شاعیر: حەمدی کتێب: قەسیدە سەرناو: ئەی مورسەلی حەق تاجی سەری جوملە پەیەمبەر ئەی مورسەلی حەق تاجی سەری جوملە پەیەمبەر ئەی نووری دڵی ئەرز و سەما سەییدی سەروەر ئەی گەوهەری بەحری کەرەم و ڕەحمەتی خالیق لوتف و کەرەمت بەحرە ئەدا مەوجی منەووەر ئیسمت کە زوبانی قەڵەمی کردوە موزەییەن شێوەت بە دڵی لەوحە ئەدا زینەت و زێوەر پایەی حەرەمت جووتە لەگەڵ پایەیی کورسی هەر عەرشی بەرین لایقە بۆ مەنزلی دڵبەر هەر ڕۆژی ئەزەل لەمعەیەکی داوە جەماڵت ئێستەش ئەدرەوشێتەوە ئەو لەمعەیە وەک خۆر یەک زەڕڕە غوباری قەدەمت کەوتە هەواوە کردوویە دەماغی مەلەکووتیشی موعەتتەر خاکی بەری پێت گەر بدەنە دەستی سولەیمان ئەیکاتە دوو دیدە بەمەسەل سورمەیی جەوهەر وەک گەردی بوراقت شەوی میعراجت بەجێ ما جبریلی ئەمین نەیبوو ئیتر قووەتی شەهپەڕ سەرگەردی سەری تۆیە هەتا ڕۆژی قیامەت شەمس و قەمەر و ئەنجوم و ئەفلاکی مودەووەر دەریایەکی ئاگر ئەوە بۆ مونکیری تۆیە بۆ مەنتەبەعەت باغی بەهەشت چەشمەیی کەوسەر مەعلوومە ئەوا بوون و نەبوونی هەموو ئەشیا بۆ تۆیە لەبەر تۆیە خودا کردی موقەددەر خوسرەو کە سەری دابوو لە بەرد بەردی لەسەردا کیسرا دڵی هەر زوو شەق و پەق بووبوو بە خەنجەر هەنگامی حەشر مونتەزیری مەرحەمەتی تۆن جننیی و پەری ئینس و مەلەک بەندە و قەیسەر فەرمووتە کە حامیی و کە سایەی سەری ئێوەم ئەو وەختە کە ناپرسی برا حاڵی برادەر ئەو ڕۆژەیە باقڵ بە پەرێشانیی خەڵقا موحتاجە ئەکا شین و ئەکا گریە توانگەر گەر حەشرە ئەمە فەرموو شەفاعەت بکە بۆمان تا ئەجر و جەزا و کردەوەمان بینێتە دەفتەر دنیایە ئەگەر بۆ چییە ئەم حەشرە لە سەر چی ئەم عالەمی ئیسلامە دەکەن بۆ چی موکەددەر ئیسلام و یەهوودیی و نەسارا و مەجووسی بێزارە وەلێ قیسمی موسڵمان زیاتر چۆنت کە ئەکرد کافری موتڵەق بە موسڵمان بەو نەوعە موسڵمانە ئەکەن ئێستە بە کافر نەدرابی بە تۆ خاتەمی ئەموت کە ئەمانە نێزیکە بدەن خاتیمە بەم دینە سەراسەر پڕ شاری سلێمانییە هەر میسلی زەبانی ئەلوات و شەقی جەردە و دز قاتیل و ڕەهبەر لەوساوە حکوومەت نییە بەربوونەتە میللەت جاف و هەمەوەند بانەیی و مەنگووڕ و پشدەر تاڵان و بڕۆ و کوشتن و حەپسە لە هەموو لا ساحێب عەلەم و تەپڵە ئەڵێی دێوە ستەمگەر ئەم شەکوەیی ئێمە کە لە بارێ دەنکێکە بۆ تۆیە لە لای تۆیە لە دەست نوتفەیی حەیدەر ئەو حاڵە کە کورد و عەرەبی تیایە دەشوبهێ بەو حاڵە کە خۆی کردی بەمەسکوونەیی خەیبەر نەژیاوەتەوە هەر وەکوو ئەم تائیفە هەرگیز کوللە و سن و موور و مەگەس و عەقرەب و ئەژدەر گاهێ دەبنە دوژمنی ئەتراک و گەه ئینگلیز گاهێ لە عەرەب چاو ئەبڕن گەه لە عەجەم سەر نامووس و حەیا چوو لە سەدای تۆپ و تەیارە هەر حامیلەیە کەوتووەتە کووچە ئەخا بەر ئەو تیفلە سەری فێری سەرینی پەڕی قوو بوو بێ چارە لە چۆلێکە ئەکا بەردێ بە بوستەر سەر سەوزێ لە هەر جێگە ببێ سەرکەشە ئێستە بەم ڕووتییە فکرێکی لەسەردا هەیە عەرعەر ئەو شەخسە کە ئەیکرد بە دوعا مەنعی موسیبەت ئێستاکە بەڵایە کە دەگا دەستی بە وەڕوەڕ ئەو پیرە کە ئوفتادەیی مەسجید بوو لەبەر فەیز هەڵساوە وەکوو فیتنە قەدی میسلی سنەوبەر حەججامی فەقیر نانی بڕا خوێنی قیفالی ئەم خەڵقە بە خەنجەر دەگرن بۆچییە نەشتەر سوبحانە چ دەرد و چ بەڵایەکە کە خەڵقی کێشاوەتە ئەم خانەیە وەک چەرخی لە چەنبەر ئەهلی شەرەفی ئێستە لە هەر لایێ کە مابێ وەک حەمدی هەموو دەربەدەر و خوار و موحەققەر ++++++++++++++++++++++