شاعیر: حەمدی کتێب: تەرجیعبەند سەرناو: پڕ گوڵە و عەنبەر وەتەن خاکی وەکوو جامی بلوور پڕ گوڵە و عەنبەر وەتەن خاکی وەکوو جامی بلوور پڕ بە چەشمەی ئاوی ڕۆشن میسلی چاوی پڕ لە نوور خاتەمی پەنجەی سولەیمانی نەبێ نەمبیستووە کێوی یاقووت و زموڕڕود قوببە قوببە سەوز و سوور دەشتی فابریقەی گوڵ و سەوزە و ڕەیاحینە بەهار بادی عەتتارە کە دێنی قافلەی موشکین لە دوور هەوری ڕووی ڕۆژی لە لوتفا وەک نیقابی نازی یار تیرەبارانە لە قەهرا گڕ کە دێنێ وەک تەنوور وەک بەچەی بەقاڵ ئەگێڕن هەر بەسەر میوە درەخت دەستە دەستە تەپڵە تەپڵە ترش و شیرین مزر و شوور زۆر کەڕەت ئەموت بەهەشتە موتڵەقەن گۆڕاوە لێم پڕ بە سەحرا زەرد و سوور و پڕ چەمەن غیلمان و حوور خۆ بە دوو دیدە فەلەک هێشتا کە ئەمسالی نەدی موددەتێکە چاو دەگێڕی گەه لە خوار و گەه لە ژوور وەزعی ئاڵەسیاو و بەرزنجەم لەبەر چاوە دەڵێی مەسکەنی فیرعەون و مووسایە مەقامی نیل و توور وا هەناسەی دایەوە ماوە شوکر هێشتا وەتەن پێم دەڵێ لادە لە وەسفم بۆ دەکەی تەبعەن غروور عومری نووحت بێ لە ئەوسافی منا سەرفی بکەی کەی دەکەی وەسفی سەفای سوبحی بەهاری شارەزوور تۆ بڵێ بەو تاقمەی ساڵێ کە نێرن ساڵێ مێ بۆ چی کۆلارەن دەبن گاهێ بە خاڵ و گەه بە پوور یا لە من دوور کەونەوە یاخۆ عیلاجم زوو بکەن تا دیاری لێ نەداوم عیللەتی پیسی عەقوور یا بەجارێ ئەم دوعایەم بۆ بکەن ئێوە و خودا هەر لە گەورە تا بچووک و هەر لە ژن تاکوو زکوور ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ کۆتەڵی دەست و قەڵەم تاکەی میسالی ئەسپ و زین بۆ وەتەن حەمدی دەگێڕی بەسیەتی گریان و شین یادگاری بۆ خەلەف جێ بێڵە عیبرەت بۆ بەشەر چۆن کرا پاماڵی میللەت غەسبی سەروەت هەتکی دین عالەمێکی بێ سەر و پێ کرد لە قەڕنێکا زەمان دەستی ئینسافی کە دەرهێنا لە چینی ئاستین بازی چی بازیچەیێ تەمسیلی شاهی پێ ئەکرد سەرسەری بوومی ڕەفیقی سەرسەری وێران نشین هەر بە دووری تێگەیشتم جا قەلێکی ڕووڕەشە بۆ قڕان و بۆ قڕانی میللەتی کەوتە قڕین کەوتە تەشکیلی دەوائیر ناوی ئەهلییەت بە فێڵ خەتتی سەر لەوحی زەمان بوو هەروەکوو نەقشی نگین ڕۆژی کورد شێتانە هەر شەو بوو سەری هێنایەدەر چەپڵەڕێزان بوو بە جارێ عالەمێ ئەیوت بژین سەیری ئەوزاعم ئەکرد هەر پێکەنینم پێ ئەهات موتڵەقەن ئەموت ئەمانە ساحیبی ئەم عەقڵە نین تاقمێ ئیغفالی سوێند بوو دەستەیێ حەیرانی زۆر یەعنی قیسمێ شادمان و فیرقەیێ مات و حەزین گورگ و چۆپان وشتر و قەزاز زین و گای شێت مێروولە و تەختی سولەیمانی عەفاریت و نگین بوخل و شاهی زوهد و مەستی عەقڵ و شێتی کیبر و زیل سەبحە و فیشەکلغ و داری سیواک و ماڵ بڕین جەمعی ئەم زددانە چونکە داخلی مەنتیق