شاعیر: حەمدی کتێب: قەسیدە سەرناو: تا بزانن عالەمێ چەندە وەفاکردارە کورد تا بزانن عالەمێ چەندە وەفاکردارە کورد هەر ئەبێ تەعریفی ئەسڵی خۆی بکا ناچارە کورد زۆر قەدیمن زۆرن ئەمما تەفرەقەی کردوون زەمان وەرنە قەومێکی نەجیب و ساحبی میقدارە کورد نوتفەیی ئاسور و جێگەی ئەووەڵی کابول بووە نوتقی ئەوساکەی بە لەهجەی فورسی خۆش گوفتارە کورد بەو زمانە گوردە ئیسمی یەعنی مەردی پەڵەوان فیلحەقیقە بۆ شەجاعەت سەروەر و سالارە کورد خزمی زاڵ و ڕۆستەم و گۆدەرز و گیو و بێژەنن وا دیارە چونکە یەکسەر هەر دەڵێی شاسوارە کورد سەرکەشی بوو واسیتەی هیجرەت لە کابولدا قەدیم خۆ بە تەئریخی عموومی سابیتە ئینکارە کورد دائیما بۆ عیززەتی نەفسە کە غیرەت سەرف ئەکەن عادەتا شێری ژیانە یا وەکوو ڕەشمارە کورد کامەیان ئەدنایە دائیم دەم لە عولوییەت دەدەن خان بڵێ یاخۆ نەڵێ قابیل نییە سەرکارە کورد سەهوە ئومێدی ئیتاعەت کەس ناکا لەم قەومە بۆچ چونکە هەر کەس مونفەرید سەیری دەکەی ئەحرارە کورد واقیعەن قەومێ کە تەحسیلی نەبێ جاهیل دەبێ هەر ئەساسەن موستەعیدد و ساحبی ئەفکارە کورد وا زەمانە بەش دەکا ئیقبالی ئەقوامی جیهان چونکە بەدبەختە خەریکی نەگبەتی و ئیدبارە کورد تەجرەبەی کە جاهیلی وەک عاریفی قەومی ترە کوێری مادەرزادی سەیری کە ئولولئەبسارە کورد ساحبی عەزمی مەتین و عامیلی وەقع و ویقار کاشفی ئەمری نیهان و کاتیمی ئەسرارە کورد شافعی مەزهەب موسوڵمانن تەعەسسوبیان هەیە دائیما مەشغوڵی تۆبە و زیکر و ئیستیغفارە کورد خاکی کوردستانە جێگەی ئەکمەلی ئەهلی کەماڵ ئەکسەر ئینسانی میسالی تیغی جەوهەردارە کورد گەر ڕەقابەت مانعی ئەم قەومە نەبوایە بەیان دەوڵەتی بوو سەربەخۆ ئەسبابی هێشتا دیارە کورد گەرچی مەستی نەشئەیی بادەی غروور و غیرەتن فیترییە حەمدی بەجارێ عاقڵ و هوشیارە کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی مورسەلی حەق تاجی سەری جوملە پەیەمبەر ئەی مورسەلی حەق تاجی سەری جوملە پەیەمبەر ئەی نووری دڵی ئەرز و سەما سەییدی سەروەر ئەی گەوهەری بەحری کەرەم و ڕەحمەتی خالیق لوتف و کەرەمت بەحرە ئەدا مەوجی منەووەر ئیسمت کە زوبانی قەڵەمی کردوە موزەییەن شێوەت بە دڵی لەوحە ئەدا زینەت و زێوەر پایەی حەرەمت جووتە لەگەڵ پایەیی کورسی هەر عەرشی بەرین لایقە بۆ مەنزلی دڵبەر هەر ڕۆژی ئەزەل لەمعەیەکی داوە جەماڵت ئێستەش ئەدرەوشێتەوە ئەو لەمعەیە وەک خۆر یەک زەڕڕە غوباری قەدەمت کەوتە هەواوە کردوویە دەماغی مەلەکووتیشی موعەتتەر خاکی بەری پێت گەر بدەنە دەستی سولەیمان ئەیکاتە دوو دیدە بەمەسەل سورمەیی جەوهەر وەک گەردی بوراقت شەوی میعراجت بەجێ ما جبریلی ئەمین نەیبوو ئیتر قووەتی شەهپەڕ سەرگەردی سەری تۆیە هەتا ڕۆژی قیامەت شەمس و قەمەر و ئەنجوم و ئەفلاکی مودەووەر دەریایەکی ئاگر ئەوە بۆ مونکیری تۆیە بۆ مەنتەبەعەت باغی بەهەشت چەشمەیی کەوسەر مەعلوومە ئەوا بوون و نەبوونی هەموو ئەشیا بۆ تۆیە لەبەر تۆیە خودا کردی موقەددەر خوسرەو کە سەری دابوو لە بەرد بەردی لەسەردا کیسرا دڵی هەر زوو شەق و پەق بووبوو بە خەنجەر هەنگامی حەشر مونتەزیری مەرحەمەتی تۆن جننیی و پەری ئینس و مەلەک بەندە و قەیسەر فەرمووتە کە حامیی و کە سایەی سەری ئێوەم ئەو وەختە کە ناپرسی برا حاڵی برادەر ئەو ڕۆژەیە باقڵ بە پەرێشانیی خەڵقا موحتاجە ئەکا شین و ئەکا گریە توانگەر گەر حەشرە ئەمە فەرموو شەفاعەت بکە بۆمان تا ئەجر و جەزا و کردەوەمان بینێتە دەفتەر دنیایە ئەگەر بۆ چییە ئەم حەشرە لە سەر چی ئەم عالەمی ئیسلامە دەکەن بۆ چی موکەددەر ئیسلام و یەهوودیی و نەسارا و مەجووسی بێزارە وەلێ قیسمی موسڵمان زیاتر چۆنت کە ئەکرد کافری موتڵەق بە موسڵمان بەو نەوعە موسڵمانە ئەکەن ئێستە بە کافر نەدرابی بە تۆ خاتەمی ئەموت کە ئەمانە نێزیکە بدەن خاتیمە بەم دینە سەراسەر پڕ شاری سلێمانییە هەر میسلی زەبانی ئەلوات و شەقی جەردە و دز قاتیل و ڕەهبەر لەوساوە حکوومەت نییە بەربوونەتە میللەت جاف و هەمەوەند بانەیی و مەنگووڕ و پشدەر تاڵان و بڕۆ و کوشتن و حەپسە لە هەموو لا ساحێب عەلەم و تەپڵە ئەڵێی دێوە ستەمگەر ئەم شەکوەیی ئێمە کە لە بارێ دەنکێکە بۆ تۆیە لە لای تۆیە لە دەست نوتفەیی حەیدەر ئەو حاڵە کە کورد و عەرەبی تیایە دەشوبهێ بەو حاڵە کە خۆی کردی بەمەسکوونەیی خەیبەر نەژیاوەتەوە هەر وەکوو ئەم تائیفە هەرگیز کوللە و سن و موور و مەگەس و عەقرەب و ئەژدەر گاهێ دەبنە دوژمنی ئەتراک و گەه ئینگلیز گاهێ لە عەرەب چاو ئەبڕن گەه لە عەجەم سەر نامووس و حەیا چوو لە سەدای تۆپ و تەیارە هەر حامیلەیە کەوتووەتە کووچە ئەخا بەر ئەو تیفلە سەری فێری سەرینی پەڕی قوو بوو بێ چارە لە چۆلێکە ئەکا بەردێ بە بوستەر سەر سەوزێ لە هەر جێگە ببێ سەرکەشە ئێستە بەم ڕووتییە فکرێکی لەسەردا هەیە عەرعەر ئەو شەخسە کە ئەیکرد بە دوعا مەنعی موسیبەت ئێستاکە بەڵایە کە دەگا دەستی بە وەڕوەڕ ئەو پیرە کە ئوفتادەیی مەسجید بوو لەبەر فەیز هەڵساوە وەکوو فیتنە قەدی میسلی سنەوبەر حەججامی فەقیر نانی بڕا خوێنی قیفالی