شاعیر: حەمدی کتێب: تەرجیعبەند سەرناو: ئەم سەراپەردەیە کە بەرپا بوون ئەم سەراپەردەیە کە بەرپا بوون مانگ و ڕۆژی هەڵات و ئاوا بوون ئەم نجوومە کە سابیتە و سەییار ئەم شەهابانەیان کە ئەفشا بوون ئەهلی باڵا کە پێی ئەڵێن مەلەکووت لە بەڵای لابەلا کە وەک لا بوون ئەم خەلایە کە پڕ لە ئەسواتە ئەم هەوایانە گێژ و سەودا بوون ئەم زەمینە بە شاخەوە گردی گەوهەرێ بوو کە غەرقی دەریا بوون ئەم وجوودە یەکی کە نەوعێکە لە ئەزەل یەک نەسەق لە ئەشیا بوون قیسمێ حەیوانی ناتیق و ناهیق وەک گژ و گیا کە جوملە ئەحیا بوون کفر زاهیر نەبوو لە باتیندا کە یەهوود و مەجووس و تەرسا بوون هەموو یەک قەول و یەک زمان و یەک دڵ بێ تەفاوت بە حەڵقە وەستابوون ئەمە بوو زیکریان بە یەک شێوە هەرچی زیڕووحی پەست و باڵا بوون لە ئەزەل تا ئەبەد خوا خوایە جیلوەیێکە کە پڕ دوو دنیایە یا ئیلاهی بە قەدری تۆ بێ شک ما عرفناک حق معرفتک ئەو کیبارانە سەر لە ئەفلاکن کە لە ڕێی ئاشنایی یا خاکن ئەو ڕەسوولانە واقیفی سڕ بوون مەوریدی واریداتی لەولاکن ئەو ڕیجالانە سابیتە کە لەگەڵ کەشفی سڕڕی نەدیدە سکماکن ئەو گەدایانە وێڵن و مەجنوون وەکوو لەیلا کە شۆخ و بێ باکن ئەو بڵند هیممەتانە دنیایێ کە دەبەخشن کەچی بە ئیمساکن تاجدار و قەلەندەر و دەروێش کە عەلەمداری داری مەششاکن ئەو عیبادەی کە لە کونجی وەحدەتدا کە بە شوهرەت لە عالەما تاکن ئەو ئەدیبانە موجدی ئەدەبن کە لە ئەهلی تەمیز و ئیدراکن با خسووس ئەو خودا پیاوانەی مولهیمی نەعبدو وە ئییاکن پڕ دەم و پڕ زمان و دڵیانە هەموو بەم زیکرەیە فەرەحناکن لە ئەزەل تا ئەبەد خوا خوایە جیلوەیێکە کە پڕ دوو دنیایە یا ئیلاهی بە قەدری تۆ بێ شک ما عرفناک حق معرفتک هەردوو چاوم لە پڕ کە هەڵهێنا بەزمی عالەم بوو مەیکەدەی دنیا وەک قەدەح خۆر لە نووری سەر شار خوم ئوفوق ئاسمان وەکوو مینا عامیلێ بوو جەلالەتی ساقی کە دەسووتا بە شەوقی ئەو سینا لامەکان بوو کەچی مەکان بێ ئەو نەبوو ڕۆحی بۆ جیسمی کول سوکنا بە مەیی نابێ ئەو چەمەی نابی کە بکا ڕیزە ئیستیخوان ئەحیا زیندە و مردە ساکیت و سامیع مەست و هوشیار و جاهیل و بوڕنا جوملە پۆشانی وادیی عیففەت بادەنۆشانی مەحفەلی کوبرا ساحێبی جاه و حیشمەت و سەتوەت چ ئەدنایی چ ئەوسەت و ئەعلا هەموو مەجزووب و بێخود و حەیران هەموو مەفتون و عاشق و شەیدا بە چەغانە و دەف و نەیی ئەم نەزمە چەند خۆشی دەکەن بە بەستە ئەدا لە ئەزەل تا ئەبەد خوا خوایە جیلوەیێکە کە پڕ دوو دنیایە یا ئیلاهی بە قەدری تۆ بێ شک ما عرفناک