شاعیر: حەمدی کتێب: چوار خشتەکی سەرناو: شێخ کە پۆلیسی دەوێ و عەسکەری سوارە و پیادە شێخ کە پۆلیسی دەوێ و عەسکەری سوارە و پیادە بۆ هەموو فیتنە و شۆڕش کە بووە ئامادە دەستی هەڵگرت لە خودا و دینی کە کرد ئازادە این همه از پی آنست که زر میخواهد گەه بە کیبر و عەزەمەت شایە گەهێ زیلل و فەقیر گەه دەڵێی جوکلە گەه ساکینی بەرماڵ و حەسیر گەه حوکمرانە گەهێ پایی بە زنجیر و ئەسیر این همه از پی آنست که زر میخواهد گەه لە تەڵقینی عەوامایە وەکوو مورشیدی پیر گەه دەخوا خوێنی جەوانیش بە حەڵاڵی وەکوو شیر گەه دەنووسێ بە قەڵەم نوشتە گەهێ کوشتە بە تیر این همه از پی آنست که زر میخواهد واریعی سیڕڕی دیواری یەتیمە گاهێ قاریئی ئایەتی قورئانی قەدیمە گاهێ دڵی هەر توندە بەدەم گەرچی حەلیمە گاهێ این همه از پی آنست که زر میخواهد گەه لەگەڵ هەرزە و ئوباشە خەریکی شەڕەشەق گەه لەگەڵ جەردە و دز مەشقی تفەنگ و تەقەتەق گەه لە زیکرایە لەگەڵ سوفیی سافی لەقەلەق این همه از پی آنست که زر میخواهد گەه دەکا عەرزی تەشەببوس بە موسوڵمان و تورک گەه بە ئینگلیزی ئەدا مەزبەتەی میللەت و مولک گەه بە سەر دۆستی و گاه تەمەننای بە کەلک این همه از پی آنست که زر میخواهد گەه بەسەر سەوزی وەکوو سەروە لە عالەم سەرکەش گەه بە چەفیە سەری وەک غونچە لەتیف و دڵگەش گەه دەبێتە مەحەک و گاهێ بەزیوی پڕغەش این همه از پی آنست که زر میخواهد شەو لە کەیفایە گەهێ ڕۆژە لە سەیران و شکار گەه لە ئەشکەوت و کون و قوژبن و کێوانە فیرار گەه لە ژێر باری غەما گاه لەسەر غەم بووە بار این همه از پی آنست که زر میخواهد کەس نەبێ حەمدی بە ئومێدی عەتایا و کەرەم نە قوماندان و نە ئەفراد و نە خوددام و حەرەم خۆی و عالەم کە دەکا سەوقی خەراباتی عەدەم این همه از پی آنست که زر میخواهد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەه بەه چ ڕۆژێکی نەوە بەه بەه چ ڕۆژێکی نەوە، هەی هەی چ عومرێکی نەوە هەوا دەریایی پرتەوە، گوڵ بۆ چەمەن بەسەر ڕەوە سەوزە جڵەوکێشی ئەوە، دنیا وەک باغی خوسرەوە شیرینە جێی سەیرانەکەم، ئەمما بدەی جەژنانەکەم سەحرا هەموو سەوز و سوورە، چەشمە مەنابیعی نوورە گڵ وەک کلی کێوی توورە، نەغمەی نەسیمی سەمتوورە زەمین بەهەشتی پڕ حوورە، عالەم غەمی لە دڵ دوورە جارێ بدە جەژنانەکەم، ئەوسا وەرە سەیرانەکەم گوڵزارێکە چ ڕەنگینە، دنیا سپی و سوور و شینە لالە و وەنەوشە و نەسرینە، ڕەیحانە و مینا چین چینە شەستپەڕ خەریکی پەرژینە، هەر ڕۆژی وا ڕۆژی ژینە زوو کە بدە جەژنانەکەم، تێکی مەدە سەیرانەکەم هێنایە لەنجە دەستی چڵ، وەک جامی بادە عەتر و گوڵ عەرعەر تەقانی دەست و پل، سەما سەما ئەکا بە خول نەی کەوتە خوێندنی بە دڵ، نابێ ببم زیاتر خەجڵ زۆری بدەی