شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: ساقی بە جیلوە هەستە بۆم پڕ کە یەک قەڕابە ساقی بە جیلوە هەستە بۆم پڕ کە یەک قەڕابە ئەمشەو بە یادی چاوت مەیلم لەسەر شەڕابە من نامەوێ حیجاز و ڕاست و نەوای عێراقی شۆر و قەتار و حەیران بۆ من بڵێن سەوابە ڕووی دڵبەرێکی کوردی نادەم بە میسر و تائیف یەک بەیتی وردی نالی نادەم بە سەد عەتابە دڵ دەردەداری یارە، بیمار و بێقەرارە بەینێکە ئینتیزارە، ئەحواڵەکەی خەرابە مەنعم مەکە لە ناڵین ئەی شۆخی دیدەشاهین بۆ چاوەکانی مەستت، جەرگم ئەڵێی کەبابە مەوجوود نەبێ ئەمانە، یا ئەو برۆ کەمانە زێوەر بە تیری میحنەت دووچاری سەد عەزابە ++++++++++++++++++++++