حق معرفتک هەموو بەم فیکرە ماسییان و تیوور مەلەوانی هەوان و قەعری بحوور لە گەڵاکانی ئەم درەختانە ئەم کەلامە غەریبە دێتە زهوور گڕی ئەم شەوقەیە هەموو دەگرن مەعدەنی مایع دەبنە ناشیدی نوور بەحری ئەحمەر لە سەفحەی ئەرزا شەرحی وازیح دەکا بە خەتتی سوور سەیری چەند سەیرە حاڵی ئەم عەشقە بێ وجوودی وجوودە بێ حزووری حزوور خودا نەناسینمە خودا ناسین دەرکە بێ دەرکی بێ شعووری شعوور تا فەلەک شەرحی ئەم کەلامە دەکەن کە خەم و پێچ ئەدەن بوخار و بوخوور ئەم جەمادانە بۆیە بوونەتە بەرد کە نیانە بە خوێندنی دەستوور ئەم سوئالەی نەکردبوو مووسا وەختە بوو بۆخۆی بێتە سورمەی توور وا لەسەر کۆی جوودی حەزرەتی نووح ئەم کەلامە دەڵێن لەگەڵ ئاسوور لە ئەزەڵ تا ئەبەد خوا خوایە جیلوەیێکە کە پڕ دوو دنیایە یا ئیلاهی بە قەدری تۆ بێ شک ما عرفناک حق معرفتک وا مەزانن ئەمەندە پڕ جۆشم ساحبی دەرک و عامیلی هۆشم گەه لەگەڵ سالیکانی مەسجید دام گەه لە مەیخانە مەست و سەرخۆشم گەه لە زیکرام لە تەکیە شێخانە گاه وەک پیری مەی قەدەح نۆشم گەه لە دەرگاهی وەحدەتا سائیل گەه مەسائیل بە شیرکەت ئەفرۆشم ئەولیا بووم دەمێ لە عومرێکا لە ئەمر میسلی نەهی تێکۆشم خاڵییە دامەنم لە پاکیەتی پڕ لە ئالوودەگانە ئاغۆشم مادەیێکم منیش وەکوو ئەسلاف چاکە بۆ خەندە مادەیی بۆشم وەکوو دێوانەکانی ئولکەیی عەشق سەر و پێ ڕووت و کەوڵ بەردۆشم بەم هەموو ئیختیلافەوە دایم عیبرەت و تۆبە پڕ دڵ و گۆشم بەم کەلامە لە ویجد و حاڵەتام گەه بە هێواشی و گاه بە خرۆشم لە ئەزەل تا ئەبەد خوا خوایە جیلوەیێکە کە پڕ دوو دنیایە یا ئیلاهی بە قەدری تۆ بێ شک ما عرفناک حق معرفتک گەه لە بورجی سەماوە گاه لە حەی گەه لە چۆلی عیراق و گاه لە ڕەی گەه لە مەیخانە گەه لەسەر منبەر لە حەرەم تا بە مەیکەدەم برد پەی گەه بە ڕوو سووری گەه بە ڕوو زەردی گەه وەکوو سێو گاه بە میسلی بەی دەر بە دەرگاه سائیلانە زەلیل گاه شاهانە وەک قوباد و کەی فەرقی فەسڵم نەکرد بە ڕۆژ و شەو چ ڕەبیع و چ سەیف و پایز و دەی شێت و حەیرانی عیشوەیی ساقی مەست و مەدهۆشی زەوق و شەوقی مەی لە دەفی سنگ ئەدەم لە تەپڵی سەر لە نەفیری نەفەس ئەدەم وەک نەی گاه دێوانەوار و گەه عاقڵ یاهوو یاهوو دەڵێم و یاهەی هەی خەو و بێداری وەک یەکە بۆ من مردنم کەم نییە لە حاڵی حەی ئیختیارم نییە وتوومە دەڵێم ڕۆح ئەکا بەم نەشیدەیە ئۆخەی لە ئەزەل تا ئەبەد خوا خوایە جیلوەیێکە کە پڕ دوو دنیایە یا ئیلاهی بە قەدەری تۆ بێ شک ما عرفناک حق معرفتک ++++++++++++++++++++++