جەژنانەکەم، خۆشی ئەکەم سەیرانەکەم ئەووەڵی ڕۆژی بەهارە، هەوا پاک و میشکبارە فەسڵی کەنار و جۆبارە، جامم لە نەشئەی سەر شارە وەعدەی ویساڵی دڵدارە، هەر جارێکە و هەر ئەمجارە بەسیە بدە جەژنانەکەم، بەڵکو بچمە سەیرانەکەم تۆ ماهی و من ئەختەرت، تۆ شاهی و من ئەفسەرت تۆ ئەهلی دڵ من دڵبەرت، تۆ یاری و من یاوەرت تۆ ئاغای و من نۆکەرت، ڕۆحم بەسەر گەردی سەرت کوانێ بدە جەژنانەکەم، ماتەڵ نەبێ سەیرانەکەم گوڵ غەرقی ئاو و ڕەنگە، غونچە دەم و دڵ تەنگە نێرگز گێژ و دەبەنگە، بولبول لەسەر ئاهەنگە ڕۆژێکی شۆخ و شەنگە، لوتفێ بکە درەنگە بێنە بدە جەژنانەکەم، بچم بۆ سەر سەیرانەکەم قەدەح مەست بوو ڕشایەوە، عومر لە نوێ نووسرایەوە گوڵ پێکەنی گەشایەوە، شەونم وەک من بەشایەوە چرۆی درەخت ژیایەوە، غونچە دڵی کرایەوە با بەس بڵێم جەژنانەکەم، زایەع نەبێ سەیرانەکەم وەتەن غەرقی عیشوە و نازە، ئەلحەق لە ئەرزا مومتازە قەلی شەلی ئەڵێی قازە، کەوی هەموو ئەڵێی بازە بە قاعیدە ئەمەند شازە، وەختە بڵێم کە ئیعجازە ڕۆیشتوون هاوڕێکانم، بدە پارە پڕ گیرفانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامەرد موغەننی وەختی مەقاماتە نەسرەوی سەبارەت: تێهەڵکێش لەسەر نیوە دێڕێکی حافز نامەرد موغەننی وەختی مەقاماتە نەسرەوی توخوا قەتارێ خۆشە بە ئەبیاتی مەولەوی یاخۆ بە سۆزی شۆرەوە بەندێکی مەسنەوی تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی قیسمێکی قەوم لە بەحری تەحەممول شنا دەکەن بەعزێ دوعا بە دەورە و بەعزێ سەڵا دەکەن بەعزێ سەنا و بەعزێ بە چەرخە سەما دەکەن تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی گوڵگوڵ کرا میسالی گوڵستان زەمین بە خون فرمێسکە جارییە وەکوو دیجلە ڕەوان و ڕون هەر ناڵە و فیغانە لە جێی ساز و ئەرغەنون تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی قومدە لە خوێنی جەرگ و بنیشە لە خەڵوەتا بژمێرە داغی حەسرەت و بەستە لە دەوڵەتا ئولفەت بکە بە دەرد و مودارا لە نەگبەتا تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی قاتیل بە جامی خوێنەوە وەک ساقی بێتە خول کوشتە بە ناڵە چەپڵەزەنان بێ بە دەست و پل قازی بڵێ غەزایە نەوەک بێ بە دڵ خەجل تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی وەک عەینەمەل تەییارە بگرمێنێ بۆ سەفا با ژن میسالی کوللە لەسەر ڕێگە بەربخا خەفیە هەیە بە کەیفی بزانن نەوەک جەفا تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی تۆ بەستە بەستە حەمدی ببەستە لەگەڵ ئەسەف گاهێ بدە لە تەپڵی سەر و گەه لە سنگی دەف دەمدەم بخوێنە حادیسەیی خۆشی بێ تەرەف تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی ++++++++++++++++++++++