نەبوون دائیما ئەموت ئەمە دێون درنجن ئاخۆ چین تاقمێکی تازە کوڕەی ڕووتەڵە جا دەرپەڕی عالەمێ زانی ئەمانە ئەووەڵی ئاخر شەڕین ئەو شەوی نەحسە کە ئیعلانی ملووکییەت کرا تف کرا ئەمجا لە دەست و هەڵکرا دامەن لە قین شێتە شیعرم سوارە تاوت لێ ئەدەم خۆت ڕاگرە داستانێکە ببێتە عیبرەتەن لیننازرین بۆ فڕێت دا کەوڵ و کەشکوڵ و عەسا نەتبیستووە لوقمە نانێکی بە دەروێشی نەداوە ماڵی زین چاپوکی و هیممەت حەقیقەت قابیلە تەنها بە خۆی حیرەت ئەفزایە کە کەوتە ئەخزی پارە و سەرفی کین وا وەتەن دیسان ئەڵێ جارێ دوعاکەم بۆ بکەن جا بنووسە داستانی ئەو گرۆهەی سەرسەرین ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ باسی تەشکیلاتی سانی هەر ئەکەم بۆ پێکەنین کەمترین بوو گەورەتر هەم گەورەتر بوو کەمترین ناعیلاجم ئیسم و شوهرەت باس ئەکەم عاجز مەبن تا ببینن شکڵی وەزعییەت بە جارێ قارئین کۆیلی مولازم وەزیری خاسەیی قۆڵی یەسار ئیبنی سەرمزگەوت وەزیری موشفیقی قۆڵی یەمین کاتبی مابەین بوو تاهیر تەرجەمەی حاڵی بکەم پیس دەبێ دیوان لە پاشا موستەحەققە بۆ دڕین حەیفە تەعریفی ڕەشە و عەمی و ئەحەی دایەنەکە ناکرێ ئەعزان ئەمانە چونکە عوزوێکی بەرین خەزنە کیسەی باخەڵ و مەسرەف ڕەشەی حاجی فەتاح حامیلی سینی حەماڵ و زەرفی پڕ ماشێنی شین تابیعین ئەلوات و هەرزە قاتیل و دز بوو هەموو ئەهلی ویجدان و شەریف و تێگەیشتوو مونکرین زابتانی عەسکەری زۆرە و زڕە ئەوڵا درێژ هەردوو جلخوار و قڵیش و یونسی باجی هەمین ئەمری یەومییە هەموو هەر حەپس و زنجیر و جەزا فکری لەیلییە هەموو هەر کوشتن و یغما و دزین حاکمی شەرع و عەدل مەحکوومی عالەم مارفەشەل موخبیری سادق بوو کازیب سوئی زەن عیلمول یەقین قەهوەچی و پێش خزمەتی دیوانی عالی دوو سمە ئەم بوو مەشهووری قولی بوو ئەو بوو مەعروفی شەلین موحتەرەم مەئمووری تەشریفاتی دەوڵەت بوو وسوو نازری فەرشە ڕەحە بۆ خەڵوەتی ئامە ئەمین جائیزە بۆ میللەت و کوردایەتی بێ ڕەشبەڵەک باجی ڕەحمە بێ قەزابی نایەڵی ڕێک هەڵپەڕین گەرچی ئێستا مردووە مەوقعیە باسی هەر ئەکەم نانەوا گوێ ڕەپ بوو شەخسی ئەووەڵ و مەجلیس نشین جەردە شێخ ساڵح کە مورشید بوو لەگەڵ دەروێشەکان من کە وامزانی لە کوڕڕەی حەڵقەیی زیکرا فڕین سەیری سیرەت کەن کە سوورەت ڕووکەشێکی سەنعییە گورگ دەچێتە پێستی مەڕ زاڵم دەبێتە پۆست نشین ناوی جەمعییەت موجاهید بوو وەزیفەی جیا جیا دەستە دەستە قاتیل و دز بۆ عیبادی موسلیمین باسی نەفسی خۆی بە فەزڵە من ئەزانم موختەسەر ئاشکارە قیمەتی گەورە بە تەعریفی قەرین ناوی ئەو وەختە بە قانوونی تەبیعەت دانرا چەرخی چەفیە و زلف و کاکوڵ دەوری سەر سنگ و سەرین هاتە دەر بۆ ساڵی تەئریخی «کە 'ه' وا اخر