ئەم خەڵقە بە خەنجەر دەگرن بۆچییە نەشتەر سوبحانە چ دەرد و چ بەڵایەکە کە خەڵقی کێشاوەتە ئەم خانەیە وەک چەرخی لە چەنبەر ئەهلی شەرەفی ئێستە لە هەر لایێ کە مابێ وەک حەمدی هەموو دەربەدەر و خوار و موحەققەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمان ئەمڕۆ خولیدا چەرخی خستە دائیرەی میحوەر سەبارەت: بۆ کۆمەڵەی زانستی کوردان زەمان ئەمڕۆ خولیدا چەرخی خستە دائیرەی میحوەر زەمان ئەمڕۆ هومایی دەوڵەتی هەڵداوە بۆ سێبەر زمان ئەمڕۆ هەڵیهێنا لە ئەوجی بورجی ئیحسانا حەقی ئەقوامی شەرقییە یەکێ وەک مەه یەکێ وەک خۆر زەمان ئەمڕۆ نەجاتی دا لە دەستی گورگی زاڵم مەڕ زەمان ئەمڕۆ جوابی دا بە حەشری مەسئەلەی مونکەر زەمان ئەمڕۆ لە خانەی شەشدەرا ئیقبالی دەرهێنا بە میفتاحی مرووەت فەتحی کرد بابی فەرەح یەکسەر زەمان ئەمڕۆ بە زنجیری عەدالەت بەستی دەستی زوڵم لە کۆتیداوە کردوویە لە زیندانی جیهان شەشدەر زەمان ئەمڕۆ حەیاتی وەک مەسیحا کرد بە بەرمانا ئەمەل ئەمڕۆ دەمی پشکووت بە تەسبیحاتی دانەی بەر زەمان ئەمڕۆ لە ناو ئەمواجی دەریایی فەلاکەتدا دەری خست گۆشەیێکی کوردی بێ ڕەونەق وەکوو جەوهەر چ کوردێ خوا موسەببیبیان لە قەعری بەحری قەهریدا بکا غەرقی کە تا ڕۆژی قیامەت دەرنەهێنێ سەر بە نەقد و جنسەوە قاروون سیفەت بڕوات و هەر گوم بێ وە یاخود هەر بسووتێ تا دەبێتە دانەیی ئەخگەر چ کوردێ بێ نەوایی ساحبی ئالامی فەقروددەم نەماوە قەترەیێ خوێنی ئەگەر بدرێتە بەر خەنجەر چ کوردێ لەم سەحیفەی ئەرزەدا خوێنی شەهیدانی دەکەن تەشریحی حاڵەتیان بەخەتتی وازحی ئەحمەر چ کوردێ کوللی فەردێکی بە تەمکین و بە چاڵاکی دەدەن حیرەت بە کێو و خەم بە قەددی ڕاستی ئەژدەر حیسابی زۆر و کەم نابێ لە ئەرزی کورد و کورد بکرێ بڕشتی گەر ببێ دەبڕێ هەزاران ڕەگ یەکی نەشتەر لەگەڵ ئەم ویسعەتی ئەرزە تەماشای کەنزی سابیت کەن کە بەردی پڕ لە ئەڵماسە کە خاکی مایەیی گەوهەر هەموو شاخێکی باغێکە لەسەر هەر ئەرزی ئاوێکە جینان هەروایە تێ فکرە ئەوە باغ و ئەوە کەوسەر لە وان و ئورمییە تاکوو دەگاتە خاکی لوڕستان لە بتلیس و دیاربەکر و جەزیرە تا خەتی سنجەر ئەمە شەرقی شیمال غەربی جنووبی ساحەیی کوردە کە ئەم ئەرزە بە تۆزێکی دەڕێژێ دیدەیی قەیسەر براگەل بێنەوە کوڕگەل دە هەڵسن کۆمەڵێ بگرن تەغافول بەسیە هەڵبگرن سەری غیرەت لەسەر بوستەر بە دەستی دڵ بپێچن دامەنی لوتفی ڕیجالانی حکوومەت تا لەسەر ڕێگەی تەعالیدا ببن ڕەهبەر زەمین بەرگی خەزانی داڕنی ئەم ئاڵ و واڵایە بەهاری کردە بەر بۆتە گوڵەندامێکی وەک کیشمەر نیهالان ڕوو پەڕەی ئەوراقی کۆنەی جوملە وەرگێڕا دەری خست سەفحەیی تازە حیسابی پڕ ئەکا دەفتەر نەسیمی سوبحدەم خۆش موژدە بێ موژدەی کە بۆ هێنا سەری شین و قوڕاوی ششت و مەیلی شادییە کیشوەر وەکووحەمدی دەخوێنن بولبولانی ئەم گوڵستانە چەمەن ئارایشی داوە گوڵاڵەی خستە تووی مێزەر ئەمە بۆ دەرسی عیبرەت کافییە ئێوە و خوا بەخوا نەخوێنن دێری کۆنە سەتری تازە دەرئەخا مەستەر بە ڕێگەی ئیختیلافا هەر کەسێ چوو بێ سەر و شوێنە لە وادی ئیتتیفاقا یارە دەوڵەت ڕاحەتە یاوەر بە ناوی قەومەوە جەمعییەتی عیلمییەتان تەبریک ئەکەم لە خوا تەمەننایی تەشەببووستان ببێ موسمەر ئەوە ئێوە و ئەوە کورد و ئەوە ئەسبابی میللییەت لە تەعنەی خۆ بپارێزن بکەن ئەختاری مایەختەر لە ئێوە کتلەیی میسری لە پێشا بۆ چی زیاتر بوون کە دەریان خست لە زوڵماتا شوعاعی جامیعولئەزهەر لە شاران بۆ چی کەمتر بێ سولەیمانی سولەیمانی کە بەلقیسی نەبوو نەیخا لە عەکسی بەرقی شێری نەڕ موسەببیب حازرە ئامادەیە ئەسبابی عولوییەت تەشەببوس گەر ببێ ئاسن دەگاتە خاسەیی شەهپەڕ سپاردم وا بە ئێوە حەقم و ئێوەیشم سپارد بە خوا ئەمانەت گەورەیە حیفزی دەکا هەم بەندە هەم داوەر ئەما پێویستییە ئەم میللەتە عیرفان و ئەمنییەت ئەمە بۆ سەڵتەنەت تەختە ئەوە بۆ مەفخەرەت ئەفسەر بپێچن دامەنی ئەمن و بکێشن یەخخەیی عیرفان کە لەم ڕوو پەردە دایە شاهیدی مەقسوودی کول موزمەر بە غەیری خزمەتی دین و وەتەن ئەسبابی چی تر بوو کە شوهرەتیان هەیە ئەسحاب و ئال و پیر و پێغەمبەر دە ئێوەش وا بە جیددی تێ بکۆشن تا وەتەن ئێوەش لە بابی ئیفتیخارا دابنێ هەریەک، بەیەک مەسدەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێی بەسەردا قەت مەنێن نامەرد بە عیزز و شانە ئەرز پێی بەسەردا قەت مەنێن نامەرد بە عیزز و شانە ئەرز خاکەکەی پاکی غوباری مەقدەمی جانانە ئەرز فەرشی ڕەنگینی گوڵستان ڕەشکی گوڵزاری جینان گەوهەری دەریایی سونعی حەزرەتی یەزدانە ئەرز دەم بە دەم بۆ حاڵی عالەم دێتە جۆش و گریەوە ئەشکی سوور و سوێری بەحری ئەحمەر و عوممانە ئەرز دیم یەنارداغی وتم بێ شک سکی سووتا بە من مادەرێکی موشفیقە لوتفی لەگەڵ ئینسانە ئەرز جوودی حاتەم بۆتە ئەفسانە لە عالەمدا کەچی لوقمە نانێکی بەویش داوە لەسەر ئەم خوانە ئەرز ئاسمان و مانگ و ڕۆژ و ئەنجومم دی تێگەییم ساحبی خەیمە و سەرا و شەمعی ئاوێزانە ئەرز هەرچی دڵ مەیلی دەکا هەرچی نەفس لازمیەتی حازرە بۆ چی ئیتر کوفرە بڵێم