شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: ئەساسی عەیشی ئێمەی خستە سەحرا تیرەبارانت ئەساسی عەیشی ئێمەی خستە سەحرا تیرەبارانت شکستی دا بە تابووری خەیاڵم تیپی موژگانت ئەتۆ وەک یۆسفیی و من لە چاهی میحنەتا بەندم ئەما من دیم لە خەودا کەوکەبی ڕوخساری ڕەخشانت بە شمشێری برۆ ئەمڕۆ سوپەهسالاری خووبانی مەگەر ئینسان لە ڕۆحی خۆی ببوورێ بێتە مەیدانت خوا شەوقێکی وای بەخشی بە دڵ قەت تێر لە تیر نابێ لە موغناتیس گەلێ جاذیبترە بۆ جەزبی پەیکانت ئەگەرچی نائومێدی باغی وەسڵی تۆم ئەما ناڵێم بە تاراجی خەزانی ئاهی من چێ باغ و بوستانت شەرابی عەهدی جەم بۆ کەی، دەخیلم هەستە سا، ساقی بینای فەقر و غەمم لابە! بە جیلوەی جەور و جەولانت دڵی زێوەر بە غەمزەی چاوەکەت مەشکێنە جێی خۆتە تەرەححوم کە لە ڕێگای لوتف و عەهد و شەرتی جارانت ++++++++++++++++++++++