شری» کەوتە بانەوبان بە یادی بانە بوونە قەل فڕین وا بە حیددەت چاوی هەڵهێنا وەتەن دیسان ئەڵێ من هیلاکم بۆ خەلەف تۆ چارەجۆی و دووربین وازحی ناڵێی دەوای دەردم بە تەورییەی بڵێ شینە یاسینە دەخیلە چاری یاسین چاری شین جا دوعاکەم بۆ بکە ئەمما وەکوو وێردی زمان تا سەراپەردەی فەلەک ماوە هەتا فەرشی زەمین ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ خەڵقە گوێ بگرن لە فەریادی پەرێشانی دەخیل دەستی عیبرەت زوو بەرن بگرن بە دامانی دەخیل ئێسکی خان و قەیسەری کوردانە بوونە خشت و بەرد وا لە مەیدانا کرایە قەیسەری خانی دەخیل هەر نیهالی قەددی مەحبووبانی کوردە نێژران سەیری ئەم ئینسافە باغە و جێگە سەیرانی دەخیل هەر جگەر پارەی عەزیزی عاریفی قەومە کەوا بۆ دەماغی مار و مێروو بوو بە بریانی دەخیل نیسفی ماڵ و سەروەت و ڕۆح و حقووقی عالەمی بوو بە نەقد و جنس خرایە تاقە گیرفانی دەخیل ئەتڵەسی گەردوون کە پێوانەی ئەکا خەییاتی دەهر کورتە بۆ باڵای تەماعی تاقە عوریانی دەخیل کوڕڕەیی ئەرز تێری ناکا چاوی تەنها برسییە کوا ئەڵێ هێشتا زەمینی هەر بە قەد نانی دەخیل گوێ لە تەزویر و ڕیا و ئەفسانە مەگرن ئەسڵی دین هەر زەکاتە و ڕۆژووە و حەج فەترە ئیمانی دەخیل غەیری بەدناوی لە تەپڵ و دەف ئومێدی چی دەکەن فرسەتە ئەمڕۆ لە سنگ و تەوقی سەردانی دەخیل زەحمەتێکی مەحزە دەوڵەت جێ بمێنێ بۆ خەلەف ئەو کە نەیبێ حەققی ژینی ئەمن و ئامانی دەخیل فرسەتی ئەمڕۆی نەدی ئەسلاف و نابینی خەلەف ئێمە مەسئوولین بە کۆمەڵ دادی ئەفغانی دەخیل وا وەتەن دیسان ئەڵێ جارێ دوعاکەم بۆ بکەن جا لە دوختۆری بسێنن تۆزە دەرمانی دەخیل ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ ئاگرێ بگری فەلەک ڕەببی ببیتە یەک شەرەر مەنبەعی ئیفساد و فیتنە کارخانەی شۆر و شەڕ هەردوو چاوت ڕەببی کوێر بێ تا قیامەت هەڵنەیێ خان و مانت وەک ئەساسی ئێمە بێ زیر و زەبەر دەک بە چاوی چڵکن و تیری قەزاوە بی کە سوبح چاو هەڵێنی چۆن دەکەی ئەم خەڵقە دووچاری زەرەر بۆیە چاوت وەختی مەغریب لێک ئەنێی بکرێتەوە بابی تەزویر و تەریقی فیتنە مەیدانی خەتەر بۆ ئەمەی دەستی بنەخشێنی ببێ ئەنگوشت نوما دامەنت هەڵکردووە بۆ ڕشتنی خوێنی هەدەر عالەمت خستۆتە ژێر داوێنی ڕەحم و ڕەئفەتت هەر لە کوردی بێ نەوا خەسمانە بەستووتە کەمەر هەر مناڵی بگری فەورەن بۆ ئەمەی ژیر بێتەوە میسلی بازیچە گەهێ شەمسی دەدەیتێ گەه قەمەر هەر بە نازکێشان لە ڕێگەی دەردەکەی منداڵی خەڵق ناوی خۆی نازانی ئاخر ون ئەکا شوێنی پودەر وا سەرت شێواند لە عالەم کەوتە عەکسی ئیقتیزا دەربەدەر بوو جێ نشین و جێ نشین بوو دەربەدەر داوەشێی بۆ دەور و چەرخت داڕزێی بۆ هەیئەتت وا دەبێ تەنزیمی