ڕیزوانە ئەرز گەه سەری وەک کۆنە پۆشی سەوزە شاخی موددەتێ وەک موریدی نەقشبەندی سەرسپی بەندانە ئەرز بەم هەموو عەیبانەوە خەڵقی کە ئەچنە ماڵەکەی ئەیگرێتە باوەشی خۆی ئەو هەموو عەیبانە ئەرز ئەو هەموو بێ شەئنییە دەگری لەسەر شانی کەچی تێک نەچوو ئەمما لە حیرسا دەم بە دەم لەرزانە ئەرز گەر لە سەقفی گونبەدی ئەفلاکەوە سەیری بکەی سابیت و دەورانە ساف و هەم خڕە هەم پانە ئەرز دەردەخا ئەجناسی ئەشیا غائیبیشیان هەر دەکا چەند دڵی مەعموورە یا ڕەب ماڵی چەند وێرانە ئەرز زوبدەیی ئەولادی فەخری ئەنبیا بۆ کەم بوو بۆی کائیناتی سەر بە سەر بۆ کرد بەیەک کاشانە ئەرز ئاسمانی کرد بە سەقف و ئەنجومی بۆ کرد بە مێخ کەهکەشانی کرد بە تاقی پێشی ئەو ئەیوانە ئەرز ئەو مەهەی چونکە لە دڵدایە لەبەر چاوی نییە بەحری ئەشکی جارییە ئەمما دڵی خەندانە ئەرز ئەو دەمە بۆتە زیارەتگاهی ئەفواجی مەلەک لێوی گەییە پێی و دەستی گەییە ئەو دامانە ئەرز هەر دەبوو بمزانیایە قووەتی ئەو ڕۆحەیە سیقلەتی بەم زۆرییە وەستاوی بێ بونیانە ئەرز حەمدی لادە لەم حیسابە کافییە بۆ تێگەییو مەنبەعی کوللی شتێکە مەنسەبی هەمووانە ئەرز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ترسی قەهری تۆ ڕەببی خەریکی شین و گریانم لە ترسی قەهری تۆ ڕەببی خەریکی شین و گریانم جگەر خوێنین و دڵ غەمگین و شێت و وێت و عوریانم بە دڵما فکری پرشنگی جەحیمی قەهری تۆ دەڕوا گڕێ دەگرم دڵی دۆزەخ دەسووتێ هەر بەسووتانم لە ئەفعالی منا ڕەش بوونەوە ئێسقان و گۆشت و پۆست بە ڕیشی سپیەوە هێشتا خەریکی سواغی ڕیشدانم نە ئەمرێکم بەجێ هێنا دڵی پێ خۆش بکەم جارێ نە خۆم لادا لە نەهیێکت موفەڕڕەح بێ کە ئیمانم جەهەننەم باوەڕم نایێ قیامەت من لە خۆی بگرێ ئەڵێ ئالوودە ناکەم من بە پیسی حەیفە دامانم خەجاڵەت بووم لە ئاقاری گوناه ئالوودەیی من بوو گەلێ ڕوو زەرد و شەرمندەی بەرابەر نەوعی عسیانم پەشیمانی ئەگەر شاخی لە ئینسان دەرئەکرد بێ شک لە گەردوون توند دەبوو شاخم بە دڵ هێندە پەشیمانم حیسابی خۆم دەکەم قەسدم وەهایە خۆم بسووتێنم کە فکری بەحری ئیحسانت دەکەم پڕ ئاوە لێوانم ئەمەند خاکم بەسەردا کرد لە سەردا ئەشکی خوێنم ڕشت بە کەیفی خۆم شوکر ئێستا لە خاک و خوێن غەڵتانم کەل و کۆم و شەل و شێت و فوتادە و پیر و داماوم بەجێ ماوم لە گەل چبکەم لەگەڵ هاوفکری شەیتانم شەپۆلمدا بە بەحری ڕوو ڕەشی و عوسیانەوە هاتم بە یادی قەترە ئاوێکی لە بەحری لوتف و ئیحسانم وەکوو کێوی گوناه هاتوومەتە بەر بارەگاهی تۆ کە موحتاجی بەقەد یەک پەڕڕەکاهی عەفوی غوفرانم بەجاهی شەوکەت و ئیجلال و قەدر و قودرەتت حەمدی ببەخشە چونکە وەک بەردی دڵی دەریایی حیرمانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە مەوجی بەحری فیکرەتدا پڵوپووشانە گەردانم لە مەوجی بەحری فیکرەتدا پڵوپووشانە گەردانم لە ئەوجی نووری وەحدەتدا میسالی زەڕڕە حەیرانم دەڵێم بەحسی نەکەم عەقڵی کولی تێدا کە کوڵ بووبێ لە بازاڕی کەماڵم چی لە نەقد و جنس کە نوقسانم جگەر سووتاوم و توشنەی نماوی ڕەحمەتم دەشڵێم بە ئاهی سەردەوە خاکی بەسەرداکەم بە دامانم بیرونی دائیرەی دەرکە لە ئافاقی فەهم خاریج چییە و چۆنە و چ نەوعێکی بکەم تەعریفی نازانم کە مەخلووقی نیگاهێکی بەجارێ کائیناتی بێ لە عەقڵێکدا چلۆن وەسفی ئەگونجێ ماڵی وێرانم لیقایەک جوملە ئەجرامی سەماوی زەڕڕەیێکی بێ ئەگەر وەسفی بکەم ئەلبەت بە ویسعەت ئاسمانانم بە ئەمرێکی بووە نەشبێ بە ئەمرێکی کە مەوجوودات دە بەحسی قودرەتی وا ناکرێ حەقمە کە نەتوانم زیایی جیلوەیێکی ئاگری بەردایە کێوی توور بە بەحسی کلکە توورێکم کە من مەعلوومە بریانم مەلائیک تێنەگەی بێ ئەنبییا بەو داخەوە چووبێ بەیانی ئەو شکۆهە قابیلە بیگرمە سەرشانم نە ڕۆحانی نە جیسمانی بە کونهی زاتیا زاتی نەبووبێ کەس بکا خاکم بەسەر من چیم کە ئینسانم کە بێمە سەر سیفاتی بێ نیازی دێتە گۆ خامە قەڵەم نیم من دەڵێ سەفحە منیش کەی عەرشی ڕەحمانم سەمیعێ بێ کە ببیێ دەنگی خشپەی مار و مێروولە لە شەرحیدا کەڕ و لاڵم ئەگەر سوحبان و لوقمانم عەلیمی کوللی شەیئێ نوقتەیی پەرگاری عیلمی بێ دڵۆپێکە بەیاناتم ئەگەر خۆ بەحری عیلمانم بەسیری ڕۆژی ئەووەڵ کردەوەی ئاخر شەوی دیبێ چلۆن وەسفی دەنووسێ بۆم ئەگەر بینایی چاوانم خەبیرێ بێ خەبەرداری خەیاڵی فاسدی دڵ بێ زمان دەشکێ لە وەسفیدا ئەوەندەی تۆزێ بزوانم خودایێ ساحبی ئەم عەدل و دادەی ڕۆژی مەحشەر بێ بەحەشری وەسفی ئەو وا من چی یارامە کە بڕوانم کە ناوی لەرز لە دڵ دێنێ پڕیشکی قەهرییە دۆزەخ بەسەر بەحسی سیراتا گەر بچم بێ شک دەچێ جانم فەسوبحانە لە خەللاقێ بەهەشت یەک شەممە لوتفێ بێ بەباسی غونچە بوو پشکووت دڵم وا گوڵم و خەندانم وەکوو ڕۆژێ کە گیرابێ بە ڕەش لەم مەتڵەعە حەمدی سەرت دەربێنە با عالەم بزانێ چەند پەرێشانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرگی تاقەی شینی ئەمشەو کردەوە بەر ئاسمان بەرگی تاقەی شینی ئەمشەو کردەوە بەر ئاسمان ناشێ بۆ زینەت بکا تەقلیدی ئەختەر ئاسمان مەشقی ئەبرۆ و ڕوومەت و