زیزانە و خەردەل جیهان ڕەنجی من و فەرهادی زایع کرد بە ئەفسوونی بەڵێ پێی خۆشە پیرێژن نەمانی شەهسواری کەل پەلەی پێکەوت جیهانگیری بە من باقڵ دەکا جانان پەلی سەوقی مەکانێکی دەکا دەمکا کەوا پەل پەل بە دەعوای ئەسڵ و فەسڵ ئیکمالی نوقسان عەینی نوقسانە کە داعی شوبهەیە فازیڵ نەبێ گەر نوتفەیی ئەفزەڵ فیراقت ئاگرێکی ناوەتە خەرمانی عومری من لە هەر جێ دادەنێم پێ ئاگری دەگرێ وەکوو مەشعەل بە لەیلا هەرچی مەیلی بێ بەڵێ لایوسئەلە مەجنوون دەجۆشێ خوێنی دێوانە لەسەریا هەروەکوو مەنجەڵ لە بەدتینەت ئومێدی حوسنی نییەت بۆ دەکەن خەڵقی ئەگەر ڕۆحی بەبەرداکەی بە لیمۆ قەت دەبێ حەنزەل یەکێ چاکە لەبەر چاوی یەکێ دوو بێ نەوەک دوو سەد لە ساحێب سووئیزەن ئەلبەت گەلێ ئەهوەنترە ئەحوەل بە میقداری هونەر قەدری بە کەس نەشداوە ناشیدا جیهان حەمدی دەکا ئەکسەر بە گەوهەردانەیی پشکەل ++++++++++++++++++++++