دنیا وا دەکەی تەسکین بەشەر لایقی تەختی سولەیمانی بووە مێروولەیێ خەرقەیی مووسا عەسا عادەت بووە بیکاتە بەر ناوی پژدەر بۆ چی بۆتە ئیسمی ئەعزەم هەر کەسێ وەک سولەیمان ساحیبی دێو و نگین بێ کردیە بەر بۆچ تەقیلەی قووچ و لاپێچی کرێشەی داڕزیو ئەو کڵاوەی سەخری جیننە پژدەری نایانە سەر هەر سەگێ جارێ وەڕی یاخۆ کەرێ نەختێ زەڕی تۆ دەم و ملیان دەبێ پڕ کەی لە لوقمە و تۆقی زەڕ من عەبەس لۆمەت دەکەم بێ سوودە تەعنەت لێ ئەدەم ئەی سوپەهری بەدسروشت و بەدنیهاد و بەدگوهەر خۆ وەتەن نوتقی نەماوە وا ئیشارەم لێ ئەکا یەعنی لۆمە و تەعنە بەسیە وا بووە ئەلبەت قەدەر ئینتیباهە بۆ خەلەف لەم وەختەدا نابێ وتم من لە باسی وەزعی سالیس چۆن بکەم سەرفی نەزەر جا وتی وەختی دوعاکەی پێشووە فکرت نەچێ گەر ئەنووسی باسی تەشکیلاتی سالیس موختەسەر ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ جەبری نەفسی پێ دەوێ خەڵقینە کەسری ئیعتیبار ئیعتیبار و نەفس ئەکەن لەم باسە چونکە ئینکیسار ڕووی زەمان ڕەش بێ لە مەردان ڕوو کە وەرگێڕێ ئیتر دێنە مەیدان بڵح و نامەرد تێک ئەدەن ڕەسم و شیعار زۆر کەڕەت ئەموت کە بێ عەقڵە کەریمی تازەمین ئەسپ و کەر، گاجووت و ئێستر، پێکەوە دەیکا قەتار نەمئەزانی وا لە خاتریا زەمان ڕۆژێ دەبێ کیسەڵ و قرژانگ و قۆڕی پێکەوە بگرێتە بار سەیرە حەیوان هەر یەکی خولیایەکی کەوتۆتە سەر بەرخ ئەڵێ بوومە پیرەنس، مەڕ وا دەزانێ بۆتە چار ئیددیعاجۆن وەحشییان بیلخاسە قورناویلکە ئەڵێ من ئەخوێنم پایز و زستان و هاوین و بەهار سەف بە سەف قاز و قوڵنگ ئەوجی هەوایان گرتووە بۆ حەرب ئەم دوو گرۆهە لازمە بدرێن قەرار ڕێوی کلکی دا بە ئەرزا کوا وتی جێگەی چەقەڵ خزمی خۆمە ئەم چەمە وێران دەکەم نەخرێتە کار شێر وتی ناوی پڵنگ ئەمڕۆ لە ناوایە بڵێن ڕێوی بێدەنگ کەن سیاسەتمان نەکا با ئاشکار کێ لە یادی ماوە مردووە قازی زوڕناژەن کەچی بوو بە قائیمقامی ئەو ورچێ بە ناوی موستەعار لازمە بۆ مەجلیسی لەقەلەق بنێرن تاقمێ دەم دڕاوی تێرنەخۆر و هیچ نەدیو و زەهردار بۆ ئەمە جارێ سەقاقوش بانگ بکەن ئەوسا بڵێن ئۆتومۆبێل حازرە مێروولە بێت و توولەمار ئیددیعای پڕ پێستی خۆی پارە ئەکا مامە سمۆر ئیرسییە کەوڵی بکەن لەو دارە زەحمەت بێتە خوار چونکە فامیلیایەکن ئەسڵەن لە جنسی قۆڕییە مەسندئارایی خەلافەت بوو جەنابی سووسەمار ئەی پشیلەی قوڕ بەسەر گۆڕ هەڵتەکێنە وای لە کوێ وا تلی لیلی دەکەن مشکان لەسەر بانی عەمار خادیمی پێشووی سولەیمانی دەبوو دێو و درنج چەرخە ئەمڕۆ کیسەڵ و قۆڕی دەبێتە کارگوزار شکڵی ئەم وەزعەی بە خەو ئەوسا ئەگەر ئەیدی ئەمین شێتە وا ئێستا دەبوو ئەو وەختە بێ شوبهە بەهار هەر زەمانە ئەم جڕ و جانەوەرانە