پرشنگی چاوی ئەو نەکا بەم گەلاوێژ و هیلالە و بەدری ئەنوەر ئاسمان شەق بەرێ شێواوی شێوەی ئەو کڵاوە لارەیە بابدا سەد شیر و خورشیدیش لە ئەفسەر ئاسمان نەک بگرمێنی و ببارێنی لەبەرکا بەرگی شین قەت بە تۆ نابێ سکی بدڕێ بە خەنجەر ئاسمان تۆ کە دەرکەوتی وەکوو ڕۆژ ون ئەبن ئەستێرەکان تەم دەکا ئەوسا دەچێتە شکلی سێبەر ئاسمان ئافەرم ئەی ئەرز هەڵتهێنا حەقیقەت ئەختەرێ میسلی دەرناخا لە دەهرا گەر بخا بەر ئاسمان شەوقی پشکۆی ڕوومەتی تەئسیری کردە عوودی زلف بۆیە کون کون بوو میسالی تاسی مەجمەر ئاسمان نەشئەیی جامی شەراب و لەنجەیێکی تۆی نییە خۆر بەدایم خول بدا هەڵڕێژی کەوسەر ئاسمان شەوقی ئەختەر هەر وەکوو ڕێگا بە حەمدی گوم دەکا جیلوەیێکت لا دەبا ئەلبەت لە میحوەر ئاسمان من حەسەد بەعزەن بە چاوی خۆم دەبەم سەیری دەکا چی بڵێم کەوتۆتە شەوقی عەشقی دڵبەر ئاسمان حەق نییە تەعنە لە ڕەفتاری بدەم بێ چارەیە گێژ ئەدا عوزری هەیە بێ پا و بێ سەر ئاسمان وەک فوتۆغراف خۆزگە عەکسی کردەوەی خەڵقی ئەگرت جا وەرە دەرخا سیجیلل و شەرحی دەفتەر ئاسمان ئەم کیبارانە ببینێ چەرخی خۆی حاڵی دەبێ تا خەجاڵەت بێ کە چەند بوو سفرە پەروەر ئاسمان بۆ سەگێکی گەر فڕێ دا لوقمەیێکی چەور و نەرم تەوقی زەڕینی ببێ ئەیکاتە مل کەر ئاسمان هەر لق و پۆپی درەختی میوەدارە وشک ئەکا هەر خەریکە سەوز و تەڕ کا داری بێ بەر ئاسمان من لەلام قەبرێکی تەنگە کێ دەڵێ ئەرز واسیعە خۆ سەری واگرتووە بەستوویە شەشدەر ئاسمان قەت خەڵاسیمان نییە مەوجێ نەدا بەحری وجوود غەرقی کا وەک کەشتی خستوویە کە لەنگەر ئاسمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمین ئاڕایشی خۆیداوە بۆتە ڕوومەتی دڵبەر سەبارەت: بۆ خاوەن شکۆ مەلیک فەیسەڵی یەکەم زەمین ئاڕایشی خۆیداوە بۆتە ڕوومەتی دڵبەر بە ئاهستەی هەوا دەیکا دەماغی عالەمێ موعەتتەر گوڵاڵەی ئاڵ و واڵا وا لە دەورەی بەزمی عالەمدا لە شەونم پیاڵەیان پڕ کردووە وەک ساقیی کەوسەر سەما هەر بۆ سەما ئەسبابی تاقەی شینی پۆشیوە کەواکیب بۆ نیسارە هەڵدەڕێژن شوعلە وەک گەوهەر وەکوو تاقی زەفەر زینەت دراوە کەهکەشان ئەمشەو لە ڕەقسایە قەمەر هەروا جریوەی دێ وەکوو ئەختەر چ شەوقێکە گڕی بەردایە خۆر ئاگر دەبارێنێ هەور چەترێکی هەڵداوە لەسەر ئەم ئەرزە بۆ سێبەر لە حیرەتدا وتم ئەم کائیناتە بۆ چی خۆی گۆڕی بە هاوین ئەم زەمینە چۆنی دەرکرد سەبزە وەک مووی سەر زەمین و ئاسمان کەوتوونە ئیستیرقابی تەنویرات خەلا یەکبارە نوورە ناکرێ فەرقی مونەووەرتەر تەقەی تۆپی سەلام و دەنگی موسیقا و دەهۆڵ یەککەوت وەهامزانی سولێمانی ئەبێتە جەننەت و مەحشەر کە گوێ ئەگرم بە جارێ هاتە هاتی کەوتە ئەم خەڵقە کە هات چی تاجدارێ بەرق ئەدا جەبهەی میسالی خوەر وتم کێیە ئەمە ئەم حیشمەتە لەم حەشرەدا وتیان ئەمە شاهی عیراقە و ئەشرەفی ئەولادی پێغەمبەر مەلیک زاتی جەلیل و ئەقدەسی فەیسەڵ کە مەعقوولە بە شیرین عەبدی بێ خەسرەو ببێتە نۆکەری قەیسەر شەهەنشاهێکە ئەیوانی بەرابەر تاقی کەیوانە جیهاندارێکە دەرگاهی بەسەر بەحر و بەڕا نازیر بەسەر عەرشی عیراقا هەر بمێنێ سایەیی عەدلی هوما ئاسا لەسەر سەرمان خودایە ڕاگرێ شەهپەڕ مەلیک وا عالیم و عادیل بە مەجمووعی خەسائیل بێ فەخر نابێ بە زاتی ئەو نەکا تاج و نەکا ئەفسەر لە ئەوسافی جەلالەت ڕامەدە حەمدی قەڵەم چونکە بە توولە ئۆتۆمۆبێلی خەیاڵت نەک ببێ پەنچەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردینە بێنە شوکری عەتییەی زەمانمان سەبارەت: بۆ حەمدی بەگی بابان کوردینە بێنە شوکری عەتییەی زەمانمان کردی بە نۆبەرەی ژیانەوە ناوی ژیانمان شەوقێکی چەند کەسیفی هەبوو ماهتابی کورد هەر داڕزا بە دەفعەیێ ڕیزەی کەتانمان خۆشە ژیان لە داخی عەدو چونکە خائینە مانی نەمانمانە، نەمانی بە مانمان لازم ئەکا موسەببیبەکەی فەخری پێوەکا کورد مردبوو بە کوردی بفەرمووی ژیانمان ڕەببی چ ساحیرێ بوو فسوونی لە ئێمە خوێند بەستوویە ناکرێتەوە بۆ حەقی زمانمان حەققی ژیانی ئێمە زەمان داوییە بەدەن وەرنە بە توولە ڕشتەیی بەست و بەیانمان ئولفەت نەبێ خەیاڵی ئیتاعەت لە کورد مەکەن مەعلوومە سەر ڕەقین و ڕەقوتەقە مەکانمان ئاهوویی بەڕ بە نیمەنیگاه سەیدی شێر ئەکا گەر نازی ئولفەتە ئەمە مننەت بە گیانمان قەیسەر بە ڕەنگی قەیسەری دانا بینایی زوڵم لێرانە ئاخری دەتەپی وەک تەپانمان وەک نەی نەوا بڵێین لە سەبادا بڵێن حیجاز لەم شۆرەدا کە ڕاستە سەراسەر قەوانمان سەد تیری میسلی دیجلە بهاوێژی گوم دەبێ وەک قەترە بێ لە قوڕنەیی بەحری کەوانمان شەش سەد تیر و تۆپی کینەوەران ورد و خاش ئەبن لەم شاخ و بەردەدا کە بە حوججەت خشانمان ئەوسا تەجەللی هات و یەخەی گرتبووین کەچی دامانە بەر شەق و زلە تاکوو بەزانمان هاتۆتەوە دەخیلە دە داوێنی بەر مەدەن کەس گوێ نەداتە قەولی بەدی ناکەسانمان ئەم ئاو و ئەرزە ئێمە هەمانە زەرع کرێ دەوڵەت دەبێ بە کۆڵکەش و شا بە سەپانمان ئەم بێشەیە بە خاڵی مەزانن زەمانی بێ گوێ بگرە جا لە نەعرەی شێری ژیانمان ئەو پیاوە گەورەیە کە لە کوردا بووە و هەیە