شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: هەموو دەم ئێستە موشتاقم کە نایێ دڵبەرم یادێ هەموو دەم ئێستە موشتاقم کە نایێ دڵبەرم یادێ ئەما ئەو ڕەنگە سەد ساڵیش لە حاڵی من نەکا یادێ هەتا شیرینی دەوران و موقیمی ڕوتبەیی نازی بە ناڵە و شۆڕش و غەوغا هەموو کەس بۆتە فەرهادێ تەحەییور ماوم -ئەی یاران! - لە فەننی ناز و خودبازی چلۆن فێر بوو کە منداڵیشە، بێ تەعلیمی ئوستادێ گەلێکم وت بەدڵ: دانیشە دنیا پڕ لە ئاشووبە هەتاکوو عاقیبەت گرتی کەمەندی زولفی سەییادێ دڵم وەک بولبولی گوڵزاری کیشمیر و سەمەرقەندە لە سەد ئاواز ئەخوێنێ بۆ گوڵێ گەر لێی بدا بادێ بەوێنەی کۆهکەن زایع بۆ ناڵە و شیوەن و شینم کە ڕەحمێکی نەکرد ئەو کافرە جارێ بە فەرهادێ مەڵێن زێوەر بەخۆڕایی ئەناڵێنێ و ئەکا شیوەن گرفتارە، بریندارە، بە تیغی چاوی جەللادێ ++++++++++++++++++++++