یەک دەخا هەر زەمانە ئەم گژ و گیایە لە گوڵشەن کا بژار «قوری نووسیویە لە پشتی کیسەلی» تەئریخەکەی ناتەواوی بۆ فەقیرە تا گونی لێکرد بە چوار ناوی خەڵقی بۆ بەرم شوبهی گەلێکم پێ وتوون خوێندەوارینە بتاشن شوبهی باقیکەی لە دار باسی وەحشیم هێندە کرد تەبعم خەریکی وەحشەتە ساقیا لوتفەن عیلاجی شەربەتێکی خۆشگەوار تو سەری پیری موغان و تو ملی مینایی جام تو نیگاهی چاوی پیاڵەی پڕ لە خەمر و پڕ خومار تو سەری کوڵمی لەتیف و نازکی گوڵڕەنگی دۆست تو شکەنج و تووڕەیی زولفی سیاهی میشکبار دەردی من دەرمان بە جام و ڕەتڵی پڕ مەی ناکرێ بمبەرە بەرپایی خوم خم کەم بەسەردا جار جار دابگیرسێنم بە نووری مەی چراغی فیکرەتم کیمیایی تەبعی مەغشووشم بکەم سافی بە نار مەتڵەبێکم من بە دنیا نەبووە ئاماڵی بە کەس هەر لە لوتفی تۆ دەکەم ئەمڕۆ ئەمەندە ئینتیزار ڕابیتەی پیر و سلووکی مەسلەکی ڕەندان ئەکەم تا دووعاکەم زوو بگاتە دەرگەهی پەروەردگار ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسی گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ بۆ هەوا ئاڵۆزە بۆ چی لێڵ و سوورە ئاسمان گێژەڵووکەی نەگبەتە یان فیتنەیی ئاخر زەمان هەوری قەهرە مەوجی دەریایی غەزەب دێنێتە جۆش یا فغان و دووکەڵی ئاهی هەناسە سەردەکان ڕەنگی گوڵ بۆ چی پەڕی بولبول دڵی بۆ چی شکا ناکرێ ئەووەڵ بەهاری شادمانی بێ خەزان بەفرە باریوە لەسەر بەختی ڕەشی خاکی وەتەن یا بە دەم شەستیرەوە مێشکی هەژارانە پژان بۆ وەتەن زەرد هەڵگەڕاوە بەرگی سوورە شین ئەکا ڕەنگە ئەشکالی شەهیدی بێ نەوامان دانیشان وەک برێشکە قرچەقرچی جەرگی سک سووتاوە دێ یا گوڕەی مەترالییۆز و قرمەقرمی تۆپەکان ئەم هەموو لاوە نەمامن نێژران لەم باغچەیە ڕیشەیی کوردایەتی بوو یەعنی بۆمان نێژران جەژنی قوربانە سلێمانی بە مەزبەح دانرا کورد مەڕن بۆیە بە جارێ هەر لەوێدا سەربڕان یان کە ئیبلیسی عەلەیهیللەعنە قاورمە بکا کۆمەڵی ئینسان بە جارێ وا ئەبێ بکرێن لە جان بۆ شەریفی کورد خەڵاتە هاتووە سەر تا بەپێ یا کەلەبچەی دەست و تەوقی گەردن و پێوەندییان بۆچ مەغۆل هەڵساوە یاخۆ دەوری نەحسی جەنگیزە قەتڵ و عامی ئەرمەنە یا حادیسەی ڕۆمی و بەبان ناوی خۆی نابوو زەمانی میللەتی کورد خۆ ژیان بۆ چی بەستراوە زمانی وا دەبێ ئاخر ژیان بۆ نەبوو قەت ئەهلی حاڵێ دەردەدارێ بۆ نییە ئەم وقووعاتە چ بوو بۆ چی کرا بیکا بەیان جا وەتەن فەرمووی لە پەردەی سینەما وەک سینەما سوورەتی گیراوە فەرموو بۆت بکا یەکسەر عەیان جارێ تەئریخی بنووسە جا بگۆڕە قافیە تا بەیاناتم بنووسی لێت نەبێ حەرفێ نیهان بێ هەزار ناوی سلێمانی بە تەئریخ «مشهد»ە ئەم حیسابە عاقیبەت ڕۆژێ دەبێ بیکا زەمان مەقسەدی ئەسڵی