فەخری بەشەر بووە، ئەوە ناو و نیشانمان ئەییوبی ڕۆژێ بوو کە شوعاعی گەیشتە میسر بتلیس بەدرێ بوو کە بووە سایەبانمان ئەحفادی ئێستە ماوە قیاسی بە کێ هەیە ئەو عائیلە عەزیم و نەجیبەی بەبانمان جیسمی فنوون و ڕۆحی هونەر مەغزی هیممەتە حەمدی بەگی کە خاسی ئیرادەتیە شانمان عەبباسیان میسالی بەنی ئەردەلانی بوون قاجارییان قڕانە بە ساحێبقڕانمان خاقانی عەسری خۆی بوو کەریم خانی زەندی ڕەند میرانەکان موقابیلی قیسمی کەیانمان کەوکەب نییە بە سنگی سپەهرا بەرنەبێتەوە کون کون بووە دەمێکە بە نووکی سەنانمان ئێرانییان تەجاوزی بابانیان کە کرد مەعلوومە خۆ لە دەشتی مەریوان قڕانمان ئەسکەندەری خەیاڵی جیهانگیری کەوتە سەر تەئریخ دەڵێ کە شاخی شیمالا شکاندمان کورد وەک مەڕێکە گورگی لەلا کەمترە لە سەگ نەک هەر بە ڕۆژ بە شەوان بێ شوانمان جوزئی نییە بە کوللی هەموو ئیختیاری کورد ئیعلان ئەکەن لە دەستی ئەوایە عینانمان کورد شوکری ئەو عەتایە چ وەختێ تەواو ئەکەن ئێستەش کە پڕ لە نان و نیعەمیانە خوانمان تا دیجلە بۆ زیارەتی خاکی مەقامی تۆ سیروان و زابە مورسەلی پاک و ڕەوانمان نێزیکی ساڵی شەشسەدە ئەم کوردە موتتەسیل بۆ نیعمەتی ئەوانە ڕووا بێ ددانمان بشکێنی خوا لە زیکری جەلیلی کە لا بدەن نووکی زمانی خامە و عەقدی بەنانمان هەر کەس بە دەنکە جۆیی زەڕی بێ ئەوە کەرە لوتفی ئەوانە گەندومە ئێستەش کە نانمان یا ڕەببی شەئنییان وەکوو بوو بوون ببێ مەدام سایەی ئەوانە تاجی سەر و نەجمی شانمان با لێرەدا بمێنێ سەنا وەختی مەتڵەبە نەبڕێ لە گوێی زەمان و مەکان تا فیغانمان سەر بۆیە مەتڵەبە کە لە پێناویا بچێ هەر بۆ نیساری مەقدەمی ئەو ماوە جانمان تەعلیمی موفتی غیرە ئەکا قازی ئەم چەمە بازی میسالی بازیچەیە بۆ کەوانمان تو خوا برالە عەیبە تەغافول ئیتر بەسە تێ بفکرن لە بار و ببینن توانمان عالەم شەوانی کردووەتە ڕۆژی ڕۆشنا ئەم ڕۆژی ڕۆشنایە بە نیوە شەوانمان لاتی خەڵق لە بتکەدە دایە میسالی بت کەوتوون لە لاتیا لە سوقاقا بتانمان خەڵقی جەهەننەمە بە بەهەشتی ئەکەن بە سەعی دەیکەین بە سەعی ئێمە بە دۆزەخ، جینانمان هەر فیرقەیێکی کوردە لە دەست ئۆردوویی زەلیل لەم ئەرزەدا غەریبە بەبێ میهرەبانمان لەیلێکی بێ نەهار و خەزانێکی بێ بەهار نابێت و نەبووە کافییە لەیل و نەهارمان چاو هەڵبڕن حیسابی زەمان و مەکان بکەن دەعوا بکەن حقووقی سەریح و عەیانمان کوردێ نەبۆتە دوژمنی کوردێ بە عومری من ئەمما ببوون بە دوژمنی ئیقبالەکانمان ئیزهاری دۆستی بە سەعاتێ ئەکا کە دۆست حەیفە نەناسرێ لە سرەی دۆستانمان بەدخواهی قەوم و خادیمی ئامالی خۆیە خەڵق تاکەی دەکەن بە قەولی بەدی دوژمنانمان وازیح وتم ئەمانە کە ئەمڕۆ ئیجاب ئەکەن هێشتا لە کوێیە ماوە تەمەننای نیهانمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ سەر و سامان عەجەب دەریایەکی قەترانە شەو بێ سەر و سامان عەجەب دەریایەکی قەترانە شەو ڕۆژی ڕەش بێ دۆزەخێکی موددەتی هیجرانە شەو کردەوەی دنیا کە هەر عەیبە دەبێ داپۆشرێ پەردەیێکی موختەسەر خاسی بەسەردا دانە شەو ڕۆژی کردە پەردەوە باقڵ لە باخەڵ مانگی کرد بۆیە وا وەختی زەفافی ئەکسەری بووکانە شەو بەدری کامیل سەر لە گۆشە دەردەهێنێ هەر دەڵێی خێڵە ڕەشماڵی ڕەئیسی جوملە مەهڕوویانە شەو دەردەخا هەر کەس بە ڕەنگی خۆیەوە وەک سیم و زەڕ وەک محەک مەفتوونی تەدقیقاتی عوششاقانە شەو عادەتا هەر وەک سەحیفەی بێ سەوادە بەدری ڕووت حاشیەی هەر لازمە زلفی مەهی تابانە شەو هەر لە ئاوابوونی ڕۆژانایە ماتەم دەیگرێ عەرزی ئەندامی دەکا دیارە لە ڕەش پۆشانە شەو هەر شەوی میعراجی تەنها کائیناتە قیمەتی لەیلەتولقەدری موقابیل سەد هەزار ڕۆژانە شەو خاڵ و میل و چاوی خۆمی پێ بڕێژم فرسەتە پڕ دڵی چونکە جەواهیر سورمەیی چاوانە شەو ڕۆشنایی گەر لە دڵتایە شەوە وادەی ویساڵ بۆ عیبادەت خەڵوەیێکی موشکیل و ئاسانە شەو حەق وەهایە تا قیامەت حەمدی باسی شەو بکەم چونکە ڕۆژی ڕۆشنی ئەهلی دڵ و ڕەندانە شەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوملە ئەجرامی سەماوی چاکر و سوڵتانە ڕۆژ جوملە ئەجرامی سەماوی چاکر و سوڵتانە ڕۆژ باعیسی بوونی گیاه و کافەیی حەیوانە ڕۆژ جیلوەگاهی نوورە هەر کەس تێکەڵی دنیا نەبێ خۆ لەبەر شێتی نییە تەنها لەسەر کێوانە ڕۆژ زلفەکانی با لەسەر ڕوو لابدا بۆ تەجرەبە با بزانم ئەمشەویش ئاخۆ دەڵێن پەنهانە ڕۆژ من لە پێ کەوتم لە دووی ئەو ماهە جا نۆبەی ئەوە کائیناتی پشکنیوە وێڵ و سەرگەردانە ڕۆژ ئەم کسووفە توولی کێشا ئەی فەلەک فێڵێ نەکەی وا لە کوێتایە دەخیلە وەختی زوو بەردانە ڕۆژ تا بە قەد زەڕڕەم بمێنێ شەرتە مەیلی هەر نەکەم دابنیشێ گەر لە جێگەی حەزرەتی جانانە ڕۆژ شەمعی ڕووتی دیوە بۆیە ئاگری تێ بەربووە مەیلی سووتانی هەیە باقڵ وەکوو پەروانە ڕۆژ زلف و خاڵت بێتە داو و دانە ئەمجا تێدەگەی خۆی دەخاتە داوەوە بۆ خاتری ئەو دانە ڕۆژ یەک کەڕەت چاوی خوماری دڵبەری دیوە مەگەر مەست و مەدهۆشە خەریکی کەوتن و هەڵسانە ڕۆژ گەر بە ئومێدی ویساڵی شامی زلفی تۆ نەبێ سەر لەکەل