شاعیر: حەمدی کتێب: قەسیدە سەرناو: بێ سەر و سامان عەجەب دەریایەکی قەترانە شەو بێ سەر و سامان عەجەب دەریایەکی قەترانە شەو ڕۆژی ڕەش بێ دۆزەخێکی موددەتی هیجرانە شەو کردەوەی دنیا کە هەر عەیبە دەبێ داپۆشرێ پەردەیێکی موختەسەر خاسی بەسەردا دانە شەو ڕۆژی کردە پەردەوە باقڵ لە باخەڵ مانگی کرد بۆیە وا وەختی زەفافی ئەکسەری بووکانە شەو بەدری کامیل سەر لە گۆشە دەردەهێنێ هەر دەڵێی خێڵە ڕەشماڵی ڕەئیسی جوملە مەهڕوویانە شەو دەردەخا هەر کەس بە ڕەنگی خۆیەوە وەک سیم و زەڕ وەک محەک مەفتوونی تەدقیقاتی عوششاقانە شەو عادەتا هەر وەک سەحیفەی بێ سەوادە بەدری ڕووت حاشیەی هەر لازمە زلفی مەهی تابانە شەو هەر لە ئاوابوونی ڕۆژانایە ماتەم دەیگرێ عەرزی ئەندامی دەکا دیارە لە ڕەش پۆشانە شەو هەر شەوی میعراجی تەنها کائیناتە قیمەتی لەیلەتولقەدری موقابیل سەد هەزار ڕۆژانە شەو خاڵ و میل و چاوی خۆمی پێ بڕێژم فرسەتە پڕ دڵی چونکە جەواهیر سورمەیی چاوانە شەو ڕۆشنایی گەر لە دڵتایە شەوە وادەی ویساڵ بۆ عیبادەت خەڵوەیێکی موشکیل و ئاسانە شەو حەق وەهایە تا قیامەت حەمدی باسی شەو بکەم چونکە ڕۆژی ڕۆشنی ئەهلی دڵ و ڕەندانە شەو ++++++++++++++++++++++