و ئەساسی هەر دوعاکەی پێشووە ئێستە تیکراری بکە بەڵکە بکا مەبحەس ڕەوان ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ ئارەزوویان بوو لە زنجیری ئەسارەت بێنە دەر سەربەخۆ بەڵکوو بژین دەرچن لە ئازار و کەدەر عەهد و پەیمانی ئەجانیب ئیددیعای لێ کردبوون تێگەیشتوو بوون نەیاندا تا نەبن تووشی خەتەر کەوتنە فکری سیاسەت ئەجنەبی وتیان ئەبێ کورد قیامی پێ بکەین بەڵکە ببن مەشغووڵی شەڕ چەند کەسێکی کورد کە هەریەک ئارەزوویێکی هەبوو بانگیان کردن یەکی نەوعێ تەماعیان نانە بەر زۆڵ ئیبن زۆڵ دەستە دەستە سەوقی کرد جافی گێل، هەورامی گوێ دیل، بانەیی کەم فام و کەر کەوتنە ناو کوردەوە لایێ بە تەفرە لایێ زۆر کۆمەڵێکیان پێکەوە نا عادەتا وەک بزن و مەڕ ئیددیعای کوردایەتی مەقسەد بوو ڕەفزی ئینتیخاب زاهیرەن باتین عەرەب فکری ژیان دەرکەن لەسەر فرسەتی دەسکەوت ئەجانیب ئەمری دا جەیشی عیراق هاتن و کوشتیان ئەمان جا ئەجنەبی بردی زەفەر چوون بەگژیەکدا لەسەر حەق میللەتی کورد و عەرەب ئەو درەختی نەگبەتە بۆ هەردوو وەک یەک دای سەمەر سەربەخۆیی بۆ عەرەب هەروەک حقووقی کوردەکان هەر لە خوێنا چوو لە ناوانا نەما باسی ئەسەر سەیری ئیجابی سیاسەت زابتی موستەخبەرات یەعنی ئیشێکی خراپی کردووە کردیانە دەر کامیل و مەحموودی جەودەت موتتەفیقیان بوو حەمید زابتی جەیشی عەرەب بوون کردیان سەرفی نەزەر تەرکی مەوقیعیان کە کرد هاتن بە فکری ئینتیقام لەم بیابان و گەڕانە بێ ترس وەک شێری نەڕ بۆ پەنا و شەکوە لە پیران چوونە لای سەرداری کورد وەعدی دا من حازرم نە هەر بە ماڵ و جان بە سەر هەر ڕەئیسی عەشرەتێکیان بانگ ئەکرد جوابی ئەدا چوونکە فەردێکیان لە حیسی ئینتیقام نەیبوو خەبەر جافری کافر حەقیقەت پشتی ئەم قەومەی شکاند لەعنەتی وەک کەولی نەگبەت تا قیامەت کردە بەر ئەو حەرامزادە بە نۆت نەوتی بەسەر کوردا ئەکرد ئاگری گرت خویشی سووتا ئاخری ئەما بە گەر ئەو کەرانە لووشکە لووشکیان کرد نیشانیان دان کە زیو کەوتنە نەعرەی زەڕین ئەمما بە وشکی نەک بە زەڕ ناقڵیشێ دار پوازی تا لە جنسی خۆی نەبێ پشتی کورد، کوردی شکاندوویە وەها بوو هەر قەدەر خۆی و ئەتباعی ڕەئیسی کورد ئیلاهی هەر بژی بۆ شەرەف ئەسکەندەرانە دامەنی خستە کەمەر من سەر و ماڵم لە ڕێگەی قەومما هەر دائەنێم فرسەتە قیڕوسیا فەرزەن سەفەر بێتە سەقەر لامەدە حەمدی لە مەوزووع و دوعاکەیشت بکە ئەم قسانە لازمە بۆ ئاخری بکرێ حەزەر ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ ئەی وەتەن لوتفەن تەواوی کە وقووعاتی میلەل ئەم مەراقە با نەکا بۆ ئاخری نەشری عیلەل تێ بگەن خەڵقینە توخودا بەس ئیتر تەفرە بخۆن ئەجنەبی بۆ نەفعی خۆیانە دەکەن دایم حییەل نامداری