دەرنایەنێ هەر نایەوێ ئەو مانە ڕۆژ ڕۆشناییم من بە چاوی خۆم نەدی ڕۆژی فیراق هەر شەوێکی ڕووتە خەڵقی بۆ ئەڵێن تابانە ڕۆژ هێندە شەوقی دیدەنی نووری جەمالی تۆم هەبوو نەم ئەدی گەر هەڵبهاتایە لەسەر ئەم شانە ڕۆژ من کە مەخمووری نیگاهی دیدەکانی مەستی تۆم لێوی لێ نادەم پڕیکا گەر لە مەی پەیمانە ڕۆژ خۆزگە خوا ڕەحمی ئەنایە دڵت و تەشریفت دەهات هەڵئەهات هەر ئەو سەعاتە بەم شەوی هیجرانە ڕۆژ هەر شەوی نەوعێ ئەدا زینەت بە ئەوجی ئاسمان ماهی من هەر تێدەفکرم ڕۆژەکەی ڕۆژانە ڕۆژ با عیلاجی مەتڵەعێکی تر بکەم تا تێبگەن مونکیری ئەهلی مەحەببەت شەو یەکێکە دوانە ڕۆژ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەر لە جێگەی پێ دەنێ کوللی سەحەر مەستانە ڕۆژ سەر لە جێگەی پێ دەنێ کوللی سەحەر مەستانە ڕۆژ بۆ زیارەت دێتە کەعبە ئەو دڵە ئەو جانە ڕۆژ کەعبە چی کاشانەیێکە سەر لە پایەی عەرش ئەدا حەیفە بیکەی گەر بە نیمەی خشتی ئەو ئەیوانە ڕۆژ ئەو شەوی میعراجە فەخری ئەنبیا دەعوەت کرا تاقە نانێ بوو خرایە سەر دەمی ئەو خوانە ڕۆژ شانی ڕاگرت ئەو دڵ و جانە کە پێی نایە سەری دەستیکەوت ئەم شەوکەتە ئەم عیززەتە ئەم شانە ڕۆژ دووپەلی ناڵی بوراقی ئەو شەوە لێکەوتبوو من دەڵێم مانگە یەکێکیان و ئەوی تریانە ڕۆژ ئەو شەوە ئەو ئیحتیرامە تا حەشر نابێتەوە گەر دەگیرێ بیکەنە قوربانی ئەم قوربانە ڕۆژ ئەو شەوە فەرقی لەگەڵ ڕۆژا دەزانی چەندەیە هەر وەهای دانێ کە چۆڕێ شیرە شەو قەترانە ڕۆژ وەختی خاسی وەسڵی مەحبووبی جەنابی کیبریا هەر شەوێ بێ بۆی دەبێتە عاشق و دێوانە ڕۆژ ئەم حیسابە حەمدی قووڵە قەت سەری لێ دەردەکەی عەقڵی پێ نەشکاوە هێشتا بەم هەموو عینوانە ڕۆژ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شوعلەیی ڕۆژی فیراقە ئاگری برژانی دڵ شوعلەیی ڕۆژی فیراقە ئاگری برژانی دڵ هەر نەسیبی دوژمنم بێ قرچەیی بریانی دڵ دڵ شکاوم فرسەتە قابیز بکێشە ئێستە ڕۆح فەرقی پێ ناکەم ئەگەر بمرم لە هەوڵی ژانی دڵ ناوی عەشق ئەرز و سەمای هێناوەتە لەرز و سەما بۆتە جارووکەش کەچی بۆ کولبەیی وێرانی دڵ ڕۆحی خاقان و گوڵی فەغفوور و مەغزی قەیسەرە ئەم خەمیرە بۆیە غەڕڕایە نەشئەی فنجانی دڵ چاوی لەبڕێزی سرشکی شادییە ساغیرکەشی قەهقەهەی مینا نەخاتە بەر کوڵی گریانی دڵ هەر ئومێدێکی چرۆیێ داغی هەریەک غونچەیێ مەحبەسی ئەربابی مەعنا باغە وەک زیندانی دڵ میسلی نەی شێرانی دڵ هەر یەک نەوایێ لێ ئەدەن وەک جلووسی ساڵی تازەی کردبێ سوڵتانی دڵ ئەمری سوڵتانان هەموو تەکلیف و قەید و زەحمەتە تووڕەیی ئازادی و ختوونی شادییە فەرمانی دڵ دەرکی بێ چاو، حیسسی بێ دەست، سەیری بێ پێکەی ئەکا ئافەرم بۆ دیدەن و بۆ حیسس و بۆ سەیرانی دڵ ڕۆحی بێ ئیدراک و وێڵ و هەرزەگەردم بۆ چییە ساحبی تەمکین و دەرکە دەیکەمە قوربانی دڵ ڕۆح بە هاتووچۆیی ئەو وەک توتیی چۆتە قەفەس بۆ فڕین ئامادەیی وەستاوە تا وەستانی دڵ سەیری کەن پووش و پەڵاشی ڕوویی لافاوی بەهار عاشقی تەمسیل ئەکا کەوتۆتە بەر جەریانی دڵ سووڕەتی هەرچی کە چاوم دیویەتی گرتوویەتی ڕۆژ دەڵێی زیزانەیە کەوتۆتە سەر خەرمانی دڵ میحوەری ڕۆحە و ڕەئیسی هەیئەتی بەزمی وجوود با وجوودا عەرشی ڕەحمانە ئەڵێن عینوانی دڵ عەشقە، شۆرە، سەوزە، سوورە، شینە، عەیشە، شادییە فیتنەها گرتوویەتی لەم سەفحەدا دامانی دڵ ئەو زەمانە بۆ هەموو دەردێ دەوایان دادەنا ئەهلی حیکمەت دەردیان داناوە بۆ دەرمانی دڵ حەمدی ڕەنگە دڵ پەری بێ دەست لە کاری قەت مەدە گرتنی شێتی دەبەخشێ هارییە بەردانی دڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چۆن زمانی خامە نەشکێ نەپچڕێ ڕشتەی خەیاڵ چۆن زمانی خامە نەشکێ نەپچڕێ ڕشتەی خەیاڵ کاسەیی پڕ مێشکی کەللە بۆ نەبێ یەکسەر بەتاڵ حامیی قەومی زەعیف و عامیلی عەدل و ئەمان وا لە کوێ چۆنی بنووسم چۆن بنێرم عەرز و حاڵ چۆن لەژێر ئەم سێبەری گەردوونی دوونە دەرنەچم خەسمی مادەرزادی قەومم ساحبی عەزمە و کەماڵ چۆن لە ساحێب قودرەتی نەوعی بەشەر تەعنە نەدەم بۆ لە بەختی ئێمەدا ئەمڕۆ هەموویان کەڕن و لاڵ بۆ بەژێر بەحرا دەڕۆن و ئاسمانان کەشف دەکەن بۆ چی ناکەن کەشفی دەردی کوردی بێ چارەی شیمال سەیری ناکەن وەک نیگاری لەوحی تەئریخی بەشەر نەقشی کوڕڕەی ئەرز ئەکا وەک بەحری ئەحمەر خوێنی ئاڵ کێ لە قانوونی بەشەردا دیویەتی ڕاستی بڵێ بێ قەباحەت خوێنی ئەم کوردە لە کوللی کەس حەڵاڵ بۆ بە دارا بکرێ پیاوی تێگەیشتووی قەومی کورد بۆ بنێژرێ نەوجەوانی پێگەیشتووی وەک نیهال لەحزەیێ نەبڕا لە بەدخواهانی ئەم قەومە فەرەح خێر خواهیش نەبوو ئانێ وا بەبێ حوزن و مەلال درزی ئەرزێ هەر نییە ئێسکێکی کوردی تیا نەبێ سەگ نییە نەیخواردبێ گۆشتی ژنێکی یا مناڵ وا بە خوێناوی سرشک و خامەیی خامی موژەم ئەم عەریزەم نووسی نامەرد بۆم بەرە بادی شەماڵ بیبەرە مێشکی هەموو ئەفرادی قەومی کوردەوە تا لە قوڕ نیشن لە ڕۆژی ماتەما ئال و عەیال ڕۆژی تەئریخی لە بیست و چواری مارتا واقیعە ڕۆژی ماتەم ڕۆژی قوڕپێوانی کوردە کوللی ساڵ قەت برا نابێ گلە لەم قەومی خۆتانە بکەن دەردەدارن