شاعیر: حەمدی کتێب: قەسیدە سەرناو: کوردینە بێنە شوکری عەتییەی زەمانمان سەبارەت: بۆ حەمدی بەگی بابان کوردینە بێنە شوکری عەتییەی زەمانمان کردی بە نۆبەرەی ژیانەوە ناوی ژیانمان شەوقێکی چەند کەسیفی هەبوو ماهتابی کورد هەر داڕزا بە دەفعەیێ ڕیزەی کەتانمان خۆشە ژیان لە داخی عەدو چونکە خائینە مانی نەمانمانە، نەمانی بە مانمان لازم ئەکا موسەببیبەکەی فەخری پێوەکا کورد مردبوو بە کوردی بفەرمووی ژیانمان ڕەببی چ ساحیرێ بوو فسوونی لە ئێمە خوێند بەستوویە ناکرێتەوە بۆ حەقی زمانمان حەققی ژیانی ئێمە زەمان داوییە بەدەن وەرنە بە توولە ڕشتەیی بەست و بەیانمان ئولفەت نەبێ خەیاڵی ئیتاعەت لە کورد مەکەن مەعلوومە سەر ڕەقین و ڕەقوتەقە مەکانمان ئاهوویی بەڕ بە نیمەنیگاه سەیدی شێر ئەکا گەر نازی ئولفەتە ئەمە مننەت بە گیانمان قەیسەر بە ڕەنگی قەیسەری دانا بینایی زوڵم لێرانە ئاخری دەتەپی وەک تەپانمان وەک نەی نەوا بڵێین لە سەبادا بڵێن حیجاز لەم شۆرەدا کە ڕاستە سەراسەر قەوانمان سەد تیری میسلی دیجلە بهاوێژی گوم دەبێ وەک قەترە بێ لە قوڕنەیی بەحری کەوانمان شەش سەد تیر و تۆپی کینەوەران ورد و خاش ئەبن لەم شاخ و بەردەدا کە بە حوججەت خشانمان ئەوسا تەجەللی هات و یەخەی گرتبووین کەچی دامانە بەر شەق و زلە تاکوو بەزانمان هاتۆتەوە دەخیلە دە داوێنی بەر مەدەن کەس گوێ نەداتە قەولی بەدی ناکەسانمان ئەم ئاو و ئەرزە ئێمە هەمانە زەرع کرێ دەوڵەت دەبێ بە کۆڵکەش و شا بە سەپانمان ئەم بێشەیە بە خاڵی مەزانن زەمانی بێ گوێ بگرە جا لە نەعرەی شێری ژیانمان ئەو پیاوە گەورەیە کە لە کوردا بووە و هەیە فەخری بەشەر بووە، ئەوە ناو و نیشانمان ئەییوبی ڕۆژێ بوو کە شوعاعی گەیشتە میسر بتلیس بەدرێ بوو کە بووە سایەبانمان ئەحفادی ئێستە ماوە قیاسی بە کێ هەیە ئەو عائیلە عەزیم و نەجیبەی بەبانمان جیسمی فنوون و ڕۆحی هونەر مەغزی هیممەتە حەمدی بەگی کە خاسی ئیرادەتیە شانمان عەبباسیان میسالی بەنی ئەردەلانی بوون قاجارییان قڕانە بە ساحێبقڕانمان خاقانی عەسری خۆی بوو کەریم خانی زەندی ڕەند میرانەکان موقابیلی قیسمی کەیانمان کەوکەب نییە بە سنگی سپەهرا بەرنەبێتەوە کون کون بووە دەمێکە بە نووکی سەنانمان ئێرانییان تەجاوزی بابانیان کە کرد مەعلوومە خۆ لە دەشتی مەریوان قڕانمان ئەسکەندەری خەیاڵی جیهانگیری کەوتە سەر تەئریخ دەڵێ کە شاخی شیمالا شکاندمان کورد وەک مەڕێکە گورگی لەلا کەمترە لە سەگ نەک هەر بە ڕۆژ بە شەوان بێ شوانمان جوزئی نییە بە کوللی هەموو ئیختیاری کورد ئیعلان ئەکەن لە دەستی ئەوایە عینانمان کورد شوکری ئەو عەتایە چ وەختێ تەواو ئەکەن ئێستەش کە پڕ لە نان و نیعەمیانە خوانمان تا دیجلە بۆ زیارەتی خاکی مەقامی تۆ سیروان و زابە مورسەلی پاک و ڕەوانمان نێزیکی ساڵی شەشسەدە ئەم کوردە موتتەسیل بۆ نیعمەتی ئەوانە ڕووا بێ ددانمان بشکێنی خوا لە زیکری جەلیلی کە لا بدەن نووکی زمانی خامە و عەقدی بەنانمان هەر کەس بە دەنکە جۆیی زەڕی بێ ئەوە کەرە لوتفی ئەوانە گەندومە ئێستەش کە نانمان یا ڕەببی شەئنییان وەکوو بوو بوون ببێ مەدام سایەی ئەوانە تاجی سەر و نەجمی شانمان با لێرەدا بمێنێ سەنا وەختی مەتڵەبە نەبڕێ لە گوێی زەمان و مەکان تا فیغانمان سەر بۆیە مەتڵەبە کە لە پێناویا بچێ هەر بۆ نیساری مەقدەمی ئەو ماوە جانمان تەعلیمی موفتی غیرە ئەکا قازی ئەم چەمە بازی میسالی بازیچەیە بۆ کەوانمان تو خوا برالە عەیبە تەغافول ئیتر بەسە تێ بفکرن لە بار و ببینن توانمان عالەم شەوانی کردووەتە ڕۆژی ڕۆشنا ئەم ڕۆژی ڕۆشنایە بە نیوە شەوانمان لاتی خەڵق لە بتکەدە دایە میسالی بت کەوتوون لە لاتیا لە سوقاقا بتانمان خەڵقی جەهەننەمە بە بەهەشتی ئەکەن بە سەعی دەیکەین بە سەعی ئێمە بە دۆزەخ، جینانمان هەر فیرقەیێکی کوردە لە دەست ئۆردوویی زەلیل لەم ئەرزەدا غەریبە بەبێ میهرەبانمان لەیلێکی بێ نەهار و خەزانێکی بێ بەهار نابێت و نەبووە کافییە لەیل و نەهارمان چاو هەڵبڕن حیسابی زەمان و مەکان بکەن دەعوا بکەن حقووقی سەریح و عەیانمان کوردێ نەبۆتە دوژمنی کوردێ بە عومری من ئەمما ببوون بە دوژمنی ئیقبالەکانمان ئیزهاری دۆستی بە سەعاتێ ئەکا کە دۆست حەیفە نەناسرێ لە سرەی دۆستانمان بەدخواهی قەوم و خادیمی ئامالی خۆیە خەڵق تاکەی دەکەن بە قەولی بەدی دوژمنانمان وازیح وتم ئەمانە کە ئەمڕۆ ئیجاب ئەکەن هێشتا لە کوێیە ماوە تەمەننای نیهانمان ++++++++++++++++++++++