کورد و سێ زابت بە هاوڕێتی سەلام کەوتنە مەردانە سەعی حیرەتم بوو فی المَثَل ڕۆستەمانە گەر بڵێم غەدرە کە ڕۆستەم هەر بە خەو کەی تەیارەی دی بە فیلۆ یا تەقەی تۆپی جەبەل گەر بڵێم ئەسکەندەرانە غەدرە ئەسکەندەر مەدام ساحبی ئۆردوو و وەزیری وەک ئەرستۆی بوو لەگەڵ بۆ چی باسی حەربی سوورداش و کاناروێت بۆ بکەم بەم قسانە بۆت تەواو کەم قافیەی نەزم و غەزەل حەربی ئاوباریک ئەگەر تەسویری بتوانم بکەم وا دەزانم کورد بە خوێنی کوردەکان بیکەن بەدەل شێخ لەگەڵ پەنجا کەسی مەشغوولی ڕاحەت بوون بە ڕۆژ ئاخیری مانگی بەهار و ئاوباریک بوو محەل یەک فەوج جەیشی عەرەب سەد نەفەر پۆلیسی تورک پێشڕەوی دووسەد سواری تاڵەبانی بۆ جەدەل نەفری عامی هاتنە سەر یەک نەفەر سەرداری کورد بۆ خسووفی مانگ وەکوو چووبن شەیاتینی بە گەل دانیانە بەر تەقە هەر وەک شەیاتین ڕەجم کەن مانگ نەگیرا کەوتنە جامبازە ئەمسالی جەمەل دەنگی شەستتیر و تەیارە و قرچەیی تۆپ و تفەنگ ڕۆژی حەشرێ بوو ئەباری هەر وەکوو تەرزە ئەجەل دووکەڵی بۆمبا و تەپوتۆزی سوارە و گوللە تۆپ ئاسمانی گرتە بەر داگیری کرد بورجی حەمەل گوللە پرشنگی ئەدا ئەکشا وەها زەننت ئەبرد زامدارە بۆ تەداوی هاتووە نەجمی زوحەل ئەو هجوومانە کە لەرزەی خستە ئەرز و ئاسمان نەیگەیان زەڕڕە بە وەزعی یەک مناڵی کورد خەلەل وا نەبوو ئەهمییەتی بۆمبا و گوللەی تۆپەکان هەر ئەهات ئەدرایە بەر شەق یا بە پێلەقە و بە پەڵ من وتم ئەم حەربە تەمسیلی چەناق قەلعە ئەکا سەد ئەگەر بکرایە ئەترافی بە تورپیل و بە تەل هەر بەلاشە ڕەشبەڵەک گیرابوو لەو مەیدانەدا تاڵەبانی میسلی بەت جوندی هەژاریش میسلی قەل وەختی مەغریب ڕەجعەتی ئۆردووی کە کرد سەیری هەبوو سنگ و سک گۆڕابوو یەکسەر بوو بووە پشت و کەفەڵ وای نەنەی پۆلیسی تورک و یوممەیوممەی عارەبی بۆ قەوان هەڵ ناکەوێ جارێکی تر بەو نەوعە هەل وا لە ناو جەووی هەوادا ئەم قەوانە مەیلتە گوێ لە تەلسز بگرە گرتوویە سەراپا موحتەمەل وەختی ڕەجعەت ڕەحمی فەرموو مەنعی تەعقیبی کە کرد وا ئەگەر نەبوایە لاشە جێ ئەما وەک باڵی مەل چاوی هێشتا پیاوی ساغی هەر نەدیوە ئەجنەبی خزمەتی ئەو چونکە ناکەن غەیری لات و کوێر و شەل سەیرە چاوی موغریزی کورد بەو تەپ و تۆزی شەڕە تەم بەسەریا هاتووە گرتوویەتی دەردی سەبەل کورد ئیتر بەسیە کە ناوی هەر بە نەختە هیممەتێ زینەتی داوە بەسەر لەوحەی تەواریخی دووەل یەک بە دە هەرچەندە سەنرا خوێنی منداڵانی کورد زەحمەتە تا ڕۆژی مەحشەر بکرێ ئەو ئیشکالە حەل لێمگەڕێ فەرمووی وەتەن ئەمجا دوعاتان بۆ ئەکەم پشتی یەک بگرن لەسەرتانە خوای عەززەوەجەل ڕەببی مووی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ ++++++++++++++++++++++