بۆیە ناگەن بۆ ڕەفیقانیان بە باڵ دەست لە شەرحی دەردی کورد هەڵبگرە حەمدی چاترە نەک بکا نەقلت هەتا ڕۆژی حەشر جەڕی مەقال ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە هەر لادا کە ئەنواڕی درێژە بۆ ڕجا دەستی بە هەر لادا کە ئەنواڕی درێژە بۆ ڕجا دەستی یەدی بەیزایی مووسایە کە دەربێ بۆ عەتا دەستی بە ماهی نەخشەب و باڵی هومایی دەوڵەتی دانی لە هەر لایێ کە یەک ڕوویی ببێ یا بێ ڕیا دەستی لەسەر عەرزی موحیببەت گەر حکومەت دابنێ ڕەسمی کەسێ شەققولقەمەر ناکا بەرێ بۆ مەرحەبا دەستی بە قانوونی تەبیعەت ئێستە باقڵ میسلی دەستی دز لە بندا ئەیبڕن گیرا لە بازاڕی وەفا دەستی سەدایی ئەلقوبوولم هاتە گوێ لەم ئاسمانانە لە میحرابی برۆی تۆدا کە بردم بۆ دوعا دەستی نەڕێژی تا زەمان خوێنی هەزاران عاشقی شەیدا چلۆن پێیی حەنایی کا بکا ئەنگوشت نوما دەستی لە تۆفانی بەڵادا چەندە بێ باکن خەراباتی ئەڵێی ئەم فیرقەیە ئیرسەن هەیانە بۆ شنا دەستی خەلەل نادا بە قووەی ئەهلی هیممەت زوعف و ڕەنگ زەردی کە کاهی ڕادەکێشێ نیشیە خۆ کارەبا دەستی چ پەروامە ڕەقیبانت ئەگەر فیرعەون و هامانن کەلیمە عاشقی پیرت کە نایە سەر عەسا دەستی لە نووری مەی کە جامێکی بلوورین پڕ ئەکا ساقی ئەڵێی دێنێتە دەر ڕۆژێ لە مەتڵەع وەک چرا دەستی لە یەخخەی شەو کە سەر دێنێتە دەر ئەم ماهی تابانە ئەڵێی جانانە دەردێنێ لە گیرفانی کەوا دەستی هەتا کەی حەمدی بۆ شەوکەت لە ئەحواڵی زەمان دەدوێ کە وەختی ڕۆیینە هەڵمەت بەرە بۆ ئاشنا دەستی چ ئەمڕۆ بێ چ سبحەینێ چ تۆ چی کافەیی مەخلووق لە وادی مەحشەرا وێڵن هەتا ئەو دەردەخا دەستی کەوایە فرسەتە لەم مەتڵەعە وەک پارسای پارس سەرت دەربێنە بۆ عەرزی تەمەننا بۆ سەنا دەستی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دانی نەماوە ئاشی جیهان ئاش بەتاڵ ئەکا دانی نەماوە ئاشی جیهان ئاش بەتاڵ ئەکا یا فاشی ئەم سەرائیرە بۆ ئینفیعال ئەکا ئەحواڵی ئەم زەمانە لە کایەی مناڵ ئەچێ دنیایەکی چ پووچە لە زەرفی بەتاڵ ئەچێ لەم باغە هەر دەمە کە دەگا میوەیی دەڵێی ئەم کۆنە گومەزە لە دوکانی بەقاڵ ئەچێ نەقس و کەماڵی خەڵقی جیهان موعتەبەر نییە هەر دوو موحەققەقە کە بەدەستی زەواڵ ئەچێ گەه ڕۆژە وا دەبێ بە ئەسیری زەڵامی شەو گەه بەدری کامیلە کە بەدەردی هیلال ئەچێ ئیقبال و شومی تابعی عیلم و جەهل نییە ڕێکەوتە بازە ئەمڕۆ سبەینێ لە داڵ ئەچێ ئەیوانی جەم کە هەمدەمی کەیوان بوو موددەتێ ئەمڕۆ بەپەستی خانەخراپە لە چاڵ ئەچێ ئەو نەونەمامە سێبەری دوێنێ لە ناز ئەکرد ئەمڕۆ لە ئاگرایە لە چیلکە و چەواڵ ئەچێ بێ لێوە ئەم جیهانە تەماشا کە نەیژەنی بینایی کوێرە ئەفسەحی دایم لە لاڵ ئەچێ هەر ناڵە وا لە بورجی جەلالا وەکوو هیلال هەر ماهە وا لە کونجی مەلالا لە ناڵ ئەچێ بازاڕی دەهرە قیمەتی ئەشیا بە جێگەیە مێشێ گەیشتە ڕوویی نیگارێ لە خاڵ ئەچێ دنیا هەناسەیێکە نەچووبێ نەهاتبێ حاڵێکە بوو بەچی کە لە عالەم بە حاڵ ئەچێ بەو عومرەوە کە بوویەتی نووحی وتوویەتی دنیا لە ڕیحلەتا لە خەوی بێ خەیاڵ ئەچێ بڵقی سەر ئاوە کاکە جیهان تێ بفکرە تۆ بۆ کەس نەبوو بە ماڵ و نە بۆ کەس لە ماڵ ئەچێ خۆ لابدەن لە باری گرانی حقووقی خەڵق بنواڕە هەڵگری کە لە فیلەی حەماڵ ئەچێ نەگبەتییە ئەو کەسە کە عیززەتی نەفسی عرووج ئەکا شامی مەلالی بۆیە لە ڕۆژی جەلال ئەچێ بۆ نەفعە خواشناسی عیبادەت ڕیایییە تەقوایی ئەم زەمانە بە نرخی وەباڵ ئەچێ بانگێکی تر لە غەیبەوە ئێستا کە هاتە گوێم هێندە زوڵاڵە دەنگی لە دەنگی بیلال ئەچێ زووتر لە بێ نەوا بە مەنافیع دەگا غەنی ئەم تا بە پێ تەنەززول ئەکا ئەو بە باڵ ئەچێ ئەلحەشر و وەلقیامە جیهان ئاخرە دەڵێ لوقمەی حەرامی ئیمڕۆ بە نرخی حەڵاڵ ئەچێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن ڕۆم و عەجەم موشتاقی کوردستانتە ئەی وەتەن ڕۆم و عەجەم موشتاقی کوردستانتە ئیفتیخاری میللەتی کورد شەوکەتی عینوانتە بەستە سەربەرزی ئێواران و سبەینان مانگ و ڕۆژ وەک نیشانی ئیفتیخاری سنگ و نەجمەی شانتە بەرق ئەدا و ئەڕژێ وەکوو ئەمواجی گەوهەر چەشمەکان ئاوە یا ڕۆحی ڕەوانی چەشمەیی حەیوانتە ئاوە یا نوورە لە عەکسی خۆر کە دەبریسکێتەوە ئەهلی حیکمەت وا دەزانێ دوڕڕەکانی کانتە گوڵگوڵی سوور و سپی خاڵخاڵی خاکی ڕەش ئەڵێی پۆدرەیی ڕوخسار و سورمەی ڕشتنی چاوانتە عاشقی ڕەنگی خەزانی تۆیە بۆیە دێ بەهار فەسڵی هاوین گەرمی مەیلی بەفرەکەی زستانتە بۆ چی ئەنباری زەخیرەی کائیناتە شارەزوور شەهربازاڕ خوانی میوانە لەبەر میوانتە باسی میوەی تۆ دەکەم بۆیە قەڵەم هاتۆتە بەر بەستەکانم بستەیی ئەهلی دڵ و عیرفانتە بۆ ئەمەی جارێ بەسەرتا پێ نەنێم ئەفکاری من یا بەسەر ڕۆیشتنە یا سەربەسەر هیجرانتە پڵپڵەی پشتێنی زێڕینی حەبیبی قەومی کورد زڕزڕە و پشتێنەیی بەردینی قەد شاخانتە پۆیە سیروان و زەرب بۆ شاڵی چۆغە و ڕانکت وەک حەریر دیجلەی جەزیرە با ئەدەی بۆ تانتە کورد کوڕەکاژاوی لووتی وا بڵند کردۆتەوە هەر وەکوو شەمزینی بادین ئارەزووی بەرزانتە ئاسمان و شاخی بەرز و سەتحی ئەرزت دەردەخا ماڵی کوردیت و ئەوە دیوار و حەوشە و بانتە پەیکوڵی تا قەسری شیرین ڕاکشاوە پێی کوڵی دەستی قەندیلت درێژە بۆ چراچی وانتە پیرەمەگروون تاجی شاهانەی بەسەر بەرزی فڕاند تەم دەماوەند داگرێ مەحجووبی هەورامانتە خەتتی دیوانی شکستەی گرد و لووتی بەرزی شاخ وازیحە بۆ سەربەخۆیی توڕڕەیی فەرمانتە جار بە جارحەمدی گلەت گەر لێ بکا ناحەق نییە جەردە ڕامەگرە نەڵێن خەڵقی کە جانی جانتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بولبول بە خەندە دێت و دەڵێ دەی بڕایەوە بولبول بە خەندە دێت و دەڵێ دەی بڕایەوە شاخی درەختی عومری شکۆفە ژیایەوە تەقلیدی دیدەکانی منی کردووە زەمین هەرکۆرە شێوە چەشمەیی تێدا ژیایەوە نەورۆزە جەژنە بۆیە چراخانی عالەمە یا ئاگری لە عومری شیتا چوو کوژایەوە عەرعەر لە لەنجەدایە لە ڕەقسایە سەروەکان بەرگی چەمەن لە ڕەنگی زموڕڕود کرایەوە خەیرولخەلەف نیهالی لە جێدایە سەوز و تەڕ داری بە بەفر و بادی زمستان شکایەوە گوڵ دەستی یاسەمینی لە ملدا بە شەرمەوە فەرمووی زەمانی بولبولە جا بێتە کایەوە وا تێدەگەم لە بەزمی چەمەندا چراچییە لالە کە ڕۆنی شەونمی کردە چرایەوە بۆ گەردەنی هەمیشەبەهارە کە زلفییە عوقدەی دەمی سییاهی ڕەیاحین کرایەوە قەترانی تێ تکاوە ئەگەر داغی دڵ نەبێ یا سورمەیە بە دیدەیی نێرگس گەشایەوە لیمو قەدەح لە چاوی ترنجە کە نۆشی کرد بەدمەست و سەرکەشە بەشی خورما نەمایەوە هەنگامی وەسڵە شەست پەڕ و مینا بەیەک ئەگەن پەردەی زەفافە قەوس و قەزەح ڕاکشایەوە گەردن کەچە وەنەوشە لە زەنبەق سەلام ئەکا نیلوفەرە بە قەهقەهە لێوی کرایەوە بووکانە ئەرخەوانە لە تارایی پەمبەیی خوێنی دڵی بە غەمزەیی نەسرین تکایەوە چەترێکی بێ بەرە کە درەختانی نارەوەن خیوەت کە دووبەرە نییە سێبەر بە لایەوە گریەی عینەب بە باوەشی بادامەوە دەڵێی تیفلێکی شیرەخۆرە بەبەر مەمکی دایەوە هەر عەتری بیدمشکە نەسیمی سەحەر کەدێ نەی دێتە ڕەقس و لەنجە دەخاتە سەمایەوە خوێنی ئەمەندە گەرمە گوڵی ئاتەشی سەحەر لوئلوئی شەونمی لە مەراقا توایەوە پەستی مورادە حیکمەتە باڵایی شۆڕەبی وەر نە جوانە قامەتی بۆ چی چەمایەوە کەو کۆساری گرتووە سەحرایە مەسکەنی هودهود بە تاج و حاجی بە شان و عەبایەوە تەبریکی ساڵی تازەیی بازە مرادی کوند هاتۆتە دەر لە خەڵوە بە ڕیشی ڕیایەوە حەمدی نەبێ خولاسە بە جەمعی خەلایقا عومرێکی تازە لەززەتی تازە بەشایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەکتەبە چاوی وەتەن بیلبیلەی تیفلی میللەتە سەبارەت: بۆ مەکتەب مەکتەبە چاوی وەتەن بیلبیلەی تیفلی میللەتە گەر نەبی مەکتەب وەتەن کوێرێکی ساحێب زیللەتە خەڵقی تازە پێگەیشتووی میللەتن ئەم مەکتەبە هەر وەکوو باغە موعەللیم باغەوانی سنعەتە بورجی ڕۆژی ئاسمانی دەوڵەتە مەکتەب ئەگەر ئارەزووتانە وەکوو ڕۆژ شوعلەوەر بن فرسەتە تەربیە و تەعلیم ئەباتە ڕیزی ئینسان وەحشیان بێ عیلم ئینسان لە ژێر بارا خەریکی میحنەتە ماڵی مەکتەب ڕەببی ئاوا بێ خەزێنەی جەوهەرە تا هەڵی کۆڵی هەر ئەشیا و کیمیا و حیکمەتە میللەتی کورد وا بە شیددەت ئینتیزاریمان ئەکەن تێبگەین و پێبگەین زەحمەت نەتیجەی ڕەحمەتە ئیفتیخار ئەووەڵ چرۆی ئەم باغەیە ئەووەڵ بەری هەر دەمی تامێ ئەدا هەرجێ بەجێ پڕ قیمەتە هەر کەسێ مەکتەب بە ئەرزێکی موقەددەس دانەنێ دیارە حەمدی ئەو کەسەش مەحکوومی جەهل و نیگبەتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک هەوا کەوتوومە گێژی گونبەدی ئەفلاکەوە سەبارەت: جەنگی دەربەندی بازیان وەک هەوا کەوتوومە گێژی گونبەدی ئەفلاکەوە ڕەببی بیبینم وەکوو کیسرا بە سینەی چاکەوە بۆ کەسێ تا سەر وەفاداری نەبوو بێ مروەتە سەیری ئەسکەندەر دەکەن ڕۆیی بە مشتێ خاکەوە چاکە دایم هەر لە پێناوی خراپا ڕۆییوە گەوهەری دەریا بە دایم وا لەژێر خاشاکەوە هەر شکستی ئەهلی مەعنای مەتڵەبە دەورانی پیر ڕەش دەخاتە سەر سپی پیسی ئەکاتە پاکەوە ئینتیقامی خۆم دەسێنم جەهل ئەگەر مانیع نەبێ شوعلەیی ئاهم دەنێمە خەرمەنی ئیدراکەوە خەرقەیی شاه و عەسای مووسا لە لام بێ شەوکەتە فەخری ئێمە وا بە کەوڵی پۆست و دار مەششاکەوە عیبرەتە ئەربابی غیرەت تێبگەن من چی دەڵێم ئەهلی عیسمەت حەپسە سەربەستی بە لای بێ باکەوە قەومەکانی ڕوپیەخۆرم دێنە بەرچاوم ئەڵێن گەر بە جۆ بمرێ شەهیدە سەگ بە گۆشتی لاکەوە لاتن و لۆتی نەفامن بۆ نیشات و مەنفەعەت دەبنە قوربانی سەگێ بێ شک بە باب و داکەوە بۆ نەمانی دین و غیرەت هیممەتی کورد و عەرەب وا بەسەر لەوحەی کیتابی حەسرەتی ئەتراکەوە تا دەبێتە مولکی ئەربابی حەمییەت کەم دەکا ئاگری تاجر دەنێتە خەرمەنی مەللاکەوە شەرتە تا ڕۆژی قیامەت دەست لە ئەژنۆ بەرنەدەم سەر لە قوڕ نێم بۆ سیادەت بەم دڵەی غەمناکەوە بۆ دلێری حەزرەتی مەحموود مەمدووحی جیهان تاقە یەک گوڵ بوو بە فەرقی پیری ئەحمەد کاکەوە بۆ دوو مەحمودخان ئەمیری سەرحەدی ڕۆم و عەجەم بوونە ئەسحابی قوڕەیش و چوونە سیلکی چاکەوە ساڵی تەئریخی دەپرسی «أل کاک احمد غریب» کەوتە عالەم دڵ حەزین و دیدەیی نمناکەوە ++++++++++++++++++++++